یەکەم ماچ حەرام نییە!

 
ئێمە بەشێک لە ژیانی خۆمان، لەنێو دونیای خەیاڵ و داڵغەدا بەسەردەبەین. داڵغەیش بینینی جیهانە بە چاوی خەیاڵ. ڕەنگڕشتن و جێبەجێکردنی کار و مەزنە پرۆژەیە بە خەیاڵ. 


داڵغە دۆخێکی نەمیوە، کەوتووەتە نێوان خەون و بێدارییەوە. ئێمە لەو دۆخەدا، بەسەرهات و وێنەی سەیروسەمەرە دەبینین. لەوێدا کاری سەرسوڕهێنی ئەوتۆ ڕایی دەکەین کە ڕەنگە ناشۆ بن. واتە زۆربەی ئەو خەیاڵانە، لەسەر زەویی واقیع ڕوونادەن و نایەنەدی. ئەوەندە هەیە ئێمە بە ئاواتمان خواستوون ڕۆژێک لە ڕۆژان بێنەدی. لە کۆی ئەو تاکانەی وا مەلەوانی دەریای داڵغەو خەیاڵن، کەمیان هێندەی ڕۆماننووسیان لەدەست دێت. کەمیان وەک ڕۆماننووس دەتوانن داڵغە و خەیاڵی خۆیان پراکتیزە بکەن و بە کردەوە بیخەنە سەر ڕووبەری کاغەز. واتە لە داڵغەوە بیکەن بە ڕاستینە. دەسا ڕۆماننووس دەکارێت داڵغەکانی بۆ جوانترین کاری ئەدەبی بگۆڕێت. 

نووسینەوەی خەیاڵیش کاری زمانە، ڕۆمانیش درێژترین بەرهەمی خەیاڵە. نووسەر خاوەنی هەردوو رەگەزەکەیە، خەیاڵ و زمان. من مەبەستم زمانی جوان و دەوڵەمەندە. زمانی ڕەوانی بێ هەڵەیە. ناسینی زمانی چینەکانی خوارێی کۆمەڵە، بە تەواوی وردەکارییەوە. بۆ پاڵپشتی هەردوو ڕەگەزی خەیاڵ و زمان، هزریش لەلای کەریم کاکە ئامادەیە، کە ئەمیشیان دیسان زمان دەتوانێت ئاوێتەی بەرهەمی ئەدەبی بکات. 

ڕۆمان کە لە خۆیدا ژانرێکی خۆرئاواییە، ئەوان هاتوون لای خۆیان پۆلێنیان کردووە. بەپێی پۆلێنی ئەوان بێت، ماچی یەکەم، ڕۆمانی خۆشەویستییە. چونکە ڕووداوەکانی لە دەوری عیشق و دڵداری، لە وڵاتی خۆمان دەسووڕێنەوە، کە کەم و زۆر لە هیی وڵاتانی تر جیاوازە. لێرەدا عیشق و ئازادی تێکەڵ بە یەک بوونە. خولیای ئازادی، شۆڕش و ڕابوونی ئێمەیش، دیسان لە هیی وڵات و میللەتانی تر ناچن. لێرەدا پرسی ئازادی و خەبات بۆ ئازادی، پێش ڕابوون، بە خەیاڵ زۆر خۆشە. 

دوای ڕابوون زۆر لە کارەکتەرەکان خراپ گۆڕانیان بەسەردا دێت و بریسکوهووڕی ئازادی، پەرۆشی تاکیش بۆ پرسی ئازادی وردە وردە کاڵ دەبنەوە. لەوێدا بەشێک لە کارەکتەرەکان دەستیان دەکەوێتە ئەو گۆڕە و خەڵک ئیتر لە نزیکەوە ماهییەتی ئەوان دەناسێت. تەقاندنەوەی ئارایشتگەو تێزابڕشتن پەیدادەبێت. شڕەخۆرییش دەبێت بە باو. 

"بە چاوی خۆم دیتم، ڕووتەڵەیەک کێلی گۆڕێکی بە شانی خۆیدا دا، لەو کاتەدا بە گوێی خۆم بیستم مردووەکە گوتی: مەیبە، ناومی لەسەرە با ون نەبم. ل ٢٠٧" 

پرسی ماچی یەکەم، لە مێژووی هەر تاکێکدا، جا نێرینە بێت یان مێیینە، بووە بە گرێی ئەم ڕۆمانەی کە وەک گوتم ڕۆمانی خۆشەویستییە. لە سەرەتاوە تا دوایی ڕووداوەیل، لە دەوری خولگەی ماچی یەکەم دەسووڕێنەوە. کەواتە ناونیشانی ڕۆمانەکەیش هەر هەڵێنجراوی هەمان بیرۆکە و گرێ و تیمەیە کە مەحکەم دەقەکەی لەسەر بنیاتنراوە. 

من بەنیازم کەمێک لەسەر ناوی کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە بدوێم. دیارە ناو یەکێکە لە ڕەگەزەکانی چیرۆک و ڕۆمان. نووسەر بە ئاگاییەوە هەڵیدەبژێرێت. کارەکتەر دەبێت ناوی هەبێت، بە تایبەتی (ئەی) کارەکتەر؛ وەک بەشێک لە خۆرئاواییەکان دەڵێن. خۆ ئەگەر کارەکتەرێک بێناو بێت، مانای وایە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر ڕووداوەکان نییە، یان نەناسراوە. کارەکتەری بێناو لە ڕۆماندا، وەک ئەوە وایە لە فیلمدا ڕۆڵی کۆمبارسیان پێ دابێت. لە چیرۆک و ڕۆماندا، دەشێ ناو واتا و ئاماژەی لە خۆیدا هەڵگرتبێت. ئەو واتاو ئاماژانەیش، شتێک لە پاشخان، لە ڕەهەندەیلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی، ئاینی، کولتووری، مێژوویی کارەکتەر بە خوێنەر بدەن و پێشچاوی ڕوون بکەنەوە. چاوەڕوان دەکرێت ناوی کارەکتەر لەگەڵ ڕۆڵی ئەودا گونجاو بێت.  

دیارە ناویش بەپێی سەردەم گۆڕانی بەسەردا دێت. خۆ ناشێ مەلا و مەلاژنێک، کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ژیابن، ناویان مەلا شانۆ و مەلاژنە ڤالا بێت! لەم سەردەمەشدا ناکرێت پیاوکوژی نێو رۆمانێک، ناوی کاک دلۆڤان بێت! نووسەر هەن دەڵێن: باشتر وایە، ناو لەگەڵ هەڵکەوتەی کەسیەتیی کارەکتەردا تەبا بێت. 

بەشێک لە کارەکتەرەیلی ڕۆمانی ماچی یەکەم، خاوەنی ناوی فەرمیی خۆیانن، کە مەبەستم لە ناوی ناسنامەیە. وێڕای ناوی فەرمی، ڕۆماننووس هاتووە سەرو ناوی دیکەی بە هەر یەکێک لەوان بەخشیوە، کە زیاتر لە نازناو دەچن. دەشێ لێرەدا، ناوی هونەری، یان ناوی ڕۆمانییان لێ بنێین. نووسەر بۆچی ئەم کارەی کردووە؟ بۆچی کارەکتەرەکان خاوەنی دوو ناون؟  

لام وایە، تاکو خوێنەر بتوانێت ئەوان بناسێتەوە. لێرەوە، چییتر خوێنەر پێویستی بەوە نابێت زوو زوو بۆ لاپەڕەکانی بەرایی بگەڕێتەوە، تاکو ناوی کارەکتەرەیلی بیربکەوێتەوە. ئەم ناوە ڕۆمان- ییە کە بوویشە بە (کونیە)ی هەر یەکێک لەوان. ئاکار، دەستپێشخەری، ڕۆڵ و خدەی هەرە دیاری ئەوانی لەخۆگرتووە. ڕەنگە لەبەر هەندێش بێت، تۆی خوێنەر، کە دەشێ چەند ڕۆژێک بە خوێندنەوەی دەقەکەوە سەرقاڵ بووبیت، تایبەتمەندیی هەر یەکە لەوانت لە زەیندا بمێنێتەوە.  

هەر کارەکتەرێک، لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵی چییە و بە کامە دەستپێشخەری ناسراوە، ڕۆماننووس لای خۆیەوە، ئەو سیفەتەی کردووە بە ناوی و پێی دەناسرێتەوە. یان لەنێو کۆمەڵ و لای دراوسێکانیان چلۆن ناسراون، لێرەیش ئاوها ناویان دێنێت. پەری، کەسی یەکەمی ڕۆمانەکەیە، هەتا سەر هەر بە پەری دەناسرێت، دێت لای خۆیەوە ژنە چوار شووکەرەکە ناودەنێت ژنە کەسکپۆشەکە و دەستە خوشکەکەی ناو دەنێت خوشکترین خوشک. نووسەر بەڕادەیەک گرنگیی بەم ناوە ڕۆمانییانە داوە، کردوونی بە ناونیشانی پاژەکانی ڕۆمانەکەیش، کە بریتین لە (24) پاژ.  

ناو، یان ناونیشانی پاژەکانی ڕۆمانەکەیش بەم جۆرەیە: خوشکترین، کوڕی پیاوە مەستەکە، بابی ماچ، ژنە کەسکپۆشەکە، نەخشەسازی گەرماو، کوڕی نەفتفرۆش، ماچ. هەرچی پەرییە، خۆی لە چەقی ڕووداودایە، هەموو وەک پەروانە لەدەوری ئەم دەسووڕێنەوە، پشکی شێری لە ناونیشانی پاژەکانیشدا بەردەکەوێت. پەری، ناوی وا بە خۆیەوە. ئەو بە جوانی و ئاکاریش هەر پەرییە.  
"تەنیا پەری ڕاستگۆ دەرچوو، تەنها پەری بە باڵابەرزی مایەوە و بۆ هیچ مەرجێک نەچەمایەوە. ل١٣٧"  

خوشکترین خوشک، بەڕاستی وەک خوشکی دڵسۆزی پەرییە، لە حاڵێکدا پەری خۆی خۆشکی نییە. پیاوە مەستەکەیش هەردەم مەستە؛ وەلێ ئەو زیانی بۆ کەس نییە، پیاوێکی چاکیشە. خۆ ئەگەر کەسک ڕەنگی ژیان بێت، ئەوا ژنە کەسکپۆشە ژیاندۆست و فریاگوزارەکە، لە دایکی زیاتر بەتەنگ پەرییەوەیە.  

ژمارەیەک ئایکۆنی وەک درەخت و پەنجەرە و باخیش لەم ڕۆمانەدا هەن کە هەم دەق، هەمیش کارەکتەرەیل ناتوانن دەستبەرداریان ببن. وەک درەختی پرتەقاڵ، کە هەڵگری شیرینترین یادگارە. دار بییە بەرزەکە، دار هەنار و درەختی گوڵاوی، کە درەختێکی ئەفسانەیییە و ئاوا وەسفکراوە:  
"هەورێک بارانی لەسەر ڕاگرە تەڕ نابێت، ئەو درەختە وەک دەڵێن هێندەی دارستانێک گەڵای پێوەیە، هێندەی گەڵاکانیشی باڵندەی گرتووە. ل ١٥٨" 

گرنگیی ئەم شوێن و دەرەختانە لەوەدایە، لە ژیانی کارەکتەرەیلدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن، ڕووداوەیل لەوێوە لەدایکبوونە. لە سایەی ئەوانیشدا بەڕێوەچوون. دەشێ بڵێین، ئەم ڕەگەزانە، بوونە بە شایەت بەسەر کارەکتەر و بەسەرهاتیانەوە. بۆیە ئەم ڕەگەزانە کەرەکتەرەیلیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. گرنگیی هەموو ئەم ئایکۆنانە لەوێوە دێت کە کارەکتەرەیل خۆیان گرنگییان پێدەدەن و بوونە بە یادەوەریی قووڵ و چارەنووسسازی ئەوتۆ، هەتا سەر دەمێنن و جێی مشتومڕ و قسەو باسیشن. 

بە کورتی، بوونە بە مێژووی کارەکتەرەکان و سەرە داوە ناسکەکانی خۆشەویستییان پێوە بەندە. ئاوایە ئیتر، وەک چۆن ناو دەبێت بە ناسنامەی مرۆڤ، دەشێ بڵێین، ناوی کارەکتەرەیلیش، بۆیان هەیە ببن بە بەشێک لە ناسنامەی دەق، بە ناوی خودی ڕۆمانەکەیشەوە. من پێموایە، نووسینی ڕۆمانێکی وەها، لەمەڕ خۆشەویستی، لە ژینگەیەکی وەها پاشڤەڕۆدا، بەو زمانە ئەدەبییە جوانە، هەم داهێنانە، هەمیش جورئەت.   

____________________________ 
ژێدەر: ماچی یەکەم، کەریم کاکە، چاپی یەکەم، سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبیی نما، هەولێر، ٢٠١٠