ڕاپەڕین و لەهۆشچوون

)تەنیا مرۆڤێكی نەترسێنراو دەتوانێت بڕیاری سەربەستانە بدات( فرانز نیومان

سبەینێ پێنجی مانگی ئادارە، بیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژانەیە كە ڕاپەڕین 28 ساڵ پێش ئێستا شەوەزەنگی فاشیزمی ئاوا كرد. گرنگیی ئەو ڕۆژانە بە تەنها بۆ خودی ماوە و خایاندنی زەمەنی ڕووداوەكە ناگەڕێتەوە، بەڵكوو لەوێدا گرنگە كە كردنەوەی دەرگایەك بوو بەسەر ئێستا و داهاتووی ئێمەدا. تا ئەم ساتەوەختەش ئێمە لەناو ئەزموونی تێپەڕینداین لەو دەرگایەوە. 

دەرگای دەرچوون لە بەعس و فاشیزم و دۆخی داگیركراوی بەرەو دۆخی خودسەروەری. ئەم هەلومەرجە بە بەراورد بە ئەزموونی سیاسی كورد لە سەدەی بیستەمدا لە دوای ئەزموونی مەلیك مەحموود و كۆماری مەهابادەوە درێژ ترین ئەزموونی حوكمڕانییە كە تا ئێستاش بەردەوامە. 

ئەمە چییە وا دەكات ئێمە ماوەی زەمەنی بۆ ئەزموونی كوردی بە گرنگ و ناوازە ببینین؟ هۆیەكەی ئاسانە، بەشێكی پەیوەندی هەیە بەوەی كە ئێمە لە مێژووی كورددا بەردەوام ئەزموونی شكستمان هەبووە لە فۆرمۆلەكردنی قەوارەیەكی تایبەت بە خۆمان و دۆخێكی لەو جۆرە نە هەڵكەوتووە نە ڕێگەپێدراو بووە بۆ كورد. بەڵام بە چڕی و نهێنی خەونمان بە كوردیبوونی سیاسی و كولتووری نیشتمانی خۆمانەوە دیوە، ئەو قوربانییەش كە بۆ ئەم خەونە دراوە زۆر زیاترە لەوەی ئێستا بەدەستهاتووە، ئەمە غەدری ڕۆژگارە  یان هەر شتێك، ئەوەیان باسێكی ترە. من ئێستا داواكار نیم ئاوڕ بۆ دواوە بدەینەوە، بەڵكوو سكاڵاكارم لە تێنەفكرین لە رابردووی خۆمان.

ئەم رووداوە (ڕاپەرین) كۆبەرهەمێكی سیاسی كوردە لە مێژوودا بە ناوی خەڵكی ئەم نیشتمانەوە تۆمار بووە و هیچ گروپێكی سیاسی توانای نییە تۆماری بكات بەناوی خۆیەوە، زۆرجار شۆڕش و راپەڕین و یاخیبوونە سیاسییەكان تۆمار و موڵكایەتییەكی سیاسی دیاریكراویان هەیە، بەڵام ڕاپەڕین  وەك چاپی كۆبەرهەمی میللەتە، من ناڵێم ئەم میللەتە لە جەرەیان و خەباتی ڕابردووی جیابكرێتەوە، بەڵكوو دەمەوێت بڵێم ڕووداوەكە بەرهەمی میللەت بوو، چەند هەوڵ بدرێت ئەندازیار و خاوەنی بۆ بدۆزرێتەوە سەركەوتوو نابێت، جگە لە خاوەنی راستەقینەی كە خەڵك و میللەتە. 

راپەڕین هاوزەمەنییەكی سەرسوڕهێنی هەبوو لەگەڵ وەرچەرخانی نێودەوڵەتی و تاكجەمسەریی جیهاندا و ڕووخانی بلۆكی رۆژهەڵاتی تۆتالیتاریزمدا. ڕاپەڕین ڕووداوێكی تاقانە بوو لەم ناوچەیەدا كە لانكەی دیكتاتۆریەتی تاكحزبی و یەك ئایدیۆلۆجی و دەوڵەتی مەركەزیی ڕەها بووە، رەگی دەچێتەوە سەر ڕووخانی دیواری بەرلین و ئەزموونەكە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە گوتاری  زاڵی نێودەوڵەتییەوە كە سیستەمی نوێی جیهان و دیموكراسییە. 

ئەوە جێگای سەرنجە كە ڕاپەرین ڕووداوێكی حزبی نییە و كۆمەڵگەییە. كۆمەڵگە پێش حزب لەدایك دەبێت، واتا ئازاد دەبێت و گروپە سیاسییەكان هەوڵی خۆناساندنی خۆیان دەدەن بە كۆمەڵگا و دواتر بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرەباڵغیی سیاسی، بەرەی كوردستانی و پاشان حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن. ڕووداوە ناوازەكە هەر ئەوە نییە، ئەوەی سەرنجڕاكێشە لەگەڵ لەدایكبوونی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەك دێتە ئاراوە: كوردستان وەك قەڵای دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێك كە مرۆڤ و كەمینە و نەتەوە و تاك نەفرەت لە قەدەری خۆیان دەكەن  بەهۆی زۆرداریی  سیاسی و دینی و قەومی و هتد. ئێمە بۆ بیست و هەشت ساڵ دەچێت لەو قەڵایەدا ژیان بەسەردەبەین، بۆیە پێیدەڵێم قەڵا چونكە بە دوژمن دەورە دراوە، بەو ڕژێمە دیكتاتۆرییانەی هاوشێوەی رژێمی سەدامن. 

قەڵا شوێنێكە پارێزراوە و وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و ئەوروپا ئێرەیان وەك حامیەیەك و وەك قەڵایەك ناساند بەشێوەیەكی نێودەوڵەتی نەك وەكو دەوڵەت. ڕۆژگار هات و ڕۆیشت و دەركەوت دیوارەكانی ئەم قەڵایە بەهێزترن لە دیوارەكانی ئەو دەوڵەتانەی وا مەزەندە دەكرا لە پۆڵا بن، عێراقی سەدام و سووریا و لیبیا و تونس و میسر و... دەركەوت قەڵایەكی  بە گەرەنتی زۆر بەهێزترە لە دەوڵەتی بێ گەرەنتی. دیمەنە گەورەكە ئەوەیە كە ئێمە وەك كورد تا ئێستا لەناو ئەم قەڵایەدا دەژین. دیمەنە گەورەكەش دیمەنی قەڵاكەیە لە دیوی ناوەوەی. دیمەنەكە هەوراز و نشێو و یەكتر بەنەفرەتكردن و یەكتر سڕینەوە و یەكتر كوشتن و ئاشتبوونەوە و پێكەوەژیان و زۆر شتە. 

ئەوە ڕێكەوتێكی سەیرە كە زلهێزەكانی دونیا پاسەوانیی قەڵایەكی وەها دەكەن، یاخود ڕاستتر قەڵایەكیان دروست كردووە كە لە چاوی دراوسێكانی خۆیەوە بەد وێناكراوە. پاسەوانە نێودەوڵەتییەكان بوونەتە دیواری بەرگری ئەگەرنا وڵاتانی دەوروبەری هاودین و هاوشارستانی و هاوكولتووری فەرحانییەكەی دەكەنە قەسابخانە و تۆزی بە ئاسماندا دەبەن. خۆ قەت لە مێژوودا درێغیشیان لەوە نەكردووە. 

جا ئەوەی ئەمەریكا و ئەوروپا ئیمپریالیزمن و دوژمنی گەلانن ئەوە پروپاگەندەی  بلۆكی رووسی بوو، ئەوە رێككەوت ئیمپریالیزم میللەتێكی دێرینی هەزاران ساڵەی لە قڕكردن بەدەستی هاوەڵانی شارستانی ناوچەیی خۆی پاراست و چەپی ئەمەریكی و ئەوروپیش ڕێپێوان بۆ سەدام و هاوشێوەكانی دەكەن لە پایتەختەكانی جیهان. وەك چۆن چەپ و ئینتلێكچواڵی  خۆمان خەریكی سەعیكردنن لە هۆلۆكۆست وەك ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت نە كیمیاباران و نە ئەنفال. هەر بۆ زانیاری كەیسی ئەنفال زۆر بەهێزترە لە هۆلۆكۆست، چونكە هۆلۆكۆست لەسەر ئاستی سۆسیۆلۆجی ڕوودەدات لەناوجەرگەی شارستانێتییەكدا كە لە دواییەكانی قۆناغی كۆمەڵگای پیشەسازیدایە، بەڵام ئەنفال تاوانێكی ئەنترۆپۆلۆجییە و قوربانییەكەی دانیشتووانی رەسەنی ناو كولتووری سروشتین، رۆشنبیران بۆ پڕوپاگەندەی خۆیان لەناو ڕەشەخەڵك بە شوێن ناونیشانە سۆسیۆلۆجییەكەوەن وەك مۆدیلێكی نمایشكارانە بۆ ئەوەی زۆربڵێییەكی زیاتریان لەبەردەست بێت بۆ قسەكردن لەسەر مۆدێرنیزم. 

ئێمە هێشتا لەناو قەڵا پارێزراوەكەداین و لەودیو شوورای قەڵاكەوە هەڕەشەكان و مەترسییەكان كەم نین. ڕاپەرین بەئاگاهاتنەوەیە و هۆش هاتنەوەیە بەخود و دەرچوونە لە دۆخی لەهۆشچوون، بەڵام لەهۆشچوون و بەئاگاهاتنەوە لە خەوی قورسی سەردەمی زۆرداری بەشێوەیەكی سەیر جێگۆڕكێ دەكەن، واتە ڕاپەڕین چەند خەبەربوونەوە و بەئاگاهاتنەوەیە ئەوەندەش لەهۆشچوونە بەرامبەر بە گەڕانەوەی ڕابردوو، چونكە ئەوەی ڕاپەڕین دەكاتە ڕووداوێكی گرنگ ئەو پچڕانە سیاسییەیە كە لەگەڵ ئەوی تری داگیركەردا دروستی دەكات و دەرگا لەسەر دۆزی  خودسەروەریی سیاسی كورد دەكاتەوە و پرسیاری ئۆتۆنۆمبوونی سیاسی دەكاتە پرسیارێكی گرنگ كە دەبێتە ژێرخانی ئۆتۆنۆمییەتی كولتووری و كۆمەڵایەتیش، بەڵام یەكێك لە كێشەكانی ڕاپەڕین لەهۆشچوونەكانیەتی. 

لە هۆشچوون بەرامبەر خودسەروەریی سیاسی كوردی و لەهۆشچوون سەبارەت بە گرنگیی دەسەڵاتی كوردی، چونكە بەبێ بوونی دەسەڵاتێكی كوردی هەموو دۆزەكان دەبنە  سەفسەتە و خۆئەنتیكردن بەرامبەر دەسەڵاتی كوردییانە. راپەڕین چەندە رابوون و لەخەوهەستان و ئاگامەندییە ئەوەش خەولێكەوتن و پاسیڤبوون و لەهۆشچوون و بورانەوەیە. بایەخنەدان بە خوێندنەوەی رابردووی بەعسیزم لەهۆشچوونی ئێمەی خوڵقاندووە. ئەم پچڕانەی ئێمە لە ڕاپەڕینەوە دروستی دەكەین، لەگەڵ دونیای بەعسدا بە چەندین گوریسی ئەستووری نادیار بەستراوینەتەوە بەو ڕابردووەوە. لە سەرەتادا ڕووداوەكە لەسەر دوو ئاست بەشێوەیەكی ئەفسانەیی دوو جۆر مەستبوونی یۆتۆپیمان لا دروست دەكات، مەستبوون بە هەوای ئازادی و مەستبوون بە ڕەوینەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و نەمانی بەعس. 

بەڵام قۆناغ بە قۆناغ دەچینەوە ناو دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ترس و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ستەم و دڵەڕاوكێی سیاسی و دووبارە ڕوودانەوەی ئەنفال و داگیركاری و داعش، واتا بەعس بە نواندنەوەی نوێوە و بە دەرهێنەر و ئەكتەری تازەوە. پرسیاری سەرەكی ئێمە كە زیاتر لە سەدەیەك  تەمەنی هەیە و پرسیاری نەتەوەییمانە، هێشتا ئەم پرسیارە نەك وەڵامی تەواوی خۆی وەرنەگرتووە، بگرە پرسیارەكە زۆرجار لەژێر فشاری پەراوێزخستن و بە هەند وەرنەگرتندایە نەك لەسەر ئاستی سیاسی بگرە كولتووریش. تەنها وەكوو پرسیارێك لە چوارچێوەی تردا بەڕێوەدەبرێت، هێشتا نەچووەتە قۆناغی دڵنیایی سیاسییەوە. چونكە دڵنیابوونەوەی سیاسی  لە قۆناغی یەكەمدا تەنها بە بوونی قەوارەی سیاسیی سەربەخۆ دروست دەكرێت و لە قۆناغی دووەمدا بە دیموكراتیزەكردنی قەوارەكە تەواو دەبێت، لە رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستدا كە لە شێتخانەیەكی سیاسی دەچێت. 

ئێمە بەرەو كوێ دەڕۆین و كەی دەگەینە ئامانجەكەی ڕاپەڕین كە دەربازبوونی سیاسییە، چونكە دەربازبوونی تەواو دەربازبوونی سیاسییە كە لە قەوارەی سیاسی سەربەخۆدا بەئەنجام دەگات، واتا بوونێكی نامەرجدار نەك مەرجدار لەناو دەوڵەتی ئەویتری عێراقدا، ئەمڕۆ هیچ فیلمێكی سەدامی نییە بە چاوی خۆمان نەیبینینەوە لە دوای ڕووخانی سەدامیش، واتا فیلمەكانی كوشتن و  قڕكردن و تەعریب و خاك زەوتكردن هەر بەردەوامە. ئێمە وەك گوتم لە دەرگای ڕاپەڕینەوە هاتینە ناوەوە و لەناو قەڵایەكدا دەژین كە ناوی هەرێمی كوردستانە و شووراكانی ئەم قەڵایە بەهێزن، من نازانم بۆچی؟ یەك جۆر وەڵامم بۆ ئەوە پێ نییە، گرنگ ئەوەیە دراوسێ هاوكولتوور و هاوئایین و هاوشارستانییەكانمان زەفەرمان پێ نەبەن.