ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی تورکی ئەوەندە تووندە لە دیس دەرچووە، بەتایبەت چینی دەسەڵاتدار و سیاسییەکانیان لەپێناوی مانەوەدا پەیڕەوی سیاسەتی تورکچێتی دەکەن و دان بە بوونی کورددا نانێن، یانژی بەکەم سەیری کورد دەکەن و هەندێک لەو تورکانەی خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید دەکەن ئەم مژارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن و مەسەلەی دژایەتی کورد دەکەن بە پستڕکی سەرکەوتنیان، هەروەکو هەندێک لە کاندیدەکانی لای خۆمان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دەنگدەرانی کوردستان دەخاپێنن. ئەم فێڵ و تەڵەکەیەش لای بەشێک لە سیاسییەکانی تورکیا کارتێکە بەکاری دەهێنن، دەنا بۆخۆیان باش دەزانن داننەنان بە بوونی میللەتێکی وەکو کورد لە تورکیادا ئاسنی سارد کوتانە، چوون کورد هەیە و بەردەوام لە بزووتندایە. ئەمما لەپاڵ سیاسییەکاندا گەلێک نووسەری بوێر و جەرگموکم لە تورکیادا هەبووە و هەیە و مەردانە و نەترسانە نووکی پێنووسەکانیان لە دڵی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دەچەقێنن و راستگۆیانە باس لەو ستەمە دەکەن لە کورد دەکرێ. لەوانە رۆماننووس فەرید ئەدگۆ و نووسەری ناودار ئیسماعیل بێشکچی و رۆماننووس ئۆیا بایدار... ئەم نووسەرە بوێرانە و زۆری دیکە بەو راستییە گەیشتوون کورد وەک هەر نەتەوەیەکی سەر ئەم زەمینە دەبێ دان بە بوونیدا بنرێ و مافەکانی پێبدرێ. رۆشنبیرە راستەقینەکان بەو راستییە گەیشتوون شەڕی کورد و تورک لە قازانجی تورکیادا نییە، چون بەو شەڕ و ململانێیەی لە رابردوودا کرا نە کورد کۆتایی هات و نە تورکیش حەسایەوە.
ئۆیا بایدار یەکێک له‌و نووسه‌رانه‌ی تورکە خوازیاری ئەوەیە کورد و تورک وه‌ک هاووڵاتیی پله‌یه‌ک سه‌یربکرێن. ئەو خانمه رۆماننووسه تورکه له رۆمانه‌کانیدا په‌نجەی خستە سەر برینه‌کانی تورکیا، راستگۆیانە بە دەوڵەتی گوت دەبێ مافەکانی گەلی کورد بدەیت. گفتوگۆی بن شووراکان یەکێکە لە رۆمانەکانی ئەو خانمە و سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدیی وه‌ریگێڕاوه بۆ کوردی و له بڵاوکراوه‌کانی وه‌شانخانه‌ی مادیاره له سنه. رۆمانەکە له دووتوێی 183 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەز ئەم رۆمانە دەکەم بە بیانووی مژارێکی گرنگ کە ئەمڕۆ تەنگی بە کورد هەڵچنیوە و ناوچەکەشی شڵەژاندووە.
چیرۆکی ئەم رۆمانە باسوخواسی تورکیایه‌کی ئاڵۆز و پڕ ئاریشەیە، تورکیایه‌ک هه‌میشه پڕه له شه‌ڕ و ململانێ، شه‌ڕێک له دوای رووخانی عوسمانلی و له سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆماره‌که‌ی ئه‌تاتورکه‌وه به‌رده‌وامه. ئۆیا بایداریش وەک ئۆرهان پامووک کە لە رۆمانی بەفردا وێنەی تورکیایەکی نائارام ئاڵدووز دەکات. گفتوگۆی بن شووراکان چیرۆکی چالاکڤانێکی تورکه لهسهروەختی شه‌ڕی خه‌نده‌قدا روو لە شاری ئامه‌د دەکات، ئەو چالاکڤانە هه‌وڵ ده‌دات به دروشمی گرنگ ژیانه رێگا له‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره بگرێت، که بووه‌ته هۆی جه‌رگسووتانی دایکان و کاولبوونی وڵاتەکەیان. شوێن له‌م رۆمانه‌دا ناوچه‌ی "سوور"ه له ئامه‌د. سوور، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دڵی دیاربه‌کری کۆنه و بناغه‌ی شاره‌که‌یه، شوێنێکی که‌ونارایه.
نووسەر له رۆمانه‌که‌دا چیرۆکی ئەو دایکە جهرگسووتاوانە دەگێڕێتەوە، کە داوای ته‌رمی کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن. له‌ژێر شووراکان و به‌رامبه‌ر به سوور که ناوچه‌یه‌کی کوردنشینی ئامه‌ده و زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کوردی عه‌له‌وی و مه‌سیحین، ئه‌و چالاکڤانه له‌گه‌ڵ کوردێکدا ده‌که‌وێته گفتوگۆی چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه، ئازادی، شه‌ڕ، زمان، مه‌رگ، ویژدان… لێره‌وه بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌بێت به پرسی باکووری کوردستان و مه‌سه‌له‌ی شوناس و مافی که‌مینه، له رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌وه باسی ژیانی سه‌ختی تورکیا ده‌کات و ره‌خنه له ده‌سته‌ڵات ده‌گرێت بۆچی بارودۆخی کورد له تورکیادا سه‌خت و دژواره.
وه‌ختێ تورک ئاماده‌نین ماف بده‌ن بە کورد، کوردیش ناچاره چه‌ک هه‌ڵبگرێ و بچێتە تالادی شەڕەوە و داوای مافی خۆی بکات. وه‌ک له رۆمانه‌که‌دا هاتووه تورک ده‌ڵێن کوردی باش، کوردی مردووه. ئه‌م رسته‌یه زیاتر له هه‌شتا ساڵه دۆخی تورکیای شێواندووە. چون کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندووە و نایه‌وێت وه‌ک مردوو سه‌یر بکرێ و مافه‌کانی خۆی ده‌وێت.
به‌شی زۆری رۆمانەکە گفتوگۆی ئه‌و دوانه‌یه و نووسەر که‌متر په‌رژاوه‌ته سه‌ر وێنه و دیمه‌نی شوێن و که‌سه‌کان. زۆرتر گرنگی بە دیالۆگ داوەو له رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌وه ده‌چێته نێو مێژووی خوێناوی تورکیاوه‌و باسی کوشتاری ئه‌رمه‌ن و دێرسیم ده‌کات. وه‌ک له رۆمانه‌که‌دا هاتووه "ئێستا له سوور، له جیزره، له سلۆپی، له هه‌زه‌خ و گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانی نووسه‌یبین، له‌و دیو خه‌نده‌ق و مه‌ته‌رێزه‌کان، منداڵه به‌ردهاوێژه‌کان کۆمه‌ڵێک ئامانجیان هه‌یه، که له یاخیبوون ئه‌ولاتر ده‌چێ. ئه‌وان داوای مافه‌کانی خۆیان و ئه‌و خاکانه ده‌که‌ن، که به‌ڵێنیان پێ درابوو. ئه‌وان بۆ که‌سانی دیکە شه‌ڕ ناکه‌ن، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌یکه‌ن هی خۆیانه..." یان له به‌شێکی دیکەی رۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ "باوکم له به‌ندیخانه‌ی دیاربه‌کر به ئه‌شکه‌نجه مرد. دایکم بێجگه له کوردی زمانێکی دیکەی نه‌ده‌زانی. باوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی به کوردی قسه‌ی کردبوو ئه‌شکه‌نجه درا. باوکم نه په‌یوه‌ندی به رێکخستنه‌وه هه‌بوو، نه بە چیا و نه به تیرۆره‌وه. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردبوو، ئاماده نه‌بوو چه‌کی جاشایه‌تی بکاته شان، خرابووه گۆشه‌ی بهندیخانهوە."
ئەو نموونانەی سه‌ره‌وه فه‌زای رۆمانی گفتوگۆی بن شووراکانە و ته‌واوی رۆمانه‌که به‌و نه‌فه‌سه ده‌ڕوات، رۆمانێکی وشک و برینگه، جگه له‌و مژارە هیچی دیکه‌ی تێدا نییه، خاڵییە لە باسی عەشق و سێکس و ژیانی ئاسایی کاره‌کته‌ره‌کان… ته‌نها و ته‌نها دیالۆگێکی پڕه له باسی شه‌ڕ، ململانێ، دانپێدانه‌نان، چه‌وسانه‌وه… ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر نازانێ ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره باکگراوندیان چییه و چۆن ژیاون و سه‌ر به چ چینێکن. بایدار هاوشێوەی نووسەر و رۆشنبیرە راستەقینەکان دەیەوێت بە سیاسی و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بڵێ کێشەی کورد بە شەڕ چارەسەر ناکرێ، ئەنجامی شەڕ ماڵکاولی و جەرگسووتانە. دەبێ کورد و تورک بە گفتوگۆ و شێورومشێور کێشەکان چارەسەر بکەن و تورکیایەکی ئارام چێ بکەن. دەبێ گفتوگۆی بن شووراکان پەرەی پێبدرێ دەنا تورکان ناحەسێنەوە و کوردیش نەتەوەیە، خێڵێکی چکۆلە نییە و سیاسەتی حەلیان و سڕینەوە لە وێزەی نایەت و ئاریشەیەکە لەنێو دڵی تورکیادا و ئیللا بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێ، نەک بە شەڕ و لەشکرکێشی، کێشەی کورد بە درۆن چارەسەر ناکرێ. درۆن گەریلایەک یا دوان دەسووتێنێ، ملیۆنان کورد لە وان و دێرسیم و ئامەد و ماردین تا دەگات بە ئەستەنبوڵ داوی مافی خۆیان دەکەن. درۆن تالادی بەرگریی نەتەوەیەک ناڕووخێنێ، کە پتر لە 20 ملیۆنە.
نەخێر درۆن دەرمانی دەردەکە نییە، بەڵکو برینەکە قووڵتر دەکات. خەیاڵی بێ رکابەری و فیزودەعییەی زلهێزیی ئەگەر وریا نەبی چەند بەهێزبی کاریتەی پشتت دەشکێنێ، ئەوەتانێ شەڕی عەرووس و ئۆکرانیا خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە. سا ئەگەر تورکیا پێی وابێ کورد بە درۆن بنبڕ دەکات، خەیاڵپڵاوە، چون کێشەی کورد لە دڵی تورکیادایە. بە بۆردوومانی قەندیل چارەسەر ناکرێ. تورکیا دەبێ واز لە درۆن بهێنێ و بە ئاشتەوایی کێشەکە چارەسەر بکات، جا دەیکات؟ نەخێر ئەم ئێستا نایکات، ئێستا خۆی پێ بەهێزە و ئیشی بە کورد نییە و پڕۆسەی ئاشتی لە مجری رۆژی رەشدا هەڵگرتووە و رۆژانی تازە پێڕۆکەیی لەبیرکردووە، کە بە گۆچانەکەی مام جەلال چووە ئامەد و کوردی خاپاند، دوای تاڵەبانیش پەنایان بۆ نێچیرڤان بارزانی برد تاوەکو بە نێوەندگیریی و میانڕەویی وی درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی بدەن. لێ ئەو قۆناغە کۆتایی هات، ئێستێ هەم تورکیا غروور مەستی کردووەو هەم ئەم باشوورەی خۆشمان بەهۆی ناسازیی حزبەکانەوە کەوتووەتە قەیرانێکەوە هەرچەند دەکۆشین لێی دەرناچین، نە ئامۆژگاری دۆستەکان و نە زمانی نوکتە و میانڕەویی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نە نزای دایکانی سەربەرماڵ و نە رەخنەی تووندی رۆشنبیرەکان ئەم ناسازی و بەستەڵەکە ناشکێنێ و عێراقی تازە پێڕۆکەش لووتی فیزی بڵند کردووەو پێی وایە بە سیاسەتی برسیکردن دەتوانی کورد لەناوبدات، ئەم کوردەی سەدامی بردە بەردەم پەتی سێدارە. ئەم ئێستا دۆسێی باشووریش لە مجری سوودانیدایە و قفڵێکی گەورەی لێدراوە. ئەمما دنیا هەروا نابێ دەردی تورکمانەکە دەڵێ "ئیشتە هەر دێی لە قەلعە." جارێ چرای ئێمە کزە، بەڵام لەولەب ئامانی نییە هاکا ئاڕاستەی گۆڕی.
ئۆیا له‌و نووسه‌ره به هه‌ڵوێستانه‌یه له‌سه‌ر حهقگوتن زۆرجار تەفەقای مه‌ترسی بووه‌ته‌وه و زیندانی کراوە. بەهۆی نووسینی رۆمانی خودا منداڵانی فه‌رامۆش کردووه. له قوتابخانه‌که‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی لێکراوه. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێزی دکتۆراکه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی چینی کرێکاربووە له تورکیا، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی پڕۆفیسۆره‌کانی زانکۆوه ره‌ت کراوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش بووه هۆی پشێوی و ئاژاوه له‌ناو زانکۆ‌دا، ساڵی 1971 قۆڵبه‌ست کراوه و له زانکۆ دوورخراوه‌ته‌وه.
ئۆیا بایدار ژنە رۆماننووسی تورک ساڵی 1940 لە ئیستەنبوڵ لە دایکبووە، نووسەر و کۆمەڵناسێکی تورکە. لە قوتابخانەی نۆتردام دی سیۆن خوێندوویەتی، کە قوتابخانەیەکی ناوەندیی کچانی فەڕەنسییە. کاتێک خوێندکاری ئامادەیی بووە یەکەم رۆمانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ماوەیەک وازی لە نووسین هێناوەو لە دنیای سیاسەتدا کاری کردووە. پاش چەند ساڵێک گەڕاوەتەوە بۆ دنیای ئەدەبیات. لە ساڵی 1964 بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی ئیستەنبووڵی تەواوکردووە. بایدار لەبەرئەوەی ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئازاری ساڵی 1971 گیراوە. لە کودەتای 12ی ئەیلوولی 1980 بایدار لە تورکیا دەرکراوەو دوانزە ساڵ لە ئەڵمانیا ژیانی بەسەربردووە، ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. ئەم ژنە بوێرە لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا وتار و نووسینەکانی بڵاکردووەتەوە. لە پای ئەو رۆمان و چیرۆکانەی نووسیوێتی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی یونس نادی، خەڵاتی رۆمانی ئۆرهان کەمال، خەڵاتی فەرهەنگی دەریای ناوەڕاست... ئەم نووسەرە جگە لەم رۆمانە کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی نووسیوە، لەوانە رۆمانی گەڕانەوە بۆ هیچ شوێنێک. نامەکانی پشیلە. سێبەری خۆڵەمێشی گەرم. دەروازەی یەهودا...
تالاد: دیواری شەڕ، سەنگەر، مەتەرێز
لەدیس دەرچوون: لە سنوور دەرچوون
پستڕک: پلیکانە
جەرگموکم: ئازا، نەترس
نەکورد کۆتایی هات و نەتورکیش حەسایەوە: ناونیشانی یەکێک لە کتێبەکانمە
شێورومشێور: راوێژ، تەگبیر
حەلیان: توانەوە
مجری: سندوق
تەفەقا: تەفەقابوون، تووشبوون
لەولەب: رۆژگار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ