لە هەولێر ئامادەکاری بۆ دیداری مەحموود دەروێش دەکرێت
رووداو - هەولێر
کۆنسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیداری ئەدەبیی (مەحموود دەروێش) دەکات. دیدارەکەش بە بەشداریی نووسەرانی فەڵەستین و کوردستان بەڕێوەدەچێت.
نەزمی حزووری، کونسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان بە (ئەدەب و کولتووری رووداو) ی راگەیاند، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ كۆنسوڵخانەی فهڵهستین له شاری ههولێر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و یەکێتی نووسەرانی کورد دیدارێك لهبارەی شاعیری فهڵهستینی (مهحموود دهروێش) بەتایبەتی و دەوڵەتی فهڵهستین بهگشتی سازدهكات.
نەزمی حزووری هەروەها گوتیشی، دیداری مەحموود دەروێش لە 20ی ئاداری ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت کە ژمارەیەک لە نووسەران و شاعیرانی فەڵەستین و کوردستان لە دیدارەکەدا بەشداردەبن، هەروەها ژمارەیەک نووسەر و شاعیری فەڵەستینیش بۆ دیدارەکە بانگهێشت دەکرێن.
مەحموود دەروێش لە 13ی ئاداری 1941 لە فەڵەستین لەدایکبووە و لە ساڵی 2008 لە ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە. زیاتر لە 20 دیوانە شیعری چاپکراوی هەیە و شیعرەکانی بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراون.
مەحموود دەروێش یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی ھاوچەرخی عەرەب بە گشتی و فەڵەستین بەتایبەتی، بە شاعیری بەرگری و ھێمای ئازادیی گەلانی ئازادیخواز ناوی دەرکردووە و چەندین شیعریشی لەسەر کورد نووسیووە.