ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو رۆژی یەكشەممە 10/9/2017، مێزگردێكی سەبارەت بە رۆڵە ستراتیژییەكانی پێشمەرگە رێكخست كە تێیدا پەیوەندی نێوان سوپا و دەوڵەت تەوەری سەرەكی باسەكان بوو. جگە لە بایەخی تەوەری سەرەكی ئەم مێزگردە كە بە بەشداری چەند پسپۆڕێكی سەربازیی كوردستان ، عێراق ، توركیا ، ئەمریكا ، رووسیا ، توركیا و ئەفغانستان سازكرا.
تاوتوێكردنی مژارێكی بەوشێوەیە، ئەویش لە كاتێكدایە كە ژمارەی پێچەوانە بۆ گشتپرسییەكەی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، بۆیەش ئەو مژارە گرنگییەكی زیاتر پەیدا دەكات.
لە گفتوگۆكانی مێزگردەكەدا كە پێشكەشكاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداو شاهۆ ئەمین بەڕێوەی دەبرد، رۆڵ و پەیوەندی دووانەی سوپا و دەوڵەت و كاریگەرییەكانیان لەسەر یەكتری باسكران و جەخت لەوەكرا كە هەرجۆرە پرۆسەیەكی بنیاتنانی دەوڵەت، گرێدراوی دروستكردن و گەشەپێدانی یەكگرتووییەكی زیاتر لەنێو هێزە چەكدارەكاندایە و بە نیسبەت هەرێمی كوردستانیشەوە، پێویستییەكانی یەكگرتوویی و یەكخستنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەرگۆڕانی بۆ سوپایەكی نیشتمانی خرانە بەرباس . جگە لەوە باسی رۆڵی پێشمەرگە لە ئاسایشی جیهانی كە لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرجەستەبووە كرا و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە پێشمەرگە یەكێك لە هێزە سەرەكییەكان بووە لە تێكشكاندن و لاوازكردنی تیرۆر لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەو جیهاندا.
لەبەر پەیوەندی راستەوخۆی سەربەخۆیی لەگەڵ بنیاتنانی سوپا، بەشێك لە گفتوگۆیەكان بۆ دۆخی ئەمنی كوردستان لە دوای سەربەخۆیی تەرخانكران و تیشك خرایە سەر ئەو هەڕەشانەی كە لەوانەیە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و لە ماوەی كورت مەودا ودرێژخایەندا رووبەڕووی دەوڵەتی كوردستان ببنەوە لە داهاتوودا.
ئەو پرسیارەی كە ئایا لە دوای داعش، چەتری ئەمنی رۆژئاوا لەسەر هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە یان نا؟ هەروەها ئەگەری بێلایەنی ئەمریكا لە شەڕێكی گریمانەیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، دەستوەردانی ناوچەیی و مەترسی بەهێزبوونەوەی تیرۆر لە ریزی ئەو نیگەرانییە ئەمنییانە بوون كە هێنرانە سەر زمان.
پاڤل فلگهاور ، پسپۆڕی رووسی بواری ئەمنی ، جەختی لەسەر ئەوەكرد كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە هەر هێزێك دەكات كە دژی تیرۆر بجەنگێ و گوتیشی رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆردا لەبەرچاوانە و رۆڵیشی لە دوای پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستاندا زیاتر دەبێت. فلگهاور یەكگرتوویەكی زیاتری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بە پێویستییەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە قەڵەمدا و ئەوەشی باسكرد كە لەوانەیە هەندێك لە دەوڵەتان لە شەڕی دژی تیرۆردا پشتیوانی ئاسمانیی لە كوردستان بكەن، بەڵام بۆ سەربەخۆیی، كوردستان ناتوانێ پشت بە هیچ هێزێكی درەكی ببەستێت. گوتیشی لەم قۆناخەدا، بەهۆی دەوڵەتانی ناوچەكەوە، پێشمەرگە ناتوانێ چەكی قورس بەدەستبێنێ، بۆیە پێویستە هێزێكی زیرەكی دیكە دروستبكات كە یارمەتی پێشمەرگە بدات لە بەرگریكردن بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لە سەر كوردستان دروستدەبن.
د.نیهاد عەلی ئویزجان، پسپۆڕی توركی بواری كە یەكێكبوو لە پسپۆڕە بەشدارەكانی مێزگردەكە، بەشێوەیەكی گشتی باسی لە هەبوونی قۆناخێكی گوزەر كرد لە ناوچەكەدا و گوتی: "رۆڵی ئایندەیی پێشمەرگە وابەستەی ئەو مۆدێلە سیاسییە دەبێت كە سەرئەنجام جێگیر دەبێت".
ئەوەشی باسكرد كە دەوڵەتی نەتەوەیی واتای دروستكردنی سوپای نەتەوەیی دەدات و بۆ ئەوەش، كورد پێویستیان بەوەیە كە سەرەتا پەیوەندی سیاسەت و سوپا، مەدەنی و عەسكەر رێكبخەن و كێشە تەكنیكییەكانی بەردەم پێكهێنانی سوپا دەستنیشانبكەن. لەڕووی سیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە، ئەو وایدەزانی كە سیاسەتی بەرگری لە كوردستان زیاتر رووە و رۆژئاوا دەبێت و، بەهۆی پێگەی سەخت و دژواری جیۆپۆلیتیكیشییەوە، كوردستان پێویستی بە پەیوەندییەكی درێژخایەن لەگەڵ یەكێك لە وڵاتانی ناوچەكە دەبێت. ئەو باسی لەوە كرد كە مەسەلەی خاك، مەسەلەی عەقلیەت وادەكات كە دەوڵەتی گریمانەیی كوردستان گرفتێكی ئەمنی درێژخایەنی لەگەڵ دەورووبەرەكەیدا هەبێت كە رەنگە بە ئەندازەی تەمەنی دوو نەوە بخایێنێت.
حیكمەتوڵڵا زەلاند، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ناوچەیی كابول لە ئەفغانستان باسی لێكچوونی ئەزموونی كوردستان و ئەفغانستان كرد و زیاتر تیشكی خستەسەر ئەزموونی وڵاتەكەی كە پێیوابوو دەشێ هەندێك پەندی بۆ كوردستان تێدابێت. ئەو زیاتر لایەنە نیگەتیڤەكانی رۆڵی میلیشیا و جەنگسالارەكانی لە ئەفغانستان لە گەندەڵی ئیداری زەقكردەوە و باسی لەوە كرد كە دیاردەی سەربازی وەهمی، جووڵەی مافیا ئاسای هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكان تەگەرەی زۆری بۆ چاكسازییەكانی دەوڵەت لە ئەفغانستان دروستكردووە.
جەنەراڵ ئێرنی ئۆدینۆ ، كە جەنەڕالی خانەنشینی سوپای ئەمریكایە، باسی لەوەكرد كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لەبەر چەندین هۆكاری جیا جیا زیاتر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزێت. گوتیشی هەندێ نووسینگەی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن . ئەو گوتی كورد سوننەی میانڕەون و جگە لەوە، ئەزموونێكی دیموكراسیشیان هەیە، هەرچەندە یەكسەر دیموكراسی تەواو بەرقەرا نابێت، بەڵام هێدی هێدی پێشدەكەوێت. جگە لەوە، كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكە زیاتر كردووە و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەتوانێ كاریگەری لەسەر ئەمنی وزەی توركیاش دابنێ و لە وابەستەییەكانی ئەنقەرە بە رووسیا كەمتر بكاتەوە.
ئۆدینۆ گوتی: كەسانێك لە دەورووبەری سەرۆك ترەمپ هەن كە بیركردنەوەی رۆشن دەكەنەوە، بۆیە پێیوابوو كە لەئەنجامدا ئەمریكا دەست لە كوردستان هەڵناگرێت و دەیپارێزێت. ئەو باسی لەوەشكرد كە تەنیا چەك و تەكنیكی سەربازی بۆ سوپا گرنگ نین و پێویستە رەگەزەكانی دیكەش لەبەرچاو بگیرێن.
جەنەڕاڵ ئۆدینۆ باسی لەوەكرد كە كورد سەلماندوویانە، هەركاتێك هەڕەشەیەكی جیددییان تووش ببێت، یەكدەگرن و ئەمەشی كردە دەروازەیەك تاوەكو باسی مۆدێلی پێكهێنانی سوپای ئەمریكا بكات كە لە هێز و سوپای جیاجیا پێكهاتوون و بەشێكیشیان بە فەرمانی حاكمی ویلایەتەكان دەجوڵێنەوە. بەڵام باسی لەوەشكرد كە دەستووری ئەمریكا میكانیزمێكی داناوە بۆ ئەوەی كە چۆن ئەم یەكە و سوپا، بەش بەشانە لەكاتی پێویستدا یەكبگرن و بە فەرمانی سەرۆك جووڵە بكەن.
وەعد ئەلعومەری ، راوێژكاری سەربازی پاسەوانی نیشتمانی نەینەوا ، گوتی ئێستا لە عێراق چوار سوپای جیاواز هەن كە ئەوانیش هێزی پێشمەرگە ، حەشدی شەعبی ، حەشدی عەشایەری و سوپای عێراقن كە دەتوانن گرفتی ئەمنی بۆ یەك دروستبكەن. ئەو گوتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش پێویستی بە عەقیدەیەكی سەربازی و ستراتیژیی سەربازی بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە و جەختی لەوە كرد كە هێزی سوپاكان تەنیا لە تەكنیك و ژمارەی سەربازەكاندا نییە.
نیگەرانییە ئەمنییەكان بۆ ئایندەی كوردستان، بوونە هۆی ئەوەی بەشێك لە پسپۆڕانی ناوخۆیی و دەرەكی رۆڵی دروستكردنی سوپا لە كوردستان بە گرنگ بزانن و بەشێكی دیكەشیان جەخت لە پێویستی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێكی ناوچەیی یان سەرووناوچەیی بۆ ئەمنی ستراتیژی دەوڵەتی كوردستان بكەن.
هەر لەو مێزگردەدا كتێبی (سوپا و دەوڵەت ) بە ژمارەیەك لێكۆلینەوەی تایبمەندەوە لەلایەن ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو بڵاوكرایەوە و ، خوێنەران دەتوانن لە كتێبخانەی باشووری كوردستان بەدەستیبخەن.
کلیک لەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ