ئەدەبیاتی دەروەست و پێوەرەکانی

05-12-2018
ئەنوەر عەباسی
نیشانەکردن ئەدەب
A+ A-


کاتێک کە باسی ئەدەبیاتی دەروەست دەکرێ، خێرا وەبیری ئێگزیستانسیالیستەکان لەلایەک و ریالیزمی سۆسیالیستی لەلایەکی تر دەکەوینەوە کە سەردەمی گوڵکردنی هەردووکیان، سەدەی بیستی زایینی بوو. لەڕاستیدا ئەگەرچی یەکەم کەس بەشێوەی کۆنکرێت سارتەر باسی ئەدەبیاتی دەروەستی کردووە، بەڵام رەگوڕیشەی ئەم باسە لانیکەم یەک سەدە پێشتر، واتە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە لە رەخنەی ئەدەبیی ئەوروپادا بڵاوەی کردبوو. ئەمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی را و بۆچوونی فیلەسۆفەیلی سەردەمی یۆنانی کەونارا. ئێمە دەزانین کە رێبازی رەخنەی رۆژئاوا لە ئەفلاتوون و ئەرەستو- ەوە دەستیپێکردووە، بۆ نموونە ئەفلاتوون لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە هەموو جۆرەکانی شیعر دەبێ لە خزمەتی پەروەردەی مرۆڤدا بن و ئەرەستوش ئەمەی رەتنەدەکردەوە، بەڵکوو پێیوابوو ئەمە تەنها بۆ شێعری حیماسی و شانۆنامە راستە، بەهەرحاڵ ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە ئەم بابەتە مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە و باسێکی تازە نییە، بەڵام بە هەمان رادە کە باسێکی کۆنە، باسێکی ئاڵۆزیشە. 

پێش هەموو شت دەبێ دیاریبکەین کە ئەدەبیاتی دەروەست چییە و تەنانەت پێش ئەوە دەبێ دیاری بکەین ئەدەبیاتی دەروەست لە حەنای چی دەروەستە یان دەبێ ببێ؟ دەروەستبوونی بە باشترکردنی ژیانی خەڵک؟ بە ئاینپەروەری؟ بە نیشتمانپەروەری؟ بە حیزب یان رێبازێکی سیاسی یان هزریی تایبەت؟ بەڕاستی دەروەستبوونی ئەدەبیات بە چی وا دەکات مرۆڤ بتوانێ ناوی ئەدەبیاتی دەروەستی لێبنێ؟

تی ئێس ئێلیۆت کە یەکێک لە بەناوبانگترین رەخنەگرانی رۆژئاوایە، لە وتارێکیدا بە ناوی ''ئایین و ئەدەبیات'' ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ''ناتوانین مەزنایەتی ئەدەبیات تەنیا بە پێوەرە ئەدەبییەکان دیاری بکەین'' (سکات ١٣٧٨: ١٦) یەکەم ئاماژەی ئەم وتەیە دەرخەری ئەوەیە کە ئێلیۆت پێوەرە ئەدەبییەکان بە پێوەری سەرەکی و گرینگترین پێوەر دەزانێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدەبیات، بەڵام بۆ دیاریکردنی بایەخی کۆتایی و دەربڕینی ڕای کۆتایی لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی، پێوەرێکی نائەدەبیاتیش لەبەرچاو دەگرێ کە لەلای ئێلیۆت دەروەستبوونی ئەدەبیاتە بە بنەما ئاینییەکان و پەروەردەی ئایینی.

بێرتولت برێشت لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هونەری نوێ بەبێ ئامانجی نوێ بێ واتایە و ئامانجی نوێ لەلای ئەو پەروەردە بوو. (غنیمی هلال ١٩٩٨ قچایا معاصرە: ١٤٢).

تۆلستۆی پێیوابوو کە هونەر دەبێ پەرە بە ئەخلاق و تایبەتمەندییە بەرزە ئەخلاقییەکان بدات. ئەمە وتەی ئەوە کە دەڵێ: هونەری جیهانی هەمیشە پێوەرێکی نەگۆڕ و پشتئەستووری لەگەڵە، ئەو پێوەرە تێگەیشتنی ئایینی و روحانییە (زرینکوب: ٣٩).

دیدرۆ، فیلەسۆفی فەرەنسی (1711- 1782) ئەخلاق و پەروەردەی لەلا گرینگە و دەڵێ: هەر جوامێرێک کە پێنووس بەدەستەوە دەگرێ، دەبێ هەوڵ بدا چاکە لە پێش چاوان شیرین و خراپە لە پێش چاوان ناشیرین بکا (خانلری: ٦٢). هەروەها نیۆهیومانیستەکانی سەدەی بیست پێیانوابوو کە پێوەری ئەدەبی دەروەست ئەخلاقە. 

هەتا ئێرە زۆربەی فیلەسۆف و شاعیر و نووسەر و رەخنەگران بەشێوەیەکی گشتی ریسالەتێک بۆ ئەدەب دیاری دەکەن کە زیاتر لە دەوری ئەخلاق و ئایین خۆی دەبینییەوە، لێرەدا گرنگیی سارتەر لەوەدا بوو کە ئەم بابەتەی بە وردبینی و بەشێوەیەکی کۆنکرێت و ئیستدلالی هێنایە بەر باس و بە قووڵی لێی کۆڵییەوە و لەسەری نووسی. بۆیە زۆربەی جاران سارتەر بە داهێنەری چەمکی ''ئەدەبی دەروەست'' دەناسرێ. رەنگە بەناوبانگترین وتەی سارتەر لەوبارەوە ئەوەبێ کە گوتی: نووسەری دەروەست ئەو خەونە نامومکینەی لەسەر دەرکردووە کە نەخشێکی بێلایەنانە و نابەرپرسانە لە کۆمەڵگەی مرۆییدا بکێشێ''. لێرەوە دیارە کە سارتەر لە باسی ئەدەبی دەروەستدا، کۆمەڵگا و مرۆڤ بە بنەما دەگرێت.

بەربەرەکانێی ئازادی و بەرپرسیارێتی لە دیسکۆرسی ئەدەبیاتی سارتەردا

سارتەر لە باسی ئەدەبیاتدا چەمکی بەرپرسیارێتی دێنێتە بەر باس، بەڵام لە هەمان کاتدا پێیوایە ئەدیبێک کە دەیەوێ لە بەرهەمە ئەدەبییەکەی خۆیدا ''راستی'' ڕەچاو بکا و بیر لە کۆمەڵگاکەی خۆی بکاتەوە و لەبەرانبەر مرۆڤ و کۆمەڵگادا هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، دەبێ ''ئازاد ئەندێش''یش بێت و خاوەن هزر و ئەندێشەیەکی ئازاد بێ. لێرەدا کێشەیەک کە دێتە پێش، ئەوەیە کە هەر کاتێک ئێمە بەرپرسیارێتی و دەروەستبوونێک بخەینە ئەستۆی کەس یان چەمکێک، بمانەوێ و نەمانەوێ هەموو یان بەشێک لە ئازادییەکەی ئەومان لێی سەندووە. پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە، ئایا دەروەستبوون بە شتێک دژی ئازادی بیر و هزری ئەدیب نییە؟ پاشان ئەگەر بڕیارە سنوورێک بۆ ئازادی قایل بین، ئەو سنوورە کوێیە؟ ئەگەر نووسەرێک لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادایە بڕوای بە فڵانە بیروبۆچوون، حیزب یان ئایین هەبێ و هەر بەوپێیە لە رێگای هونەرەکەیەوە بانگەشەی بۆ بکات، ئایا راستەوخۆ ئازادی بیرکردنەوەی خۆی بەرتەسک نەکردووەتەوە؟ لەلایەکی دیکەوە ئایا بەرژەوەندی کاتیی کۆمەڵگا ''راستی'' ناخاتە مەترسییەوە؟
 بە نموونەیەکی سادە کراوە درێژە بە باسەکە دەدەم: وای دابنێن شاعیرێکی بێدین کە بڕوای تەواوی بەوە هێناوە هەموو دینەکان بێ بنەمان و خوایەک نییە و بڕوای تەواوی بە ئازادیی مرۆڤ هەیە و هەر بەم پێیەش ژیانی خۆی هەڵچنیوە، شاعیرێکی دەروەست بێت و دەرد و مەرگی کۆمەڵگاکەی بەلایەوە گرینگ بێت. ئەم شاعیرە بەپێی ئەقڵی خۆی رۆژێک بەو ئاکامە دەگا کە لەم کاتەدا ئاینپەروەری دەتوانێ یارمەتی کۆمەڵگاکەی بدات کە لە بەرانبەر دوژمنێکی دەرەکیدا یەکگرتوو بن. بۆیە ئەگەرچی خۆی بڕوای بە ئایین نییە، بەڵام لە شێعرەکانیدا بانگەشەی ئایین و ئەخلاقی ئایینی و بابەتی لەو جۆرە دەکات. لێرەدا ئەگەرچی ئەو بە نیسبەت کۆمەڵگاکەیەوە دەروەست و بەرپرسیار بووە، بەڵام ئازادی و راستی (راستییەک کە خۆی بڕوای پێی هەیە) بوون بە قوربانی.

کەواتە دەبێ هەم بۆ ئازادی و هەم بۆ دەروەستبوونی ئەدەبیات سنوورێک دابنرێ و هەروا کە ''راستی'' چەمکێکی رێژەییە، بۆ ئەم دوانەش دەبێ رێژەیەک دیاری بکرێ. بۆیە زۆربەی رۆشنبیران و رەخنەگرانی هاوچەرخ سنووری ئازادی هەتا ئەو شوێنە دیاری دەکەن کە نووسەر بەگشتی و یەکسەرە لە کۆمەڵگا دانەبڕێ و تەواو بە دەربڕینی هەستە تاکەکەسییەکانی خۆیەوە خەریک نەبێ و خۆی بە تەواوی لە کۆمەڵگاکەی جیا نەکاتەوە و لە باسی پێبەندبوونی ئەدەبیات بە کۆمەڵگادا لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەدەبیات نابێ بە تەواوی بچێتە خزمەت ئامانجەکانی کۆمەڵگاوە و لە ئامانج و بنەما ئەدەبییەکان بە تەواوی دووربکەوێتەوە.

جەمسەری ئەدەبیی تەواو دەروەست لە جیهانی هاوچەرخدا دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆمۆنیزم و رێبازی ریالیزمی سۆسیالیستی کە لەسەر ئەو باوەڕە بوون ئەدەبیات و هونەر بەگشتی کاتێک واتا پەیدا دەکەن و کاتێک دەبنە خاوەن بایەخ کە بپەرژێنە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی کۆمەڵگە باسبکەن. ئەوە لە رەخنەی مارکسیستی ئەدەبیاتدا بە تەواوی تیۆریزە کرابوو، هەتا ئێستایش ئەگەرچی کاڵبووەتەوە، بەڵام لایەنگرانی خۆی هەر هەیە. بۆیە کاتێک باسی ئەدەبیاتی دەروەست دەکرێت، بێ سێ و دوو وەبیر ئەدەبیات و رەخنەی مارکسیستی دەکەوینەوە. بۆ نموونە ماکسیم گۆرکی بە تەسەلی لەسەر ئەم بابەتە قسەی کردووە و تەنانەت ناوی ''ریالیزمی سۆسیالیستی'' کە خاڵی بەرانبەری ریالیزمی رەخنەگرانەیە، لە داهێنانی ئەوە. مایاکۆڤسکی شاعیری رووس پێیوابوو ''مەرجی سەرەکی لە کاری شاعیردا ئەوەیە لە رێگای شێعرەوە کێشەیەک لە کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات''(غنیمی هلال ١٩٩٨ الادب المقارن: ٣٩٧).

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یەک دوو سەدەی رابردووشدا ئەدەبیاتی دەروەست ئەگەرچی رەنگە وەکوو رۆژئاوا بە شێوەی کۆنکرێت باس نەکرابێ، بەڵام بەگشتی لە خزمەت سێ چەمکی ئایین، نەتەوە و کۆمەڵگەدا بووە. ئایینی ئیسلام و نەتەوەپەرستیی فارس و عەرەب و تورک و ئەدەبی بەرەنگاریی کورد و ئەدەبیاتی سۆسیالیستیی شاعیرانی چەپ و ... هەموو بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بازنەی ئەدەبی دەروەستدا جێدەگرن. هەر ئەمە پیشان دەدا کە واتای ئەدەبی دەروەست دەتوانێ چەندە بەربڵاو و فرەڕەهەند بێ و هەروا کە دەتوانێ خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات، دەتوانێ ببێتە چەکێکی مەترسیدار بە دەست دوژمنانی مرۆڤایەتی و ئازادی و راستییەوە. ئەدەبیاتێک کە لەلای ئایین، هزرین، نەتەوە و کۆمەڵگەی A ئەدەبی دەروەست و مرۆڤانە و ئایینی و ئەخلاقییە، دەتوانێ لەلای ئایین، هزرین، نەتەوە و کۆمەڵگای B تەواو پێچەوانە بێت و لێرەدایە کە بابەتی پڕ لە موناقەشەی ئەدەبی لۆکاڵی و ئەدەبی جیهانی بە شێوەیەکی ئاشکراتر خۆی دەردەخات کە خۆی پێویستی بە لێوردبوونەوەی زۆر و وتارێکی تایبەتە.

سەرچاوەکان:

- رسولی، حجت. ٢٠٠٠. معیار تعهد در ادبیات. پژوهشنامە علوم انسانی: شمارە (٤٥)
- سکات ولبور.١٣٧٨. دیدگاههای نقد ادبی. ترجمە فریبرز، سعادت. تهران: امیر کبیر.
- زرین کوب، عبدالحسین. ١٣٦١. نقد ادبی. تهران: امیر کبیر.
- ارسگو.١٣٧٧.فن شعر. ترجمە عبدالحسین زرین کوب. تهران: بنگاه ترجمە و نشر کتاب.
غنیمی هلال، محمد. ١٩٩٨. الادب المقارن. مصر: دارالنهچە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە