رۆژنامەفرۆشەکەی سلێمانی

29-08-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
 
 
کاتێک باسی بەردەرکی سەرای سلێمانی دەکرێت، یەکسەر مێژووی 6ـی ئەیلوولی ساڵی 1930 دێتەوە یادمان، چونکە لەو رۆژەدا خۆپێشاندانێکی گەورە دژی ئینگلیزەکان رێکخرا، دواتر دەبێتە شەڕ و خەڵکی تێدا دەکوژرێت، لەوکاتەوە بە ناوی شەڕی بەردەرکی سەراوە چووەتە نێو لاپەڕەکانی مێژووی کورد و شارەکەوە، هۆکاری خۆپیشاندانەکەش نێوەڕۆکی پەیمانی عێراق - بەریتانیا بوو کە هیچ مافێکی بۆ کورد بەڕەوا نەزانیبوو. هەروەها لەکاتی هێنانەوەی تەرمی مەلیک مەحموود بۆ سلێمانی لە ساڵی 1956دا ، خەڵک خۆپێشاندانیان کرد، ئەوەبوو ئەختەری ژنی رەشۆڵی دەنگبێژ لەوێدا شەهید کرا. 
 
بەردەرکی سەرای سلێمانی، ناوەندی شارەکەیە. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی شار و پاشان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە گرنگی پێدراوە و بووەتە جێگەی حوکمڕانی مەلیک مەحموود و دەوڵەت. فولکەی سەرا، پێنج شاڕێگەی سەرەکی پێکەوە دەبەستێتەوە، شەقامی مەولەوی، شەقامی کاوە، شەقامی پیرەمێرد، شەقامی سابوونکەران و ئۆرزدی، بەنێوبانگترین چایخانەی شاریش کە بە چایخانەی شەعب ناسراوە تەنیا چەند شەقاوێک لە سەراوە دوورە. 
 
ئەوەی من دەمەوێت شتێکی لەسەر بنووسم، نە مێژووی شاری سلێمانییە، نە مێژووی بەردەرکی سەرا و شۆڕشەکانی سلێمانییە، بەڵکو دەمەوێت باسی کەسایەتییەک بکەم کە چەندین ساڵ وەکو ئەو دارەی کۆشکەکەی پاڵی پێوە داوە، رەگی بەنێو خاک و خۆڵی (سەرا) دا داکوتابوو. بەڵێ ئەو کۆشکە وەکو کانییەک بوو، پەیڤی جوان و وشەی جوانی بەنێو ئاپۆڕای رێبوارانی بەردەرکی سەرا، پەرش و بڵاودەکردەوە. باسی کۆشکەکەی مامۆستا مەلا موحسین دەکەم کە چەندین ساڵە بوو، ببووە مامەخەمەی رۆژنامە، گۆڤار، کتێب و هەموو جۆرە بڵاوکراوەیەک، بەتایبەتی گۆڤارە ئەدەبییەکان کە هێشتا بەرگەی دنیای دیگیتاڵ و سۆشیالمیدییان گرتووە و تەسلیم نەبوون، لە نێویاندا گۆڤاری رامان كە مامۆستا موحسین زۆر شایی پێدەهات. 
 
کۆتایی هەفتە دوای تەوابوونی کار، بووەتە خولیایەک بۆ من، ئێواران پیاسەیەکی جادەی مەولەوی دەکەم، کەچی لێی تێرنابم، دەچمە بەردەرکی سەرا، بیرەوەرییەکانی منداڵیم بەبیر دێتەوە و دۆست و ئاشنایان دەبینم، هەندێک جاریش لە بەردەم وێنە گەورەکەی مەلیک مەحموود، دادەنیشم و چایەکی تاڵ دەخۆمەوە، ئاخر شیرینییەکەم (شەکرە) وەکو بازاڕی دۆلارەکە لە هەڵبەز و دابەزدایە، ئەوەی باشە لە شوێنێکی لەباردا ئۆقرەی گرتووە، بەڵام دکتۆر دەڵێت، دەبێت خۆم لە خواردنی شیرینی بپارێزم، بەڵام لەم وەرزەدا کە میوەی خۆماڵی پێگەیشتووە وەکو شتێکی مەحاڵ وایە. 
 
مەلا موحسین خاوەنی یەکێک لەو کۆشکانە بوو کە شارەوانی بۆ چەند کتێبفرۆش و رۆژنامەفرۆشی دابین کردووە. پیاوێکی هەتا بڵێی لەسەرخۆ، کەمدوو، بەڵام لەفزشیرین، کوردپەروەر و کتێب دۆست، بڕواناکەم هەموو چوونێکم بۆ بەردەرکی سەرا سەردانی مەلا موحسینم نەکردبێت، خۆ وەنەبێت بەردەوام رۆژنامە و گۆڤارم لێ کڕیبێت، ئاخر من تەنیا گۆڤارەکان دەکڕم و هەندێکیان دەخوێنمەوە، کاتی دەرچوونیان دیارە، بەڵام خۆشیم لە گفتوگۆ و سەرڕاستی و بیروباوەڕەکەی مەلا موحسین دەهات کە کوردایەتی لێدەچۆڕا. 
 
زۆرجاران، قەیرێک لەبەردەم دەرگای کۆشکەکەیدا پێکەوە دەوەستاین، هەندێکجار دەنگی قورئانی پیرۆز بە کزی دەگەیشتە بەردەمی دەرگاکە، دیاربوو مەلا موحسین سووکنایی بەو دەنگە نەرم و نیان و خۆشە دەهات. زۆرجار هەر بەو ئاقارەدا قسەم دەکرد کە ئەو بەدڵی بوو، بۆیە دەیگوت تکایە زوو زوو سەردانم بکە.
 
مانگێک زیاتربوو، مەلا موحسینم نەدەبینی، کوڕەکەی ئاگای لە کۆشکەکە بوو، کاتێک هەواڵم پرسی گوتی: باوکم نەخۆشە، بردوویانە بۆ ئێران، بەڵام بەرەو باشی دەڕوات. 
 
کەچی لەم رۆژانەی پێشوودا کە بۆ کارێک لە دهۆک بووم، لە وەتسئاپەوە لینکێکم لەلایەن هاوڕێیەکمەوە بۆ هات، کە کردمەوە وێنەیەکی مەلا موحسین بوو بە جلی کوردییەوە، بەڵام خەتێکی رەش لە وێنەکە درابوو، بەڕاستی تاساندمی، هەواڵەکەم نەخوێندەوە، ئاخر خەتە رەشی سەر وێنەکە بەس بوو بۆ ئەوەی کە تێبگەم مەلا موحسین کۆچی دوایی کردووە.
 
مەلا موحسین زیاتر لە 35 ساڵ بوو کاری کتێبفرۆشی و رۆژنامەفرۆشی دەکرد، لەو ئاشنایەتییەی من لەو سی ساڵەدا لەگەڵ مەلا موحسین، لەو پیاوە گەیشتم تەنیا مەسەلەی گوزەرانی ژیان نەبوو وای لێکردبوو رۆژنامە و کتێب بفرۆشێت، بەڵکو عیشقی کتێب و زمانی کوردی چووبوونە خوێنییەوە، زۆرجار دەیگوت خەریکە لە خراپ نووسین بە زمانی کوردی لەم سەردەمەدا دەهری دەبم، بەڵام چیبکەم خۆ نەدەسەڵاتدارەکان و نە پێداهەڵدەرەکانیان بە قسەم ناکەن، بە خەندەیەکی پڕ ماناوە دەیگوت بەینی خۆمان بێت تەنانەت هەر دەنگیشم پێیان ناگات.
 
دوێنێ کە بەلای کۆشکەکەیدا رۆیشتم، هێشتا ئەو لافیتە رەشەی هەواڵی مردنی مەلا موحسینی لەسەر نووسراوە، بەسەر کۆشکە داخراوەکەیدا هەڵواسرابوو، ئیتر بەتەواوی تێگەیشتم کە نە ئێمە چیدیکە گفتوگۆ لەگەڵ مەلا موحسین دەکەین و، نە ئەویش رۆژنامە و گۆڤارەکان وەردەگرێت و ریزیان دەکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەرکاتێک بەلای کۆشکەکەیدا رەت ببم، لە دڵەوە بەیادی دەهێنمەوە، خوات لەگەڵ هاوڕێی کتێب و رۆژنامەکان. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

چیرۆکی چین؛ قەڵەمبازێک لە جیهانی سێیەمەوە بۆ جیهانی یەکەم

کاڵای چینی کوالیتی خراپ نییە و هەرزانیش نییە، بگرە لە زۆرێک لە براندە جیهانییەکان بۆ جلوبەرگ، کاڵای جوانکاری و پێداویستییەکانی ناوماڵ و ئامیرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکان تاوەکو ئۆتۆمبێل و هتد گرانترە، ئەی ئەو کاڵایانەی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بە چینی دەفرۆشرین بۆ هەرزانن و کوالێتی خراپە؟