"دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی دەکرێتە عەرەبی

رۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی لەلایەن وەرگێڕێکی عێراقییەوە لە زمانی فارسییەوە کرایە عەرەبی و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی کورد کە ئەو رۆمانە و چەند بەرهەمێکی دیکەی بەختیاری بۆ فارسی وەرگێڕاوە، رایگەیاند، رۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی لەلایەن وەرگێڕ غەسان حەمدانی کە خەڵکی بەغدایە، لە فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی. 

مەریوان دەشڵێ، غەسان حەمدانی وەرگێڕێکی دیاری عەرەبە و زیاتر لە بیست کتێبی لە فارسییەوە کردووە بە عەرەبی و نزیکەی دە کتێبیشی لە عەرەبییەوە کردووە بە فارسی. ئەو وەرگێڕە کۆبەرهەمی سادقی هیدایەت، سوهرابی سپهری و خیامی کردووە بە عەرەبی و هەڵبژاردەی لە شیعرەکانی ئەحمەدی شاملو، فروغی فروخزاد و چەندان نووسەری دیکەی فارسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.

"دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی جگە لە زمانی فارسی، بۆ زمانەکانی ئەڵمانی و ئیتاڵی وەرگێڕدراوە و بڕیارە وایە بە زمانی فەرەنسیش بڵاوبکرێتەوە. 
  
 ماوەیەک پێش ئێستا بەختیار عەلی دوایین رۆمانی بەناوی "دەریاس و لاشەکان"  نووسی کە دەیەمین رۆمانی بەختیار عەلییە و پێشتریش هەر دوو رۆمانی " دواهەمین هەناری دونیا " و " شاری مۆسیقارە سپییەکان"ی کراون بە ئەڵمانی و خۆیشی لە ئەڵمانیا خەڵاتی "نیلی زاکس" ـی پێدرا.