نووسەر و شانۆکار دانا رەئووف: ئەوەی لای من گرینگە مرۆڤە نەک جوگرافیا و کات

رووداو - سلێمانی

دانا رەئووف ناوێکی دیاری ناو دنیای شانۆیە چ لە کوردستان کە ساڵانێکی زۆریشە بەجێیهێشتووە و چ لە وڵاتی دووەمی کە سویدە. ئەو لەپاڵ بەشداریی بەردەوامی لە کاری شانۆیی چ وەکو ئەکتەر و چ وەک دەرهێنەر، یان وتنەوەی وانە لە بواری شانۆ، بەم دواییە رووی کردووەتە نووسینی دەقی شانۆیی و (من و تۆ لەگەڵ با) یەکەم بەرهەمی ئەوە لەو بوارەدا کە لەم هەڤپەیڤینەدا باسی ناوەڕۆکەکەی دەکات. 
  
رووداو: کەسایەتی ناو دەقی شانۆیی (من و تۆ لەگەڵ با) ئەم دەقە  دەنگدانەوەی زۆری هەبووە لەناو نووسەر و شانۆکاران. ئەو دوو کەسایەتیە کەسایەتی راستەقینەن، یاخود تەنها چیرۆکیکی خەیاڵییە و دوورە لە واقیعی دەوروبەری خۆت؟

دانا ڕەئووف: هەموو نووسەرێک سوود لە ئەزموونی ژیانی خۆی وەردەگرێت، نووسەریش وەک هەر کەسێکی تر بەر خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان دەکەوێت و پێوەندی جۆراوجۆری بە دەوروبەر و کۆمەڵگە و خەڵکانێکەوە هەیە و هەبووە، بێگومان هەموو ئه‌مانه‌ کەم تا زۆر و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری و ڕەنگدانەوەیان لە نووسینەکانیدا دەبێت. گەر سەیری ئەدەبی جیهانی بکەین، نموونەی زۆر دەبینین کە نووسەرەکان بەرهەمەکانیان لەسەر ژیان و بێوگرافیای خۆیان داڕشتووە. هەندێک نووسەرن هەن، هەر بۆ نموونە نووسەری سوێدی (ستریندبێرگ) هەر هەموو بەرهەمەکانی بێوگرافیای خۆیەتی. بێگومان منیش بەدەرنیم لەمە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ پریشکی ئەزموون و ژیانی خۆمی تیایە. 

رووداو: حەزدەکەم لێرەدا ئەم پرسیارە تەقلیدییەتان لێبکەم، ئایا نووسینی دەقەکە کاتێکی زۆری ویست؟ 

دانا ڕەئووف: نووسین پرۆسەیەکی چڕ و سەخت و درێژە. جاری وا هەیە ئەو نووسینە تا چاپیش دەکرێت، نووسەرەکەی هەر گۆڕانکاری تێدا دەکات؛ بۆ من وا بوو، تا ئەو ڕۆژەی دەقەکەم نارد بۆ دەزگای سەردەم، من هەر کارم تێدا دەکرد. هەندێکجار نووسەرێک کارێکی گەورە بە ماوەیەکی کورت دەنووسێت و هەندێک بەرهەمی تریش ساڵانێکی زۆری ویستووە تا بە تەواوی فۆرمی خۆی وەرگرتووە و تەواو بووە، لەوانەیە هەندێک نووسین هەرگیز تەواو نەبن. من لەوەوبەر دەقی شانۆییم نەنووسیوە و ئەمە یەکەمجارە بەم شێوەیە دەق بنووسم، هەرچەندە لە هەشتاکاندا یەک دوو ئەزموونی زۆر ساکارم هەن، بەڵام ئاوا دەقم نەنووسیوە. دەتوانم بڵێم دەقەکە لەدایکبووی ڕەوش و بارودۆخێکی تایبەتی خۆم و کوردستانیشە. من هیچ پلانێکم نەبوو دەقێکی سێ بەشی یان چوار بەشی بنووسم، ئەوەی من نووسیم تەنها بەشی دووەمی دەقەکە بوو، ئەویش بە چەند کاتژمێرێک نووسیم. دوای ئەوە، ئەو بیرەم بۆ هات کە ژیانی ئەو ژن و پیاوە لە ماوەی چل ساڵدا و لە سێ بەشی جیاوازدا بنووسم. هەرسێ بەشەکەم بە هەفتەیەک نووسیوە، بێگومان دوای ئەوە بە بەردەوامی کارم تێدا کردووە. 

رووداو: لە دەقی شانۆیی (من و تۆ لەگەڵ با)  باس لە سێ قۆناغی تەمەن دەکەی، ئەم جیاکردنەوەی قۆناغانە چی دەگەیەنێت؟ 

دانا ڕەئووف: کارکردنە لەسەر چەمکی کات و ڕۆڵی کات له‌ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤدا. بێگومان مامەڵەکردن لەگەڵ کات سەختە و هەمیشەش جێگای سەرنجی نووسەران و هونەرمەندان بووە. هه‌ڵبه‌ت هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌قی شانۆیی چیرۆکێك له‌خۆ ده‌گرێت و سێکوچکه‌ی چیرۆکیش بریتییە له‌ کاره‌کته‌ر و ڕووداو و زه‌مه‌ن. لێره‌دا، ئه‌وه‌ زه‌مه‌نه‌که‌یه‌ شوناسی کاره‌کته‌ر و ڕووداو و په‌یوه‌ندیی نێوانیانیان ده‌رده‌خات. بۆیه‌ کاریگه‌ریی زه‌مه‌ن له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداو و به‌ره‌وپێشچوونی کاره‌کته‌ر چ له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ و چ له‌ دیوی ناوه‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ و گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌دا گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ زه‌مه‌ن، سه‌ره‌ڕای به‌سه‌رچوونی، کاریگه‌رێتیی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌ ده‌رووندا‌ جێگیر بووه‌. بۆیه‌ ده‌بینین، ئافرەتێکی جوان پیر دەبێت؛ ئەو خۆی تەنها ئەوە دەبینێت کە بەسەرچووە، ئەوانیتر تەنها ئەوە دەبینن کە ماوە، واتە ڕوخسارە پیرەکە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆر شت هەن، بۆ نموونە لە هەست و هۆش و مەسەلە دەروونییەکان و پێوەندییەکانماندا وەک خۆیان دەمێننەوە و کات ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکیان لێ بکات. بۆ نموونە ئه‌گه‌ر یه‌کێک بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کچێکی زۆر خۆشویستبێ، ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی کات، وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. ئا لێره‌دا، کات هیچ کاریگەرییەکی بەسەر هەست و هۆشمانەوە نەبووە بۆ ئەو کەسە و ئێستایش بە هەمان شێوە خۆشماندەوێت. لای من کە لە پیرییەوە دەستپێدەکەم، سەیری ئێستا دەکەم، کات تێپەڕیوە و زۆر شت گۆڕاوە و زۆر شت ڕوویانداوە، کارەکتەرەکان پیر بوونه‌ و لە دوا وێستگەکانی ژیاندان، بەڵام لە زۆر ڕووەوە کە قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانیان، بۆ ئەو کاتانەی گەنجن و تازە یەکتر دەبینن، لەڕووی هەست و هۆش و پێوەندییەکانیانەوە هەروەک یەکن و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە. 

رووداو: لە هەمان دەقدا دوو کەسایەتی بە بینەر دەناسێنرێن کە بریتین لە ژن و  پیاوێک، هاوکات (با) ڕۆڵێکی تایبەت دەبینێ، دەتوانرێت بگوترێت (با) کەسێکە  یاخود بارودۆخێکە، یانیش  مەبەست لە خودی (با) یە؟ 

دانا ڕەئووف: با دیاردەیەکی سروشتە کە هەمیشە لە جووڵه‌دایه‌ و سمبولێکە بۆ هێزی سروشت. با ڕیتم و مۆسیقایە و دەنگی تێدایە. من نامەوێت لێرەدا هیچ شیکارییەک بۆ سیمبۆل و کۆدەکانی دەقەکە بکەم، ئەمە بۆ کەسانی تر بەجێدەهێڵم، بەڵام (با) پێوەندی بە زەمەنەوە هەیە، زەمەنی پێوەندییەکانی ژن و پیاوەکە کە بۆ چل ساڵ درێژ دەبێتەوە و لەگەڵ هەڵکشان و داکشانی ژیانی ئەم دوو کەسەدا دێت و دەچێت، ده‌یانهێنێت و ده‌یانبات. زۆر جار ڕێککەوتووە ڕەشەبایەکی توند، درەختێکی گەورەی لەبن دەرهێناوە، بەڵام ئەم دوو کارەکتەرە، لەگەڵ هەموو کێشەکان و هێزی سروشت و گڤەی بادا، پێکەوە ماونەتەوە. من نەدەتوانم و نە دەشمەوێت لەمە زیاتر لەسەر ئەمە بدوێم، با ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن، نهێنی و سیمبولەکانی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە. 

رووداو: بەڵام بۆچی (با) لە دەقە شانۆییەکدا دەبێتە کارەکتەر؟ بۆچی خۆر نا، بۆچی باران نا؟  بۆچی با؟   

دانا ڕەئووف: وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم بۆ کرد، با دیاردەیەکی سروشتییە کە هەمیشە لە جووڵەدایە. ئەو دوو کارەکتەرەش ناسرەون و لە جووڵەیەکی بەردەوامدان، سووڕی ژیان و پێوەندییەکی چڕ و زەمەنیش ئاوێزانی ئەو جووڵە بەهێزە بووە. دەکرێت من بۆ خۆیشم پێوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ با دا هەبێت. من لە سلێمانی گەورە بووم و سلێمانیش شارێکە هەمیشە با و ڕەشەبا ئامادەییەکی بەهێزیان هەبووە، لەوە دەچێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک منی دابێتە دەست با و ئێستا خۆی لەگەڵ (با) رۆیشتبێت و منی جێهێشتبێت؟ هه‌ڵبه‌ت بارانیش وه‌کوو با دیارده‌یه‌کی سروشتییه‌ و ده‌شێت له‌ ده‌قێکی شانۆییدا به‌پێی شوێن و هه‌ڵکه‌وته‌که‌ی‌ ڕۆڵی پۆزه‌تیڤ یا نه‌گه‌تیڤی هه‌بێت. به‌ڵام، سه‌باره‌ت به‌ خۆر، پێموایه‌ ئه‌ویش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌شێ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ خۆره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌کوو حاڵه‌تی خۆرئاوابوون، خۆرهه‌ڵاتن، خۆرگیران . . . تاد، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان کاریگه‌ریی خۆیان هه‌بێت. 

رووداو: پێنەدانی ناوێکی دیاریکراو، دیارینەکردنی کات، ئەمانە خەسڵەتی دەقە شانۆییەکانتن. بێگومان ئەمە ئازادییەکی زۆر دەدات بە خوێنەر بۆ خەیاڵکردن لەگەڵ خوێندنەوەی دەق، هەروەها بۆ دەرهێنەرێک بیه‌وێت ئەم دەقانە نمایش بکات، هیچ هۆکاریک بۆ ئەمە هەیە؟  

دانا ڕەئووف: هەر خۆت وەڵامی پرسیارەکەت داوەتەوە، بێگومان ئازادییەکی تەواو دەدات بە خوێنەر و بەو دەرهێنەرەی دەیەوێت کاری تێدابکات. پرسیارەکەت گەلێک باشە و خۆ نەبەستنەوە بە کات و شوێنەوە گرفتی زۆرت بۆ چارەسەر دەکات، ئەمە جگە لەوەی دەکرێت ئەو کارە لە هەر کات و شوێنێکدا بێت، بەبێ کێشە نمایش بکرێت. کات و شوێن بۆ من هەمیشە کراوە بووە و لێرەشدا ویستوومە زیاتر ڕەوشە مرۆیی و دیدە جیهانییەکەی پێ ببەخشم. ئەوەی لای من گرینگە مرۆڤە نەک جوگرافیا و کات. هەمیشە پێوەندی نێوان مرۆڤەکان ڕەوش و بارودۆخەکان دروست دەکەن، نەک شوێن و کات. 

رووداو: وابزانم ئەمە یەکەم دەقی شانۆییە بینووسن، ئایا بەردەوام دەبیت دوای ئەم ئەزموونە؟ 

دانا ڕەئووف: بەڵێ ئەمە یەکەم دەقی شانۆییمە و لەوەوبەر زیاتر بە نووسینی لێکۆڵینەوەوە خەریک بووم. نازانم چەندە بەردەوام دەبم، خۆم حەزدەکەم دەقی تر بنووسم و دوای (من و تۆ لەگەڵ با) دوو دەقی ترم نووسیوە کە دەبنە تەواوکەری (من و تۆ لەگەڵ با) و پێکەوە سێینەیەک پێکدەهێنن کە لەوانەیە ساڵی ئایندە بڵاوبکرێنەوە. 

رووداو: دەکرێت ئەم دەقە لەناو لاپەڕەکانی کتێبەکە بێتە دەرەوە و لەسەر شانۆ نمایش بکرێ؟ 

دانا ڕەئووف: بێگومان دەکرێت. من لە پێشەکییەکی زۆر کورتدا کە بۆ دەقەکەم نووسیوە، ئەو سەربەستیەم داوە بەو کەسەی لە ئایندەدا دەیەوێت کار لەم دەقەدا بکات، بۆ نموونە یەک بەشیان بکات، یان هەرسێکیان پێکەوە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە، ئەو کەسەی کار لەم دەقەدا دەکات، چ ئەکتەر و چ ریژیسۆریش، دەبێت لە دەقەکە بگات؛ لە بێدەنگیی نێوان کارەکتەرەکان و لە ماناکانی ئەودیوی وشەکان و لەو ستراکتورە سایکۆلۆژییەی کارەکتەرەکانی لەسەر ڕۆنراوە، تێبگات. دەبێت لە وشەی (با) بگات و بزانێت چۆنی بەرجەستە دەکات و کۆد و ماناکانی با بدۆزێتەوە. 

رووداو: وەرگرتنی  خەڵاتی دیداری فیلمی کوردی لە سوید چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ناساندنی  کارەکانت؟  وەرگرتنی خەڵاتێکی لەو جۆرە بۆ هەر نووسەریک گرنگی چییە؟ ئەوەی نووسەر و شانۆکاری کورد بەدوایدا وێڵن خەڵاتە یان ناساندنی سینەمای کوردە بە جیهان؟ 

دانا ڕەئووف: لەو بڕوایەدا نیم ئەو خەڵاتە هیچ کاریگەرییەکی بەسەر کارەکانمەوە هەبێت. ئەوان ئەو ڕێزەیان لەبەر کارەکانم لە من ناوە. من سوپاسێکی زۆری کۆمەڵەی هونەری کوردی و دیداری پێنجەمی فیلمی کوردی دەکەم، کە بەو شێوەیە منیان بەسەرکردەوە. بێگومان خۆشحاڵی کردم. ئەوان لەوەبەر ئاگاداریان نەکردبوومەوە و بۆ من چاوەڕواننەکراو بوو. من نەچووبووم بۆ وەرگرتنی ئەو خه‌ڵاته‌، بەڵام ئەوان ئەو ڕێزەیان لە من نا، منیش لەناخی دڵەوە سوپاسیان دەکەم. من هەرگیز بە دوای خەڵاتدا نه‌گه‌ڕاوم و تا توانیبێتیشم لەو جۆرە بۆنانە دوورکەوتوومەتەوە. خەڵات بۆ من هیچ ناگەیەنێت. ئەوەی ئەو برادەرانەیش کردیان، پێزانینیان بووە بەو هەموو کارەی لە بوارەکەی خۆمدا کردوومن. سوپاسیان دەکەم.

رووداو:  نووسەر و شانۆکارەکان کاریان گەیاندنی پەیامێکە کە لەناو خەڵکەوە هەڵدەقوڵێ، بۆ نموونە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بارودۆخە سەختەکانی کۆمەڵگەکانیان. تۆ ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان ناژیت، ئایا نووسینەکانت ئاوێنەی کۆمەڵگەی کوردین، یاخود ئەم کارانەی تۆ پەیوەست نین بە وڵاتێک و بە شارێکەوە، بەڵکوو جیهانین !

دانا ڕەئووف: من لەو دەقانەی تاکو ئێستا نووسیومن پابەند نەبووم بە هیچ کات و شوێنێکی دیاریکراوەوە. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوەی من نووسیومە دوورە لە کێشە و گرفتەکانی کومەڵگەی خۆمانەوە. کەسانێکی زۆر پێوەندییان بە منەوە کردووە کە خۆیان لەو دەقانەی مندا بینیوەتەوە. ئەوەی من نووسیومە و ئەوەی من مەبەستم بووە، گوزارشتکردن بووە لە هەست و سۆزی مرۆڤ و ڕەوشە مرۆڤایەتییەکان. ئێمە هەموو مرۆڤین و لە زۆر ڕەوشدا بەشدارین و هەمان هەست و سۆزمان هەیە، بە تایبەتیش لەو مەسەلانەدا کە پێوەندییان بە سۆزداریی نێوان مرۆڤ و هەست و هۆشمانەوە هەیە. ژیانی تاراوگە و تێکەڵبوونم بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و شانۆی جیهانی و کارکردنم لە شانۆکانی سوێد، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خۆی هەبووە. 

رووداو: لە ماوەی رابردوودا کتێبێکی ئێوە لە زمانی سویدییەوە  وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی. سەرەتا با بپرسم بۆچی بە زمانی سویدی نووسراوە؟ لەوەش گرنگتر بۆچی خۆت وەرتنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی! ئایا  لە وەرگێرانەکەی (کەریم تاقانە) ڕازیت؟ بەڕای تۆ کەس دەتوانێت وەک خودی نووسەر دەق دروستبکاتەوە؟

دانا ڕەئووف: ئەو کتێبە دیوانێکی شیعرە و پێش زیاتر لە پانزە ساڵ نووسراوە و دەزگایەکی سوێدی چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. دیوانەکە ڕاستەوخۆ بە سوێدی نووسراوە، ئەوەی ڕاستی بێت بە پلان بە سوێدی نەنووسراوە و خۆی لەخۆوە بە سوێدی لەدایکبوو. لەوانەیە پێوەندییەکی بەهێزی بەو قۆناغەی ژیانمەوە هەبێت. لەو ساتانەدا لە هەڵكشان و داکشانێکی دەروونیی سەیردا دەژیام، هاوکات پێوەندییەکانم بە دنیای ئافرەتەوە ڕۆڵی خۆیان هەبوو لە نووسینی ئەو تێکستانەدا. دەتوانم بڵێم تێکستەکان ئەزموونی ژیانی خۆمن، تێکەڵەیەکی سەیرن لە پێوەندی خۆشەویستی، تەنیایی، ژیانێکی سەختی ژێردەستەیی، بە تایبەتی گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو ڕۆژانەی لە بەغدا بەند بووم و چارەنووسێکی نادیارم هەبوو. کاک کەریم تاقانە کە خۆی هەم شاعیرە و هەم زمانزان و وەرگێڕێکی بەسەلیقەشە، شیعرەکانی کردووە بە کوردی. من هەرگیز نەمدەتوانی بەو شێوەیە بیانکەم بە کوردی، ئەو زمانە پاراو و پڕ لە شیعرەی تاقانە، بەرگێکی جوانیان بە تێکستەکان بەخشیوە. بێگومان مەسەلەی وەرگێڕان پرۆسەیەکی چڕ و سەختە و بە هەموو کەس ناکرێت، هاوکات هیچ کەسێکیش هەر لەبەر ئەوەی دوو زمان دەزانێت نابێتە وەرگێڕێکی باش. 

دانا رەئووف

- یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری لە سلێمانی
- لە هەشتاکانەوە دەنووسێت و لە بواری شانۆدا چالاک بووە تا لە کوردستان دەرچووە.
- تا ئێستا 29 کتێبی بڵاوکردووەتەوە کە سێیان بە سویدین.
- لە ساڵی 1993 وە لە سوید نیشتەجێیە و ئێستا لە ستۆکهۆڵم دەژی
- لە گرینگترین دەزگا شانۆییەکانی سوێد، وەک شانۆی پادشایی، شانۆی دەوڵەت و شانۆی گەل کاری کردووە. ئەمە جگە لەوەی بۆ چەندان ساڵ خاوەنی تیپی شانۆیی خۆی بووە لە ستۆکهۆڵم کە وەک ئەکتەر و ریژیسۆر کاری کردووە.
- بۆ چەندان ساڵ لە ستۆکهۆلم، لە پاڵ چالاکییە شانۆیی و کولتوورییەکانیدا، مامۆستای شانۆ بووە.
- ئەندامی یەکێتی نووسەرانی سوێد و شانۆکارانی سوێدە.