سوێد بە شانۆ یادی دەرهێنەری ناودار ئینگمار بێرگمان دەكاتەوە

05-09-2018
لیزا محەممەد
نیشانەکردن شانۆ
A+ A-

فێستیڤاڵی شانۆیی ئینگمار بێرگمان کە کۆتایی هەفتەی رابردوو (23 ی ئاب) لە شاری ستۆکهۆڵم دەستی بە چالاکییەکانی چوارەمین خولی کرد و وا بڕیارە تاوەکو 2 ی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت، هاوکاتە لەگەڵ سەتەمین ساڵەی لەدایکبوونی ئەو دەرهێنەرە سینەماییە سویدییە کە بە شکسپیری سینەما دەناسرێت.

بیرۆکەی سازکردنی ئەم فێستیڤاڵە بۆ دوو ساڵ پاش کۆچی دوایی ئەو دەرهێنەرە مەزنە دەگەڕێتەوە، واتە بۆ ساڵی 2009، ئەوەش وەک ئاوڕدانەوەیەک لە کارە شانۆییەکانی کە لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوودا پێشکەشی کردوون و هەر خۆیشی دەقی زۆربەیانی نووسیون، لەوانە: (رۆژ خەریکە تەواو دەبێ) و (وێنەکێشان لەسەر تەختە) و (جاک و شار).

ئەو شانۆییانەی لەم فێستڤاڵەدا نمایش کران و دەکرێن، لە کێشە و دۆزی هەمەجۆری جیهانی دەکۆڵنەوە، لەوانەش شانۆگەریی (دڵنیایی) کە کاری دەرهێنەری ئەڵمانی فۆلک ریختەر بوو لەبارەی ترسی روو لە زیادبوونی ئەوروپا لە مەسەلەگەلی تێرۆر و گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی بێکاری و قەیرانی سیاسی و ئابووریی یەک لەدوای یەک. ئەم شانۆگەرییە کە لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا نمایش کرا، پرسیار دەورووژێنێ دەربارەی بەدگۆڕانی ئینسان و پاشەکشەی بەها لە ساتێکدا کە خەڵک هەست دەکەن کارەساتی گەورە بەڕێوەیە. 

هەر لەو فێستیڤاڵەدا، ئەمیر کوهستانی، دەرهێنەری ئێرانی بە شانۆگەریی (تیشکی ژێر سوور) بەشداری دەکات کە کێشە و خەمەکانی ژنانی ئێرانی کردووەتە تەوەر.
 
ئینگمار بێرگمان، یەکێک لە ناوە هەرە دیارەکانی بواری سینەما و شانۆیە و زیاتر لە پەنجا فیلمی سینەمایی دەرهێناوە، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر شانۆ، هەروەها چەندان کتێبی گرینگی نووسیوە کە زۆربەیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی دنیا، لەوانەش (چرای ئەفسوناوی) کە یاداشتەکانی خۆیەتی و باسی منداڵی و پێوەندییەکانی خۆی بە دایکی و باوکی و هەروەها هەنگاوە سەرەتاییەکانی لە بواری شانۆ و دواتریش سینەما دەکات. ئەم هونەرمەندە ڕابەرە لە شاری ئۆپسالای باکووری ستۆکهۆڵم لە 14 ی تەمووزی 1918 لەدایک بووە و لە 30 ی تەمووزی 2007  کۆچی دواییکرد.

وا بڕیارە هەر ئەمساڵ و لە پاییزدا گەورەترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، بە بەشداریی هونەرمەندانی جیهان، بە بۆنەی یادی سەت ساڵەی لەدایکبوونی ئەو هونەرمەندە لە ستۆکهۆڵم بکرێتەوە و تێیدا جگە لە شانۆنامەکانی، فیلمەکانی سەرلەنوێ پیشان دەدرێنەوە، پێشانگای فۆتۆگرافی، لە چاپدانی دەیان کتێب، دۆکیۆمێنتار و سیمینار سازدەکرێن. 

بێرگمان لەماوەی ساڵانی کارکردنیدا نزیکەی 60 فیلمی سینەمایی و زیاتر لە 120 شانۆیی بەرهەمهێناوە، هەندێک لەم کارانەی ئێستایش زۆر بەناوبانگن، لەوانە: پەیمانی حەوتەم، فراولەی کێوی، کارەکتەر، چرپە و هاوار، میوانەکانی شەو لە کڵێسا، بێدەنگی، هێلکەی مار، هاوینێک لەگەڵ مۆنیکا، بزەی شەوێکی هاوین، فانی و ئەلێکساندەر و... هتد، هاوکات سەدان وتار و کتێبی نووسیون. ئەوە جگە لەوەی سیناریۆی زۆربەی فیلمەکانی لە نووسینی خۆین. 

بەزۆری فیلمەکانی بێرگمان تیشک دەخەنە سەر بابەتی کێشەی خێزانی، شکستهێنان و هەندێک جار هونەرمەندە ژەهراوییەکان و خودایەکی ون، بێرگمان لە خستنەڕووی بابەتە دەروونییەکانیشدا هونەرمەندێکی بە سەلیقە و باڵادەست بووە. فیلمەکانی سەرنجی جیهانیان بەلای سینەما و کولتووری ئەسکەندەناڤیدا ڕاکێشا و لە ڕێگای بێرگمانەوە سوێد، وەک وڵاتێکی خاوەن سینەما و کولتوورێکی دەوڵەمەند ناسرا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە