"دۆنی ئارام" بەرهەمی شۆلۆخۆڤە؟

رووداو - هەولێر

ساڵی 1965 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب لە كێبڕكێیەكی توندی نێوان كۆمەڵێك مەزنە نووسەری وەك سامۆیل بێكێت، پابلۆ نێرۆدا، هاینریش بۆڵ، ئانا ئەخماتۆڤا، ئاندرێ ماڵڕۆ و فلادیمیر نابۆكۆڤدا بە میخایل شۆلۆخۆڤ درا.

لە راگەیەنراوەكەی كۆمیتەی نۆبڵدا هاتووە كە شۆلۆخۆڤ تەنیا لەبەر بەرهەمێكی بەناوی "دۆنی ئارام" ئەم خەڵاتە وەردەگرێت و لە هەمووان شیاوترە.

ئەوەی راستی بێ شۆلۆخۆڤ لە 25 ساڵی پاش "دۆنی ئارام"ـدا هیچ بەرهەمێكی بەنرخی دیكەی نەخوڵقاندبوو، ئەوەش ئاكامی تاوتوێ و توێژینەوەی كۆمیتەی ئەدەبیی نۆبڵ بوو. بەڵام كۆمیتەی ئەدەبیی نۆبڵ كتوپڕ بە بۆچوون و تاوتوێ و بەدواداچوون و بڕیارەكەی خۆیدا دەچێتەوە و دەڵێ: تەنانەت یەك بەرهەمیش بەسە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.

لەمێژ نییە بەپێی كۆمەڵێك بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و باوەڕپێكراو، باسی ئەوە دەكرێ کە نووسەری رۆمانە بەناوبانگەكەی "دۆنی ئارام" شۆلۆخۆڤ نییە، بەڵكو كەسێكی دیكەیە. ئەو بەڵگانە دەیسەلمێنن كە میخایل شۆلۆخۆڤ تەنیا فڕوفیشاڵێكی ئەدەبییە.

 ساڵی 1975 نامەیەك لە سۆلژنیتسین، نووسەرە جیابیر و ئازادیخوازەكەی رووسیاوە بە دزی گەیشتە دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت كە تێیدا باسی نووسەرێكی قۆزاقیی دژە بەلشەڤیكی كردبوو بەناوی "فیۆدۆر كرۆیۆكۆڤ" و گوتبووی "دۆنی ئارام" ئەو نووسیویەتی.

هەڵبەت بەراوردە كۆمپیوتەرییەكان نەیانتوانی ئەو قسانە بسەلمێنن. بەڵام ئاندرێ چێرنۆڤی توێژەری ئەدەبی كە لە سان پێترزبۆرگ دەژی و ساڵانێك لەو مەسەلەیەی كۆڵیوەتەوە، تازە نامەی پسپۆڕێكی تەكنۆلۆژیای ئەو سەردەمی بەناوی ئەلكساندەر ئیلسكیی لە فەیسبووكەكەی خۆیدا بڵاو كردووەتەوە كە لە ساڵی 1989 بۆ شۆلۆخۆڤناسی بەناوبانگ، واتە لیۆكۆلۆدنێی ناردووە.
ئەو نامەیە كۆمەڵێك راستیی ڕاچڵەكێنەری تێدایە.

باشە ئەو لەقاودانە لەپای چی؟

كۆلۆدنێی لە وتارێكی تێروتەسەلدا بەرەنگاری هەموو ئەو كەسانە دەبێتەوە كە گومان دەخەنە سەر ناوی شۆلۆخۆڤ. هەڵبەت لە سەردەمی سۆڤیەتدا ناوزڕاندنی شۆلۆخۆڤ لێپرسینەوەی سیاسی و سزای لێ دەكەوتەوە، بەڵام لە سەردەمی گڵاسنۆست (شەفافیەت)ـدا زۆر جاران ئەم دەنگۆیە لە میدیاكاندا بڵاوبووەوە كە دۆنی ئارام بەرهەمی شۆلۆخۆڤ نییە.

نامەكەی ئیلسكی بۆیە سەرسوڕهێنەرە چونكە ئەو شایەتحاڵێكە. ئەو وەك نووسەرێكی گەنج لە نزیكەوە ئاگای لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمە بووە و دەڵێ: لە نێوان ساڵانی 1927 ـ 1930 وەك هەڵەچن لە لیژنەی نووسەرانی "رۆمانی گازتا"ـدا كاری كردووە.

"رۆمانی گازتا" دەستەیەك نووسەری پرۆلیتار بوون كە شۆلۆخۆڤ-یش لەگەڵیان كاری ئەدەبیی دەكرد. ئەوانە لقێك بوون لە بڵاڤۆكی "ماسكۆڤسكی رابۆتی" واتە "كرێكارانی مۆسكۆ".

رۆژێكی ساڵی 1927 بەڕێوەبەری ئەو دەستەیە بەناوی ئانا گرۆدسكایا دوو بەشی سەرەتای بەرهەمێكی تازە بۆ پێداچوونەوە دەداتە ئیلسكی (ئانا گرۆدسكایا وەکو "دوژمنی گەل" لە 1938ـدا گوللەباران كرا).

هەر دوو بەشەكە زۆر سەرنجڕاكێش و شیرین بوون. زۆر ناخایەنێ، ئانا گرۆدسكایا دەستەی پێداچوونەوە و هەڵەچن بانگ دەكا بۆ كۆبوونەوەیەكی خێرا و دەڵێ: لە سەرەوە فەرمانمان پێ كراوە ئەو دوو رۆمانە تازەیە دەبێ بەناوی "میخایل شۆلۆخۆڤ- ی 22 ساڵان"ـەوە چاپ و بڵاو بكرێنەوە.
هۆكاری ئەو بڕیارەش ئەوە بوو كە نووسەرە سەرەكییەكەی ئەو رۆمانە "دۆنی ئارام" سەر بە "دوژمنی گەل" یان بەجۆرێكی دیكە بڵێین "دژە شۆڕش" بووە.

هاوكات، دامودەزگای پرۆپاگەندەی حیزب لە یەكەم ساڵی بەرنامەی پێنج ساڵانەی خۆیدا پێویستی بە بەرهەمێكی ئەدەبیی پرۆلیتاری و بێوێنە هەبوو كە یەكێكی خۆمانە و پاڵەوانێكی پرۆلیتار نووسیبێتی.

ئیلسكی دەڵێ: شۆلۆخۆڤ زۆر سەردانی ئۆفیسی گۆڤارەكەی دەكرد. كەسێكی خاكەڕا و شەرمن بوو، زۆر خۆی لە مشتومڕ و باسەكان نەدەدا. زۆری پێ نەچوو هەردوو بەشەكەی سەرەتا بەناوی ئەوەوە بڵاوبوونەوە و پاش ئەوە شۆلۆخۆڤ ئەو رۆڵەی گرتە ئەستۆ و بوو بە بەشێك لە شانۆی حكوومەتی سۆڤیەت.

ساڵی 1932 و 1940 بەشی سێ و چواری "دۆنی ئارام" بڵاوبووەوە كە وەك ئیلسكی دەڵێ، شۆلۆخۆڤ هێندێ هەوڵی دا بیگرێتە ئەستۆ، بەڵام سەرنەكەوت، هەر بۆیەش دەستەیەك نووسەری گەورە ئەو كارە بەنرخەیان گەیاندە كۆتایی.

دوو بەشی كۆتایی دۆنی ئارام لە رووی شێوازەوە لەگەڵ دوو بەشی سەرەتای زۆر ناكۆك و ناتەبایە.
ساڵانی 1928 و 1929، شۆلۆخۆڤ خەریكی نووسینی رۆمانێكی دیكە بوو بەناوی "زەویی تازە ئاوەدانكراو"، هەرچۆنێك بوو ئاخری تەواوی كرد و دایە دەستەی پێداچوونەوە، بەڵام ئەوەندەی كەموكووڕی هەبوو كە تیمێكی گەورەیان لە نووسەرانی وەك "یۆری لیبدینسكی و ئەلكساندەر فادایۆڤ و ئیلسكی" راسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێكدا هەموویان بچنە گوندە قەزاقنشینەكەی "ڤیۆشنسكایا" كە شۆلۆخۆڤ لەوێ دەژیا، تا بە رۆمانەكەدا بچنەوە و وای لێ بكەن شیاوی بڵاوكردنەوە بێ.

پاش رۆمانی "زەویی تازە ئاوەدانكراو" كە بەرهەمێكە زۆر بە خەستوخۆڵی بانگەشە بۆ رۆڵی بنیاتنەرانەی یەکێتی سۆڤیەت دەكا، ئیتر شۆلۆخۆڤ  تەنیا كۆمەڵێك بەرهەمی كورتی بڵاو كردەوە.
ئەكادیمیای ئەدەبیی سوید ئێستا لە سۆنگەی ئەم بەڵگە تازانەوە تووشی سەرئێشەیەکی گەورە بووە و وا خەریكن یەكلای بکەنەوە. 

سەرچاوە: كەیهانی لەندەن، كە لە وێبسایتی سویدیی Forum Axess وەریانگرتووە.