دیسان دڵم زۆر تەنگە

29-06-2024
مەحموود نەجمەدین
A+ A-
 
ئەو ھەڤۆکە کورتەی کردوومە بە ناونیشان و سەردەقی ئەم بابەتە، دێڕێکە لە گۆرانییەکی عەلامەی ھونەری کوردی محەممەدی ماملێ. مامۆستا ئەو گۆرانییەی بۆ دڵی لە کوڵی ئەوینداران گوتووە، ئەمما ئەز لەم دەردەدڵەدا بۆ رۆحی برینداری نەتەوەیەکی بەشخوراو بە قەرز لە مامۆستام وەرگرتووە، دەردێک چەندین ساڵە بە دەستیەوە دەناڵێنین. ئێمەی کورد چەند ساڵ جارێک دەکەوینە نێو گێژاو و فەیز و لیتەی دوژمنی رق ئەستوورەوە و زاکەی زەحمەتمان دەگاتە حەوێقی ئاسمان و کەس بە فریامان ناکەوێت. کێ بە فریای کێ کەوتووە؟! دەوڵەتانی مل ئەستوور ناچار نین پشت و پەنای ئێمە بن. ئێمەش دوای رشتنی دەریایەک خوێن وەختێک دەربازدەبین، ناتوانین بە تەبایی بژین و خۆمان حوکمی خۆمان بکەین، یەکسەر دوکم بۆ یەکتری دەبەین و خۆمان بە شەڕەدەنووک و حەمەڕەمزێوە دەخافڵێنین تا ئەو کاتەی دوژمنەکانمان گوڕی بۆ دەسەننەوە و بە یەک چەپۆک دەمانخەنەوە قۆناخی سڕبوون.
 
ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو ژیان بۆ کورد لە عێراقدا نەک ھەر ناخۆش بوو، پاچەخانەیەکی گەورە بوو، بەتایبەت لە کۆتایی ھەشتاکاندا و دوای پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران، کورد بە تەواویی جەمسی، چووە قۆناخی سڕبوونەوە، شەرارەی خەم دڵی نەتەوەیەکی گوشی و ھەروا لەژێر لێوەوە زەلیلانە دەردەدڵمان کرد. دیسان دڵتەنگی.
 
ئەو قۆناخەش تێپەڕی، راپەڕینی بەھاری ساڵی 1991 بە ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان پێماننایە سەردەمێکی نفت و نوێوە، ھەموو دڵخۆش بووین بە ئازادی و ھاتنی ئەو فریشتەیەی ناوی پێشمەرگەبوو. ئەمما ئەو قۆناخەش کورتخایەن بوو، دوای راپەڕین و لە دەستپێکی دروستکردنی حکومەتێکی کوردیدا یەکسەر کەوتینە نێو قۆناخێکی دیکەی سەخت و ناخۆشەوە، ململانێ و ئینکەبەری یەکێتی و پارتی ھەرێمەکەمانی بەرەو شەڕێکی قێزەون برد، گەمارۆی ئابووریش وەک دێوی دۆڵپا سواری سەرمان بوو، ژیانی لێ کردین بە ژەھر. شەڕ، شەڕ... دوو حزبە زلھێزەکەی کوردستان درێژەیان بە شەڕێکی نەگریس دا، لەبری ئەوەی بیر لە بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە بکەنەوە و ژیانێکی خۆش بۆ ئەم میللەتە مەفلووک و دڵ پڕ لە برینە چێ بکەن، بەگژیەکدا چوونەوە و خوێنی کورد بە دەستی کورد ڕژا. بۆ ئەو قوناغەش دیسان دڵتەنگی.
 
دوای ساڵانێک لەشەڕ و ململانێ، بە نێوەندگیریی ئەمریکا قۆناخێک لە ئاشتەوایی لە کوردستان دەستیپێکرد، مادلین ئۆڵبرایت شالیارە پیر و خوێن شیرینەکەی ئەمریکا وەک فریشتە فریامانکەوت و ئۆخەێکمان کرد. ئەگەرچی پارتی و یەکێتی لە دوای ئەو نێوەندگیرییەوە بە حساب بران و تەبا و رەبان، ئەمما شەڕە دەنووکی میدیاکانیان تا ئەمڕۆ بەردەوامە. بەھەربار قۆناخێک لە ئاشتەوایی و ئاسوودەیی دەستیپێکرد، دەروەچەیەکمان لێ کرایەوە، گەمارۆی ئابووری ھەڵگیرا و  فەرەحانی رووی تێکردین، وەک بەی خەنان گەشاینەوە، ساڵانێکمان بەو لەونەش تێپەڕاند. تاوەکو ئەمریکا دەستی نایە بینەقاقای بەعس و ئەو سەدامەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا وەک دێوەزمەیەک ھەڕەشەی دەکرد. ئەمریکا وەکو کرمێک لە کونێکەوە دەریھێنا و بردییە بەردەم پەتی سێدارە. حکومەتی تازەی عێراق چێ بوو، کورد چووە نێو حکومەتێکی لاوازەوە و بە ھەموو توانایەوە کاری بۆ بەھێزکردنی ئەو حکومەتە لاوازە کرد و بوو بە کاریتەی پشتی. لێ داگیرکەر ھەر داگیرکەرە. ساڵانێک حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی ئەو دەوڵەتە تازەیەی عێراقدا بوو، بە فیدراڵییەک لەخشتەیان بردین و ئێمەش لەبری ئەوەی جوو ئاسا بچین کەرکووک و خانەقین بکڕینەوە... ئەگەر بەپارەی خۆشمان بێ بست بە بست بیکڕینەوە، ئەمما وەک نەفاسە، بەسەر کەرکووکی بێ ناز و وێراندا بەرەو بەغدا غارمان دا، ھەڵپەی ئەوەمان بوو لە بەغدایەکی لاوازدا پۆست و پلەی بەھێز وەربگرین. حکومەتی تازەی عێراقیش خۆی مت کرد تاوەکو بوژایەوە.
 
دوای ھاتنی داعش بۆ ناوچەکە عێراقی فیدراڵ کوردی کرد بە براگەورەی جەنگی داعش، لەو قۆناخەشدا خوێنی زۆرمان رژا. تاوەکو عێراق لەو دەردە پیسەش رزگاری بوو، ئەوجا عێراقی نوێ سەیری بازۆڵەی خۆی کرد و دیسانەوە لووتی فیزی بۆ حەوێقی ئاسمان بەرزکردەوە. دوای ئەو ریفراندۆمەی ھەموومان دەنگمان پێدا و پاش شکست خۆمان لێ نەبان کرد. بەغدا کەوتە ھەڕەشە و گوڕەشە و بورکانی رقی تەقییەوە. ئێمەش دیسان دڵتەنگی.
 
وەختێک بەغدا لاوازبوو ئێمە چیمان کرد؟! ئەو ھەلە زێڕینەمان لە دەست دا، کورد گوتەنی ھەموو رۆژێک گورگ بەسەر سەدەی مەحموود بایزدا نایەت. ھەلی زێڕینی ٢٠٠٣ ھەڵناکەوێتەوە. حکومەتی تازەی عێراقیش بە نەفسی عێراقی هەشتاکان دوکمی بۆ ھێناین، ئەم نەسڵە شاھیدی ئەوەن کە چۆن دەبابەی سەردەمی حکومڕانی عەبادی جەستەی پێشمەرگەی کوردستانی هاڕی و کەرکووکی داگیرکرد. لەو ڕۆژگارەشدا ئێمە بێ دەسەڵاتانە دیسان پەنامان بردەوە بەرگریان و خۆ خواردنەوە و شەڕە دەنووکی حزبەکان. جا ئەو دێڕەی ماملێ بۆ ئەو قۆناخەش پڕواپڕە، دیسان  دڵم زۆر تەنگە. ئیدی ئەم دێڕە وێردی سەر زمانی ئەم نەتەوە بەشخوراوەیە، مانیفێستی دڵتەنگی ئێمەیە.
 
ئەم ئێستاش بەناوی مووچەوە خەریکی بچووککردنەوەی ئێمەن، ئەوان پاملمان دەکەن و ئێمە پلوپایان ماچ دەکەین. نە کەڕەتێکە و نە دوانە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. وردە وردە بچووک و بچووکترمان دەکەنەوە و ئێمەش مەگەر ھەر بڵێین "دیسان دڵم زۆر تەنگە." و خەون بە ٢٠٠٣ یەکی دیکەوە ببینین و خوا دەزانێ چەند دەیەی دیکە گورگەکە بەسەر سەدەی مەحموود بایزدا تێدەپەڕێتەوە.
 
فەیز: بەڵا و موسیبەت
دوکم: شاڵاو، ھێرش
حەمەڕەمزێ: چەقەچەق و شەڕە قسە
پاچەخانە: قەسابخانە
ئینکەبەری: ململانێ و ئینکاریکردن لەگەڵ یەک
مەفلووک: کڵۆڵ، بێ چارە
نەفاسە: زۆر خێرا
بەی خەنان: بەیەکی ئەفسانەیی بووە و شێوەی وابووە پێکەنیوە.
دەروەچە: دەلاقە
پامل کردن: گوشار ھاوردن و زۆرھێنان
پلوپا: دەست و پێ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆشەی هەفتانەی ئاڵا شاڵی

کێ لە 'قوماری ماکرۆن' دا دەدۆڕێ؟

ئەگەر لە فەرەنسا راستئاژۆ پەڕگیرە دژە کۆچبەرەکانیش بەهێز بن و یەک لەسەر سێی هەژموونی سیاسییان هەبێ، ئەو دوو لەسەر سێیەی دەمێنێتەوە لەسەر زۆر شتیش ناکۆک بن، لەسەر بەردەوامیی دۆستایەتیی کورد کێشەیان نییە.