گۆڕان و دەستتێوەردان


نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكەمین كۆنگرەی بزووتنەوەكەیدا لە هەولێر، باسی سیاسەتی ستراتیژیی گۆڕان-ی كرد. ئەو گوتی پشتیوانی لە خەباتی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان دەكەن، بەڵام تەدەخول لە كاروباریاندا ناكەن. ئایا ئەمە بەو مانایەیە كە گۆڕان پێیوایە پارتی دیموكراتی كوردستان تەدەخول لە بەشەكانی دیكەدا دەكات؟

ناوچە كوردییەكان لەنێوان عێراق و ئێران و سووریا و توركیادا دابەشكراون. لەئەنجامی ئەمەشدا پارتە سیاسییە كوردییەكان تەركیزیان لەسەر یەكێك لەو دەوڵەتانەیە و هاوپەیمانە ناوچەییەكانیان دەگۆڕدرێن. هەروەها ناكۆكیی زۆریشیان لەنێوخۆیاندا هەیە. 

پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەموویان "تەدەخول"یان كردووە لە كاروباری كوردەكانی سووریا و پارتەكانیان. ئەوانیش كاتی خۆی لەلایەن حكومەتی سووریاوە لەدژی توركیا و عێراق بەكارهاتوون. بۆیەش كاتی خۆی كوردەكانی سووریا لەدژی دیمەشق شەڕیان نەدەكرد، بەڵام لەدژی عێراق و توركیا دەیانكرد. 

پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە ساڵی 1975 بە پشتیوانیی بارزانی كاری دەكرد و دواتر بە لەسەرخۆیی دابەش بوو. ئەمەش لەئەنجامی جیابوونەوەی تاڵەبانی بوو لە پارتی. یەكێتی كە حیزبی تاڵەبانییە، لە ساڵی 1975 بە پشتیوانیی ئەسەد دامەزرا. PKKیش بە پشتیوانیی ئەسەد دەستی بەكاركرد و رۆڵی گێڕا لەدژی توركیا. بەڵام ئێستا رەوشەكە گۆڕاوە. 

بۆیە ئەوە شتێكی لۆژیكییە كە هەریەكە لە پارتی و یەكێتی و PKK هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەكانیان لە سووریادا بپارێزن و حزووریان هەبێت. چونكە بەبێ پشتیوانیی ئەوكاتی سووریا، جووڵانەوە بۆ كوردەكان لە توركیا و عێراق تاڕادەیەك زەحمەت بوو. بەتایبەتیش بەهۆی نەبوونی دیموكراسی لە عێراق و توركیادا ئەو كارە هەر نەدەكرا. 

بەڵام پێدەچێت هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەم یەكێتیش وای ببینن كە پەیوەندیی پارتی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد و نزیكبوونەوەی بارزانی لە توركیا و چوونی بۆ ئامەد "دەستتێوەردان"ە. هەرچەندە هەمووان دەزانن كە پارتی بەر لە PKKیش لە توركیا و سووریا هەبووە و حیزبی لەو دوو شوێنە دامەزراندووە. 

ئەگەر بەو لۆژیكە بێت، كەواتە PKK وەكو پارتی تەدەخول دەكات لە سووریا و ئێران و كوردستانی عێراق، ئەویش بەوەی كە پارتی جیاوازی سەر بە خۆی بۆ هەریەك لەو پارچانەی كوردستان دروستكردووە. هەروەها لە چیای قەندیل-یش لە كوردستانی عێراق بارەگای داناوە. 

گرنگ نییە كە PKK رۆڵێكی گەورەی هەبێت لە عێراقدا، هەروەها گرنگ نییە پارتیش رۆڵی هەبێت لە سووریا. بەڵام ئەوە گرنگە كە ئەو پارتانە شەڕ نەكەن لەدژی یەكدی و نەبێتە هۆی نایەكبوون. وەكچۆن ئەمەمان لە ساڵانی نەوەتەكاندا دیت. 

هەموو كەس دەزانێ كە یەكێتی و گۆڕان پشتیوانی لە PKK دەكەن لە سووریا لەدژی پارتی. چونكە دەیانەوێت PKK وەكو پارسەنگ بۆ راستكردنەوەی هاوسەنگیی هێز لەدژی هەژموونی بارزانی بەكاربهێنن. بەهەرحاڵ ئەوەی كە دەیڵێن تەدەخول ناكەن شتێكی نالۆژیكییە. 

پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDPو PKK بەردەوام گوتوویانە كە ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەوەدا نییە پارتی لەگەڵ توركیا پەیوەندیی ئابووریی هەبێت. تەنیا ئەوكاتە كێشەیان دەبێت كە توركیا پارتی لەدژی ئەوان لەناو توركیادا بەكاربهێنێت. رەنگە گۆڕان زۆرتر جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە كە رێگە لە شەڕی نێوخۆیی بگرێت لەنێوان پارتە كوردییەكاندا. بێگومان ئەمەش جیاوازە لەوەی كە بگوترێت "دەستتێوەردان" ناكەن.