داماك هەورامی
رووداو - سلێمانی
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناكەوێ زونناری زوڵفی یار
وەكوو (شێخ) ئیختیاری مەزهەبی (تەرسا) نەكەم، چ بكەم!
مەحوی
زۆرجار گوێمان لەوە دەبێ، كە پەیوەندیی رۆحیی لەگەڵ خودا لەڕێگەی رێسا و دەستوورە ئایینییەكانەوە لووتكەی پەیوەندییەكانی مرۆڤ بووە. هەر لە دێرزەمانەوە زۆرترین ئاستی فیداكاریی مرۆڤ لەو پێناوەدا بووە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە، پەیوەندییەكی رۆحییە لەگەڵ مەعشووقی راستەقینە (خودا) و، مادام لە باڵاترینی پەیوەندییەكانی مرۆڤە و لە رۆحەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆرترین فیداكاری تێدا بەدیدەكرێت. دەی كەوابوو ئایا هیچ پەیوەندییەكی دیكەی مرۆڤ هەیە بگاتە ئەو ئاستە و شوێنی ئەو پەیوەندییە خۆشویستنە باڵایە بگرێتەوە؟
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو بەیتە، دەبینین مەحوی دوو شتی دژییەكی بەكارهێناوە، ئەویش (مەلا) و (تەرسا)ن، وەك دوو رێگە ئاماژەیان پێدەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجێك، كە (یار)ە. مەحوی دەفەرموێ ئەگەر رێبازی (مەلا)، كە ئاماژەیە بۆ دینی ئیسلام هەڵبژێرین، ئەوە ناگەین بە یار، ئەگەر (تەرسا)شمان هەڵبژارد، كە ئاماژەیە بۆ دینی مەسیح، ئیدی دەبێ وەك شێخی سەنعان لە دینی خۆمان وەرگەڕێین.
وەك مامۆستا عەبدولكەریمی مودەریس ئاماژەی پێكردووە، (زوننار) پشتێنێكی دوو توێی مەسیحییەكان بووە بۆ خۆجیاكردنەوە لە موسوڵمانان بەستوویانە، (شێخ)یش ئاماژەیەكە بۆ شێخی سەنعان. (تەرسا)ش ئەو مەسیحییە رەبەنانە بوون، كە ئەم پشتوێنە دوو توێیەیان بەستووە.
ئەگەر بەشێوەیەكی رووكاری سەیری بەیتە شیعرییەكە بكەین، وا دەردەكەوێت کە مەحوی پێمان بڵێت (مەلا) و مەعشووقە یەكناگرنەوە و دەبێ ئامادەیی گۆڕینی دینمان هەبێت بۆئەوەی بگەینە (یار)، وەك شێخی سەنعان كە لە دینی ئیسلام دەرچوو و بوو بە فەڵە (مەسیحی). لەم بەیتەدا مەحوی لێكچوواندنی لەنێوان پشتوێنە رەشە دوو توێیەكەی (تەرسا)كان و زوڵفی رەشی (یار)دا كردووە.
بەواتایەكی دیكە، بۆئەوەی دەستمان بگاتە زولفی (یار)، دەبێ دینی خۆمانی بۆ ببەخشین. لەڕووی رەوانبێژییەوە، مەحوی لەنێوان (زوننار) و (زوڵفی یار)دا لێكچوواندنی كردووە و زوڵفی یاری بە زوننار چوواندووە. هەروەها لێكدژیی لەنێوان (مەلا) و (تەرسا)دا هەیە.
بەڵام ئەگەر وردتر سەرنج بدەینە بەیتە شیعرەكە، دەگەینە ئەو راستییەی كە هیچ لەو رێگەیانە نامانگەیەنن بە (یار)! هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە (مەلا) و (تەرسا) دوو جەمسەری دینیی جیان، بەڵام هەریەكە لەوانە بەجۆرێك رێگری لە گەیشتنە (یار) دەكەن. بە واتایەكی دیكە، مەحوی پێماندەڵێت هەردوولا هەڵەن.
یەكەمیان (مەلا) خۆشویستنی (یار)ی حەرامكردووە و بە گوناهی دەزانێت پەیوەندیی خۆشەویستیت لەگەڵ (یار)دا هەبێت، چونكە كەسێكی نامەحرەمە و دینی ئیسلام رێگری لەو خۆشویستنە دەكات. دووەمیان (تەرسا) بەهەمانشێوە خۆی بۆ ژیانی ئاخیرەت و مەسیح و خودا دادەنێت و لەم ژیانەدا (یار)ی لەخۆی حەرام كردووە.
مەحوی دەیەوێت پێمان بڵێت، گۆڕینی دین هیچ جیاوازی و خراپەكارییەكی تێدانییە ئەگەر بێت و بتگەیەنێت بە مەعشوقی راستەقینە. دەیەوێت بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەمان شتی (صیدی هەورامی)مان بۆ دووپات بكاتەوە كە دەڵێت:
تا مەجاز نەبۆ حەقیق نمە بۆ
حەقیق بێ مەجاز تەحقیق نمە بۆ
دەیەوێت بڵێت ئەوە عیشقی مەجازی عیشقی مرۆڤ بۆ هەر شتێك جگە لە خودا)یە دەبێتە پلیكانە و بەرزمان دەكاتەوە و دەمانگەیەنێت بە عیشقی حەقیقی (عیشقی مرۆڤ بۆ خوا). مەحوی پێمان دەڵێت ئەوە دین نییە دەمانگەیەنێت بە خودا، بەڵكو ئەوە خۆشەویستیی یارە (عیشقی مەجازی) لە خودامان نزیك دەكاتەوە و بەومان دەگەیەنێت (عیشقی حەقیقی)، ئیدی گرنگ نییە لەسەر چ دینێكی.
پەیوەندیی خۆشەویستی (عیشق) جێگرەوەی خۆشەویستییە خواییەكە نییە، بەڵكو رێگەخۆشكەر و پلیكانەیەكە بۆ گەیشتنە ئاستی خۆشویستنی راستەقینە، كە لای مەحوی خودایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ