ئەدەبیاتی مۆدێرن؛ لە ئیلهامەوە بۆ ئافراندن

رووداو-هەولێر

ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەر سەردەمێک، توانیویانە کاریگەری لەسەر هونەری سەردەمی خۆشیان دابنێن. هەر بۆیە رستەی ''شاعیر دەبێ کوڕی سەردەمی خۆی بێت''، دەرخەری یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی هونەرە (لێرەدا ئەدەبیات) ئەویش ئاڵوگۆڕی بەردەوام و خۆنوێکردنەوە و کاریگەریی وەرگربوونیەتی. 

بۆ وێنە لە پاش رێنیسانس هەر دوو شێوازی ''بارۆک'' و ''کلاسیک'' ئەگەرچی جیاواز، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر شانبەشان هاتنە پێشێ، بەڵام هەر کامە و بەرهەمی کۆمەڵێک لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم بوون. ئەگەر بارۆک بە هۆی هەوڵ و تەقەلای کەنیسەی کاتۆلیک لە دوای پرۆتێستانیزم بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ کلێسەکان و شوێنە ئاینیەکان و هەروەها سەربەخۆبوونی شا و بەگزادەکانەوە لە مۆسیقا و پەیکەرتاشی و شێوەکاریدا رەنگی دایەوە و هونەرمەندانی وەکوو باخ و بێرنینی و رامبرانت ئەم ڕوانگە تایبەتەیان بۆ هونەر بە لوتکە گەیاند، لەولاوە کلاسیسیزم کەمێک دواتر بەهۆی زاڵبوونی هیومانیزم و مرۆڤتەوەریی بەرهەمی رێنیسانسەوە سەری هەڵدا و بەم بۆنەوە هونەرمەندان، هونەری کەونارای یۆنان و رۆم- یان وەکوو هونەری راستەقینە و باڵا بە پێوەر گرت. سەردەمێک کە مرۆڤ گرینگی پێدرابوو. سەردەمێک کە هزر و هزرین پڕبایەخترین هەبوونی مرۆڤ بوو.

هەتا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە، کلاسیزم ببوو بە ڕوانگەی باو و زمانی تاقانە و پێشوازیلێکراوی هونەر. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەدا بوو کە رۆمانتیزم لە وەڵامی هزرتەوەریی وشک و ڕەقی ڕوانگەی کلاسیکدا کەم کەم بناغەی بۆ داڕێژرا، بەڵام هاوکات وەڵامێکیش بوو بۆ زرق و برقی بارۆک کە لە بەرانبەر کلاسیزمدا پێشتر کورتی هێنابوو. بۆیە بە جێگای هزرتەوەریی کلاسیزم، هونەرمەندانی رۆمانتیک بایەخیان بە هەڵکێش و داکێشە عاتفییەکان و ناوەڕۆکە رۆحییەکان و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ وەکوو تاکێک کە تاقانەیە و هەروەها کولتوورە خۆجێییەکان و زمانە جیاواز و لەبیرکراوەکان دا کە ئەم دوو بابەتەی کۆتایی لە ژێر کاریگەریی تەشەنەسەندنی ناسیۆنالیزمدا بوو.

سەردەمی نوێیش بەهۆی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکانەوە هونەرێکی نوێی دەویست. بۆ پێشگرتن لە بەلاڕێداچوون و درێژبوونەوەی باسەکە تەنیا باسی شیعری مۆدێرن دەکەم.

رەنگە بەرچاوترین تایبەتمەندی شیعری مۆدێرن، ئاڵۆزبوونی مانایی بێت. ئەم ئاڵۆزبوونە زیاتر لەوەی کە بەرهەمی هەوڵ بۆ ئاڵۆسکاندن بێت، پێویستیی سەردەمەکەیەتی. سەردەمێک کە هەموو شتێک ئاڵۆزە و مێشکی مرۆڤ بۆ وەرگرتنی ئەم ئاڵۆزییە ئامادە بووە. وەک تی ئێس ئێلیۆت دەڵێ: بەهۆی ئاڵۆزبوونی شارستانییەتی مۆدێرن، شیعری مۆدێرن-یش دەبێ ئاڵۆز بێت. ئەم ئاڵۆزبوونە دوو فاکتەری دیکەیشی لەگەڵ بوو کە لە کارلێک لەگەڵ یەکدا بوون و دەتوانین بڵێین پێوەندییەکی (عیللە و مەعلول)ییان پێکەوە هەبوو. یەکەم هەڵسوکەوتی زانستی لەگەڵ شیعر(هونەر) و دووهەم سڕینەوەی کەسایەتی(Depersonalization).

کاریگەریی زانست لەسەر هزری گشتی کۆمەڵگای مرۆڤی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم راستەوخۆ کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی شاعیران دانا. پێشتریش لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا ریالیزم و ناچرالیزم کە زیاتر لە بواری رۆماندا گەشەیان کردبوو، هەر بەرهەمی ئەم ڕوانگە زانستییە تازەیە بوون. کاتێک کە ''ئیمیل زۆلا'' کاری رۆماننووس بە نەشتەرگەری دەشوبهێنێ و چەند دەیە دواتر هەمان قسە لە زمانی ''پۆل ڤالەری'' یەوە دەبیسین و هەر لەو سەردەمەدا ''ئێزرا پاوند'' کاری شاعیر و زانستپەروەر بە یەک دەچوێنێ، دەتوانین پەی بە قووڵایی ڕۆچوونی ئەم بیرۆکە لە نێو ئەدیباندا ببەین.

گرینگترین کاریگەری ئەم ڕوانگە زانستییە لەسەر ئەدەبیات ڕەنگە بەدیهاتنی بیرۆکەی ''سڕینەوەی کەسایەتی'' بێت. تی ئێس ئێلیۆت لە گرینگترینی ئەو شاعیرانەیە کە لەسەر ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوتی ئەدەبی پێداگر بوو. ئێلیۆت پێیوابوو کە هونەرمەند دەبێ بە ''لەخۆبوردوویی'' و سڕینەوەی خۆی لە نێو کارە هونەرییەکەی، هونەرەکەی بگەیەنێتە لوتکە. وەک چۆن کەسێک کە نەشتەرگەری دەکا، خۆی لە نێو کارەکەدا نییە، بەڵکوو ئەوە ئامرازەکانن کە لە ڕێگای زانستی نەشتەرگەرییەوە، نەشتەرگەرییەکە دەکەن، ئێلیۆت پێیوایە کەسایەتی خودی شاعیر نابێ لە نێو شیعرەکەیدا بێ. بەڵکوو ئەوە ئامرازەکانی شیعر و تەکنیکەکانن کە لە شیعرەکەدا هەن، ئەوانیش لە دوای نووسینی شیعرەکە تەنیا ڕەنگە شوێنپێیەک بەجێبهێڵن نەک زیاتر. ئەگەرچی نموونەیەک کە خودی ئێلیۆت دەیهێنێتەوە، هێندەک جیاوازە: ''مێشکی مرۆڤی شاعیر وەکوو پارچەیەک زێڕی سپی وایە کاتێک دەیخەنە نێو قاپێکەوە کە پڕە لە ئۆکسجین و دی ئۆکسیدی سولفور، بە خێرایی و وەکوو کاتەلیزۆرێک چالاک دەبێتەوە.'' هەروەها ''ماریەن مۆر''یش پێیوایە کە پڕۆسەی شیعرنووسین وەکوو سازوکاری دۆزینەوەی سەرەداوێکە کە زانستپەروەرێک بەڕێوەی دەبا.

رەنگە بابەتی سڕینەوەی کەسایەتی تەنیا بەرهەمی ڕوانگەی زانستی نەبێ. دەکرێ بەشێکی ئەمە بگەڕێتەوە بۆ گاردێک کە مۆدێرنیستەکان لە بەرانبەر رۆمانتیزم و سیمبۆلیزمی سەدەی نۆزدەدا گرتبوویان. شاعیرانی رۆمانتیک و سەمبولیستی سەدەی نۆزدە وەها کەسایەتی تەوەر بوون (یان دروستتر بڵێین: خودتەوەر بوون) کە بە تەواوی لە کۆمەڵگاکەی خۆیان دوورکەوتبوونەوە و تاکە شتێک کە بەلایانەوە گرینگ بوو، خۆیان بوون و هەست و خەیاڵی خۆیان. ئەوان بە گشتی لە دنیای واقیع دابڕابوون و لە خەیاڵی خۆیاندا دنیایەکی ناواقعییان بۆ خۆیان سازکردبوو. ئەگەرچی شاعیرانی مۆدێرنیستیش بە تەواوی لە خەیاڵ دانەبڕان، بەڵام بە تێگەیشتنی ئەوان دنیای دەرەوە واتە دنیای راستەقینە گرینگترە. 

لێرەوە ئەو دژیەکییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە شاعیرانی مۆدێرنیست ئەگەرچی ڕواڵەتی شیعرەکانیان سادە و ساکار بوو، بەڵام هاوکات هەڵگری واتای ئاڵۆز و قووڵ بوون و هەن. هەڵبەت ئەم دوو بابەتە واتە زانست تەوەری و سڕینەوەی کەسایەتی لەلایەن هەموو شاعیرانی هاوچەرخەوە قبوڵ نەکرا، بە تایبەت ئەوانەی کە هێشتا شیعری رۆمانتیک یان سەمبولیستی و تەنانەت سوریالییان دەنووسی وەکوو ''ساموێل باتێڵز'' و ''ئەی ئەی کامینگز'' و ''والاس ستیوێنز'' بە توندی لەبەرانبەر ئەم دوو بابەتەی مۆدێرنیستەکان وەستانەوە و زۆریان لەسەر نووسی. 

تایبەتمەندییەک کە ئەدەبییاتی مۆدێرن هەیەتی و پێموایە هەر ئەوە مەکینەی چوونە پێشیشیەتی، دژیەکییەکە کە لە نێوان روو لە دەرەوەبوونی بەرهەمی زانستی گشتی و روو لە ناوەوەبوونی بەرهەمی پێشکەوتنی زانستی دەروونناسی بەسەر ئەو سەردەمدا (و هەتا ئێستاش) سەپاندی. وەک گوترا مۆدێرنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە مەبەستی سڕینەوەی کەسایەتی، شاعیر دەبێ لە خۆی وەکوو تاک دووربکەوێتەوە و گشتێتی (وەکوو مرۆڤایەتی) بکاتە پێوەر. واتە داڵغە هاوبەشەکانی مرۆڤ بگوازێتەوە. بەڵام بە گەشەسەندنی دەروونناسی و بە تایبەت لە دوای فڕۆید و یونگ ''خود'' بوو بە بابەتێکی گرینگ. بەو پێیەی کە هیچ تاکێک لە هیچ تاکێکی تر ناچێ و لە کۆتاییدا کەس بە جێگای کەسی تر ناژی. 

ئەم دژیەکییە هاوکات بوو بە تایبەتمەندی مرۆڤی چاخی مۆدێرن. کەواتە شاعیر و کۆمەڵگا پێوەندییەکی پتەویان لە نێواندا ساز بوو. هەر بۆیە لە سەرێ ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم دژیەکییە بووە بە مەکینەی چوونەپێشی ئەدەبیاتی مۆدێرنیش، چونکە وایکرد کە ئەدەبیاتی مۆدێرن ببێ بە زمانی گشتێتییەک بە ناوی مرۆڤی مۆدێرن. 

مرۆڤێک کە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێ خۆی بەیان بکات، چونکا ئامرازی لەبەردەستە، بەڵام ناتوانێ هیچ رێگاچارەیەک بۆ ئەو کێشانە بدۆزێتەوە کە لە سەردەمی مۆدێرندا تووشی بووە، چونکا هیچ ئامرازێکی لەبەردەست نییە. لە ڕوانگەی زانستەوە هەموو شتیک بە پێوەرە فیزیکییەکان دەپێورێ بەڵام لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە وانییە. 

ئەمە مرۆڤی مۆدێرنی تووشی کێشە و دڵەڕاوکێیەکی دەروونیی هەمیشەیی کرد. شاعیرانی رۆمانتیک وەکوو گوترا بۆ کێشەکان رێگایەکی تاکەکەسییان دۆزیبووەوە، بەلام شیعری مۆدێرن چونکا تاکگەرا نەبوو و هەوڵی گشتاندنی چارەسەری دەدا، کاتێک بە هیچ چارەسەرێک نەگەیشت تەنیا بە دەربڕینی ئازارەکان و کێشەکان قەناعەتی کرد و باشترین شیعرەکان بوون بەو شیعرانەی کە بە باشترین شێوە ئازارەکانی مرۆڤایەتی باس دەکەن وەکوو ئەم پارچە بچووکە لە شیعری ''وێست لەندی'' ئێلیۆت:
شارە نەڕاستەکان!
لە تەمومژی خەستی بەرەبەیانی رۆژێکی زستانیدا
لەسەر پردی لەندەن لافاوی حەشیمەت هاتبوو
بیرم لەوە نەکردبووەوە کە مەرگ وازی لە هەموو ئەو خەڵکە هێناوە.
هەناسەیەکی کورت و ناڕێکیان دەدا و
نیگای هەر کامەیان تەنیا بەرپێی خۆی دەدیت.