رۆحی سەرگەردانی پیرباڵ

رووداو - هەولێر

لە رۆژێكی ساردی زستانیدا
دەستت لە نێو دەستی دایكتدا بوو
وتت: دایە
دنیا چۆن ئەگۆڕدرێ
پێیوتی ... و
تۆ گەورە بووی پیرباڵ.

سێ ساڵ لەوە پێش ئەو كورتە شێعرەی سەرەوەم وەكوو وەفایەك بۆ بەهەڵوێستبوونی كاك فەرهاد پیرباڵ لە ئاست كۆمەڵێك پرس و دۆزی سیاسی پەیوەست بە رۆژهەڵاتەوە نووسی كە هەڵبەت جگە لەوەیش، چاوێكیشم لە پاشخانی ژیانی پڕ بەرهەمی هونەرییشی بوو.

بەڵام پیرباڵ لە دوو ساڵی رابردوودا رێگایەكی پێوا كە هیچكەس پێشبینی نەدەكرد و ئەم پێشبینی نەكردنە بەهۆی لە پێشبینی نەهاتوو بوونی ئەو نەبوو، چونكا بە پێچەوانەوە پیرباڵ لە مێژە بە ئاسانی پێشبینی دەكرێت. بەڵام ئەم بارودۆخەی ئێستای پیرباڵ بۆیە پێشبینی نەدەكرا كە راست 180 پلە پێچەوانەی پیرباڵ بوونە و رەنگە رەشبینترین رەخنەگرانی ئەویش قەت بیریان لەوە نەكردبێتەوە كە رۆژێك پیرباڵ هێندە باڵەكانی پیر ببن، ئیتر نەك هەر لە فڕین بكەوێ، بەڵكوو لە ئاستی رووی عەرزیش نزمتر بێتەوە.

ئاوانگاردترین نووسەری لانیكەم باشووری كوردستان كە چاوەڕوان دەكرا وەكوو ئەنارشیستێكی راستەقینە بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانكاریدا بێت، بەردەوام لە بیری نوێبوونەوەدا بێت و مەشخەڵێك بێت بۆ نەوەی دواتر، لە كارەساتبارترین بارودۆخێكدا دەبینین كە دەكرێ مرۆڤێك هەیبێ.
پیرباڵ ئیتر پیرباڵی پەتاتەخۆرەكان نییە، راستییەكان لە چوارچێوەی وەهمدا نانووسێتەوە. چی لە پیرباڵ كراوە؟

ئایا دەرك نەكرانی لەلایەن كۆمەڵگاوە و تەنانەت لەلایەن كۆمەڵگای ئەدەبی و هونەریی وڵاتەوە رۆڵێكی لەم دۆخەی ئەودا بینیوە؟ كۆمەڵگایەك كە هێشتا پڕفرۆشترین كتێبەكان تێیدا، كتێبە ئاینییەكانن. زۆرترین قەڵەم بەدەستەكانی هێشتا شیعرەكانیان باسی گوڵ و بولبول و خاڵی گەردن و گۆزەی سەرشان دەكات. كۆمەڵگایەك كە بە فەرهاد نەگۆڕدرا. كۆمەڵگایەكی هونەریی چەقبەستوو و پاوانخواز. كۆمەڵگایەكی هونەری كە تاكە كاریگەرییەك لە فەرهادەوە وەریانگرت، ئەوە بوو كە وەپێكەنین كەوتن و جار جار ئەسەفێكیشیان خوارد.

ئەی بەشی خۆی لەم دۆخە كە تێیكەوتووە چەندە؟ سەیری یەكێك لەو ڤیدیۆیانەم كرد كە كاتی خۆی لەسەر شەقامێك لە پیرباڵیان گرتووە. خەڵكێكی زۆری لە دەوری كۆببوونەوە، بەڵام هەموو هەر بە دزی و بە ئاشكرا پێدەكەنین، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە فەرهاد خەریك بوو قوڕگی خۆی دەدڕی. بۆ یەك چركە هێنامە پێش چاوی خۆم: ئەگەر ئێستا فەرهاد بیەوێ ئەو جەماعەتە كە لە دەوری كۆبوونەتەوە، لە شەقامەكەی بەردەمی بپەڕێنێتەوە، ئایا تەنانەت یەك كەسیش متمانە بەو دەكا بیگەیەنێتە ئەوبەری شەقامەكە؟ تەنانەت یەك كەس هێندە بڕوای بەو هەیە كە لەگەڵی بڕوات؟ پێویست نەبوو زۆری بیر لێ بكەمەوە، وەڵامەكە ''نا'' یەكی نزیك لە موتڵەق بوو.

كەس متمانەی بە پیرباڵ نییە و ئەمە بەشێكی دەگەڕێتەوە سەر خودی پیرباڵ و هەڵسوكەوت و رەوتاری ئەو. قووڵایی كارەساتەكە لەوێدایە كە پیرباڵ بە شێوەیەكی نەخوازراو لەگەڵ خۆی، چەمكی نوێ و جیاوازبوونیشی قەشمەر كرد. یان باشتر بڵێم لە رێگای پیرباڵەوە ئەو چەمكەیان كرد بە گاڵتەجاڕ. دەستەمۆیان كرد. كۆمەڵگای داخراو لە كۆتاییدا پیرباڵی راو كرد و ئیستا پێش خواردنی خەریكە كایەی پێدەكا.

بەڕاستی چی وای لە پیرباڵ كردووە؟

ئایا نەمانی رووناكایی لە ئاسۆی سیاسی و فەرهەنگیی هەرێمی كوردستاندا دوای چەند دەیە هەوڵ و تێكۆشان هیچ كاریگەری لەسەر ئاكاری پیرباڵ نەبووە؟ پیرباڵێك كە لە كۆتایی نەوەدەكاندا هێندە ئاوانگارد و پێشكەوتنخوازێكی رادیكاڵ  بوو، دەتگوت لە ئاسمانەوە فڕێ دراوەتە نێو شۆرەكاتی كوردستان، بۆچی ئێستا هێندە زەبوونی دەنوێنێ كە لە خزمەت!! پاشڤەڕۆترین چینی كۆمەڵگا دادەنیشێ.

نەك هەر پاشڤەڕۆ بەڵكوو دەچێتە لای قەشمەرجاڕترین پاشڤەڕۆی كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان. لێرەدایە كە من كەمێك رادەمێنم و دەڵێم ئایا پیرباڵ دەیەوێ بە دوا دڵۆپەكانی خوێنی شۆڕشگێڕیی خۆی شتێكمان پێ بڵێت؟ ئایا ئەمەیش بەرهەمێكی هونەریی نامۆ و نەبینراوی دیكەیە؟ ئایا پیرباڵ خەریكی پێشكەشكردنی نمایشێكە؟ بۆ لەنێو ئەم هەموو مەلا و تەكیە و خانەقا و دیوەخانەدا راست یەكێكیان هەڵدەبژێرێ كە بەردەنگی كورد بە دیتنی پیرباڵ لەوێ، هاوكات كە پێدەكەنێ، ئەسەف بخوات؟ چەند ئەم ئاكارە ئاشنایە، دەڵێی پێشتر بینیومانە...

بەهەرحاڵ دەلالەتەكان زۆرن. ئێمە دەتوانین پیرباڵ بە خەرەفاو دابنێین و بڵێین: پاش تەمەنێكی كە تێیپەڕاندووە و زۆر خۆی ماندوو كردووە، كەمی دیوە و رێزی نەگیراوە و هەستی كردووە جێگە و پێگەی خۆی نەدراوەتێ و لەلایەكی دیكەشەوە چەندین جار لەلایەن خەڵكەوە (كە خەڵك هەموو شتێكی نووسەرن)، سووكایەتی پێكراوە و هتد... ئیتر پیرباڵ خەرەفاوە و خەلاس بوو یان دەتوانین بیر لە هێندەك وردەكاری ژیانی ئەو بكەینەوە و ئەو هەموو كارە دژە باو و پێچەوانەی رەوتی ئاوەی بهێنینەوە بیری خۆمان و شیمانە بكەین كە رەنگە ئەمەیش كارێكی نوێ بێت؟ رەنگە تەنیا كارێك بێت بۆ راكێشانی سەرنجی میدیاكان و لەم بابەتەدا بە تایبەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. خۆ هەموومان دەزانین پیرباڵ چەندە مرۆڤێكی میدیا پەرەستە. دەزانین چەند حەزی لە كامێرایە.

دەزانین كە چەند گرنگی دەدات بە فیگۆرەكانی لە پێش كامێرا. ئەو فیگۆرانەی كە زۆری كار لەسەر كردوون. بەڵێ هەركام لەمانە دەتوانێ راست بێت یان لانیكەم بۆ هەركام لە ئێمە دەتوانێ راست بێت. بەڵام ئەو شتەی كە نەگۆڕە و لە هەر حاڵەتدا دەبێ لەبەرچاوی بگرین، ئەوەیە كە پیرباڵ هونەرمەندێكی دیاری ئەم نیشتمانەیە و خاوەنی چەندین كتێبی بەبایەخە كە بە زمانی نەتەوەكەی خۆی نووسیویەتی.

 بە زمانی ئەو نەتەوەی كە بە دڵ و بە گیان هەمیشە خۆشی ویستووە. وەكوو زۆرێك لە نووسەرانی دیكەی نەكردووە كە بۆ ناو و ناوبانگ و نان و ئاو، بە هەزار بڕ و بیانوو، بە زمانێكی جگە لە كوردی نووسیویانە و هەوڵی دا و كتێبخانەی ئەم میللەتە هەژارەی دەوڵەمەندتر كرد. بە كارەكانی ورەی بە بەرەیەك بەخشی كە واز لە ژیانی مەڕانە بهێنێ. ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێ، پیرباڵمان خۆشبوێ یان نا، ئەو كاریگەریی خۆی داناوە و زیاتر لە نووسەرێك و هونەرمەندێكی ئاسایی نەتەوەكانی دەوروبەرمان تێچووی داوە.

 بۆ من كە دوو ساڵە لە پیرباڵ تێناگەم و پێموایە تەمەنی كاراكتەربوون و لە پێشچاوبوونی بەسەرچووە، ئەو بە كتێبەكانی و نووسینەكانی و ئەو كارانەی كە هەمیشە هەموومانی دەخستە پێكەنین و دەشمانی هزراند، زیندووە. بۆ من ئەم لاشەیەی ئێستا ناوی فەرهاد پیرباڵە، رۆحیانەتی سەرگەردانی پیرباڵی تێدایە. پیرباڵی ماندوو. پیرباڵی پیر. كورد پیرباڵی پیر كرد. پێموابێ هەر بەمە بزانین، پیرباڵ رازییە.