خەڵاتی مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی ماملێ بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێتە مەزهەری خالقی و رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکەش لە کۆتایی مانگی ئایار لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت.
مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی محەممەد ماملێ رایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد خەڵاتی 2017ی ماملێ پێشکەش بە هونەرمەندی ناوداری کورد مەزهەری خالقی دەکرێت.
مەڵبەندی رۆشنبیری و هونەریی ماملێ ئەوەشی روون کردەوە کە بۆ ئەمساڵ لەبەر چەند هۆکارێک نەیانتوانی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ماملێ لەکاتی خۆیدا بەڕێوەببەن.
بڕیارە رۆژی 21ی ئایار لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ستۆکهۆڵم و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەند و نووسەران مەڵبەندی ماملێ خەڵاتەکە ببەخشێتە هونەرمەند مەزهەری خالقی.
پێشتریش هەریەک لە هونەرمەندان عەزیز شارۆخی، قالە مەڕە و عەباس کەمەندی خەڵاتی ماملێیان وەرگرتووە.
مەزهەری خالقی، ساڵی 1938 لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە و لەلای رۆستەم موقەدەس فێری سۆلفێچ و مەقامی فارسی بووە. ساڵی 1957 بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز مامۆستای ناوەندی بووە.
ساڵی 1958 شاری سنەی بەجێھێشتووە و لە زانکۆی تاران وەرگیراوە و لە ھەمان زانکۆدا بەکالۆریۆسی لە فیزیک و دواتریش ماستەری لە بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی بەدەستھێناوە.
ساڵی 1983 هاتووەتە باشووری کوردستان و لە ناوەندی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی سەرگەڵو- بەرگەڵو کاری کردووە. دواتر چووەتە بەریتانیا.
مەزھەر خالقی ساڵی 2002 گەڕایەوە باشووری کوردستان و ناوەندی ئادانی لە شاری سلێمانی کردەوە کە دواتر بوو بە ئینستتیوتی کەلەپووری کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ