دوو كتێبی فه‌رهاد پیرباڵ چاپ ده‌كرێنه‌وه
رووداو – هه‌ولێر
سه‌رجه‌م كتێبه‌كانى د. فه‌رهاد پیرباڵ، نووسه‌ر و رۆماننووسى كورد چاپدهكرێنهوه، بڕیاریشه له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو كتێبی چاپ و بڵاوبكرێنه‌وه و پاشان مه‌راسمێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان رێكبخرێت.
سۆران عه‌زیز، خاوه‌نی ماڵی وه‌فایی به (ئه‌ده‌ب و كولتووری رووداو)ـی راگه‌یاند، به‌نیازن ته‌واوی كتێبه‌كانی د. فه‌رهاد پیرباڵ جارێكی دیكه چاپ و بڵاوبكه‌نه‌وه و له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو له‌و كتێبانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه.
ئاماژی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی (پهتاتهخۆرهكان) و كتێبی (رێبازه ئه‌ده‌بییه‌كان)ی ئه‌و نووسه‌ره بڵاوده‌كرێنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مۆڵه‌تی جارێكی دیكه چاپكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی وه‌رگیراوه.
كۆمه‌ڵه چیرۆكی (پهتاتهخۆرهكان) به یه‌كێك له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه به‌ناوبانگه‌كانی پیرباڵ ده‌ناسرێ كه له 124 لاپه‌ڕه‌دا چاپكراوه‌ته‌وه و كتێبی (رێبازه ئه‌ده‌بییه‌كان)یش بۆ جاری سێیه‌م چاپ ده‌كرێته‌وه.
سۆران عه‌زیز ئاماژی بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌وان به‌نیازن له ماوه‌ی داهاتوودا ته‌واوی كتێبه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره چاپ و بڵاوبكه‌نه‌وه،به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له خوێنه‌رانی ئێستا ئه‌م كتێبانه‌یان نه‌بینیوه. بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش مۆڵه‌تیان له فه‌رهاد پیرباڵ وه‌رگرتووه.
خاوه‌نی ماڵی وه‌فایی له هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، فه‌رهاد پیرباڵ به‌نیازی بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو كتێبی نوێیه و بڕیاره له‌ڕێگه‌ی ماڵی وه‌فاییه‌وه چاپ و بڵاوبكرێنه‌وه.
ماڵی وه‌فایی له ئۆكتۆبه‌ری 2010 دامه‌زرا و سه‌ره‌تا وه‌ك كتێبفرۆش و قاوه‌خانه‌یه‌ك خۆی ناساند، دواتر پڕۆژه‌كه‌ی گه‌وره‌تر كرد بۆ گێڕانی چالاكیی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و چاپكردنی كتێب و بڵاوكردنه‌وه‌ی.