شوێن، لە ئەدەبی گێڕانەوەدا

08-06-2017
حەمە فەریق حەسەن
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-

ڕەگەزی شوێن لەگەڵ ڕەگەزی کاتدا پێکەوە گرێدراون و پێکەوەش گرنگییان بەدیاردەکەوێت، چونکە شوێن بە تێپەڕینی کات گۆڕانی بەسەردا دێت. یەک لە باری چیرۆک و ڕۆمان، ئەگەر کات لەڕێی گێڕانەوەی ڕووداوەوە تێبپەڕێت، ئەوا شوێن بەهۆی وەسفەوە بەرجەستە دەبێت. 

تۆ هەرکە پرسیت ( کەی؟) دوای ئەوە پرسیاری (لە کوێ؟) دێتەگۆڕێ. هەردوو ڕەگەزی کات و شوێنیش پێکەوە، کارەکتەر دروستدەکەن و ناسنامەی بەباڵا دەبڕن. ئەوەندە هەیە ئێمە لێرەدا باسەکەمان بە پرسی شوێن تایبەتە. دەتوانین بڵێین، کارەکتەری بێ شوێن و ڕووداوی بێ کات بوونیان نییە. شوێن ئەو ڕووبەرە بەرجەستەیەیە، کە کارەکتەر لەوێدا دەجووڵێت و چالاکی دەنوێنێت. هەردەم کارەکتەر و شوێنیش کار لە یەکتری دەکەن.

کارەکتەری ڕۆمان، یان چیرۆک لە ڕووبەری شوێندا دەجووڵێت. دەخوات، دەژی، دەمرێت و کێشەکانی خۆی چارەسەر و یەکلایی دەکاتەوە. مرۆڤ چەند بکۆشێت، ناتوانێت لە شوێن و کاریگەرییەکانی، یان لە هەژموونی شوێن ڕزگاری ببێت. دەشێ نووسەر، شوێنی تر، لە دەرێی جوگرافیای بینراوی گۆی زەوی، بۆ جووڵەی کارەکتەر هەڵبژێرێت، یان بئەفرێنێت، ئەگەر بەو شوێنانەی کە لەسەر زەوی هەن قایل نەبوو. شوێنی فانتاسیاییش هەرچۆنێک بێت، وا چاوەڕوان دەکرێت، لەگەڵ کار و ئاکار و کێشەکانی کارەکتەرەکاندا گونجاو بێت.

ڕەنگە ڕۆمانی بیرەوەرییەکان، زیاتر لە جۆرەکانی تری ڕۆمان، دەست لەسەر ڕەگەزی شوێن و وردەکاریی شوێن دابگرێت و بەرجەستەی بکات. چونکە ڕۆمانی بیرەوەری، بە شێوەیەکی کۆنکریتی ژیان و مێژووی کەسێتییەکی گرنگ دەکات بە تەوەر و کاری لەسەر دەکات. لەوێدا نووسەر ناچارە باسی شوێنە گشتی و تایبەتییەکانی ئەو شارە بکات، کە کارەکتەری ڕۆمانەکەی لێ دەژی. ئەو کۆڵان و شەقامانە وەسف بکات، کە ئەو پیاسەی لێ کردوون. ڕەنگە کارەکتەرەکە خووی پێوەگرتبێت، ئێواران لە قاوەخانەیەکی دیاریکراودا دانیشتبێت. لە گەرماوێکی گشتیی دیاریکراویشدا خۆی شتبێت. وێڕای وردەکاریی جوگرافیای ئەو ماڵەی کە ئەو لەوێدا پەروەردە بووە و ژیاوە. یان ئەو شوێنانەی، کە ئەو بۆ سەیران و کات بەسەربردن ڕووی تێ کردوون. 

گرنگیدان بە وردەکارییەکانی شوێن، کارێک دەکات ڕووداوەکانی ئەو چیرۆکە، یان ئەو ڕۆمانە بەرجەستەتر بکەونە بەر زەینی خوێنەر. وێڕای ئەوەی پەیوەندیی کارەکتەری چیرۆک و ڕۆمان بەشوێنەوە وەک پێوەندیی ئەو بە ژیانەوە وایە. خودی ژیانیش بەبێ ڕەگەزی شوێن ناشۆیە؛ ئەگەرچی ئەو شوێنە خەیاڵی و کەس نەدیتەیش بێت. وێڕای ئەوەی، ژیانی مرۆڤ بە زەوییەوە پەیوەستە. بۆیە ئێمە ناتوانین کارەکتەرەیلی ڕۆمان و چیرۆک بەبێ شوێن وێنەبکێشین. 
کارەکتەر، جا هەر بوونەوەرێک بێت، هەر دەبێت سەربە شوێنێکی دیاریکراو بێت. ئەو هەر دەبێت خەڵکی شوێنێک بێت، لێی نیشتەجێ بێت. شوێن ڕۆڵی بەرچاو لە بونیادی کەسیەتیی کارەکتەردا دەبینێت. دەشێ بڵێین، شوێن بۆی هەیە هەم خودی کارەکتەر بگۆڕێت، هەمیش واتای پێ ببەخشێت. کارەکتەری کۆشکنشین لە کوێ و کارەکتەری پەراوێزخراوی کەلاوەنشین لە کوێ؟ ئەوەشیان لەولاوە بوەستێت، کە پاڵنەری زۆربەی جەنگەکانی دونیا، دەستبەسەرداگرتنی شوێن بووە. 

ئەو ژانرەی، سەر بە ئەدەبی گێڕانەوە بێت و لە غەریبی ئەفرێنرابێت، نووسەرەکەی لەڕێی گەڕانەوە بۆ ئەو زەمانەی کە ئەو لە نیشتمانی خۆیدا ژیاوە، گرینگیی زۆرتر بە ڕەگەزی شوین و وردەکارییەکانی دەدات. دەشێ ئەم دۆخە لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت، کە نووسەری تاراوگەنشین تاکێکی کەرت بووە. ئەوی نووسەر، لەنێوان ئەو شوێنەی، کە لێی نیشتەجێیە و شوێنی یەکەمیدا، کە زێدی خۆیەتی دابەش ببێت. بۆیە بە دووری مەزانە ئەم جۆرە گرنگیدانە بە ڕەگەزی شوێن، لە ماکی نوستالجیاوە سەرچاوەی گرتبێت. بە تایبەتی کاتێک ئەوی نووسەر دەکەوێتە ساڵەوە، ئیتر نوستالجا لێی دەبێت بە نەخۆشی و فشاری بۆ دەهێنێت. ئەو دەمانەی ئەو چەند بیری لێ دەکاتەوە، لەبەر زۆر هۆکاران، ناتوانێت بە یەکجاری بۆ زیدی خۆی بگەڕێتەوە. بۆیە لە دۆخی وەهادا، زێد وەک یەکەم شوێنی ژیانی نووسەر، ڕۆشنایی پتری دەکەوێتە سەر.

کاتێک نووسەری تاراوگەنشین، چیرۆک، یان ڕۆمان لەمەڕ سەربوردەی ژیانی خۆی دەنووسێت، ئەو هەر دەبێت جەخت لەسەر ڕەگەزی شوێن بکات. لێرەشەوە نووسەر ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت، کە ئەو هێشتا مەیل و گوێڕایەڵیی، بۆ زێدی خۆی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆیەتی. 

هەر لێرەشەوە، ئەو بۆشایی و درزانەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بەهۆی جیاوازیی کولتوور، ئاین، زمان، ئاووهەوا و شارستانەتەوە، لە ناخیدا چێبوون، کاتێک ئەمانە هەموویان لەگەڵ ئەو کولتوور، زمان، ئەزموون و شارستانەتەی کە لەگەڵ خۆیدا هێنابوونی، جیاوازن و بەریەک کەوتوون. بایەخی شوێن لەوێوە بەڕوونی دیارە، وەختێ ئەو دوای دەیان ساڵیش لە کۆچ، چەندی کۆشاوە شوێنە نوێیەکە بخاتە جێی شوێنە کۆنەکە و زێد لە یادی خۆی بەرێتەوە، وەلێ بۆی مەیسەر نەبووە. چونکە لەبن باقوبریقی چاوخەڵەتێنی ئەو شوێنە نوێیەوە، هێشتا شوێنەوار و تارمایی شوێنە کۆنەکە سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکەن. 

لە یادەوەرییەکانی ئەودا، لە خەون و خەیاڵەکانی ئەودا، هێشتا شوێنە کۆنەکە وەک سێبەرەکەی، لێی نابێتەوە. کێشەکە زیاتر لەوێدایە کە شوێنە کۆنەکە هەر بەتەنیا چەند دیمەنێک، چەند کۆڵان و شەقامێک نییە، بەڵکو ئەوێ شوێنێکە بە درێژایی تەمەنێک، پێناس و زێدی ئەو بووە.  

بۆیە ئەو ژانری گێڕانەوەیەی کە نووسەری ڕاونراو لە تاراوگە دەینووسێت، لەوێدا گرنگی زیاتر بە ڕەگەزی شوێن دەدات. تاراوگەیش بە مەنفا دەزانێت. چونکە ئەوی غەریب هەموو سەعاتێک وا هەست دەکات، ئارامیی لێ زەوت کراوە. دەستێک ئەوی لە ئامێزی دایکی خۆی هەڵکەندووە. هێزێک هاتووە، ئەوی لە ڕەگەوە هەڵکێشاوە و پێوەندیی ئەوی بە زێدی خۆیەوە نەهێشتووە، بەخورتی ئەوی دووکەرت کردووە. کەرتێکی لە مەنفایە و کەرتێکیشی هێشتا لەوێ، لە زێدی خۆی جێماوە.
تۆ هەر شوێنێک بگریت، ناسنامەی خۆی هەیە. ئەوە یادەوەرییەکانن کە سۆزی ئێمەیان تێئاڵاوە، گرنگیی شوێن دەنرخێنن، دەستنیشانی دەکەن و پێناسی پێ دەبەخشن. لە ڕووی گرنگییەوە، نهێنییەکان گەورە بن، یان بچووک، نهێنیی پادشایەک بن، یان هی گەدایەک، دواجار هەر لە شوێندا ساتار دەکرێن، یان هەڵدەگیرێن، وەک چۆن لە دواجاردا ئەگەر پادشا بن یان گەدا، دەدرێنە دەست چەند بستە زەوییەک و لەوێدا بە خاک دەسپێردرێن. 

بەشێک لە مێژوویش لەژێر خاکدا پەنهانە. لەم دونیا بەرینەدا، سەدان تیم هەن کە شارەزاییان لە دۆزینەوەی ئاسەوار و نەختینەدا پەیدا کردووە. ئەو نەختینانەی، کە لەژێر بستە زەوییەکدا خاکبەسەر کراون.

زۆر لە دێهاتنشینەکان، هێشتا باوەڕیان بەو خورافەیە هەیە کە دەڵێت، هێندێک شوێن ئەوانگەلی هەیە، مەبەستی ئەوەیە بڵێت، جنۆکەیان هەیە. وشەی ئەوانگەل هەمیشە کۆیە و تاکی نییە. وادیارە مەبەستی پێ ئەوە بێت بە کۆمەڵ جنۆکەی لێ دەژی. ئەوان پڕکێشی ناکەن بە شەو سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، بەتایبەتی ئەگەر بە تەنیا بوون.

کەچی شوێنیش هەیە پیرۆزە، وەک لالش. کە خەڵک ڕیزی بۆ دەبەستن، تاکو بە دیتنی پیرۆزییەکانی شادبن. چونکە وەک ئێزدییەکان خۆیان یەژن، لالش یەکەم پارچە زەوییە، کە خواوەند دروستی کردبێت. یان وەک پیرۆزیی چیای جودی، بەو حسێبەی کەشتییەکەی نوح پێغەمبەر، دوای تۆفانە مەزنەکە، لەوێندەرێ لەنگەری گرتووە و گیرساوەتەوە. دیسان ژیان و ئاوەدانی لەوێوە دەستی پێکردووەتەوە.

تۆ هەر شوێنێک بگریت، پێناس و یادگاریی خۆی هەیە. ڕەنگە بە درێژایی مێژووی ئێمە، هیچ دەسەڵات و هێزێک هێندەی بەعس، کاری لەسەر ناشیرینکردنی شوێن، وێرانکردن، شێواندن و سڕینەوەی شوێنەکانی ئێمە نەکردبێت، کە هێشتا لە زۆر جێ، وەک کۆنە زام، بە جەستەی نیشتمانەوە دیارن. ئێمە زۆر شوێنمان هەن لەوەوە ناسنامەیان وەرگرتووە، کە بە سڕینەوە و قڕکردنی مرۆڤی کورد تایبەتن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە