سڵاو لە ئیستۆنیا و هەڵوێستیان بەرامبەر گشتپرسییەکەی کوردستان

ئەوەندەی من ئاگادار بم، تاوەکو ئێستا جگە لە پەرلەمانی ئیستۆنیا، هیچ پەرلەمانێکی دیکە نەبووە بە کۆی دەنگ هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان و ئاکامەکانی دەرببڕێ. 

ئیستۆنیا وڵاتێکی هەم کۆن و هەم نوێیە. ساڵی داهاتوو هەم سەدەیەک و هەمیش 27 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئیستۆنیای مۆدێرندا تێدەپەڕێت ـ چونکە ئەو وڵاتە لە ساڵی 1941ەوە بۆ ماوەی 50 ساڵ لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە داگیرکرا. 

ئێستا ئیستۆنیا ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپایە و بەهۆی شارەزایی لە دامەزراندنەوەی سیستەمی حوكمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی هێرشی سایبیری ناوی دەرکردووە و بەپێی قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی، کە 1.3 ملیۆن کەسە، لەوەدا زۆر سەرکەوتوو بووە. بەهۆی هەڵکەوتەی وڵاتەکە، بەردەوام لەبەردەم ئەو کێشانەدا بووە کە تووشی وڵاتە بچووکەکان دێت، چونکە ئەم وڵاتە لە لایەکەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی بە “بەندکراوەکانی رووسیا” دەزانرێت و لە دیوی رۆژئاواشەوە دراوسێی وڵاتێکە کە ماوەیەکی زۆر ئیمپراتۆرییەت بووە (واتە سوید). 

بەیاننامەی دووربینانەی پەرلەمانی ئیستۆنیا هەفتەیەک دوای هێرشەکانی مانگی ئۆکتۆبەری کەرکووک پەسەند کرا، ئەم هەنگاوەش شایستەی ئەوەیە لە لایەن پەرلەمان و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی دیکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی ورد بە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر ئەو کێشانە بکەن کە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان بووەتەوە. 

بەیاننامەکەی پەرلەمانی ئیستۆنیا ئاماژە بۆ ئەو بنەمایانە دەکات کە زۆربەی جاران بە بنەمای ناکۆک دادەنرێن و یەکێکیان مافی چارەی خۆنووسینی گەلانە کە ئیستۆنیا خۆی لەسەر هەمان بنەما لە 1918 دا دامەزراوە. بنەمای دووەمیشیان ئەوەیە کە ئیستۆنیا رێزی بۆ بنەمای یەکپارچەیی خاکی وڵاتان هەیە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە سنوورەکان تەنیا دەکرێت بە شێوازێکی ئاشتیانە و دیموکراتیک و ئازاد و ئیرادەی گەلەوە گۆڕانیان بەسەردا بێت. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئیستۆنیا هەموو کات بەدوای چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکییەکاندا دەگەڕێت. 

بەیاننامەکە دەیەوێت ئەو بنەما ناکۆکانە پێکەوە ببەستێتەوە و هیوا دەخوازێت “گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق لە 25ی ئەیلول هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری بەدوور لە توندوتیژی لە دژی کەمینەی کورد لە عێراقدا، بۆ ئەمەش دەبێت دوو بنەمای مافی چارەی خۆنووسین و یەکپارچەیی خاک پێکەوە بگونجێنرێن”. 

پەرلەمانی ئیستۆنیا راشکاوانە پشتگیریی خۆیان بۆ بنەمای دووەم مەرجدار دەکەن بە بنەمای یەکەمەوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە “رێزیان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق هەیە، ئەمەش تاوەکو ئەو کاتەی کە پاراستنی ئەو یەکپارچەییە چەوساندنەوە و توندوتیژی لە دژی خەڵک و مافە سیاسییەکانی کەمینەی کوردی لە عێراق لێنەکەوێتەوە”. 

ئەم مەرجەدارکردنە گرنگە. بەیاننامەکەی پەرلەمانی ئیستۆنیا پشتگیری لە خواستی گەلی کورد بۆ مومارەسەکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دەکات، هەموو لایەنەکانیش هاندەدات هەڵوێستێکی ئاشتیانە، شەفاف، دیموکراتیکیان هەبێت، داواش لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکات دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنەدەن، هاوکات بەغدا و هەولێریش هان دەدات کە بۆ دیاریکردنی پێگەی کوردستانی عێراق پەنا بۆ دانوستاندن بەرن. 

ژمارەیەکی زۆری وڵاتان داوا لە بەغدا دەکەن کۆتایی بە کاردانەوە توندەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان بهێنێت. یەکەمجار وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای کردبوو پاش گەشتە فەرمییەکەی بۆ بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام بەغدا داواکارییەکەی رەتکردبووەوە. پاشان سەرۆک ماکرۆن ئابڵوقەکەی شکاند و پێشوازی لە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد لە پاریس. 

سێیەم هەنگاویش ئەوە بوو کە بەریتانیا رایگەیاند بەنیازە حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لەندەن بکات، رەنگە سەردانەکە لە کانوونی یەکەمدا بێت، حکومەتی بەریتانیا جەختی لەوەش کردەوە کە “هەوڵی جدی دەدات” بۆ پاراستنی مافی کورد. چوارەم هەنگاویش لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە بوو کاتێک سەرکردەکانی حکومەتی کوردستانی بۆ گفتوگۆ بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەسەر دیالۆگ و پاراستنی مافەکانی کوردستان لەناو دەستووری عێراقدا کردەوە. پێنجەم دەستپێشخەریش کاتێک بوو کە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا هانی حکومەتی عێراقی دا ئابڵوقەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر فڕۆکەخانەکانی کوردستان هەڵگرێت. 

هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە بەغدا پێی لە بەڕەی خۆی درێژتر کردووە و دەبووایە بیری بهێنرێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە عێراق و تەنیا پارێزگاکانی باکوور نییە. ئەمریکاش پێیوایە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەر لایەنێکیشدا بن، هەر وەکوو ناوچەی کێشە لەسەر دەمێننەوە و دەبێت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە. 

هەموو ئەمانە جێگەی دەستخۆشین، بەڵام با ئەوەشمان بیر بێت کە ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەر کوردستان هەیە، ئاکامی ترسناکی دەبێت هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەم بۆ ئەو هەوڵە مرۆییانەی کوردستان بۆ ئاوارە عەرەبە سوننەکانی دەدات کە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە مووسڵ، ئەمە جگە لەو خەڵکانەش کە ناچار بوون کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە جێبهێڵن. 

هیوادارین گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر عێراق زیاتر بن. پەرلەمانی ئیستۆنیا شایانی ستایشە، چونکە یەکەم پەرلەمان بوو کە جەختی لەسەر ئەو قەیرانە دیپلۆماسییە کردەوە. لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا دەبێت سەرنجی فۆرموڵەی حەکیمانەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئیستۆنیا بدات. 

لە نووسینێکی ئەم دواییەدا باسی ئەوەم کردبوو کە دەبێ ناونیشانی فەیسبووکی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بۆ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بگۆڕدرێت. ئەمە زۆر کوردی نیگەران کردبوو، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات پێگەی فەرمی هەرێمی کوردستان دابەزێنێت. 

جەک لۆپرێسکی، سەرۆکی گرووپی هەموو پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا، سەبارەت بەو مەسەلەیە پرسیارێکی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد. وەڵامی بەڕێز ئالیستەر بێرت، وەزیری رۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەو پرسیارە ئەوە بوو کە “کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ناوەکەی نەگۆڕیوە. لاپەڕەی فەیسبووکی کونسوڵخانەکە بەم دواییە لە حاڵەتی یەک زمانییەوە (واتە ئینگلیزی) بۆ دوو زمانی (واتە ئینگلیزی و کوردی) گۆڕاوە. لە ئەنجامدا ناوە کوردییەکەی لەسەر ماڵپەڕ کورتکرایەوە، چونکە ناوە پێشووەکەی ژمارەی وشە و پیتەکانی زۆر بوون. دەزگاکانی میدیا و بەرپرسانی هەرێم لەو گۆڕانکارییە ئاگادارکراونەتەوە”. 

ئەو پرسیارە دەریخست کە هۆکارەکانی گۆڕینی ناوەکە هێندە گەورە نین، بەڵام هەر لە وەڵامەکەدا جەخت لەوەش دەکرێتەوە کە “حکومەتی بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیرییەکانی بۆ ئاسایش، سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان لە ناو عێراقێکی یەکگرتوودا”.

* گاری کێنت سکرتێری گرووپی هەموو پارتەکانی نێو پەرلەمانی بەریتانیایە و بۆ ماڵپەڕی رووداو دەنووسێت.