هاوسەرگیرییەكی قاچاخ
هانای بۆ سەنتەری راوێژكاریی خێزانی هێنابوو، بە رەنگ و روخساریدا دیاربوو كێشەیەكی گەورەی هەیە، دەیگوت فریام بكەون، بەو هەڵەیەی كردم، خەریكە ژن و منداڵەكەم لەدەست دەدەم.
ئەو پیاوە بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە و گوتی: "من پیاوێكی خێزاندارم، منداڵم هەبوو، ژیانێكی بێ كێشەم هەبوو، لە شوێنی كارەكەم ئافرەتێكم ناسی. پەیوەندی لە نێوانمان دروست بوو، ئەو پەیوەندییە سەری كێشا بۆ خۆشەویستی، هاتوچۆی ماڵی ژنەكەم دەكرد، بەڵام ئەو ژنە تەڵاقدراو بوو، حەزی نەدەكرد قسەی بێتە سەر، بۆیە داوای كرد مارەی بكەم، منیش پێمگوت ئاخر ژنم هەیە و رازی نابێ، بەڵام ئەو گوتی بە نهێنی مارەم بكە، دواتر ئاشكرای بكە. منیش لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەتەم خۆشدەویست و نەمویست لەدەستم بچێ، بە نهێنی و لە دەرەوەی دادگا مارەم كرد".
پیاوەكە ساڵێك درێژەی بە شاردنەوەی ئەو نهێنییە دا و نەیتوانی ئاشكرای بكات، ئافرەتەكەش گوشاری بۆ دەهێنا كە ئاشكرای بكات. ئەو پیاوە بیری لەوە كردبووەوە خۆی لەو ژنە دووربخاتەوە، بەڵام كارەسات روویدا. ئەو پیاوە دەڵێت: "كاتێك نەمتوانی ئەو نهێنییە لەلای ژنی یەكەمم بدركێنم، بڕیارم دا خۆم لەو ئافرەتە دووربخەمەوە، بەڵام ئەو چووبوو نامەی بۆ ژنی یەكەمم ناردبوو، گوتبووی پیاوەكەت ساڵێكە منی بە نهێنی مارە كردووە، ئەویش یەكسەر دەستی منداڵەكانی گرت و چووەوە ماڵی باوكی و پێیگوتم دەچم لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەم و داوای جیابوونەوە دەكەم. منیش نامەوێ ژن و منداڵەكەم لەدەست بچن".
داواكاریی ئەو پیاوە ئەوە بوو كە بانگی هاوژینی دووەمی بكەین، وەك چۆن بە نهێنی و بە بێدەنگی هاوسەرگیرییان كردووە، بە هەمانشێوە لە یەكدی جیاببنەوە، هەر مافێكی ئەو ژنەشی بكەوێتە ئەستۆ، بیدات. بە پیاوەكە راگەیەنرا كە بەپێی ماددە 40 لە یاسای باری كەسی، هاوژینی یەكەمی دەتوانێ سكاڵا تۆمار بكات و لێی جیاببێتەوە، چونكە بەبێ پرس و ئاگاداریی ئەو، ژنی دووەمی هێناوە.
هەروەها بۆ جیابوونەوە لە هاوژینی دووەمی، دەبێ سەرەتا بچێتە دادگا و گرێبەستی هاوسەرگیری بچەسپێنی، ئینجا داواكاری بۆ جیابوونەوە پێشكەشی دادگا بكات، بەڵام پیاوەكە حەزی دەكرد هەر لە سەنتەری راوێژكاری خێزانی كێشەكەی چارەسەر بكرێ و خزم و كەسەكانی پێی نەزانن. بۆیە بانگی هاوژینی دووەمی پیاوەكە كرا و قسەی لەگەڵ كرا، ئەویش گوتی: "راستە ئەو هاوسەرگیرییە لەسەر داوای من بووە، چونكە پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانماندا هەبوو، منیش ئافرەتێكی تەڵاقدراوبووم و بە تەنیا دەژیام، ئەویش زۆر هاتوچۆی ماڵەكەمی دەكرد، بۆ ئەوەی خەڵك قسەم بەدوادا نەكات، ئەو پێشنیازەم بۆ كرد، بەڵام بەداخەوە ئەو هەست و سۆزی منی ئیستیغلال كرد و تەنیا بۆ مەرامی خۆی منی ویست، من هەڵە بووم لەو كارە و ئێستاش كە ئەو منی ناوێت، منیش ئەوم ناوێ".
ئافرەتەكە مافەكانی خۆی لە پیاوەكە وەرگرت و جیابووەوە. هاوژینی یەكەمیشی كاتێك زانی مێردەكەی، ژنی دووەمی تەڵاقداوە، لەبەر خاتری منداڵەكانی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.