شێوەكارێكی كورد بەشداریی پرۆژەی هونەرمەندانی تۆرنتۆ دەكات

رووداو- تۆرنتۆ

دارا ئارام، شێوەكاری كورد و دانیشتووی كەنەدا، لە پرۆژەی هونەرمەندانی تۆرنتۆدا بە چەند بەرهەمێكی نوێی خۆی بەشداریی كرد.

دارا ئارام بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، پرۆژەی هونەرمەندانی تۆرنتۆ، پێشانگایەكە بۆ هەڵبژاردەی باشترین هونەرمەندانی كەنەدی و بیانی كە لەلایەن لیژنەی پرۆژەی هونەرمەندان بۆ ساڵی 2018 هەڵبژێردراون.

گوتیشی، پڕۆژەكە بریتی بوو لە كاری 250 هونەرمەندی هاوچەرخ كە بە چەندین بەرهەم بەشدار بوون.

ئارام ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە پێشانگاكە یەكێك لە ناودارترین پێشانگاكانی باكووری ئەمەریكایە ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار هۆگری ئەو هونەرە سەردانی دەكەن.

دارا بە 25 تابلۆی نوێی قەبارە جیاواز لەم پرۆژەیەدا بەشدار بوو كە بە ئەكریلیك، ماددەی تێكەڵ، جێڵ و ئینكاستیك لەسەر كانڤاس و تەختە بەرهەمی هێناون. پێشانگاكە لە 22ی ئەم مانگە كرایەوە و تاوەكو 25ی مانگ لە هۆڵی بێتەر لیڤین سەنتەر لە تۆرنتۆ بەردەوام بوو.