ئەورووپا گێڕ دەگۆڕێ

31-05-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
لە سەدەی بیست و یەکەمدا هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ هەڵبژاردنیان تێدا نەکراوە. هیچ قوژبنێکی دنیا نییە، بەکوردستانەکەی خۆشمانەوە، کە ئەم ساڵ باسی هەڵبژاردنی تێدا نەکرێ. هەموو ئەو هەڵبژاردنانەش (ئەگەر دێموکراسییانە بن) چارەنووسسازن بۆ ئایندەی خۆمان و نەوەکانی دوای ئێمەش. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا بەو گەرموگوڕییەوە بانگەشەیان بۆ ناکرێ کە لە هەڵبژاردنێکی ئاساییدا لە وڵاتێکی دێموکراسیدا دەیبینیت. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو هەڵبژاردنانە گرنگ نین؟ نا. بەتایبەتی بۆ ئێمە، کە هەم وەک کوردستان، دۆست و پشتیوانی ئەورووپیمان هەن؛ هەمیش بۆ کوردی دیاسپۆرا و بۆ کۆچبەرانیش بەگشتیی هەڵبژاردنەکان گرنگن. چونکە ئەورووپا گێڕ دەگۆڕێ. پێتان دەڵێم چۆن. 
 
لەبیرمە کە دەچوومە رووماڵی هەڵبژاردن یان لووتکەکانی یەکێتیی ئەورووپا و رێگەم دەکەوتە نێو باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا، وێنەیەکی روونم هەبوو کە لەوێ چی دەگوزەرێ. زۆرجاریش پەرلەمانتارە هاوڕێکانمان بۆیان باسدەکردم کە جیاوازیی کاری ئەوان لەگەڵ پەرلەمانتارێکی فیدراڵیی ئەڵمانیا چییە. لە پەرلەمانی ئەورووپادا شتێک نییە بەناوی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات. دەکرێ پەرلەمانتارێکی سۆسیال دیموکرات لە وڵاتێکی ئەورووپاوە هاتبێ کە تێیدا پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن بێ و برۆکسل لەگەڵ پەرلەمانتارێکی دیکەی سۆسیال دیموکرات کە پارتەکەی لە وڵاتەکەی خۆیدا دەسەڵاتدارە بچنە نێو یەک گرووپی پەرلەمانییەوە. کاری ئەوان بەشداریکردنە لەدانانی سیاسەتی گشتیی یەکێتیی ئەورووپا و بەپێی دۆسێی پەرلەمانتاران هاوپەیمانی دەکەن یان دژی یەکدی دەوەستنەوە. بۆیەش شتێک نییە لەوێ ناوی فراکسیۆن بێ، بەڵکو گرووپی پەرلەمانیی هاوبیر هەن کە پێکەوە کار بۆ دانانی یاسای نزیک لە بیرکردنەوەکانیان دەکەن بۆ تەواوی ئەورووپا. 
 
لەو ساڵانەدا کە دەچوومە برۆکسل و شتراسبۆرگ (کەهەردووکیان باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپایان لێیە و کۆبوونەوە و گەنگەشەیان تێدا دەکرێن) مژاری وەک گۆڕانکاریی ژینگەیی، گەشەپێدانی ئابووری، پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان و مژاری دیکە دەکەوتنە بەر نەشتەری  گەنگەشەکانی پەرلەمانتاران. چەپ و راست و نێوەڕاست پێکەوە کۆک بوون کە وابکەن راستئاژۆ و چەپ ئاژۆ تووندئاژۆکان دەنگی بەهێزیان لەنێو پەرلەماندا نەبێ. چونکە ئەوانە (بەتایبەتی راستئاژۆکان) بەئاشکرا گاڵتەیان بە یەکێتیی ئەورووپا دەهات و پێیان وابوو دەبێ وڵاتەکانیان لەو یەکێتییە دەربچن.
 
راپرسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی رۆژانی داهاتوو پیشانی دەدەن کە یەکێتیی ئەورووپا دەبێ گێڕ بگۆڕێ و قبوڵی بێ راستئاژۆ تووندئاژۆکان بەشێک لە ئەجێندای پەرلەمان و یەکێتییەکە دابنێن. ئێستا لە شەش وڵات(ئیتاڵیا، هەنگاریا، چیک، فینلەند، کرواتیا و سلۆڤاکیا) راستئاژۆکان لەنێو حکومەتدان. لە هۆڵەندا پاش شەش مانگ دانوستاندن، حکومەتێکی راستئاژۆ بە بەشداریی پارتەکەی خیرت ڤیڵدەرسی دژە کۆچبەر و موسڵمان دێتەسەر حوکم. لە سوێدیش حکومەت بە دەنگی راستئاژۆکان پێکهاتووە و هیچ بڕیارێک بەبێ ئەوان دەرناچێ. راپرسییەکان دەڵێن لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا کەسانی بەتەمەن و تووڕە لە کۆچبەران نا، بەڵکو بەشێکی گەنجانیش دەنگدەدەنە پارتە راستئاژۆکان. 
 
جێی سەرنجە کە راستئاژۆکان بەوە پێگەیان بەهێزکردووە لەنێو دەنگدەراندا کە دەڵێن کۆچبەران بارێکی گەورەن بەسەر خەزێنەی دەوڵەتەوە. دەشڵێن ئەوان وادەکەن چیدیکەپارەی دەوڵەتانی ئەورووپا 'بەخۆڕایی' بۆ کۆچبەران نەچێ. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆیەکی هۆڵەندا سەلماندوویەتی کە کۆچبەران زۆرتر لەوانەی باکگراوندی کۆچبەرییان نییە پارە دەهێننە نێو خەزێنەی دەوڵەتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە کۆمەڵگە ئەورووپییەکان بەرەو پیری دەچن و کەمتر کاردەکەن و زۆرتر پێویستیان بەخزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت دەبێ. 
 
سەرنجڕاکێشترین شتیش بۆ من وەک ژن ئەوەیە کە ئەو کوردانەی بەربژێرن بۆ پەرلەمانی ئەورووپا هەموویان ژنن و کێبڕکێ دەکەن مسۆگەرکردنی یەکێک لە 720 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا. شانازی دەکەم کە ژنەکانمان لە ئەورووپاش ئازان و پێیان گرنگە نەک دەنگی خۆیان بەڵکو دەنگی بێ دەنگانیش بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.