ڕۆماننووس، کاره‌کته‌رەکانی له‌کوێوە ده‌هێنێت؟
سەرەتا، با بزانین کارەکتەر چییە و چلۆن پێناسە دەکرێت؟ من هەوڵ دەدەم بە کورتی لە ناسینی کارەکتەر نزیک ببمەوە. قارەمان یا کارەکتەر، تاکێکە بە هەموو ئاکار، بیچم، هزر، خولیا و جووڵەیەوە، بە کۆمەڵێک نیشانە و سیفەتی تایبەت بە خۆیەوە جیادەکرێتەوە و دەناسرێت. واتە ئەو مرۆڤێکە یان گیاندارێکە لە تاکەیلی دەوروبەری خۆی ناچێت. مەرجیش نییە دیوی دەەرەوە و ناوەوەی هاوسەنگ بن. ئەوە کارەکتەرە کە ڕووداوەکان دەخولقێنێت و گەشەیان پێ دەدات.
هێندێک کارەکتەر خۆیان له واقیعدا هه‌ن. وەک کەسێتییە مێژوویییەکان، پادشا، سەرۆک، زانا و مرۆڤە یاخییەکان. ئەوەندە هەیە، نووسه‌ر دێت په‌لیان ده‌گرێت، بۆ ناو چیرۆک یان ڕۆمانی خۆی دەیانهێنێت و ئه‌رکیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌کات. لێ ئەو، کارەکتەرەیل کوتومت وه‌ک چۆن خۆیان له واقیعدا هەن، ناگوێزێته‌وه، به‌ڵکو دێت بڕێک، یان زۆر لە خەیاڵی خۆی تێکەڵ بەوان دەکات. ئەو دێت ده‌ستیان پێداده‌هێنێت. به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ هه‌ڵسوکه‌وت و ئه‌دگاریان ده‌گۆڕێت که به ئاسانی نه‌ناسرێنه‌وه. جاری وا هه‌یه کارەکتەری په‌راوێزخراوی ئەوتۆی نێو ئاپۆڕای خەڵک به‌سه‌رده‌کاته‌وه، تۆ ئه‌گه‌ر لە شه‌قام و بازاڕان بیبینی، سه‌رنجت ڕاناکێشێت، هەر لاشی لێ ناکه‌یته‌وه، به‌ڵام نووسه‌ر دێت به جۆرێک ئه‌و تاکە په‌راوێزخراوه ده‌خاته‌کار، له‌ڕێی جووڵە و ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وه‌وه، تۆی خوێنەر به ژیان و گوزەرانی توێژێکی کۆمەڵ، ئاشنا ده‌بیت. کەسیەتییەکەیش، وەهای لێ دێت، لەڕێی هه‌ڵسوکه‌وتییه‌وه، تۆی خوێنه‌ر ڕکت لێی ببێته‌وه، یانژی له‌گه‌ڵیدا هاوئاهه‌نگ بیت و پێی سه‌رسام بیت.
جار هەیە تۆی خوێنه‌ر، له سه‌متی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێکدا هه‌ست ده‌که‌یت که‌سیەتیی له‌و ڕه‌نگه، یان نزیک له‌و ده‌ناسیت و دیویشته، یان هه‌ست ده‌که‌یت ئه‌و که‌سیه‌تییه له ئاکار، توانا و مگێزی خۆته‌وه نزیکه. پێچه‌وانه‌کەیشی هه‌ر دروسته. به‌و واتایه‌ی جار هه‌یه وا هه‌ست ده‌که‌یت، ئەوە یه‌که‌م جارته تاکی له‌م جۆره ده‌بینیت. ئه‌وه‌نده کرده‌وه و نیازه‌کانی سه‌یر و نامۆن، تۆ وا هەست دەکەیت که‌سیەتیی وەهات له ژینگه‌ی خۆتا به‌رچاو نه‌که‌وتووه. بۆیه به فزووله‌وه شوێنی هەنگاو و به‌سه‌رهاتی ده‌که‌ویت، تاکو بزانی ئه‌نجامی به کوێ ده‌گات.
بڕێک جاران، نووسه‌ر دێت وه‌ک نموونه، که‌سیەتی هه‌ڵده‌بژێرێت. نموونه به واتای قاره‌مانی نموونه‌یی نا، به‌ڵکو به واتای ئه‌و که‌سێتییه نموونه‌یه بۆ گروویه‌ک، چینێک یان توێژێکی ناو کۆمه‌ڵ، یانژی نموونەیە بۆ چالاکی و دیارده‌یه‌کی مرۆڤانه. لێره‌دا نووسه‌ر دێت، زۆر ئاکار و پاشخان و نیازه‌کانی ئه‌و توێژه‌ی کۆمه‌ڵ، له‌م که‌سیه‌تییه بارده‌کات.
ده‌شێت کارەکتەرەیل له‌نێو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵدا هه‌بن، یان لە کۆندا لەو جۆرە هەبووبن. ئه‌وه‌نده هه‌یه نووسه‌ر بەشوێنیاندا دەگەڕێت، ده‌یاندۆزێته‌وه، ده‌یانخاته کار و ده‌یانجووڵێنێت. به‌و واتایه‌ی به‌ڕه‌وڕووی ملانێ و کێشه‌یان ده‌کاته‌وه. ئیدی ئه‌وان خۆیان کێشه و تەنگژەکان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌یان ده‌به‌ن. خۆیشیان وه‌ک کاره‌کته‌ر به‌رجه‌سته ده‌بن. بەو واتایەی ئه‌و ناتوانێت سه‌د له سه‌د بیانخولقێنێت. بڕێک جاران، به‌شێک له که‌سیەتیی خۆیشی تێکه‌ڵ به ئاکاری قاره‌مانه‌کان، یان تێکه‌ڵ به یەکێک لەوان ده‌بێت. نووسەر دەکارێت کارەکتەری وه‌هایش بخولقێنێت د‌ژ به دیدو مگێزی خۆی بێت. جار هەیە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمان، به ژماره‌یه‌ک که‌سیەتیی فرە خولیا و فرە مگێز دۆر‌پێچ کراوە. ئه‌م جۆرە که‌سیەتییانه ڕۆڵیان له خولقاندنی قاره‌مانی دیکه‌دا ده‌بێت. واته هێندێک جاران، ژینگە و ده‌وروبه‌ر کارەکتەر دەخولقێنن، شکڵگیریشی ده‌کەن. لە دۆخی وەهاشدا دەشێ بڵێین، ئه‌وەیان جۆرە کارەکتەرێکە، ڕسکاوی ژینگه و ده‌وروبەری خۆیەتی.
نووسه‌ر لای خۆیەوە، ڕای خۆی له‌مه‌ڕ هه‌رکام له قاره‌مانه‌کان هه‌یه، داخۆ کەسێکی ترسنۆکە، ڕاڕایه، خراپه، حولحولییه، بێ هێزو بێ ئیراده‌یه، که‌لە‌ڕه‌قه، وشکە ئاینیی ناحاڵییە، شه‌ڕانییه، خێره‌ومه‌نده و دلۆڤانه... وه‌لێ ئه‌و ڕاسته‌وخۆ ئه‌م سیفەتانه‌یان به‌یان ناکات. به‌ڵکو به هه‌ڵسوکه‌وتیاندا، ئاکاریان بۆ خوێنه‌ر ئاشکرا دەبێت. چونکه ڕۆماننووس خۆی ڕاستەوخۆ ڕووداوه‌کان ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکو ئەرکی گێڕانەوە به‌ره‌وڕووی حیکایه‌تبێژێک، یان پتر دەکا‌ته‌وه که بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکەکەی، یان رۆمانه‌که‌ی گونجاو بێت.
قاره‌مان له ژینگه‌یه‌کدا ده‌جووڵێت کە خۆی به ته‌نیا نییه. به‌ڵکو ئه‌و به ژمارەیەک که‌سانی دیکەی جیاواز و بە هەلومەرجی تایبەت ده‌وردراوه. هه‌ر یه‌کێکیش لەوانە به جۆرێک بیرده‌کاته‌وه و به جۆرێکیش هه‌ڵسوکه‌وت له ته‌ک ئه‌وانی دیکه‌دا ده‌کات. واتە کارەکتەر کار له‌وان ده‌کات و ئه‌وانیش کار له‌م ده‌که‌ن. ده‌یان کێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه دێنه پێش و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌ویش تاکێکە به هه‌لومه‌رج و به هه‌مه‌ڕه‌نگ که‌سیەتی ده‌وره دراوه. بۆ نموونه هه‌لومه‌رجی کاری ده‌سته‌جه‌معی وا له مرۆڤی خاووخلیچک ده‌کات، بکه‌وێته ده‌ستوبرد و گورج ببێته‌وه، تاکو ئەویش فریای دەستوبردی ده‌وروبه‌ری بکه‌وێت و له‌گه‌ڵیاندا ده‌ربچێت. وەک هه‌لومه‌رجی دروێنه و زباره.
یان ده‌کرێت قاره‌مان که‌سێکی له‌رزۆک و بێهێزی ئه‌وتۆ بێت، بڕوای به توانای خۆی نه‌بێت، وه‌لێ دوای ئه‌وه‌ی ماوەیەک له ڕیزی مه‌فره‌زه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی به ئه‌زمووندا ده‌مێنێته‌وه، ئیتر ئەویش چاوی ده‌کرێته‌وه. واتە دەوروبەر بە ئه‌رێنی کاری تێدەکەن. ئیدی دوای ماوه‌یه‌ک بڕوا به خۆی په‌یدا ده‌کات و ده‌بێت به که‌سێکی کرده‌ی بڕوابه‌خۆ. واته کارەکتەر هەیە له سه‌متی ڕۆماندا قاڵ ده‌بێت. ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. که‌واته قاره‌مانی ڕۆمان کوارگ نییە له پڕێکدا هه‌ڵبتۆقێت. به‌ڵکو بڕێک جاران، رووداوه‌کان ئه‌ویان داڕشتووە، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وی کارەکتەر ده‌توانێت ڕووداو دروست بکات. که‌واته دەشێ بڵێین، کارەکتەر و ڕووداو پێوه‌ندیی دیالەکتیکییان پێکه‌وه هه‌یه، کار له یه‌کتری ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌رله‌به‌ری ئه‌و کارەکتەرانەی، که له‌نێو ڕۆمانێکدا کاران و له ملانێدان، دروستکراوی زه‌ینی نووسه‌ره‌که‌ی بن، ئه‌وا بێ ئیراده ده‌رده‌چن و ده‌بن به کارەکتەری کارتۆنی. چونکه ئه‌وانە به‌بێ فەرمانی نووسه‌ر ناتوانن ده‌ست به ئاودا بکه‌ن.
به‌شێکی ئه‌م که‌سیەتییه له داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی نووسه‌ر خۆیەتی. به‌ڵام ئەو پاشخانی سیاسی، هزری و فه‌رهه‌نگیی خۆی هه‌یه. هێندێک جاران، ئه‌گه‌ر که‌سیه‌تی ناکامڵ بێت، ئه‌وا نووسه‌ر ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی ڕاوێژکاری ئەو دەگێڕێت. وه‌لێ ته‌نیا ڕێ و شوێنی پیشان ده‌دات. له هه‌مان کاتدا، مه‌رج نییه ئه‌و که‌سیەتییه هه‌موو شتێک به قسه‌ی نووسه‌ر بکات. باشترین دۆخیش ئه‌وه‌یه، کاتێک ڕۆماننووس، جڵه‌وی قاره‌مان و ڕووداوی له‌ده‌ست به‌رده‌بێت، ئیدی کار به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات که لۆجیک بەسەریدا دەیسەپێنێت. نه‌ک به فرمانی سه‌ره‌وه، واتە نەک لەلایەن نووسه‌رەوە بخرێنە گەڕ. بۆیە ڕووداوەیلی ڕۆمان زیاتر به‌م شێوه‌یە بەڕێوە دەچن.
ئه‌گه‌ر کارەکتەرەیلی ڕۆمان و چیرۆک، هه‌موویان مرۆڤی دونیادیدە و ڕووناکبیر بن، واتە ڕۆماننووسان هاتوون، توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵیان؛ که زۆرینه ناڕووناکبیرن، په‌راوێز خستووه.
(سعید الکفراوي) کە چیرۆکنووسێکی پڕ بەرهەمی وڵاتی میسرە و لە نەوەی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردووە، لە سەمتی گفتوگۆیەکدا، کە (سلوی عبدالحمید) لەگەڵیدا ئەمجامی داوەو لە ڕۆژنامەی (الحیاة) دا، ڕۆژی 20|8|2013 بڵاوبووەتەوە، لەوێدا کفراوی دەیگێڕێتەوە، دەڵێت، دوای ئەوەی لە سەردەمی حوکمڕانیی جەمال عەبدولناسردا زیندانی دەکرێت، وەختێ ئازاد دەبێت، یەکسەر دەچێت بۆ کۆڕێکی نەجیب مەحفووز لە (مقهی ریش). کفراوی خۆی دەڵێت: نەجیب مەحفوز داوای لێکردم، بە درێژدادڕییەکی بێزارکەر، تەواوی بەسەرهاتی خۆمی بۆ بگێڕمەوە. منیش گوتم: بەیانیان دوو کەس لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکردم بەو حسێبەی گوایە من کۆمۆنیستم. ئێوارانیش دوانی تر لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکردم بەو حسێبەی گوایە من ئیخوانیم. بە درێژایی شەش مانگان ئاوا مامەڵەیان لەتەکدا کردووم، منیش نە ئەمیانم نە ئەویان... من هەستم بە ئازارێکی زۆر بە ڕوخساری نووسەری گەورەوە کرد. بە هەڵچوونەوە پێی‌گوتم: (ئەم قۆناغە خراپەی ژیانت بسڕەوە!) دوای شەش مانگان، وەختێ ڕۆمانی (الکرنک) بڵاوبووەوە. نەجیب مەحفوز دەستی خستە سەر شانم، گوتی: کفراوی، تۆ ئیسماعیل ئەلشێخی ناو ڕۆمانەکەی!