ئافاتەكانی رۆمانی ژنە قژسوورەكە
رووداو - هەولێر
خودانی قژەسوورەكە لە دوا دواییەكانی رۆمانی "ژنە قژسوورەكە- kırmızı saçlı kadın"ی ئۆرهان پامووكدا، داوامان لێ دەكات، ئەم كتێبە وا بخوێنرێتەوە كە نەك بە تەنها پەڕەكانی كۆتایی، بەڵكو هەموو كتێبەكە وەك لێكۆڵینەوە لە جینایەتێك، وردەكارییە دادییەكانی، سەلماندنەكانی بە ئاگاوە بخوێنرێتەوە، وەك ئۆدیبی سۆفۆكلیس. بەڵام ئەگەر بكەوینە ژێر سیحری پێشنیارەكەی ژنە قژسوورەكە، پارێكی گەورە لە چێژی رۆمانەكە لەدەست دەدەین و وەك رۆمانێكی پۆلیسی دەیخوێنینەوە، بەدوای تاوانێكی كوشتندا دەمانبات كە هەموو سەرەداوەكانی ونن.
بۆچوونی گشتیی من لەبارەی ئەدەبی توركییەوە ئەوەیە كە ئەدەبێكە تاڕاددەیەكی زۆر لەنێو خۆیدایە. كۆدە هاوبەشە كۆمەڵایەتییەكانی، تێما و رووداو و سیمبولەكان لە زۆربەی دەقە داستانییەكاندا (رۆمان و چیرۆك) چوارچێوەی كولتووری توركیا تێناپەڕێنن. بەڵام پامووك و چەند نووسەرێكی دیكەی تورك تاڕاددەیەكی باش توانیویانە لە چوارچێوەی ئەو بۆچوون و پێناسەیە دەربچن و دەقی یونیڤێرساڵ بنووسن.
هەرچەندە لە چەند شوێنێكدا كە پرسیار لە پامووك كراوە بۆچی لەسەرجەم رۆمانەكانتدا شوێن تەنێ ئیستەنبوڵە؟ وەڵامی ئەوە بووە كە "من جگە لە ئیستەنبوڵ شارەزای هیچ شوێنێكی دیكە نیم"! دیارە ئەم وەڵامە خوازەیەكە نەك ئەوەی پامووكی رۆماننووس جیهانگەڕ و ئەزمووندار نەبێت.
لە راستیدا ئەم رۆمانەی ئۆرهان پامووك -ئەگەر بۆمان هەبێت- دەكرێ بەر لە هەر شتێك وەك سەنتێزێك چاوی لێ بكەین و وەری بدەینەوە. كە ئەم رەهەندە لە رۆمانەكەدا بە درێژایی 204 لاپەڕە وەك پەیكەربەندیی رۆمانەكە شێوە دەگرێت. دواتر لە نێوكۆدا بە قووڵایی وردەكارییەكاندا دەچین.
سەنتێزی ئەفسانەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا
لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا ئەفسانەی ئۆدیب پاشا تا بەم رۆژگارە دەگات بەردەوام رەنگدانەوەی هەبووە بەسەر هەموو لق و چڵەكانی هونەر و ئەدەبدا. هاوكات شانامەی فیردەوسیش وەك میتۆلۆژیای رۆژهەڵات كەمتر لە ئەفسانەی ئۆدیب نەبووە و باندۆر و كاریگەریی مەزنی بەسەر رەوتی گەشەی ئەدەبی و هونەریدا هەبووە و سەرچاوەی سرووش بووە بۆ زۆر دەقی ئەدەبیی دیكە. بەڵام پامووك دێ بە تێكەڵكێشكردنێكی زۆرزانانە و لێزانانە دەیانخاتە بۆتەی چەند رووداوێكەوە كە لە دەیەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە ئیستەنبوڵ و شارۆچكەی ئۆنگۆرەن روودەدەن.
لە دوای ئەوەی باوكی جێم، كە پاڵەوانی رۆمانەكەیە، بە هۆكارێكی تاڕاددەیەك لێڵ و نادیار، لە هەمانكاتدا بڕێك سەرەداودیاری سیاسیدا ون دەبێت. جێم و دایكی بە تەنیا دەمێننەوە و جێم ناچار دەبێت لە پشووی هاویناندا كار بكات، تا بەڵكو بتوانێ بژێوی ژیانی خۆی و دایكی دابین بكات، دوای ئەوەی چەند كارێكی بچووك لە كتێبفرۆشییەك و پاشان پاسەوانی لە باخێك دەكات، دواتر لەگەڵ وەستا مەحمود دەچێتە كاری بیرهەڵكەندن كە ئەو ساڵانە لە شارۆچكەی ئۆنگۆرەنی دوورە ئیستەنبوڵ و ئێستا تێكەڵبوو لەگەڵ ئیستەنبوڵ، بە شێوازی كۆن بیرەكان لێدەدران.
دوای ئەوەی پامووك رووداوەكان دەگەیەنێتە ئەم شوێنە و جێم و وەستا مەحموود دەباتە سەر زەوییەكی بەیار، بێ بانگ و هاوار و چەپەك؛ دەست بە بیرلێدان دەكەن … لەوێوە رۆمانەكە تووشی جۆرێك لە تەپین دەبێت و لەنێو خۆدا خولانەوە وەك مۆرانە لێی دەدا. رەنگە ئەگەر خوێنەرێك چاوەڕوانی مەزنی لە پامووك نەبێت، كتێبەكە دابخاتەوە و نەگەڕێتەوە سەری.
ئا. عومەر توركەش لێكۆڵەری ناسراوی بواری ئەدەبیات لە توركیا لەبارەی بەشی یەكەمی رۆمانەكە كە لە چاپە توركییەكەدا 103 لاپەڕە و لە چاپە كوردییەكەیدا 182 لاپەڕە درێژە دەكێشێت، دەڵێ: "با غەدر لە تەواوی رۆمانەكە نەكەم، بەڵام دەتوانم بەشی یەكەم هەمووی لە تاكە رستەیەكدا كورت و ئاسان بكەمەوە: كوڕەلاوێك پێدەگات..."
وێڕای ئەو بۆچوونەی توركەش، رەنگە پێشداوەری بۆ درێژەكێشان و خۆجووینەوە و هاوشێوەبوونی رووداوەكانی بەشی یەكەممان لە كۆتایی رۆمانەكە بۆ دەربكەوێت كە ئەوە تەنیا بیرێكی ئاو نەبوو لەگەڵ وەستا مەحموود لێیان دەدا، بەڵكو هەڵكەندنی چارەنووسی جێم خۆی بوو.
لەم رۆمانەدا ئەگەر رووداوەكان كورت بكەینەوە و دابەشیان بكەینەوە بەسەر هەردوو ئەفسانە و داستانەكەدا ، بەمشێوەیە دەبێت: "جێم، دوای دیارنەمانی باوكی حەسرەتی بێ باوكی دەچێژێت، دەچێتە لای وەستا مەحموودی بیرهەڵكەن و تاراددەیەك وەك باوكێك مامەڵەی لەگەڵ دەكات. ئەو شەوانەی بە تەنیا یان لەگەڵ وەستا مەحموود دەچێتە ئۆنگۆرەن، سەوداسەری ژنێكی قژسوور دەبێت و لە كۆتاییدا دەردەكەوێت كە ژنەكە ئەڤینداری باوكی خۆی بووە.
لەگەڵ ژنە قژسوورەكە دەخەوێت و بۆ یەكەمجار لەڕێگەی ئەوەوە بەر جەستەی ژن دەكەوێت. جێم، وەستا مەحموودی بیرهەڵكەن دوای ئەوەی پەقرەجێكی پڕ لە خۆڵ و بەردی بەسەردا بەردەبێتەوە، لەنێو بیرەكەدا جێدەهێڵێت و گرێی ئۆدیبی لەوێدا بۆ جێم دروست دەبێت، كە تا تەمەنی پیری وادەزانێت بكوژی وەستا مەحموود بووە. دواتر جێم هاوسەرگیری لەگەڵ ئایشەدا دەكات و منداڵیان نابێت. لە رێگەی پشكنینی DNA دەردەكەوێت كە ئەوجارەی لەگەڵی خەوتووە، سكی گوڵجیهان، واتە ژنە قژسوورەكەی پڕ كردووە و كوڕێكی لێی هەیە.
كوڕەكە كوڕێكی تووڕە، دیندار و كۆنپارێزە. لە شەوێكدا لەگەڵ باوكیدا لەسەر هەمان بیر كە جێمی مێردمنداڵ و وەستا مەحموود هەڵیانكەند، یەكدی دەبینن و دوای چەند خرۆشان و گرژبوونی گفتوگۆی نێوانیان ئەمجارە داستانی شانامەی فیردەوسی ئاوێزانی رووداوەكان دەبێت و كوڕ باوكی خۆی دەكوژێت.
لەمەوە دەبێ بڵێم بۆیە پێموایە ئەم رۆمانە سەنتێزە، چونكە لەنێوان هەردوو ئەفسانە و داستانەكەدا هەوڵیداوە تێكەڵە و "ئاڵۆزییەكی هونەركارانە" دروست بكات و رۆمانەكە وەك داستانێكی لێكەوتەی هەردوو ئەفسانە و داستانەكەدا بخاتە بەر دەستی خوێنەرانی.
ئەفسانەی ئۆدیپ لەچوارچێوەی (شەڕی نێوان دەسەڵاتەكان، دادپەروەری، خیانەت، تاوان، داوێنپیسی، نەفرەت، ئازار و قەدەر) دەخولێتەوە. بەڵام لە رۆمانی ژنە قژسوورەكەدا بەتەواوی لەم تێمایانە داماڵدراوە، بگرە لە رۆمانەكەدا تا كۆتایی هیچ ئاماژەیەك لە (شەڕی دەسەڵات، دادپەروەری، نەفرەت، ئازار و قەدەر) نابینین و ئەو رووداوانەی كە بەشێكی زۆر لە كاراكتەرەكانی نێو رۆمانەكە بەری دەكەون، بەتایبەت باوكی جێم، جێم خۆی، گوڵجیهان و ئەنوەری كوڕی وەك (تاوان، خیانەت، داوێنپیسی) ناكەونەوە.
جێم نەفرەت لە باوكی ناكات كە لە مێردمنداڵییەوە لەگەڵ دایكی بەتەنیا بەجێیان دەهێڵێت و لە كۆتایی رۆمانەكەدا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دەردەكەوێتەوە. بۆ چوارچێوەكانی دیكەش هەمان شت. بە جۆرێك ئەگەر رووداوی كوشتنی جێم لەلایەن ئەنوەر-ی كوڕییەوە لە رۆمانەكە دەربكەین، هەموو شتەكان تەواو ئاسایی دەچنە پێشەوە.
رەنگە "ئاساییبوونەوە" مۆركێكی سەردەمی مۆدێرنە بێت كە وا بكات تاوانەكان، خیانەت و داوێنپیسی داماڵدرابێت لە مانای خۆی. بگرە لە كۆتایی رۆمانەكەدا، لە كاتی گفتوگۆی نێوان ئەنوەر و جێمی باوكیدا هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ نییە بۆ ئەوەی پاڵنەری كوشتنی باوكی ئەوە بووبێت سكی دایكی پڕ كردووە و بەجێیهێشتووە. بەڵكو ئەوە تەواو رێكەوتە كە دەیكاتە بكوژ.
لە هەندێك شوێندا داڕشتنەوەی ناو و ناونانەكان تەواو هەڵەن كە نەدەبوو بەسەر وەرگێڕدا تێپەڕن. بە توركی "askeri darbe" واتە كودەتا، بەڵام بە "لێدانی سەربازی" كراوە بە كوردی. هەروەها "darbeci" واتە كودەتاچی، بەڵام بە "لێدەرەكان" وەرگێڕدراوە. كوڕەكەی گوڵجیهان و جێم ناوی Enverـە، دەكرێ بە ئەنوەریش وەربگێڕدرێت، بەڵام نازانم بۆچی كاك سامان كردوویەتییە ئەنۆر.
ئەم رۆمانە كە لە ناوەڕاستی نیسانی 2016 لەلایەن ناوەندی (یەپی كرەدی) یەوە بڵاوكرایەوە، لەلایەن بەڕێز سامان كەریم كراوە بە كوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.