قەلەندەر و قەڵا؛ رۆمانێك لەبارەی ژیان و فەلسەفەی شێخی ئیشراق

10-02-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رۆمان
A+ A-
جەلال محەممەد
رووداو - هەولێر

یەكێك لەو شاكارە جوانانەی لەسەر عیرفان و مەعنەویەت نووسراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، رۆمانی قەلەندەر و قەڵایە لە نووسینی نووسەری ناوداری كورد (یەحیا یەسریبی) و ئازاد بەرزنجی بە قەبارەی 365 لاپەڕە كردوویەتی بە كوردی.

سوهرەوەردی هەر لە شارۆچكەكەی خۆیەوە (سوهرەوەرد) دەستی بەخوێندن كرد، بەڵام جیاواز لە منداڵان و هاوپۆلەكانی خۆی، ئاستی زیرەكی و توانای عەقڵیی زۆر لە سەروو تەمەنەكەی خۆیەوە بوو. ڕووی لە ئەسفەهان كرد و لای شێخ و زاناكانی ئەوێ مەنتیق و كەلام و حیكمەت و تەفسیری خوێند. كاتێكیش بۆی دەركەوت چیتر ئەسفەهان سوودی نەماوە بۆی، بەجێیهێشت و وەك خۆی دەڵێ (زۆربەی زاناكان هاوشێوەی خەڵكە عەوامەكە بیرتەسك و كورتبینن و كۆمەڵێك زیكر و وێرد كە وەك میرات بۆیان ماوەتەوە، دووبارەی دەكەنەوە و دژی هەر جۆرە داهێنان و بیرێكی نوێن و تەحەمولی پرسیارێك ناكەن كە سنووری دەستووری باو و نەریت تێپەڕێنێت. لە هەموو شوێنێك بانگەشە بۆ تەسلیمبوون و قایلبوون دەكرێت و ئامۆژگاریی خەڵكی دەكەن بێدەنگ بێت).

كێشەی بوون و چییەتی و دەیان پرسیار و خولیا و كەڵكەڵەی تر مێشكی سوهرەوەردییان داگرتبوو، بۆیە بەشوێن وەڵامەكانیدا ڕێی دەشت و كێو و تەنهایی و هات و نەهاتی بەرەو مەراغە گرتەبەر و ئاتەشكەدەی زەردەشتی و موغی ئاتەشكەدە پیر و رێنیشاندەری بوو. حەز و تینوێتییەكی لەڕادەبەدەری بۆ مەعریفە هەبوو، پێیوابوو مەعریفە بە دوو جۆر حیكمەت بەدەست دێت، یەكەمیان حیكمەتی فەیلەسوفانە كە پشت بە شیكردنەوە و ئەنجامگیری عەقڵی و بەڵگەكاری دەبەستێ، ئەویتریان حیكمەتێكی زەوقییە كە عارفان و ئەهلی دڵان لەڕێگەی كەشف و شهود و ڕەنج و تەقەلای ڕۆحییەوە ئەزموونی دەكەن و نابێت ڕازەكانیان بە خەڵكی ئاسایی بگوترێن.

قەلەندەرێكی ئاوارە و شەیدا بوو بەشوێن جەوهەرێكی دەگمەندا دەگەڕا. باوەڕی بەكرانەوەی هزریی هەبوو، خۆی بە یەك فەلسەفەی دیاریكراوەوە نەبەستبووەوە. بەڕووی فەلسەفەی یۆنانی و حیكمەتی ئێرانی و میسری و هیندوستانیدا كرابووەوە. هەرچەندە نووسراوەكانی ئیبن سینا و فارابی و غەزالی و ئەبو حەسەن ئەشعەری بابەتی زۆری كۆڕ و كۆبوونەوە و وانە زانستییەكانی ئەو سەردەمە بوون، بەڵام هیچكام لەمانە تینوێتی مەعریفیی سوهرەوەردییان نەشكاند. بۆیە مەراغەی بەرەو دوند و كەژ و كێوان جێهێشت و بەیانیان لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر و شەوانیش بەدیار مانگەوە خەریكی ڕاز و نیاز بوو، لەگەڵ حەلقەی زیكر و سەمای دەروێشان، تێكەڵ بە سەما و گۆرانی و بەزمی خەڵكی ئاسایی دەبوو.

كاتێك لە ئامەد دەبینێت خەڵكی لە بۆنەیەكدا خەریكی گۆرانی و سەماكردنن، ئەمیش دەچێتە ناوەڕاستی خەڵكەكە و مێزەرەكەی لادەبات و بەدەم شیعر و گۆرانییەوە خەریكی سەماكردن دەبێت، ئەمانە ببوونە مایەی رق و تووڕەیی لەلایەن شێخ و زانایان و هاونشینانی خۆیەوە و بە سوكایەتی و خۆبچووككردنەوە دادەنرا، سوهرەوەردیش لە وەڵامدا پێیان دەڵێ: "هاوڕێ سەر مەخەرە سەرم، من خۆم بچووك ناكەمەوە، چونكە من خۆم بچووكم! پێویستە تۆ بەو جەنابانە بڵێی كە ئەوان بۆچی خۆیان گەورە كردووە و هەموو شتێكیان بۆ خۆیان قۆرخ كردووە و خۆیان لە خەڵكی تر بە جیاواز و گەورەتر دەزانن. لەكاتێكدا هەروەكو قورئان دەڵێت پێغەمبەریش ئینسانێكە هەر وەكو ئینسانەكانی تر، بە چ حەقێك ئەمانە خۆیان وەكو تاوس دەنوێنن و لووتیان وا لە ئاسمانە؟ من ئەوەم كە هەم، بەڵام ئەوانە ئەوە نین كە هەن".

دوا مەنزڵی ژیانی سوهرەوەردی حەلەب بوو، زاهیرشای كوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی، میری حەلەب بوو كە لەوكاتەدا تەمەنی تەنیا شانزە ـ حەڤدە ساڵان دەبوو. ئەگەرچی پێشوازییەكی ئەوتۆی لێنەكرا، بەڵام كەشوهەوا و ژینگەی مەعریفی حەلەبی لە شوێنەكانی دیكە لەلا باشتر بوو. لە قوتابخانەی حەلاوییەكان خەریكی وانەگوتنەوە بوو، لەناو شاردا قسە و باسی لەبارەوە دەكرا، هەندێك دەیانگوت عارفێكی كامڵە و هەندێك بە فەیلەسوفێكی باڵا و حەریفی ئیبن سینا و فارابی و هەندێكیش بە كەسێكی شێت و فێڵباز و مەترسی بۆ سەر ئایین و سیستەمی سیاسی ناویان دەبرد.

زانایان و شەرعناسانیش دژایەتییەكی زۆریان دەكرد بە تۆمەتی (زیندووكردنەوەی ئایینی زەردەشت و گومان لەسەر خەتمی نبووەت و بەردەوامیی ئیلهام و ئیدیعای پێغەمبەرایەتی و بابەتی كەرامات و سوجدەبردن بۆ هەتاو و گوێگرتن لە موزیك و ... هتد ) تاوانباریان كرد. سوهرەوەردیش نەك بێباك بوو بەرامبەریان، بەڵكو دەیویست بەرلەوەی ئەم دنیا فانییە بەرەو مەلەكوت و نووری ئەنوار جێبهێڵێت، پەیامێك بگەیەنێت بەو خەڵكە و دڵی مرۆڤەكان سەر بە هەر دین و میللەتێك بن، بە نوور و رووناكی ئاشنا بكات، بەشێك لە رێنماییەكانی پیران و حەكیمەكانی دێرین زیندوو بكاتەوە و رۆچنەیەك لە زەوییەوە ڕووە و ئاسمان و لە دەرەوە بۆ ناوەوە و لە شێوەوە بۆ مانا بكاتەوە، پاشان بەرەو جێگا شكۆدارەكەی خۆی بگەڕێتەوە كە چەندینجار لە مكاشەفەكانیدا بینیویەتی.

پاش سازدانی دیبەیت و كۆبوونەوە لەنێوان زانایان و سوهرەوەردیدا كە جۆرێك لە دادگاییكردنی سوهرەوەردی بوو تا بەرگری لە خۆی بكات لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، پاش سێ كۆبوونەوە و دوای ئەوەی سوهرەوەردی سەرجەم تۆمەتەكانی رەتكردەوە، زانایان هەر سووربوون  لەسەر رای خۆیان و لە دانیشتی خۆیاندا بڕیاری مەرگیان بەسەر سوهرەوەردیدا سەپاند. بریارەكەیان نارد بۆ دیمەشق بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی تا پەسەندی بكات. ئەگەرچی زاهیرشا  پشتگیریی سوهرەوەردیی دەكرد و دژی بڕیارەكەی زانایان وەستایەوە و بە باوكی راگەیاند كە زانایان بە هەڵەداچوون، بەڵام سەڵاحەدین گوتی نامەوێ بزانم قسەی زانایان راستە یان نا، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە دڵی زانایانمان لێ نەڕەنجێ، تەنانەت ئەگەر واش بێت چارمان نییە و پێویستە قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێ.

پەسەندكردنی بڕیارەكەی شەرعناسان بە مەرگی سوهرەوەردی لەلایەن سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە، بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە لەلایەكەوە سەڵاحەدین و سوپاكەی لە شەڕی خاچپەرستاندا بەهۆی فەتوای شەرعناسانەوە پشتگیریی جەماوەری بەدەستهێنا، لەلایەكی تریشەوە ترسی هەبوو خەڵكی عەوام بە قسە و بۆچوونەكانی سوهرەوەردی كاریگەر بن كە زۆر دژایەتی میر و دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواكانی دەكرد و بە فیرعەون و ستەمكار ناوی دەبردن و دەیگوت دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا گرتووە و خۆیان لە خۆشگوزەرانی و كەیف و رابواردندا دەژین و میللەتیش ژیانێكی  ژێردەستە و كۆیلایەتی دەژی، دەترسا خەڵكی بەهۆی ئەو قسانەوە راپەڕن هەروەك چۆن لە میسر لەدژی دەوڵەتی فاتمی كرا.

سەرئەنجام پاش دیاریكردنی شێوازی مردنەكەی لەلایەن خۆیەوە، سوهرەوەردییان بەند كرد و هیچ خواردن و خواردنەوەیەكیان پێنەدا. پاش هەڵكردنی بۆ ماوەی هەفتەیەك، لە تەمەنی سی و هەشت ساڵیدا گیانی لە زیندانی جەستەی داماڵرا و بەرەو مەلەكوت بەرزبووەوە.
پاش مردنیشی هێشتا زانایان و فەقیهەكان وازیان لێنەهێنا و لاشەی ساردوسڕیان هێنایە دەرەوە و لەسێدارەیاندا.

جێی خۆیەتی بڵێین نووسەری رۆمانەكە (یەحیا یەسریبی) جگە لەوەی خزمەتێكی گەورەی فكر و فەلسەفەی سوهرەوەردیی كردووە، لە چەندین شوێنی رۆمانەكەدا كە زیاد لە 10 جار چاپ كراوەتەوە، جەخت لە كوردبوونی سوهرەوەردی دەكاتەوە كە لە ئێران و ناوەندە رۆشنبیرییەكاندا سوهرەوەردی وەكو فەیلەسوف و قەلەندەرێكی فارس ناسراوە و فەلسەفە و مەعریفەكەشی لەسەر كولتووری نەتەوەیی فارس ئەژمار كراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە