قۆناخی دوای نەسروڵڵا و هاوسەنگیی هێز لەنێوان ئیسرائیل و بەرەی موقاوەمە

29-09-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
لە پەکین گوێم لە بەرپرسێکی حیزبی کۆمیونیستی چین دەگرت کە بە قووڵی کەوتبووە نێو و باسی گەشەکردنی وڵاتەکەی و رەخنەی لە ئەزموونی یەکێتیی سۆڤییەت و وڵاتانی رۆژئاوا دەگرت. پوختەی قسەکانی ئەوە بوو ئەوان نە سۆڤیێتن نە رۆژئاوا، شتێکی جیاوازن و مۆدێلی گەشەکردنەکەیان لەسەر بنەمای ئاشتی و هاوکارییە نەوەک شەڕ و زۆرداری! پرسیاری زۆرم لەسەر قسەکانی هەبوو، بەڵام بیرم لە لێکچوونی ئەم پەیامە چینییە و درووشمە ئێرانییەکەی "نە شەرقی نە غەربی" دەکردەوە، کە لەناکاو سەردێڕی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە شاشەی مۆبایلەکەم سەرنجی راکێشام. ئەمە هەواڵێک بوو؛ نەدەکرا نەیخوێنمەوە، تەنانەت ئەگەر زیاتر لە حەوت هەزار کیلۆمەتر لە بەیرووتیشەوە دوور بم.
 
وابزانم ساڵی 2020 بوو کە نەسروڵڵا داوای پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ چین کردبوو. خۆی لە راستیدا دەمێکە پەکینیش خوازیاری پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی شیعە لە ئێران، عێراق و لوبنان. بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەم هەواڵە بۆ شوێنێکی وەک وەزارەتی دەرەوەی چینیش بابەتێکی گرنگە، کە پێدەچێ کەڵکەڵەی پەلهاوێشتنی زیاتریان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەردا بێت. پێشتریش تەنیا هەفتەیەک لە پاش هەوڵەکانی ئەوان بۆ یەکخستنی 14 لایەنی فەلەستینی، ئیسماعیل هەنیە لە تاران کوژرابوو. دەشێ ئەم رووداوەی نەسروڵڵاش جارێکی دیکە ئەوەی دەرخستبێت؛ مەیدانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەڵبەز و دابەزی زۆرە.
 
ئەگەر لێرە خاڵێک لەسەر گەڕانگەی چین دانێم و بۆ دواتری بهێڵمەوە، دەتوانم بڵێم کوژرانی نەسروڵڵا خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەندازیاریی ئاسایشی ناوچەکە، کە دەکرێ بەمجۆرە شرۆڤەی بکەین:
 
نزیکەی ساڵێک دوای ئەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەردا ئیسرائیل و دنیای خافڵگیرکرد و "میحوەری موقاوەمە"ـی ئێرانیش بە هێرشی درۆنی و مووشەکی خۆی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا باڵادەستییەکی سایکۆلۆژی پەیداکردبوو، بە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئیسرائیلیش «بەرەی موقاوەمەی» خافڵگیر کرد. بێجگە لەوەی توانای هەواڵگری خۆی نمایش کردەوە، توانای بەکارهێنانی دەیان تۆن بۆمبی سەنگەرشێنیشی بە فڕۆکەی ئێف 15 دەرخست، کە دەتوانێت چیمەنتۆ و بەربەستی سەنگەر و توونێلە تۆکمەکانیش تێکبدات.
 
نەسروڵڵا یەکێک لە پارێزراوترین سەرکردەکانی بەرەی موقاوەمە بوو، تەنانەت لەوانەیە هەر بەو هۆکارەش بووبێ لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزشکیان دا لە تاران بەشداریی نەکرد، بەمدواییانەش دیدارێکی لەگەڵ وەزیری دەرەوی ئێران هەڵوەشاندبووەوە کە، لەوانەیە ئەویش هەر بە هۆکاری ئەمنی بووبێت.
 
حەسەن نەسروڵڵا ئەگەر تەنانەت پێشتر ئەو ئامێرانەی پەیجەری بەکارهێنابێت کە بەمدواییانە ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆریانی بەدەست ئەندامانی حیزبوڵڵادا تەقاندبووەوە، چاوەڕێ دەکرێت لە دوای ئەو رووداوە مۆبایل و پەیجەریشی وەلا نابێت، بۆیە پێکانەکەی پێویستی بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی هەواڵگری هەیە، کە رۆڵی سیخوڕ تێیدا فاکتەرێکی سەرەکی بووبێت.
 
لە رووی سیاسییەوە، نەتەنیاهوو تەنانەت یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریشی سەبارەت بەم شەڕەی حیزبوڵڵا هاوڕای خۆی کردووە کە لە دانوستاندنەکانی حەماسدا هەندێک جار دژی یەکتر دەوەستانەوە. پێدەچێ دڵنیاش بێت لەوەی هەرچییەکیش بکات، بایدن ناچارە پشتی بگرێت، بۆیە دەیەوێت ئەو دەرفەتەی هەڵبژاردنی ئەمریکا بەکاربهێنیت تاوەکو حەڵقەی بەرەی موقاوەمە بە دەوری خۆیدا بشکێنێت. نەتەنیاهوو لە دانوستاندنەکانی ئاگربەست لەگەڵ حەماس دا بە قسەی ئەمریکای نەکرد تاوەکو کاری گەیاندە ئەوەی سەرەڕای هەموو ناڕەزاییەکانی دونیا، بە ئەندازەیەکی زۆر توانای حەماسی وەکو هێزێکی حکومی لەنێونەبرد. راستە کە سەرەڕای ئەوەی ئەستەمە بتوانێت بە تەواوی حەماس لەنێوبەرێت، بەڵام تاوەکو ئەندازەیەکی زۆر، توانا سەربازییەکە و توانای حوکمکردنی لە غەززە لاواز کردووە. 
 
بێجگە لە حەماس، حیزبوڵڵا وەکو گەورەترین هێزی نادەوڵەتی کە قورسترین جۆری چەکی لەبەردەستدایە و وا مەزەندە دەکرێت هەزاران جۆری درۆن و مووشەکی کورتمەودا ـ  نێوەندمەودا و درێژمەودای هەبێت، هەمیشە مەترسییەکە کە ناتوانێ چاوپۆشیی لێبکات. بۆیە لەدوای شەڕی 2006 کە ئیسرائیل نەیتوانی لە حیزبوڵڵا بباتەوە، هەمیشە لە دەرفەتی وەک ئەمڕۆ گەڕاوە. 
 
لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتوبەرەوە، حیزبوڵڵا زیاتر لە 1200 جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامی ئەوەشدا نزیکەی 70 هەزار کەسێکی لە ناوچەکانی سنووری ئیسرائیل ئاوارە بوون. سوپای ئەو وڵاتەش لە بەیاننامەی کوژرانی نەسروڵڵادا گوتی 'دەمانەوێ ئاوارەکانمان بگەڕێنەوە.' بۆیە ئەگەر ئامانجەکەیان وابێت، ئەگەر بە دانوستاندن حیزبوڵڵا رازی نەکەن هێزەکانی بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێنێتەوە، لەوانەیە تاوەکو ئاستی لەشکرکێشی وشکانیش بڕوات. حیزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانییەوە دەتوانێت بە مووشەکی کورتمەودا و کاتیۆشا، کە دەتوانێت لەسەر هەزاران پیکابەوە بیتەقێنێت، گرفتی ئەمنیی گەورە و درێژخایەن بۆ ئیسرائیل دروست بکات.
 
وەک جارەکانی دیکە، پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە؛ ئێران و گرووپەکانی «موقاوەمە» چی دەکەن؟
 
بە ئەگەری زۆرەوە لە ماوەی کورتخایەندا، حیزبوڵڵا بەهۆی دابڕانی رشتەی فەرماندەیی ستراتیژی و فەرماندەییە تاکتیکییەکەی لەیەکتر، ئەستەمە بتوانێت وەڵامێکی گەورەی ئیسرائیل بداتەوە. بێشک لێرە و لەوێ دەتوانێت هەر هێرش بکات، بەڵام بە بێ فەرماندەیی، سەرۆکایەتی و هێڵێکی پارێزراوی پەیوەندی و لۆجستی، کاری گەورەی پێناکرێت. تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 27 فەرماندەی گرنگی حیزبوڵڵا و دوو فەرماندەی پلەبەرزی سوپای پاسداران، کە لەوانەیە رۆڵیان لە هاوئاهەنگیی گرووپەکانی موقاوەمەدا هەبووبێت، کوژراون. بە تەقینەوەی پەیجەرەکانیش گرفتێکی گەورەی پەیوەندی بۆ حیزبوڵڵا دروست بووە، لانیکم هەتاوەکو ئەو کاتەی جێگرەوەیەک دەدۆزێتەوە. 
 
بەپێی داتاکانی ئەی سی ئێڵ ئی دی، لەماوەی نزیکەی یەک ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا نزیکەی 7500 جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی کە زیاتر لە 80 ٪ـی لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە و، بەشێکی زۆریشی رێگەکانی هاتووچۆ، هێڵەکانی لۆجستیک و سەکۆکانی تەقاندنی مووشەکی کردووەتە ئامانج. بۆیە بەهۆی پچڕانی زنجیرەی فەرماندەیی و گرفتی لۆجستی و پەیوەندی، ئەستەمە حیزبوڵڵا بتوانێت لە ماوەی کورتخایەندا تۆڵەیەکی زۆر گەورە لە ئیسرائیل بکاتەوە.
 
هەڵبەت، مەرج نییە ئەمە هەتا سەر وابێت، چونکە بۆ ريکخراوێکی وەک حیزبوڵڵا، زۆری پێناچێت بۆ ئەوەی بتوانێ شوێنگرەوەیەک بۆ نەسروڵڵا دابنێ و لەڕووی سەربازییەوە خۆی رێکبخاتەوە. 
 
حەماس، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بەشێکی زۆری توانای سەربازیی خۆی لەدەستداوە و بە ئەگەری زۆرەوە زیاتر لە خەمی پاراستنی ئەوەدایە کە ماوەتەوە، نەوەک دروستکردنی قەڵەمبازێکی نوێ. حوسییەکانی یەمەن زیاتر بە ڕێی درۆن و مووشەکی دوورهاوێژەوە دەتوانن گرفت بۆ ئیسرائیل دروست بکەن، بەڵام ئەوەش بۆ ماوەیەکی درێژ نابێت، چونکە جۆری مووشەک و درۆنی دوورهاوێژ، گرانترە و ئەستەمیشە هەموویان لە سیستەمی بەرگری چەند لایەنەی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی تێپەربن. هەرچەندە تائێستا چەند دانەیەکی ئەوان و گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، گەیشتوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل. 
 
لەو نێوانەدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق بێجگە لە درۆن و مووشەک، توانای گەیشتن بە سنوورەکانی ئیسرائیلیان هەیە لە هێڵی نێوان ئەنبارـ موسڵ بۆ دێرەزوور و لەوێشەوە بۆ سنووری بەرزاییەکانی گۆلان. پێشتر هەندێک لە فەرماندەکانی موقاوەمەی ئیسلامی گوتبوویان؛ هەزاران چەکداری ئامادەیان هەیە لە ئوردن، کە دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل بەڵام هێشتا دیار نییە ئەمە تەنیا بەشێک لە پڕوپاگەندەی شەڕە، یان هەر بەڕاستی توانای وایان هەیە. پێدانی رۆڵی سەرەکی بە موقاوەمەی ئیسلامی لەم کاتەدا لەوانەیە تووشی بەربەستی سیاسی بێت، چونکە ئەمە دەتوانێت عێراق تووشی دەردەسەرییەکی گەورە بکات. لەوانەیە حکومەت و بەشێکی زۆر لە سیاسییەکان، تەنانەت هەندێک لە سەرکردە نەریتییەکانی شیعەش نەیانەوێت وڵات تێکەڵاوی شەڕ بکەن. ئەمە بێجگە لەوەی جوڵەی ئەو گرووپانەش ناتوانێت لە ستراتیژیی گشتی ئێران بەدەر بێت، کە وادیارە لەم کاتەدا شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل ناوێت.
 
بۆ ئێران دۆخێکی سەخت و ناهەموارە. ئەگەر تۆڵە بکاتەوە لەوانەیە رێگە بۆ شەڕێکی ناوچەیی خۆش بکات، کە پێدەچێ دوایین شتێک بێت کە ئێستا بیەوێت. ئەگەر تۆڵەش نەکاتەوە ئەوا کاریگەرییەکەی لەسەر گرووپەکانی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسی، ئەویش لەکاتێکدا هێشتا «تۆڵەی هەنیە»ـشی نەکردووەتەوە. هەرچۆنێک بێت، دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، داشی ئیسرائیل سوارە و باڵانسی سەربازی ـ ئەمنی بە قازانجی خۆی گەڕاندووەتەوە. ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی ئێرانە بەوەی ناوچەکە بەرەو شەڕێک دەڕوات یان هەر بە کاردانەوەیەکی سیمبوولی و سنووردارەوە بەس دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

سلێمان شا و شێخ سەعیدی پیران؛ دوو دیوی یەک چیرۆک

بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە.