نووسەری ئاڵۆز و ئاڵۆزیی نووسەر

11-04-2017
فەروخ نیعمەتپوور
نیشانەکردن نووسین
A+ A-

رووداو - هەولێر

جۆیسی نموونە:

لە پێشەكیی كۆمەڵە چیرۆكی "دوبلینییەكان" لە نووسینی جێمز جۆیس، سەبارەت بە كەسایەتیی ئەم نووسەرە بەناوبانگە بەم شێوەیە نووسراوە: "زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین جێمز جۆیس خاوەن كەسایەتییەكی ئاڵۆز بوو. ئەو دوبلین واتە زێدی خۆی هەم خۆشدەویست و هەم زۆری رق لێبوو." (1) 
لێرەدا "ئاڵۆز" وەك كۆبوونەوەی دوو خەسڵەتی دژبەیەك، واتە "خۆشەویستی و رق" لە یەك جەستە، شوێن یاخود رۆحدا پێناسە كراوە. بەم پێیە جۆیس ئاڵۆز نەدەبوو گەر تەنیا خاوەنی رق یان خۆشەویستی بایە سەبارەت بە شارەكەی خۆی.

تا ئێرە ئەو رستەیەی پێشەكیی كتێبەكە شتێكی ئەوتۆی سەبارەت بە جۆیس پێ نییە، چونكە ئەم خەسڵەتە دژبەیەكانە دەكرێ لە زۆربەی مرۆڤەكاندا هەبن، جا چ بۆخۆیان پێی بزانن یان پێی نەزانن. ئەوەی سەبارەت بەم نووسەرە گرنگە، ئەوەیە كە توانیویەتی تەكنیكێك لە شێوازی نووسینی رۆمان و چیرۆكدا بەناوی "شەپۆلی هۆش" بخوڵقێنێ و بە كەڵكوەرگرتن لەم شێوازە بەرهەمی بەهێز پێشكەش بە جیهانی ئەدەب بكات. كەسایەتیی گرنگی ئەو وەك ئەدیبێك، ئەوجا وا دەكا كە لایەنەكانی دیكەی كەسایەتیی وی وەك "ئاڵۆزبوون" بكەوێتە جێگای سەرنج و لێكۆڵەران و رەخنەگران هەوڵ بدەن پێوەندی و كاریگەریی ئەم خەسڵەتە لە گەڵ بەرهەمەكانی پەیدا بكەن. ئیتر هەر شتێكی ورد و درشت دەكرێ پنتێك بێ بۆ دەرخستنی پتری رازەكانی سەركەوتنی جۆیس یا پێشكەوتنەكانی لە جیهانی ئەدەبدا.

لێرەوە دەكرێ لای هەر خوێنەرێك ئەم پرسیارە بوروژێت كە داخۆ ئاڵۆزبوونی كەسایەتی دەتوانێ سەرچاوەیەكی گرنگ بێت بۆ بوون بە نووسەرێكی گرنگ؟ بە تایبەتی ئەم پرسیارە زەمانێك چڕتر دەبێتەوە كە بزانین گەورەترین بەرهەمە ئەدەبییەكانی جیهان ئەو بەرهەمانەن پاڵەوانەكانی نێوانیان ئاڵۆزن و لە پانتایی رۆمان یان چیرۆكەكەدا دەكرێ بە چەندین قۆناغی جۆربەجۆر و دژبەیەكدا تێپەڕ بن (نموونەی پاڵەوانی سەرەكیی رۆمانی "دۆنی ئارام" ی شۆلۆخۆف و كەسایەتی "ئاخیل" لە هۆمێر و ئۆدیسەی یۆنانیدا).

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەتوانین بڵێین كە نووسەر بەهۆی كاری نووسین و بیركردنەوەی پتر سەبارەت بە هەندێ دیاردە، رەنگە زووتر بە ئاڵۆزیی بوونەوەرێك بەناوی مرۆڤ بگات. ئاڵۆزییەك كە لە رێگای نووسینەوە هەوڵی دۆزینەوە و ئانالیزەكردنی ئەدەبیانەی بدات. لێرەدا نووسەر تێدەگا كە هۆكارەكانی ئاڵۆزی دەتوانن دوو شت بن: ئاڵۆزیی دەرەكی، واتە دونیای دەرەوە و دەوروبەر، دووەم ئاڵۆزیی دەروونی. ئاڵۆزیی دەرەكی بۆ وێنە دەكرێ سادەترین نموونەی، شەو و رۆژ بێت كە تەواو پێچەوانەی یەكترن، ئاڵۆزیی دەروونیش دەكرێ سادەترین نموونەی، خەو و بێداری بێت، یاخود خواردن و دانەوە. 

گەشت بەناو دیاردە ئاڵۆزە دەرەكی و دەروونییەكان و دۆزینەوە یاخود چێكردنی پەیوەندیی نوێ لە نێوانیاندا، رەنگە وەزیفەی سەرەكیی كاری ئەدەبی بێت. جاری وایە نووسەر ئەوەندە سەرقاڵی ئەمەیە كە پەیوەندە ئاساییەكانی لەگەڵ دەوروبەر لەدەست دەدات و غەریب دێتە بەرچاو. غەریبیی گەڕان، كەسایەتی غەریب دروست دەكا. كە شوێنە ئاڵۆزەكانت نە وەك دیاردەیەی ئاسایی، بەڵكوو وەك دیاردەیەك بۆ لێ قوڵبوونەوە سەیر كرد، ئیتر بۆخۆیشت دەكەویتە ژێر سریمەی. كەواتە گەر نووسەر نەیەوێ ئاڵۆزیش بێت، خۆبەخۆ بەهۆی كارەكەیەوە ئاڵۆز دەبێت، ... ئاڵۆزتر لە كەسەكانی تر. بوونەوەرێك كە جاری وایە ئەو سەرەداوی ئاڵۆزییەكانی بە دەستەوەیە و جاری وایە ئاڵۆزییەكانن كە سەرەداوی ئەویان بەدەستەوەیە. بوونەوەرێك لە نێوان دوو گەمەی گەورەدا.

دوو دەستەواژە: 

لێرەدا دەتوانین دوو دەستەواژە لە یەكتر جیابكەینەوە: نووسەری ئاڵۆز و ئاڵۆزیی نووسەر كە مەبەست لە نووسەری ئاڵۆز ئەو كەسەیە لە كەسایەتیی خۆیدا ئاڵۆزە و ئاڵۆزیی نووسەریش ئەو دیاردەیەیە كە خۆی لە ئاڵۆزیی نووسینەكاندا پیشان دەدات. دوو جەمسەر كە یەكەمینیان خۆی لە نووسەردا دەبینێتەوە و دووەمیشیان لە نووسینەكاندا. ئاڵۆزبوونیش، خەسڵەتی هاوبەشی هەردووكیان.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دەستەواژە گرنگەدا، دەكرێ دوو دیاردە سەرهەڵبدات كە رەوتی سروشتیانەی ئاڵۆزبوون بخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە. یەكەمین دیاردە ئەوەیە كە نووسەر بەرەبەرە بە وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ئاڵۆزی، بەو ئەنجامە بگات كە بۆئەوەی بتوانێ بەرهەمی باشتر پێشكەش بكات، لەڕێگای ئیرادە و حەزەوە ئەم خەسڵەتە لە خۆیدا بەهێزتر بكا، بۆ وێنە لاساییكردنەوەی نووسەرە بەناوبانگەكان، زێدەڕۆیی لە دوورەپەرێزیدا و گومانكردنی ریشەیی و بەردەوام لە هەموو شتێك دەكرێ ئەو ئامرازە فیكری و رۆحیانە بن كە نووسەر دەتوانێ كەڵكیان لێوەربگرێ. دووهەمین دیاردە ئەوەیە كە نووسەر لە هەندێ ئامرازی ماددی وەك خواردنەوە و ... 

كەڵك وەربگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ بە رەهاكردنی دەروون لە قەید و بەندە باوە كۆمەڵایەتییەكان، قۆناغی ئاڵۆزی بە چڵەپۆپە بگەیەنێ. بە واتایەكی تر مێتاكۆگنیتیزمی نووسەر "زانیاریی نووسەر بەسەر زانیارییەكانی خۆیدا"، ئەو بخاتە حاڵەتێكەوە كە رەوتی سروشتیانەی ئاڵۆزی لەودا تێكبدا و ئیتر ئاڵۆزبوون خەسڵەتی دەستكردیش پەیدا بكات. هەڵبەت دۆزینەوەی ئەم حاڵەتە دەستكردە و جیاكردنەوەی لە حاڵەتە سروشتییەكەی زەحمەتە، رەنگە باشترین پێوەر ئەوە بێت كە نووسەر لە حاڵەتی "ئاڵۆزبوونی دەستكرددا" رەفتارە كۆمەڵایەتییەكانی گاڵتەجاڕانە دەردەچن، بەڵام لە حاڵەتی "ئاڵۆزیی سروشتیدا" رەفتارە كۆمەڵایەتیەكانی تا ئاستێكی زۆر لە جێی خۆیانن، بەڵام نووسینەكانن كە ئەو ئاڵۆزییە دەنوێننەوە. هەروەها بەسەر خۆدا هەڵگوتن دەتوانێ دەربڕێكی تری "ئاڵۆزیی دەستكرد" بێت.

گرفتێك:

لێرەدا گرفتێك دێتە پێش. گرفتەكە ئەوەیە كە نووسەر لە توانای تێگەیشتن بەسەر ئاڵۆزیی خۆیدا بەهرەمەندە و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی "ئاڵۆزبوونی دەستكردیش" وەك دەستكرد نەیەتە بەرچاو. ئەو دەتوانێ ئەم حاڵەتە لە فۆڕمی یەكێك لە پاڵەوانەكانی چیرۆكەكانیدا بەرجەستە و ئانالیزەی ئەدەبیانە بكات و بەم شێوەیە لە رێگای مێتاكۆگنیتیزمەوە بەرگی ئاسایی بە حاڵەتەكە ببەخشێ. بەڵام وەك گوترا تەنیا لە رەفتاردایە كە بەشێوەی سەرەكی دەتوانرێ جیاوازیی نێوان ئاڵۆزیی دەستكرد و ئاڵۆزیی سروشتیانە پەیدا بكەین.

دوا وشە:
 
دەقی ئاڵۆز و خوێنەری ئاڵۆز، دەرگا بۆ دەق و خوێندنەوە ئاڵۆزەكانی دیكە دەكەنەوە و هەر لەم روانگەیەوە رێگا بۆ گەشەی بیر ئاوەڵا دەبێ. گەشەیەك كە تێیدا كاكڵ راستی و دروستیی لایەن یان لایەنەكان نییە، بەڵكو كاكڵ بریتی دەبێ لە بیركردنەوە لە فۆڕمی ئەدەب و فەلسەفە و زانستە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە