بەرایی
زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و هێشتا ئاسۆی هەناردەکردنەوەی نەوت دیار نییە! ئێستا 30ـی نیسان 2023، زیاتر لە مانگێک و یەک هەفتەیە هەناردەكردنی نەوت راگیراوە سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایەنی هەولێر و بەغدا رێككەوتنێكان كردووە.
چاوەڕوانییەکان و بەیاننامەی بەرپرسان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەکۆتایی هەفتەی رابردوودا درووست دەرنەچوو، هەربۆیەش رۆژ بە رۆژ قەبارەی زیانەکان زۆرتر دەبن. بەشێوەیەک كە ئێستا قۆناخێکی نوێیە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان. ئەوان نەوەکو تەنیا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی گوشار، بەڵکو دامەزراوەی هاوبەشیشسان دروستکردووە بۆ کاری هاوبەش بۆ گوشارکردن لە عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، چونکە تەنیا بەرهەمهێانی نەوتیان رانەگرتوو، بەڵکو کارەکانی هەڵکۆڵێنی بیر و ئەو بیرە نەوتییانەشیان راگرتووە كە كاریان تێدا دەكرد و کارمەندەکانیان بە بێ مووچە بۆماوەی کەمتر یاخود زیاتر لە چەند مانگێک ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان. ئەمەش بەواتای بێکاربوونی سەتان کەسی دیکە لەنیوخودی کۆمپانیاكان و ئەو کۆمپانیایانە دێت كە خزمەتگوزارییە جیاوازەکانیان لەم كەرتەدا دابیندەکرد.
لەڕوویەکی دیکەوە، کۆمپانیاکان تەنیا ئەو زیانەیان بەرناکەوێت کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە دێت، بەڵکو هەندێکیان کە پشکدارین بەهۆی درێژەکیشانی راگرتنەکە و کەمکردنەوە و سفرکردنەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان، بەهای پشکەکانیان زیاتر دادەبەزێت.
لەڕاستیدا، هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا کردنەوەی قوفڵەکان نییە، چونکە لەدوای بڕیارەکانی دادگەی ICCـەوە قۆناخێکی نوێ هاتە پێشەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکانی گۆڕی. ئەمەش بەواتای گۆڕانکاری لە بەرژەوەندییەکان دێت، هەربۆیە، دووبارە رێککەوتن و رێکخستنەوەی بەرژەوەندی لایەنە جیاوازەکان لەم پرۆسەیەدا وردە و کاتی پێویستە، ئەویش لە كاتێكدا كە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان و عێراق، بگرە تورکیا و جیهانیش بەقۆناخێکی سەختی پەیوەندی نێوان لایەنەکان تێدەپەڕن. لێرەدا، هەڵوەستە لەسەر قەبارەی زیانەکان و گرفتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەبارەی درێژەکیشانی راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوت و هۆکارەکانی رێککنەکەوتنی لایەنە جیاوازەکان دەکەین.
زیانەکان و خەمی سەرەکیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی سێکتەری نەوت لە هەرێمی کوردستان
زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی 36 رۆژی رابردوودا بۆ هەناردەکردنی نەوت بەو نرخەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەوە دەگاتە سەرووی 1 ملیار و 8 ملیۆن دۆلار و دیار نییە کێ بەرپرسە لەم زیانە و چۆن قەرەبوو دەکرێتەوە!
لەکاتێکدا نێوەی ئەم زیانە ئەگەر زیاتریش نەبێت دەکەوێتە سەر کۆمپانیاکان، چونکە هێشتا خەرجییەکانیان بۆ چەند بەشی بنەڕەتی مانەوەی کارەکانیان بەردەوامە، هەروەکو چۆن یەک مانگ و شەش رۆژە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە رێژەی 80% کۆی داهاتەكەی پێکدەهێنێت نەماوە.
چاوەڕوانیی کۆمپانیاکانی نەوت بۆهەناردەکردنەوەی نەوت لە رۆژانی داهاتوودا کۆتایی هات و بەپێی زانیارییەکان هەندێک لە کۆمپانیاکان بڕیاری خۆیان بۆ راگرتنی کارەکانیان بۆ کارکردن لە هەڵکۆڵینی بیری نەوت و تەواکردنی بیرەکان کە لەم پیشەسازییەدا بە Rig Operation ناودەبرێت، راگرت و کارمەندەکانیان بەبێ مووچە بۆ ماوەیەکی کەمتر یاخود زیاتر لە چەند مانگێک ناردووەتە ماڵەوە. ئەمەش لەپاڵ کەمکردنەوە یاخود سفرکردنی خەرجییەکانی وەبەرهێنان کە لە پلانی ساڵانەیان هاتووە و بە Capex ناودەبرێت. هەموو ئەمانەش سەرەڕای ناڕوونیی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان. لە رۆژانی رابردوو بە تەنیا کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی نەوتی شێخان کار دەکات رایگەیاند كە "102 ملیۆن دولار قەرزیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
رۆژانی سەرەتای گرتنەوەی قوفڵی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییەکان بەتەنیا و لەڕێگەی وڵاتانی خۆیانەوە گوشارەکانیان بۆ سەر لایەنە جیاوازەکان دەکرد بۆ رێککەوتن، بەڵام لە 27ـی شوبات 2023دا گەورە کۆمپانیاکانی وەک دی ئین ئۆ، گەڵف کیستۆن، گەنەل ئینرجی، ئیچ کەی ئین و شاماران کۆمەڵەیەکیان بەناوی "کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR) راگەیاندووە، كە لە ئامانجی کۆمەڵەکدا چوار خاڵ هاتووە وەک "برەودان بە هەرێمی کوردستانی عێراق وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و دابینکەرانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنەران؛ بۆ بەرژەوەندی هاوبەش و نوێنەرایەتیکردنی ئەندامانی؛ وەک دەنگێکی هاوبەش و کاریگەر کار بۆ ئەندامانی دەكات لەبەرامبەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان جا چ هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لایەنێکی دیکە بێت، دابینکردنی کۆڕبەندێک بۆ ئەندامەکان بۆ بەشکردنی زانیاریی پەیوەندیدار بە پیشەسازی و باشترین کردارەکانی پەیوەندیدار بە چالاکییەکان و تەندروستی و سەلامەتی و ئاسایش و ژینگە و پابەندبوونی یاسایی و بەرپرسیارییە کۆمەڵایەتییەكانی کۆمپانیاکان".
بەپێی بڵاوکراوەیەکی APIKUR ، لەم دواییانەدا نامەیەکیان بۆ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا (کۆنگریس) و لیژنەی کارووباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نووسیوە بۆ پێشکێشکردنی تێڕوانینی کۆمپانیا ئەندامەکان سەبارەت بە جیۆپۆلیتیکی ئێستا، دۆخی یاسایی، بودجە، پارەدان و ئاستەنگەکانی ئاسایش لە ناوچەکەدا، هەروەها نامەی هاوشێوەیان بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش ناردووە.
درێژەکێشانی راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بە هەر هۆکارێک بێت زیانێکی گەورە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەدات لەڕووی ژینگەی وەبەرهێنانی نەوت و گازەوە، چونکە دڵنیایی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرەکان بۆ کار کردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەق دەکات.
هەروەها، خاڵیکی دیکەی پەیوەست بە کۆمپانیاکانەوە ئەوەیە کە ئەم راگرتنە و درێژەکیشانی، لێکەوتەی دیکەی لە سەر بەشیک لە کۆمپانیاکانی نەوت هەیە، چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکان پشکدارین و پشکی کۆمپانیاکان پەیوەستە بە کارکردنیانەوە، بۆ نموونە گەڵف کیستۆن لەماوەی مانگێکدا بەرێژەی 18.5% بەهای پشکەکانی دابەزیوە، لە رۆژانی رابردوودا تەنیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەهای پشکەکانی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن گەیشتە 135 خاڵ، کە نزمترین ئاستە لەماوەی ئەمساڵدا. لەکاتێکدا لە 1ـی ئاداری 2023دا بەهای پشکەکانی 207 خاڵ بووە. لەلایەکی دیکەوە ئەم زیانە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە وەبەرهێنەرەکەی تاکە کەسییە یاخود هێ دەوڵەتە، وەک گازپرۆم زیانێکی ئەوتۆی لەسەر سەرمایەی وەبەرهێنانیان لە رۆژێکدا نەکردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەهای بیرە نەوتەکان و کێڵگە نەوتییەکان ئەو بەهایەی رۆژانی پێش 25ـی ئادار 2023 ناکات، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان و کەمکردن و سفرکردنی وەبەرهێنەرەکە لەم کێلگانەدا.
ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و هۆکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
پیشەسازیی وزە بەتایبەتیش نەوت و گاز وەک هەموو كەرتەکانی دیكە وابەستەی رێککەوتنی نێوان لایەنە جیاوازەکانە. لەم رۆژانەدا جیاواز لە رابردوو، بەتایبەتیش لەدوای جەنگی ئۆکراینا و رووسیا قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی وڵاتان لە بواری وزەدا هاتۆتە ئاراوە، کە نەوەکو تەنیا ناسەقامگیریی و هەڵبەز و دابەزێکی گەورەی لە نرخەکان دروست كرد، بەڵکو وڵاتان قۆناخێکی نوێی پەیوەندییان بۆ وزە گرتووەتەبەر کە لێکەوتەی گەورەی دەبێت، بۆ نموونەش سزادانی رووسیا لەلایەن ئەورووپا و ئەمریکاوە لەرووی وزەوە، گەڕانی ئەورووپا بۆ هاوردەکردنی گاز لەدەرەوەی رووسیا، پابەندنەبوونی سعودیە لە داوای ئەمریکا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و دابەزینی نرخی نەوت و هتد لە نموونەكانی ئەوەن.
سەرەتا، چاوەڕواندەکرا بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە بازاڕی وزە و گوشاری وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا هەیە کە کڕیاری رێژەی سەرووی 70% نەوتی هەرێمی کوردستانن هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن، هەرواش بوو، سەرەڕای جیاوازییە گەورەکان، لەماوەی 10 رۆژ رێککەوتن کرا و چاوەڕواندەکرا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، چونکە راگرتنەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان ئەم دوو لایەنەیە بوو، بەڵام دواتر پرۆسە ئاڵۆزەکە دەرکەوت، کە پێویستی بە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەی بۆی هەناردە دەکرێت یەکلابکرێتەوە، دواتر رێککەوتن یاخود شێوازێکی نوێی مامەڵکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە.
هەروەها، لەدوای بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان و لێدوانی بەرپرسانی عێراق چ سەرۆکوەزیران، گوتەبێژی حکومەت و وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی 29ـی نیسان؛ جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق دووبارە ئاماژەی بەوەکرد کە رۆژانی داهاتوو هەناردەكردنەكە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام وادەرنەچوو.
لەڕاستیدا، دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ سەرەڕای رێکارەکان گۆڕانکارییەکی گەورە لە بەرژەوەندیی لایەنەکان دەکات، چونکە نرخی سۆمۆ جیاوازە لەو نرخەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێفرۆشراوە، ئەگەر بە نرخی نەوتی کەرکوک بێت وەک لەماوەکانی پێشوودا ئاماژەی بۆکرا، کە دوو بۆ سێ دۆلار لەخوار نرخی نەوتی برێنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوا نەوتی هەرێمی کوردستان بە 76 دۆلار بفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێشتر بە 12 بۆ 20 دۆلار کەمتر دەفرۆشرا، بەمانای جیاوازی رۆژانەی 7 ملیۆن دۆلار دێت.
ئێستا و تاڕادەیەک رێککەوتنە نیوخۆییەکان چ لە عێراق بێت یاخود لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەخۆووە بینیوە و گەیشتووەتە قۆناخی ئامادەکردن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنانەت رێککەوتنی سۆمۆ و کڕیارەکانیش، بەڵام پێدەچێت چۆن تورکیا بەداوایەکی عێراق قوفڵی بۆرییەکەی گرتەوە، بەهەمان شێوە هەمان قوفڵەكە نەکاتەوە، چونکە سەختە بۆ تورکیا لەم قۆناخەدا بەچوونە ژێرباری هەناردەکردنەوەی نەوت بەبێ رێککەوتن لەسەر شێوازی دانەوەی 1.47 ملیار قەربووی دادگە بە عێراق و پرۆسەی بەردەوامبوونی دادگە ICC بۆ ماوەی 2018-2023، کە بڕیارە پێشڤەچوون بەخۆوە ببینێت، لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکان هێشتا وەزارەتی نەوتی عێراق نامەی فەرمی نەناردووە بۆ تورکیا، بەڵام لە دادگەی نیویۆرک داوای لەسەر تورکیا تۆمارکردووە بۆ پابەندبوونی بەو قەرەبوووەی کەوتووەتە ئەستۆی بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنێکی چارەنووسازی لە پێشە، هەربۆیەش چاوەڕواندەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، ئەگەر بەغداد سازش نەکات ئەوا بەدڵنیاییەوە درێژە دەکێشێت بۆ دوای یەکلابوونەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار 2023 تورکیا.
کۆتایی
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، وەبەرهێنانی ملیاران دۆلار لە كەرتی پێشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەرهەمهێنانی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 500 ملیۆن پێ سێجا گاز بە سەرمایەی وەبەرهێنانی دەرەکی نەبوایە نەدەهاتە دێ، هەروەکو چۆن هەفتەی رابردوو حەمید جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتی کرێست پتڕۆڵیۆم ئاماژەی بەوەکرد " ئێمە دەزانین ناکۆکی یاسایی هەیە، کە پەنا بۆ دادگا نیوبژیوانی براوە، بەڵام ئەمە بۆ راکیشانی سەرمایەی وەبەرهێنان باش نییە، هەروەها ئەگەر عێراق دادگا بباتەوە، بەڵام ئەمە پێویستە لە یەکەم شوێن چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لەبارگرانی و هاننەدانی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کەرتەکانی دیکەش".
درێژەکیشانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جگە لەو زیانە ملیار دۆلارییەی کە رۆژانەش زیاتر دەکات، کاریگەری گەورەی لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان نەوەکو تەنیا لە كەرتی نەوت بەڵكوو لەکۆی كەرتەکانی دیکەش دەکات، کە وردە وردە لێکەوتەکانی دەردەکەوێت.
هەروەها، پێویستە بەرەوپێشچوون لە دانوستاندنەکانی سێ قۆڵیی ئەنقەرە –بەغدا –هەولێر بێتە ئاراوە، چونکە دواجار ئەگەر زیانەکان پێش رێککەوتنی 4ی نیسان 2023 بە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بووبێت، ئەوا ئێستا و لەو رۆژە بەدواوە بەر هەموو گەلی عێراق دەكەوێت، چونکە پابەندیی عێراق بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل کەوتووەتە دەستی سۆمۆوە.
لەکۆتاییدا، هەموو چاوەکان لەسەر هەواڵی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتە بۆ بەندەری جەیهان، ئەگەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بکەوێتە دوای هەڵبژاردنی تورکیاوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز دێتەوە ئاراوە، ئەمجارەش قۆناخێکی نوێی دانوستاندن دێتە ئاراوە، بەڵام هەر چۆنێک بێت رۆژ بە رۆژ زیانەکان زیاتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ