ئەوانە بۆچی تێناگەن؟

هەر گرفتێک گشتی بێت و بە پرسی خوێندنەوە و تێگەیشتنەوە وابەستەبێت، دوورو نزیک پێوەندیی بە سیستم و پرۆگرامی پەروەردە و فێرکردنەوە هەیە. ئەو تاکەی کە دەخوێنێتەوە و تێناگات، یان نیوەچڵ تێدەگات، ئەگەر لە خۆیدا تاکێکی ساغ بێت، ئەوا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو لە بنەڕەتەوە، بە دروستی فێری کردەی خوێندنەوە نەبووە. ئەم کارەیش یەکێکە لە ئەرکە هەرە لەپێشەکانی دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردن، بەتایبەتی قۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی.
 
لەلای ئێمە، سەدان کەس هەن، لەسەر شێوەی حوجرەی فەقێیانی زەمانی زوو، دەکارن وەک عەرەبیزان قورئان بە سەرو بۆرو ژێرو زەننە و هەڵکشاو و داکشاوەوە بخوێننەوە. ڕەنگە ئەوان بتوانن بە تەجویدیشەوە قورئان بخوێنن، لێ وەکوتر، ئەوان لە واتای ئایەتەکان ناحاڵین. ئەم دیاردەیە، لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە مامۆستای ڕشتەی ئاین، پرسی تێگەیشتن و حاڵیبوونی بەهەند نەگرتووە. بۆیە ئەو خوێندکاری فێری واتاو گەڕان بەدوای واتادا نەکردووە. ئەگەر مانایش نەزانن، واتە ئەوان هیچی ئەوتۆ فێر نەبوونە. دەشێ ئێمە ناوی (خوێندنەوەی کوێرانە) لەم دیاردەیە بنێین. چونکە پرسی خوێندنەوە دەکاتە شرۆڤە و تێگەیشتن لە دەق و لێکدانەوەی هەموو ئەو واتا ژێربەژێر و شاردراوانەی کە دەق لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتوون. 
لە وانەکانی فێربوونی زماندا، قوتابی بە دەقی شیعر و حیکایەت ئاشنا دەکرێت. وەلێ بێ ئەوەی ئەو بە دروستی پێکهاتەی شیعر و چیرۆک بزانێت، یان فێربکرێت. زۆربەیان چیرۆک و حیکایەت لە یەک جیاناکەنەوە. وێڕای ئەوەی، ئەوان تەنیا وەک دەقێکی زمانی، شیعر و چیرۆک دەخوێننەوە. گرنگی بە پێکهاتە و ماهییەتی ژانرەکان نادەن. لە حاڵێکدا منداڵ لە خۆرئاوا، لە کۆتایی قۆناغی بنەڕەتیدا، بە پێکهاتەی ژانرەکان ئاشنا دەکرێت. ئەوان لەوێ، هەر بە نموونەی ئەدەبی خۆیانەوە ناوەستن، دێن چەندان نموونەی تری بیانیی وەرگێڕدراو دەخەنە بەردەستی خوێندکار، داوایشی لێ دەکەن خۆی دەقەکان شرۆڤە بکات. خوێندکار لە پۆلی نۆیەمدا دەزانێت کام ژانرانە خەیاڵن؟ کام ژانرانە ناخەیاڵن؟ کام ژانرانەیش کەوتوونەتە نێوان خەیاڵ و ناخەیاڵەوە؟ (فیکشن، نەن فیکشن، فاکشن).

خوێندکار لەوێ، لەو قۆناغە بەراییەدا، دەتوانێت دەقی چیرۆک هەڵبوەشێنێتە سەر توخمە پێکهاتەکانی وەک: گرێ، تیمە، ملانی، ئەی کارەکتەر، بی کارەکتەر، گێڕانەوە، چنین، ڕووداو، گوتوبێژ، شێواز و بیرۆکە...

من کە دەیان ساڵ لە کوردستان مامۆستا بووم، ئاگادارم لای خۆمان، لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و پاشتریشدا، نەک خوێندکار، مامۆستایان خۆیشیان، لە ئاستی هەموو ئەم زاراوانەدا تەقەی سەریان هاتووە! لە خۆرئاوایش، خوێندکار لە پۆلدا چەندان فیلمی کورت و درێژ دەبینێت. هەر لە پۆلدا، بە درێژی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. بۆیە ئەو لەوێ شتێک لە پێکهاتەی فیلمیش دەزانێت. بەڵام خوێندکار و مامۆستای لای خۆمان، بە موو لە پرۆگرامی قوتابخانە لانادەن. پرۆگرامی قوتابخانەیش هەژارە و شتێکی ئەوتۆ فێری منداڵ ناکات.

خوێنەر بۆ ئەوەی لە شیعری سۆفییانە تێبگات، گەرەکە لای کەم، ژمارەیەک زاراوەی تایبەت بە سۆفیزم هەیە، بیانناسێت و لێیان حاڵی بێت، ئەم گرفتەیش دەمانبات بۆ لای بابەتێکی تر. سۆفیزم ڕێبازێکە پێوەندیی بە ئاینی ئیسلامەوە هەیە، بۆیە تەواوی زاراوە سۆفییەکان بە زمانی عەرەبین. کەواتە بۆ ئەوەی خوێندکار، یان هەر تاکێکی خوێنەر، لە زاراوەکانی سۆفیزم حاڵی ببێت، گەرەکە لە زمانی عەرەبی تێبگات. دەنا لە زاراوەکانی وەک: (زوهد، بەسیرە، ئیدراک، حال، تەجەلی، فەنا، بەقا، مورید و موراد، جیلوە، ئەزەلی، حەق، حیجاب، خەرابات، ساقی، ئینابە...) حاڵی نابێت و تەقەی سەری دێت. 

کەواتە ئەوی خوێنەر لە شیعری سۆفیش حاڵی نابێت. لە ڕاستیدا، بۆ تێگەیشتن لە شیعری سۆفی، مرۆڤ پێویستی بە قامووسی تایبەت بە تەسەوف هەیە کە باوەڕناکەم حاڵی حازر سەرچاوەی وەها، لە کتێبخانەی کوردیدا دەستبکەوێت. ئەگەر وەرگر، واتا سۆفییەکەی ئەم زاراوانە نەزانێت، ئەوا تەئویلی تری پێچەوانە بۆ دەقەکان دەکات کە خاوەنەکانیان مەبەستیان نەبووە. دەشێ ئێمە بڵێین، خوێنەری نەشارەزا وێڵی نێو دەقەکان دەبێت و سەری لێ دەشێوێت. کەواتە ئەوەی زاراوەیلی سۆفیزم نەزانێت، با دەقەکانیان نەخوێنێتەوە، چونکە وێڕای ئەوەی لێیان تێناگات، وێڵ دەبێت و کاتی خۆیشی بە فیڕۆدەدات. دەشێ بڵێین، زاراوەی سۆفی، ئەو واتایە نابەخشێت کە بە ڕواڵەتی وشەکەوە دیارە، بەڵکو واتای قووڵتری لێ بارکراوە.

هەر بۆ نموونە، حەق (الحق) ناوێکە لە ناوەکانی خواوەند. شتی هەق بە واتای نەگۆڕ دێت. وێڕای ئەوەی بۆ ڕاستی و ڕاستگۆییش بەکاردێت. هەق، ئەو فیگەرەیە کە کەس ناتوانێت ئەفەرۆزی بکات. ئینابە (الانابة) بە واتای گوێڕایەڵی و ئیتاعەتی خواوەند دێت. واتە سۆفی دەبێت غافڵ نەبێت و بگەڕێتەوە بۆ لای خوای خۆی.

تێگەیشتن لە شیعریش، هەروا ئاسان نییە، پاشخانی دەوڵەمەندی گەرەکە، بەتایبەتی شیعری کۆن (کلاسیک). شاعیرانی دێرین، وێڕای زمانی کوردی، زمانەیلی عەرەبی و تورکی و فارسیشیان زانیوە. ئەوان هاتوون، وشەو دەستەواژەی ئەم سێ زمانەیشیان تیکەڵ بە شیعری خۆیان کردووە. بۆیە ئەگەر خوێنەر، شارەزایی لەم سێ زمانەدا نەبێت، ئەوا بە تەواوی لە بەرهەمی شاعیرانی کۆن حاڵی نابێت. شێخ رەزای تاڵەبانی، لە شیعرێکیدا کە باسی درەختی بنەماڵەکەی خۆی دەکات، لە دێڕی کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت:

(ڕەزا) یش لەو نەسلەیە بیبەخشە یارەب چونکە قەد نابێ
گوڵــی بێ خـــار و بەحــری بێ بوخـــار و ئاگـــــری بێ دوود

لەم دێڕە شیعرەدا وشەکانی (نەسل، بوخار، ڕەب، قەد، بەحر) عەرەبین کە بە مانای (نەوە، هەڵم، خواوەند، هەرگیز، دەریا) دێن. هەردوو وشەی (خار، دوود)یش کە بە مانای (دڕک، دووکەڵ) دێن، فارسین.

هەر شێخ رەزا لە شیعرێکدا، کە بۆ (شێخ عەلی)ی برای نووسیوە. دەڵێت:

قەومێ کە لە عەهدی پدەرت حەلقە بەگوش بوون
تـــــەحـقیقی بـزانــــە بە خودا جوملــــە عـــــەدووتن
ڕەحمیان نییە دەربارەیی تـۆ خـــــــزم و ئـەقاریب
موشفیقترە بێگانـــــــە لەمانە کـــــــــــە عـــەمـووتن

وشەکانی (قەومێ، عەهد، تەحقیقی، جوملە، عەدوو، ئەقاریب، موشفیق، عەموو) عەرەبین، وشەکانی (پدەر، حەلقە بەگوش) فارسین. دیارە ئەگەر خوێنەرێک واتای ئەم وشانەی نەزانی، ئیتر ئەو بە دروستی لە واتای دێڕە شیعرەکە تێناگات، ئەگەرچی شیعرەکە ئاسانیشە. کە باس هاتە سەر شێخ ڕەزای تاڵەبانی، لەجێیە لێرەدا ئەوەیش بڵێین کە ناوبراو زۆر جاران وشەی تورکیشی تێکەڵ شیعرەکانی خۆی کردووە. ئەو وێڕای کوردی، بە زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی شیعری وتووە، تۆ ئەگەر تەنیا زمانی کوردی بزانیت، ئەوا تەنیا لە بەشێکی شیعرەکانی تێدەگەیت، ئەویش بە نێوەچڵ. هەر لەم سۆنگەیەوە، کەم گۆرانیبێژمان هەن بە دروستی شیعری کلاسیکیان چڕیبێت. گۆرانیبێژێکی دەنگخۆش، ڕەوانی شاد بێت، خۆی و ئاوازدانەرەکە و تەواوی مۆسیقاژەنانی ئەو گۆرانییە خۆشە، نەیانزانیوە (ڕومان) وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای (هەنار) دێت. شاعیریش مەبەستی ڕەنگی سووری هەنارییە. هەرچی وشەی (لەعل) یشە، یەکێکە لە بەردە بەنرخەکانی وەک : کوارتز، ئەڵماس، فەیروز و تۆپاز... لەعل بە ڕەنگەکانی پیازی، سەوز، هەناری و سووری تۆخ دەگوترێ. ئەم جۆرە لەعلەی کە نالی وەسفی شەرابی پێ دەکات، پێی دەگوترێت لەعلی هەناری. ئەم بەردە لەخۆیدا ڕوونە و زۆر بەهێزە، چونکە مادەکانی ئاسن و کروومی تێدایە، لەعل بەزۆری لە ناوچەی نێوان شارەکانی کابول و جەلال ئاباد دەستدەکەوێت، وێڕای هەرێمی بەدخشان کە دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای ئەفغانستانەوە. ئەمەی دواییان، واتە لەعلی بەدخشان، بەنامێیە و لە شیعری کوردیدا دووبارە دەبێتەوە، شاعیران لێوی کیژی کوردیان بە لەعلی بەدخشان چواندووە کە دەکاتە سووری هەناری. دیارە هونەرمەندی کۆچکردوو لەو دێڕە شیعرەی نالی حاڵی نەبووە، بۆیە وشەی (ڕومانی)ی کردووە بە (ڕۆمانی) کە وەها دێتە بەر زەین، شەرابی وڵاتێک بێت بە ناوی ڕۆمان!

شەرابی لەعلی ڕومانی لە (نالی) حەرامە
بـــــێ مــــەزەی مــــــاچـــــێــــکــــی لــــــێـــــوان