میرغەزەب

09-10-2017
رەسوڵ سوڵتانی
نیشانەکردن چیرۆک
A+ A-

كێچ كەوتە كەوڵی. دوو سەعات پتر بوو فەیسبووكەكەی نەكردبووەوە. لە ژوورەكەی نهۆمی سەرەوە لە پشت لاپتۆپەكەی دادەنیشت و ئاگای لە دنیا نەدەما. دڵەخورپەی بوو بڵێی پەیامی تازە، چیی بۆ هاتبێ. نیوەڕۆ لە كاتێكی زۆر ناسكدا ئینتەرنێتەكەیان بڕا. نەیتوانیبوو ماڵاوایی بكا. لەسەر دڵی ببوو بە گرێ. دوو جار پاسوۆردەكەی لێدا، لێی تێكدەچوو. دەتگوت پیت و ژمارەکان ناناسێتەوە. كوڕە ئەوە بۆ وات لێ هاتووە؟ خۆ تۆ وا نەبووی، دەڵێی هەرزەكاری ماڵت نەشێوێ یاخوا. ئەرێ لەبیرت ماوە دوا قسەتان چ بوو؟ ئا ئا... باسی مێردەكەی دەكرد. دەیگوت: ئێواران كە دێتەوە نێوچاوانی گووی لێ دەبارێ. پێیوایە خەتای منە خەڵك شتی لێ ناكڕن. جارێ هەر دوژمنی ئەو كتێب و دەفتەرانەی منە. دەڵێ تۆ شیعر بۆ كێ دەنووسی؟ پێم ناڵێی ئەوەی لە شێعرەكەتدا دەیدوێنی كێیە؟ 

بەربینگی پێ گرتووم دەڵێ: پێش من یەكێكت خۆشویستووە، دەبێ پێم بڵێی كێیە، بە خوا نە دڵپیسیت لێ دەكەم و نە بەچاویشتیدا دەدەمەوە.... راست ناكا ها، لە چاویدا هەموو شتێك دەخوێنمەوە. پێش ئەوەی مێردی پێ بكەم وا نەبوو. چاوی وا لە چاوم دەبڕی دەتگوت دەیەوێ بەوێدا بچێتە ناخمەوە. دەشچوو. وەڵاهی بەندی جەرگ و دڵمی دەلەرزاند. زۆر سەیرە، ئەو نیگایانە كوژانەوە. بڕوات بێ ترووسكاییان تێدا نەماوە. زۆر لە تۆش دەترسم شێتە. ئاخر جاری وایە بیر دەكەمەوە و پێموایە هەمووتان وان. تا ئەودەمەی قەڵاكە داگیر دەكەن لە مێو نەرمترن... دوایی دەبنە میرغەزەب. 

ئەو میرغەزەبەش لە خۆت فێر بووم. لە یەكەم رۆمانتدا بەكارتهێناوە. لە ستاتووسێكی فەیسبووكدا نووسیبووم: "میرغەزەبەكانی وڵاتی من...." یەك دوو كەس كە دیارە رۆمانەكانی تۆیان باش خوێندووەتەوە، دەسبەجێ بە كۆمێنت نووسیبوویان، وا دیارە رۆمانەكانی فڵانەكەست خوێندووەتەوە دەنا دەمێكە ئەو وشەیە لە نووسینی كەسدا نەهاتووە. ئەو زیندووی كردووەتەوە. 

منیش نووسیم ئەو وشەیە نەمردبوو، ئاخر چۆن دەمرێ وەختێك میرغەزەبەكان خۆیان زیندوون. ماڵ نییە میرغەزەبێكی تێدا نەبێ... پیاوەكەم ئەوەی خوێندبووەوە. دەنگی نەكرد، شەوێكیان كە زانیم شەڕی بازاڕی هێناوەتەوە ماڵەوە و دەمێكیشە لە هەنجەتە شەڕێكم پێ بفرۆشێ، گوتم: بۆ دەڵێی میرغەزەبی غەزریوی؟ 

گوێت لێمە؟ لەو دەمەوە بۆ تۆی دەنووسم. دەمەوێ بۆت بگێڕمەوە بزانی چیی كرد: 
ئێ، كە وام گوت، چاوی چووە تەوقی سەری. گوتی بابت میرغەزەبە... ئەوە وا دیارە لە فەیسبووكیش كە نووسیبووت هەر ماڵە و میرغەزەبێكی تێدایە لەگەڵ منت بوو. كچی گەواد، من میرغەزەبم؟ چیم بۆ نەكردووی؟ رۆژ هەتا ئێوارێ وەك سەی مەڕی راكەڕاكمە، تۆش لە پشت لاپتۆپ دانیشتووی و لەگەڵ هەرچی و پەرچی و لاتولووتان شەڕەكۆمێنتم بۆ دەكەی و سەرباری هەموو ئەوانەش پێم دەڵێی میرغەزەب؟ 

نا نا لێی نەدام. چۆن دەتوانێ؟ هەڵبەت خوا هەڵناگرێ دەست ناوەشێنێ. جنێو دەدا، چونكە تا بڵێی زمانپیسە. بەڵام دەستم لێ هەڵناهێنێتەوە. كوڕە خۆزگە دەستیشی هەڵێناباوە، بەڵام تۆزێك ئاگای لە دەروونم بووایە. زۆر كەرە نازانێ... ئەرێ پێت ناخۆش نەبێ وەڵاهی جاری وایە دەڵێم پیاو هەموو كەرن. هەمووتان بە گون بیر دەكەنەوە. 

هههه 
نا، نا، مەبەستم ئەوە نییە. ئاخر دەزانی چی، من هیچم لەو ناوێ، بەس هەر نەبێ شەوێ جارێك لە باوەشم بگرێ. وەعد بێ قەت دڵی نەشكێنم. باوەشی هەر لەبیر خۆی بردووەتەوە. كە دێتە سەر جێگاش دەسبەجێ وەك مردووی لێدێ. 

هههه بێ تەربیەتی مەكە. گوێ بدەیە، خەریكە دەتەقم. دەمێكە لە یەكێك دەگەڕێم پرێسكەی دڵمی بۆ بكەمەوە. كچێ بنیادەم... ببوورە زارم بەو كچێیە راهاتووە، تۆخوا ببوورە... دەڵێم بنیادەم بەدەست خۆی نییە، دەبێ یەكێكی هەبێ كوڵی دڵی بۆ هەڵڕێژێ، دەی نەیەمە فەیسبووك و دەردەدڵ لەگەڵ دوو هاوڕێی وەك تۆ نەكەم چ بكەم؟ ها؟ 

لە وێنەی خۆم گەڕێ. وێنە و شتم نەبینی باشترە. بۆ گیرت داوە بە وێنە. نا توخوا. ئەگەر توانیم حەز دەكەم لە نزیكەوە بتبینم.. نا وێنە نانێرم. 

باسی ئەوەم دەكرد: تۆخوا من ناڵێم تۆ بڵێ، ئەو چاوەڕوانییە زۆرە؟ هەزار جارم پێگوتووە، حەز دەكەم یەك جار، تاقە یەك جاری دیكە لە باوەشم بكەیەوە، وەك ئەودەمی كە حەزمان لە یەكتر دەكرد و نەماندەتوانی بە ئاسانی یەكتر ببینین، لەبیرتە كە یەكترمان دەدی، چۆن ئاوقای یەكتر دەبووین و وەك ماری ئاشقەوماشقە تێكدەئاڵاین؟ 

خێسەیەكم لێ دەكا و دەڵێ: ژن ئەوەندە كەرن هەر لە رابردوودا دەژین. گەوجە ئەودەم ئەودەم بوو. ئێستا ئەوە كچ و كوڕێكمان هەیە، ئیدی بەسە. دانیشە خزمەتی ئەو دوو منداڵانە بكە. 

ئا ئا، هەموو جارێ كە لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ دەكەم، ئەو قسە قۆڕانەم لە مستی دەنێ. دەنا بیستوومە چۆن خۆی بۆ ژنە مشتەرییەكانی ناسك دەكاتەوە. وەك ئەودەمی بۆ من چۆن بوو وەكی بیستوومە ئاوایە.. بیستوومە، من تاقەتم نییە بچمە دووكانەكەی. 
پێیوایە من دەڵێم بمبە دیسكۆ و دانسم لەگەڵ بكە. 
ئەو رۆژە... 

لێرەوە بوو كە ئینتەرنێتەكە پسا. دەتگوت پردی قیامەتی لێ پساوە. هەستا دوو سێ جنێوی تەڕوبڕی حەواڵەی كۆمپانیای ئینتەرنێت و وەزارەتی كارەبا كرد... چایەكەی وەك دەمی مردووانی لێهاتبوو.  هەرای كرد، وەرە ئەو چایە لابەرە. قەت چایەكت نەدامێ بڵێم ئۆخەی... 
ژنەكەی لەبن لێوانەوە: جا بۆ تۆ نان و چات لەبیر ماوە؟

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە