ڕەگەزی شوێن لە ڕۆمانی "سێگۆشەی سنوور"

ڕەنگە تایبەتمەندیی ڕۆمانی سێگۆشەی سنوور لەوەدا بێت، کە پێچەوانەی ڕیالیزمی ئەفسوونییە. ئەوان، لە لاتین ئەمریکا، واقیعیان بە ئەفسانە کردووە، لە حاڵێکدا ئەم دەقە، ئەفسانەی بە واقیع کردووە. بڕینی ئەو ڕێیە سەخت و دوورە، پر مەترسییە، بە نەشارەزایی، بێ ئازووقەی پێویست، بێ جلوبەرگی زستانە، بێ ئامێری پێوەندیی نوێ، دابڕاو لە دونیا، دابڕاو لە سەرووی خۆیان، دوور لە ئاوەدانی، بەتایبەتی ئەو دەمانەی ئەوان بە چەکی سەرەتاییەوە بەنێو زریانی بەفردا، بە بندەستی چەپەر و سەربازگەی دوژمندا، تێدەپەڕن. ئەم پڕکێشی و چاو قایمییە لە خۆیدا، هەوڵی بێ وچانی ئەوانە، بۆ بەتاڵکردنەوەی سیحری سوپای عیراق، بەو تفاقە پێشکەوتووەی جەنگەوە. بۆیە ئەم دۆخە دەقەکەی لە ئەفسانە نزیک کردووەتەوە.

وه‌سف، بریتییە لە گێڕانه‌وه‌ی هونەریی به‌ وێنه‌ و میتافۆر ڕازاوه‌. وه‌سف لە ژانری ڕۆماندا دەبێت بە گێرانه‌وه‌ی هونەری له‌نێو ئەدەبی گێڕانه‌وه‌دا، وەسف بریتییە لە گێڕانه‌وه‌ی جووڵە، بیچم و هه‌ڵکه‌وته‌ی کاره‌کته‌ر‌، لە هەردوو دیوی دەرەوە و ناوەوە. وەسفی جوانیی گوڵێک، چیایه‌ک، ئه‌شکه‌و‌تێک، یان زیندانێک. بیرت بێت، که‌ وەسفی ئاکار و دۆخە ناجۆرەکانیش ده‌چێته‌ خانه‌ی ئەستاتیکاوە‌. تۆ سەرنج بدە، گەرچی دۆخی پیری، یان پەککەوتەیی، نه‌خوازراویشن، کەچی جاری وا هه‌یه،‌ شێوه‌کارێک هێندە جوان و باڵا وێنەیان دەکێشێ، بینەر ئەوق دەکات. ئەم دۆخە، یەک لە باری وەسف لە ژانری ئەدەبیدا، هەمان نەخشی هەیە. کەچی نووسەری ئەم ڕۆمانە هێندێک جاران، نەیتوانیوە بە وردی و شاعیرانە، وەسفی شوێن و سروشت، هەوراز و نشێوی چیا، چەپەرەکانی دوژمن، ڕێوبان و دوکانەکانی گوند بکات. هەروەک نەیتوانیوە بە وردی وەسفی ئەو ڕووداوانە بکات کە لەو جێیانەدا خوڵقاون.‌

زۆر جاران، گرنگیی شوێن لەوەدا نییە، داخۆ چەند ئاویژەو دڵگیرە، بەڵکو گرینگیی شوێن، زیاتر بۆ ئەو بیرەوەرییە تاڵ، یان شیرینانەی ئێمەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە کە لەو شوێنانە بەجێماون و لە یادماندا بنیان ناوەتەوە. سەبارەت بە وەسفی شوێنیش، هیچ ئەشکەوتێک، توولە ڕێیەک، یان ماڵێک ناشیرین نییە، مادام ڕووداوەیلی ڕۆمان لەوێدا بەڕێوە دەچن. ئەو پێشمەرگە ماندووانە بەو ئومێدەوە هەوراز و نشێوی ڕێ دەبڕن، بە ماڵێکی گەرموگوڕ بگەن. لەو ماڵەدا هەم پشوو بدەن هەمیش بە نان و خوانی گەرم شاد ببن. لەو بێ ماڵوحاڵییەی ئەواندا، گرنگیی ماڵ، قەدری ماڵ ، وەک شوێنێک بۆ ژیان بە هەموو واتاکانییەوە، هەستی پێدەکرێت، کەچی وەختایێ ئەوان دەگەن بە ماڵی ئاوەدان، نووسەر ئەو جێیانە تێر وەسف ناکات. 

گاستۆن باشلار، لە کتێبی جوانییەکانی شوێندا، دەڵێت: "بەبێ ماڵ مرۆڤ دەبێت بە بوونەوەرێکی کەرتوپەرتکراو" ئەو پێشمەرگانەیش وەهایان بەسەرهاتووە. بوونە بە بوونەوەری کەرتوپەرتکراو. ئەوان هەڵوەداو وەیلانن. ماڵ، مرۆڤ لە بەڵای ئەرز و ئاسمان دەپارێزێت. ماڵ یەکەم دونیا و نیشتمانی مرۆڤە. ئەو ڕەتڵە پێشمەرگەیەش، بەو چیایانەوە، ماوەیەک لە ماڵ و حاڵی گەرموگوڕ بێبەش بوونە. 

ڕۆمانەکە بەسەرهاتی مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا و ژمارەیەک لە هاوڕێکانێتی، واتە دەکرێت بڵێین، حیکایەتبێژی ڕۆمانەکە، خۆیەتی، وەلێ ئەوی حیکایەتبێژ، بێلایەن ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. حیکایەتبێژی بێلایەنیش لە سروشتی کامێرادایە، ڕووداوەکان وەک خۆیان تۆمار دەکات و وێنەیان دەکێشێت. حیکایەتبێژی بێلایەن وەک هەمووشتزان نییە، تاکو زانیاریی تەواو سەبارەت ڕابردووی کارەکتەرەکان بزانێت.

کاتێک ڕەتڵەکە دەگاتە ڕێگەیەکی پان و تەخت، ئەوان ئیتر هەست بە شادی دەکەن. چونکە ئەو ڕێگە قیر و تەختە، بۆی هەیە ڕێبوار بگەیەنێتە شار. ئەمانیش بەزۆری خەڵکی شارن. ماوەیەکیشە لە ناز و نیعمەتی شارستان بێبەشن. حیکایەتبێژ، بە ڕاناوی کەسی یەکەم ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە و خۆیشی کارەکتەری سەرەکییە، ئەو ڕووداوانەشی دەیانگێڕێتەوە، خۆی تێیاندا بەشدارە و ڕۆڵی لە خولقاندنیاندا هەیە. ئەم دەقەیش درێژەپێدانی (هەیئە)یە، کەواتە ئێمە بۆمان هەیە ئەم کارە نوێیەی سەلام عەبدوڵڵا وەک ڕۆمانی بایۆگرافیش پۆلێن بکەین. ڕەنگە کێشەی ڕۆمانی بایۆگرافی ئەوە بێت، کە نووسەر ناتوانێت بە ڕەهایی ڕەگەزی خەیاڵی تێەکەڵ بکات. ڕەنگە خاسییەتێکی تری ڕۆمانی بایۆگرافی ئەوە بێت، کە ئەو کارەکتەرانەی لەوێدا خوێنەر پێیان ئاشنا دەبێت، کارەکتەری کاغەزین نین، نووسەرێک هەڵیخراندبن، بەڵکو ئەوانە ڕۆژێک لە ڕۆژان زیندوو بوونە. ڕەنگە هێندێکیان هێشتا لە ژیاندا بن. با ئەم پرسەیان لێرەدا بمێنێت. چونکە من تەنیا دیوێکی ئەم ڕۆمانە دەگرم، ئەویش ڕەگەزی شوێن و کاریگەرییەکانێتی. 

لە سەرەتاوە، شوێن هێندە دڵڕەق و بە زەبر دەردەکەوێت، وەک ئەوەی تەواوی ڕۆمانەکە لەسەر جەبەرووتی شوێن بنیاتنرابێت. کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی سێگۆشەی سنوور، خۆی لە سەرکێشییەکی (مغامرە) بێوێنەدا، کە تازە لە شوێنێکی وەک هەیئەی کەرکوک هەڵاتووە، دەبینێتەوە. هێشتا لە ماک و کاریگەریی ئەو شوێنە ترسناکە ڕزگاری نەبووە. هێشتا چاوی بە ڕۆشنایی خۆر ئاشنا نەبووەتەوە. واتە شوێنی پێشووتری (کارەکتەر) ی ئەم دەقە، کە سەلام عەبدوڵڵا خۆیەتی، جێیەکە لێی ترسناکتر نییە. لێ نها ئەو جێیە گۆڕاوە بۆ " ئەم ناوچە زۆر ترسناکە کە چەندین سەربازگەی ڕژێمی لێیە و جاروباریش کەمین دادەنێن." لە سەرەتاشەوە، هەمان کارەکتەر، دەڵێت: " لە زیندانەوە بۆ شاخ کارێکی هەروا ئاسان نەبوو."

وەختێ وەسفی شوێن دەکات، وەک ئەوە وایە وەسفی ژیان و گوزەرانی ئەو تاکانەی کردبێت کە لەو شوێنەدان. شوێنیش وەک کارەکتەر ناوی هەیە، وێڵەدەر، چنگیان، شاخی گۆیژە، زێوکە.. تاد هەر یەکێک لەم جێیانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەندامەیلی ئەو ڕەتڵەیش، ژیانیان بە گیاندارێکەوە بەندە، کە ئەویش دیسان ژیانی بە شوێنەوە بەندە. ئەگەر لە هەر سۆنگەیەکی وەک هەڵدێرانەرە؛ بۆ نموونە، ئەو بەستەزمانە لەبەین چوو، ئەوا ژیانی تەواوی ڕەتڵەکەیش دەکەوێتە مەترسییەوە. چارەنووسی مرۆڤ و گیاندار گرێدراوی هەمان شوێنکاتن. ئەم دەقە، ئاستی ژیاری و ئابووریی ئەوان پیشان دەدات، کە لە هەموو ڕوویەکەوە بێ دەرەتانن. بەو حاڵەیشەوە، مەبەستیانە بزاڤێکی نوێ لەسەر داروپەردووی ئەو بزاڤەی، کە تووشی نسکۆ هات، بنیات بنێنەوە.

دەیان ڕۆمانی دونیا هەن ناوی شوێنیان هەڵگرتووە. ڕۆمانیش وەک مرۆڤ لە کات و شوێندا گەشە دەکات، هەڵدەکشێت و کۆتایی پێ دێت. مێژووی شوێن، لە مێژووی تەواوی ئەو مرۆڤانەی وا لە سەری دەژین، کۆنترە. دەقەکە خۆیشی بە بایەخەوە بۆ شوێن دەڕوانێت، چونکە ژیانی ڕەتڵەکە بە پرسی شوێنەوە بەندە. جووڵە و مانۆڕی ڕەتڵەکەیش بۆ گەیشتن بە شوێنێکە بە ناوی سێگۆشەی سنوور. شوێن لێرەدا بووە بە فەزای ڕووداوەکان، کە بۆ سەر ژیانی ئەو سی پێمیمە مەترسیی جیدین. شوێن زێدە، لەسەری دەژین و لە پێناویشیدا دەمرن. شوێن پێوەندیی مکۆمی بە گشت ئەو گێرە و کێشانەوە هەیە کە ڕوودەدەن. بەشی زۆری ئەو شوێنانەیش بوونە بە خاکی حەرام. دەسەڵات خوێنی ئەوانەی حەڵاڵ کردووە کە پێی تێدەنێن. 

لەدیوی ئێران، کارەکتەری ئەوتۆ دێنە نێو ڕۆمانەکەوە، کە پێمیمەکانی ڕەتڵەکە چاوەڕوانیان نەکردووە. ئەم  کارەکتەرانە ئەوپەڕی دەسەڵاتیان هەیە، ماوەیەک جووڵەی تەواوی هێزەکە پەکدەخەن و تەنگیان پێ هەڵدەچنن. لە چوار دیواری مزگەوتێکدا دۆرپێچیان دەکەن و چارەنووسیان دەخەنە غەرغەرەوە. وەکوتر، نە ئەفسەری پێوەندی، نە فەرماندەی ئەو هێزە ناویان نییە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت ئەم دووە پلەی سەربازییان، لە خۆیان و ناویان گرینگترە. ئەوان بەهۆی دەسەڵاتیانەوە بەپێی ویستی خۆیان چارەنووسی ڕەتڵەکە دیاری دەکەن. بەڕادەیەک ئەو سی پێشمەرگەیەی وا ڕوویان لەو گوندەی سەر بە ئێران کردووە، ناتوانن ڕووداوەکە بە چاکەی خۆیان بگۆڕن. لەوێدا یەکێک لە کارەکتەرە هەرە وریاکان (خەسرەو) لەدەستدەدەن. خەڵکی ئەو دێیەش، لە پێشکەشکردنی بژێوی بترازێت، ڕۆڵی تریان نییە. ناتوانن ڕەتڵەکە لە مەترسیی دۆرپێچ لەلایەن سوپای ئێرانەوە ئاگادار بکەن. بەم شێوەیە، ئەو کارەکتەرە نوێیانە، دونیا لە ڕەتڵەکە دەکەن بە چەرمە چۆلەکە.