نموونەی گەنمی کوردستان 100 ساڵە پارێزراوە

30-10-2024
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، پێویستی بە بەرهەمهێنانی گەنم زیاتر دەبێت، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمهێنانی گەنمی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جۆر و تایبەتمەندیی ئەو گەنمەی کە دەیان ساڵە دەچێندرێت، بەزۆری لەبەر مەبەستی بازرگانی گۆڕدراوە و کەمتر تەندروستە.
 
ماوەی 10 ساڵە لێکۆڵینەوە لە نموونەی رەسەنی 100 ساڵەی گەنم دەکرێت و بەپێی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە گۆڤاری بەنێوبانگی Nature بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەو گەنمەی ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەچێندرێت، تەنیا هەڵگری 40%ی ئەو جینانەیە کە لە نموونەی گەنمە رەسەنەکان دا هەیە. زانایان دەڵێن 60%ی ئەو جینانەی لە نموونەی گەنمە رەسەنەکاندا هەیە و لە گەنمەکانی ئێستادا نین و، دۆزیوویانەتەوە و کاری لەسەر دەکەن بۆئەوەی گەنمی زیاتر و تەندروستتریان بۆ نەوەکانی داهاتوو لێ بەرهەم بێنن. بە کردەییش لە بەریتانیا و لە شاری (نۆرێچ) لە (ناوەندی لێکۆڵینەوەی جۆن ئینێس) ئەو گەنمانەیان چاندووە کە هەڵگری جینە کۆنەکانن.
 
کوردستان، نیشتمانی چاندنی یەکەم گەنمە لە مێژوودا و نموونەی گەنمی کوردستان لە کۆگایەکی گرنگ لەگەڵ گەنمی 30 وڵاتی دیکە، نزیکەی 100 ساڵە پارێزراوە، بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەتایبەت لەڕووی تایبەتمەندیی جینەکانەوە کە دەکرێت لە دروستکردنی جۆری نوێی گەنم بۆ نەوەکانی داهاتوو، کەڵکی لێوەربگیرێت.
 
لەنێوان ساڵانی 1920 تاوەکو 1930، رووەکناسی بەنێوبانگی بەریتانی (ئارتور ئێرنێست واتکینز) لە 32 وڵاتی جیهانەوە نموونەی گەنمی رەسەنی کۆکردەوە، کە بە کۆگاکانی واتکینز دەناسرێت. ئەو کۆگایە وەکو گەنجینەیەکی بەنرخ بۆ دابینکردنی خۆراکی نەوەکانی داهاتوو تەماشا دەکرێت و لەلایەن زانایانی هەموو جیهانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
 
تورکیا و عێراق لەنێو ئەو 32 وڵاتەدان کە لێکۆڵینەوە لەسەر گەنمەکانیان دەکرێت، بەتایبەتی نموونەکان ئەوکاتە لە ناوچەکانی کوردستان لە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق کۆکرانەوە و گەنجینەی واتکینز بە بایەخەوە لەو نموونانە دەڕوانێت و باس لەوە دەکات کە یەکەم جار لە مێژوودا گەنم لەو ناوچەیەدا، واتە لە کوردستان چێندراوە.
 
لێکۆڵینەوەکەی ئەو زانایانە ئاشکرای دەکات، گەنمی ئێستا لەڕووی مێژووییەوە، لە سێ جۆری رەسەن و توخمی گەنم سەرچاوەی گرتووە، کە ئەو سێ جۆرە 8000 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەکارهاتووە و بەشێکی سەرەکیی خواردنی رۆژانەی خەڵک بووە.
 
هاوڕێ باخەوان لە کتێبی (کوردستان نیشتمانی یەکەمی سۆمەرییەکان) لە چەندین شوێندا باس لەو بەڵگانە دەکات کە مرۆڤی کورد 8000 ساڵ لەمەوبەر تەکنیکی کشتوکاڵی و ئاودێریی زانیوە و گەنمی چاندووە و ئامێریشی هەبووە بۆ هاڕینی گەنم و دروستکردنی ئارد.
 
هاوڕێ باخەوان ئاماژە بەو بەڵگە و شوێنەوارانە دەکات کە لە گوندی (چەرمۆ)ی نزیک چەمچەماڵ و (ھەزار مێرد)ی نزیک شاری سلێمانی و لە ئەشکەوتی شانەدەر، دۆزراونەتەوە و ئەوە دەسەلمێنن کە مرۆڤی کوردستان ھەر لەو کاتەوە گەنمیان بۆ خواردن بەکارھێناوە.
 
مێژوونووسان و شوێنەوارناسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کوردستان لانکەی یەکەم کاری کشتوکاڵی و چاندنی گەنم بووە.
 
پڕۆفیسۆر ئاکیرا تسونێکی، شوێنەوارناسی ژاپۆنی کە ئێستا خەریکی کاری هەڵکۆڵینە لە گوندی چەرمۆ لە رۆژی 25ی ئایاری 2024 لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "چەرمۆ گوندێکی کشتوکاڵی بووە. لەکاتی قووڵبوونەوەماندا چەند ژوورێکمان دۆزییەوە و لەنێو یەکێکیاندا تونێلێکمان دۆزییەوە. تونێلەکە بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی لێرە کشتوکاڵیان کردووە."
 
پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)دا کە تایبەت بوو بە دۆزینەوەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و رۆژی 12ی ئایاری 2024 لە رووداو بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد، "یەکێک لەو شتانەی لێرە دۆزیمانەوە و دەگمەنە، ئەوەیە کە بە شۆردنەوەی خۆڵەکە بینیمان رووەکی سووتێندراو ماوەتەوە کە خواردوویانە. لە ئەشکەوتی شانەدەردا ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان ئاگریان کۆنترۆڵ کردووە و دانەوێڵە و رووەکیان کۆکردووەتەوە و کردوونیان بە جۆرێک لە هەویر و بەردیان لە ئاگردا گەرم کردووە و ئەو شتانەیان وەکو چێشت لێناوە. لە دەوری ئاگرەکە دانیشتوون و پێکەوە نانیان خواردووە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگە، چونکە پێشتر وادەزانرا کە نیاندەرتاڵ کولتوورێکی کەمیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شانەدەر دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان لە دەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و پێکەوە نانیان خواردووە، وەکو ئەوەی ئێمە دەیکەین."
 
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، گەنمی کوردستان لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا و ئەفریقا و پاشان لە ئەورووپا بڵاوبووەتەوە. بەڵگە مێژوویییەکان ئاشکرای دەکەن شارستانیی میزۆپۆتامیا (ناوچەی نێوان دوو رووبارەکە) لەسەر بناخەی بەروبوومی گەنم بنیات نراوە.
 
کۆگای واتکینز ئێستا لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی جۆن ئینێس خاوەندارێتی دەکرێت و زانایانی رووەکناس باس لە دۆزینەوەکانیان دەکەن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە 10 ساڵییەکەیان.
 
د. سیمۆن گریفیس کە سەرپەرشتی تیمی لێکۆلینڤانە نێودەوڵەتییەکان بووە، لەوبارەیەوە دەڵێت " ئەو 60٪ ـەی کە لە جینی گەنمی ئێستادا ونن، دەکرێت بە باشی کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ تێرکردنی خەڵکی جیهان بە بەردەوامی."
 
گریفیس دەڵێت، "8 تاوەکو 10 هەزار ساڵە مرۆڤ بەرەو چاندنی ئەو جۆرانەی گەنم چووە کە بەری زیاتر دەدەن  و لە بەرامبەر نەخۆشی و ئافەت بەرگری باشتریان هەیە."
 
ئەو زانایە دەڵێت نموونەی سەمەرەو نایابیان هەیە لە گەنجینەی واتکینز کە دەبێت لە چاندنی گەنمی ئەم سەردەمەدا کەڵکیان لێوەربگیرێت.
گەنجینەی واتکینز لەبەرئەوە گرنگە، چونکە نموونەکان پێش ئەوەن کە چاندنی گەنم ببێتە پیشەسازی و لەبەر ئەوەش رەگەزەکانیان بە رەسەنی ماونەتەوە.
 
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دەرکەوتووە تایبەتمەندی جۆرەکانی گەنمی ئێستا کە لەسەرانسەری جیهان  دەچێندرێن تەنیا لە تایبەتمەندی 2 تاوەکو 7 نموونەی گەنمی نێو گەنجینەکەی واتکینز دەچن.
 
د. گریفیس دەڵێت هەندێ نموونە هەن لە گەنجینەکەی واتکینزدا کە جینەکانیان توانایەکی بێ وێنەی بەرگرییان هەیە لە بەرامبەر ئافەتەکان و، لەبەر ئەوەش دەکرێ بە زیندووکردنەوەی ئەو نموونانە و چاندنیان پێویستی بە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی کەمتربێت، وەک ئەو پەینانەی کە هەڵگری نایترۆجینن. ئەو زانایە دەڵێت کەمتر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی تێچووی جووتیاران کەم دەکاتەوەو یارمەتیدەریشە بۆ ئەوەی کاری کشتوکاڵی نەبێتە هۆکار بۆ دەردانی گازە زیانبەخشەکان کە لە رێگەی بەکارهێنانی پەینە کیمیاییەکانەوە دروست دەبن.
 
گەنجینەکەی واتکینز زیاتر لە هەزار جۆر و نموونەی جیاوازی گەنمی لەخۆگرتووە.
 
گریفیس و هاوکارانی 119 نموونەی جیاوازیان هەڵبژاردووەو دووبارە لە رێگەی زانستی جینەکانەوە تێکەڵی گەنمی ئێستایان کردووەو چاندوویانەتەوە.
 
سەبارەت بە ئەنجامەکان، رۆز ماک نێلی یەکێک لە لیکۆلینڤانەکان دەڵێت، "ئەو گەنمە نوێیانەی کە بەرهەم هاتوون زۆر جیاوازن لە گەنمی ئێستا، وەک توخمی کۆنی گەنمن، وەک داپیرەی گەنمی ئێستان."
 
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە " گەنمە نوێیەکان زۆر باشترن بۆ ریخۆڵەکانمان، لەبەرئەوەی ئاسانتر و لەسەرخۆ هەرس دەکرێن و گلۆکۆزی کەمتر لە رەگەکان دروست دەکەن، بەوپێیەش زۆر باشترن بۆ نەخۆشییەکانی وەک شەکرە."
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەو گەنمەی کە چاندوویانە، نیشاستەی زۆرتریشیان تێدایە کە دەکرێ بۆ تەندروستی مرۆڤ سوودمەندتربن.
 
سیمۆن کراتینگەر لە زانکۆی تەکنۆلۆجیا و زانستی شاعەبدوڵڵا کە یەکێکی دیکەیە لەو زانایانەی بەشداری لێکۆڵینەکەی کردووە دەڵێت" لایەنی گرنگ ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە گەنمی زیاترە لە داهاتوودا."
 
ئەو دەڵێت کەڵک وەرگرتن لە گەنمە رەسەنەکان لە بەر هەبوونی تایبەتەمەندی هەمەڕەنگ لە رووی جینەکانەوە، دەتوانێت ببێتە هۆکار لە داهاتوودا گەنمی پێویست بۆ دانیشتووانی زەوی دابین بکرێت.
 
پێشبینیکراوە تاوەکو 2050، بەڕیژەی 30٪ تاوەکو 50٪ پێویستی بە گەنم زیاتر ببێت، لەو گەنمەی ئێستا بەرهەم دێت.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، یەک لەسەر پێنجی ئەو کالۆرییەی خەڵک لە جیهان دا بەکاریدەهێنن لە خواردنی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەی سەرچاوەی گرتووە، بەڵام گەنمی ئێستا هەمەجۆری خۆی لەدەستداوەو زانایان مەبەستیانە هەمەڕەنگی بۆ گەنم بگەڕێننەوە.
 
لانگ مائۆ، لە پەیمانگەی زانستی رووەکەکان لە شاری شێنژن لە چین کە هاوبەشی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکەیە دەڵێت " ئێستا ئێمە تێگەیشتنی باشترمان هەیە لە جینەکانی گەنم. باشتر دەزانین خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان چ جۆرێک گەنم و لە چ توخمێک بەکاردەهێنن."
 
ناوەندی جۆن ئینێس کە لە ساڵی 1910 لە شاری نۆرێچ دامەزراوە، ئێستا گەنجینەکەی واتکینزی گەورە کردووەو 30 هەزار نموونەی گەنمی لە سەرانسەری جیهان دا لە پلەی گەرمی سارد دا هەڵگرتووە کە بە گەورەترین بانکی جینی گەنمی جیهان، هەژمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.