ویژدان و بەهانەهێنانەوەی منداڵ

10-12-2015
محەممەد ئیسماعیل
نیشانەکردن منداڵ
A+ A-

ئەگەر دەتانەوێ ئاستی ویژدانی خۆتان تاقی بكەنەوە، ئەوا سەرنجی ژمارەی ئەو "بەڵام"انە بدەن كە رۆژانە بەكاریان دێنن. 

چەندێك زیاتر بەهانە بهێننەوە بۆ هەڵەكانتان و "بەڵام" بەكاربهێنن لەكاتی قسەكردندا بۆ خۆدزینەوە لە راستییەكان، ئەوا بزانن كە هەموو جارێك كەمێك لە ویژدانتان دەكوژن. بەهانە، ویژدان لاواز دەكات. 

با نموونەیەك بهێنینەوە، بیر لەوە بكەنەوە كە منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان، لەلایەن مامۆستاكەیەوە بە دار یان سۆندە لێی دراوە. مامۆستاكە زۆری لە منداڵەكە داوە و بەهۆی ئازاری لێدانەكەوە منداڵەكە بووراوەتەوە. هەر كەسێك ئەو رووداوە ببیستێ، ویژدانی دەجوڵێت و كاردانەوەیەك پیشان دەدات. ئەوانەی كە بەهانە دەهێننەوە بۆ مامۆستاكە، وردە وردە بە بەهانە و هاوشێوەكانی، ویژدانیان دەكوژن.

مامۆستایەكی دیكەی قوتابخانەكە كە ئەو منداڵەی تا بووراوەتەوە لێی دراوە، بە باشی دەناسێت و دەزانێت چەندە یاساكان پێشێل دەكات و گوێ بۆ كەس ناگرێت، دەڵێت مامۆستاكەمان كارێكی هەڵەی كردووە، بەڵام بەڕاستی منداڵەكەش زۆر هاروهاج بوو. ئەو وتانەی لە دوای "بەڵام"ەكەوە گوتی، بەهانەیە. بەهانەش ویژدان هەڵدەتەكێنێ.

بەهانە، شتێكە كە دەبێتە بەربەست لە بەردەم گەیشتنی دەنگی ویژدان بە عەقڵ. مرۆڤێك كە رابێت لەسەر بەهانە هێنانەوە، هیج شتێك كار لە ویژدانی ناكات. ئەگەر كەسێكی دیكە لەبارەی رووداوەكەوە بڵێت: "لێدان لە منداڵ و ئازاردانی تا بوورانەوە بێ ویژدانییە. هیچ بەهانەیەك نییە بۆ لێدانی"، ئەوا ئەو كەسە ویژدانی لە كاردایە. ئەگەر كەسێك بیەوێت ویژدانی تاقی بكاتەوە، دەبێت تەماشای ئەو وشانە بكات كە لە بەرامبەر رووداوەكاندا دەریاندەبڕێ. ئەگەر بە بەهانەهێنانەوە ویژدانتان بێدەنگ دەكەن، ئەوا بزانن كە ناحەقییەكی گەورەتان بەرامبەر بە ویژدان كردووە، ئەو شتەی كە ئێوەی كردووە بە مرۆڤ.

هەڵسوكەوتی دایكان و باوكان بە تایبەتی و گەورەكان بە گشتی، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر منداڵ هەیە. بۆیە دەبێت، ویژدانی منداڵ لەلایەن دایكان و باوكان و دەوروبەرەوە پەروەردە بكرێت و بخرێتە كار.  ئەگەر هەڵسوكەوتی گەورەكان بە جۆرێك بوو كە كاریگەری لەسەر منداڵەكان كرد، ئەوا ویژدانی منداڵ، رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە تەنها هەستی راستەقینە و كردار كار لە منداڵ دەكەن. ئەگەر دایكان و باوكان باسی هاریكاریی هەژاران بۆ منداڵەكانیان بكەن و خۆیان یارمەتیی كەس نەدەن، ئەمە هیچ سوودێك بە ویژدانی منداڵ ناگەیەنێت. یاخود ئەگەر بڵێن، هەموو بوونەوەرەكان مافی ژیانیان هەیە و بەردەوام خەریكی راونانی ئەو سەگ و پشیلانە بن كە دێنە بەردەم ماڵەكانتان و ئازاریان بدەن، ئەوە ویژدانی منداڵەكانتان دەكوژن.

یەكێكی دیكە لەو شتانەی كە ویژدان ژێراوژور دەكات، درۆیە. هەڵسوكەوتی ساختە و درۆ بەرە بەرە ویژدانی منداڵ كوێر دەكەنەوە. تەنانەت درۆ بچوكەكان و "درۆی سپی"یش هەندێكجار ژەهر دەكەنە ناو ویژدانی منداڵەوە. 
كەسێك كە ویژدانی نەمردبێت، كاتێك درۆ دەكات نیگەران دەبێت، هەربۆیە هەوڵ دەدات شەرعیەت بە درۆكەی خۆی بدات. ئەمەش وردە وردە ویژدانی كوێر دەكاتەوە.

ئەو دایك و باوكانەی كە دەیانەوێت هەستی منداڵەكانیان بپارێزن، دەبێت هەروەك چۆن لە مار رادەكەن، ئاواش لە درۆ خۆیان بدزنەوە. دەبێت بەر لەوەی درۆ بكەن، بیر لەو برینە قووڵە بكەنەوە كە لە ناخی منداڵدا دروستی دەكەن.
منداڵان هەندێكجار بەهانە دەهێننەوە بۆ درۆكانیان و دەڵێن "درۆم نەكرد، گاڵتەم كرد" رەنگە منداڵان جیاوازی لە نێوان درۆ و گاڵتەدا نەكەن. ئەوە ئەركی دایكان و باوكانە ببن بە رێنیشاندەری منداڵەكانیان بۆ ئەوەی بزانن چی درۆیە و چی گاڵتەیە.
 درۆ، ئەو شتە ناڕاستەیە كە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی كەسی بەرامبەر دەگوترێت و هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی وەك راستی پێشان بدرێت. گاڵتەش قسە و كردارێكە كە بۆ خۆشی دەكرێت و بەرامبەر بریندار ناكات.

وەرگێڕانی: محەممەد ئیسماعیل

*ئەم وتارە بەشێكە لە كتێبی (پەروەردەی ڕەگەزیی منداڵ) ی نووسەری تورك ئادەم گیونەش كە وەرگێڕدراوە و بەشێوەی زنجیرە وتار لێرەدا بڵاودەكرێتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە