مۆدێرنیزاسیۆنی چینی: دەرفەتی نوێ بۆ جیهان

29-04-2023
A+ A-
وتاری سەرەکیی راوێژكاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین، جین گانگ لە مەراسیمی کردنەوەی کۆڕبەندی لانتینگ سەبارەت بە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان:
 
شەنگەهای شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ بەستنی ئەم كۆڕبەندە بەناونیشانی "مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان". وەک زۆرجار دەگوترێت، ئەگەر بتەوێت دەربارەی 100 ساڵی رابردووی چین بزانیت، پێویستە بچیتە شەنگەهای. زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر پارتی کۆمیونیستی چین لێرەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد. لەوکاتەوە شەنگەهای نەک تەنها شاهێدی گۆڕانکارییەکانی نەتەوەی چینی بووە، بەڵکو گۆڕانکارییە قوڵەکانیشی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەخۆیەوە بینی. شەنگەهای کۆن کە زلهێزە بیانییەکان زاڵبوون بەسەریدا، ئەمڕۆ پێشەنگێکە لە چاکسازی و کرانەوەی چین. شارێكی گەورە و قەرەباڵخ و ئاوەدان کە لە ساڵی 1949 لە وێرانکارییەوە وەک گەورەترین هێزی ئابووری و داهێنانی چین و ناوەندێکی بازرگانی و گواستنەوە لە جیهاندا دروستبوو. شەنگەهای پێشەنگی رەوتەکانی سەردەم و گەشەسەندنمانە. نیشانەیەکی درەوشاوەی رێگای چینییە بۆ مۆدێرنیزاسیۆن. 
 
داری بەرز بەبێ ڕەگ گەشە ناكات و رووباری درێژ بەبێ سەرچاوە دروست نابێت. بە هەمان شێوە سەرکەوتنمان لە مۆدێرنیزاسیۆنی چینیدا لە ئاسمانەوە نەگوازراوەتەوە یاخود لەخۆیەوە سەریهەڵنەداوە، بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگای هەوڵی بەردەوام و یەکلاکەرەوەی گەلی چین لەژێر سەرکردایەتیی پارتی کۆمیونیستی چین کە هەمیشە بەوەفا بووە بۆ ئەرکی دامەزراندنی، بەدەست هاتووە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی رەگێکی قوڵی لە مێژوو و پراکتیک و فەلسەفەکانی چیندا داکوتاوە.    
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی هەڵبژاردەی سرووشتی چینە بۆ گەشەپێدان، کە ماوەی 100 ساڵە بەردەوامە. مۆدێرنیزاسیۆن بۆ چین گەشتێک لە سەختی، کۆڵنەدان، ئازار، شکۆمەندی، شەرەف و خەون بووە. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ژمارەیەكی زۆر لە نیشتمانپەروەران بەرەو رۆژئاوا بەڕێكەوتن بۆ دۆزینەوەی شێوه‌یه‌كی مۆدێرنیزاسیۆن بۆ رزگارکردنی میللەت، بەڵام هەموویان شکستیان هێنا. تەنها لەدوای لەدایکبوونی پارتی کۆمیونیستی چین لە ساڵی 1921، چین پایە و رێنمایی بۆ مۆدێرنیزاسیۆنی خۆی دۆزییەوە. لەژێر سەرکردایەتیی بەهێزی پارتی کۆمیونیستی چین دەستمان بە گەشتێكی گەورە كرد بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی مۆدێرن بەشێوەیەكی سەربەخۆ. ئێمە چینمان لە خاکێکی هەژار و دواکەوتووەوە بۆ دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان گۆڕی، بۆ یەكەمین لە بازرگانیی كاڵا و خاوەن گەورەترین یەدەگی دراوی بیانی و گەورەترین بەرهەمهێنەر. ئێمە گەورەترین سیستەمی پەروەردەی ناچاری و سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پزیشکی و تەندروستیمان لە جیهاندا داناوە. چین لە ماوەی کورتی چەند دەیەیەکدا، پیشەسازیبوونێکی بەدەستهێنا، کە وڵاتانی پێشکەوتوو ماوەی چەند سەدەیەکیان پێچوو بۆ بەدەستهێنانی. ئێمە، توانیمان بە هەنگاوی گەورە بگەینە سەردەم.   
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی داواكارییەكی سروشتییە بۆ پێشخستنی گەنجبوونەوەی نیشتمانی لە هەموو بەرەکاندا.   
 
لە 18ـیەمین کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی کۆمیونیستی چین، لەژێر سەرکردایەتیی بەهێزی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین و لە ناوەڕۆكیدا هەڤاڵ شی جینپینگ، دەست نرایە سەر"دوگمەی خێراکردن" لە هەڵمەتی مۆدێرنیزاسیۆنی چیندا. دوو پەرجووە گەورەکە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی درێژخایەن، بەردەوام بوون. هەژاری رەها بنبڕکرا. کۆمەڵگەیەکی ئاوەدانی مامناوەند لە هەموو روویەکەوە بووە واقیع. بەمەش ئامانجی سەدەی یەکەم هاتەدی. نەتەوەی چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەركەوتن و گەشەکردنی خۆشگوزەرانییەوە بۆ بەهێزبوون بەدەستهێناوە. ئێستا گەنجبوونەوەی نیشتمانی لەسەر رێگایەكە گەڕانەوەی تێدا نییە. لە دانیشتنەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی گەل (NPC) و کۆنفرانسی راوێژکاری سیاسی گەلی چین (CPPCC) لە مانگی رابردوو، سکرتێری گشتی، شی جینپینگ دووبارە بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی کۆماری چینی میللی هەڵبژێردرا. هەڵبژاردنێک كە لەلایەن مێژوو و گەلەوە بوو. سەرۆک شی جینپینگ بە قەناعەت و بەرپرسیارێتی "خزمەتکردنی گەل بەشێوەیەکی خۆنەپەرستانە"، مۆدێرنیزاسیۆنی چین بەرەو پێشەوە دەبات و لە رۆیشتن لەسەر رێگای راست بەرەو داهاتوویەکی باشتر سەرکردایەتیمان دەکات.  
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی دەرئەنجامێکی سرووشتیی یاساکانی پەرەپێدانی مرۆڤە.
 
مۆدێرنیزاسیۆن پرسی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە. هەرچەندە رۆژئاوا پێش ئەوانی تر چێژی لە بەرهەمی مۆدێرنیزاسیۆن بینی، بەڵام مێژوو لەوەندەدا کۆتایی نایەت. 140 ساڵ لەمەوبەر، کارل مارکس پێشبینی بەزاندنی دۆڵی کاودینی سەرمایەداریی دەکرد، کە بنەمایەکی تیۆری تۆکمە بۆ ڕێبازێکی مۆدێرنیزاسیۆنی جیاواز لە ڕێگای رۆژئاوا دابین دەکات. لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو و زیاتریش، چین بە خۆی رێگایەکی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن دۆزیەوە و، شێوەیەكی نوێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دروستکرد. راستییە بەرفراوانەکان سەلماندوویانە کە هیچ مۆدێلێکی جێگیر یاخود یەک چارەسەر بۆ مۆدێرنیزاسیۆن نییە. هەر وڵاتێک دەتوانێت مۆدێرنیزاسیۆن بەدەستبهێنێت، بە مەرجێک ڕێگاکە لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا بگونجێت و پێویستی گەلەکەی بۆ گەشەپێدان دابین بكات. بەپێچەوانەوە، کۆپیکردنی میکانیکی مۆدێلە بیانییە نەگونجاوەكان، بە ئەنجامی پێچەوانەت دەگەیێنێت، تەنانەت رەنگە لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت.
وتەیەکی چینی دەڵێت :ئایدیاڵە بەرزەكان بریتین لە دروستكرنی جیهانێك كە هەمووان هاوبەشی بكەن". چین، وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو، هەمیشە چاکەی گشتی هەموو جیهان لەبەرچاو دەگرێت. رێگای چینی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن نمایشی یەک گوڵ نییە و، تەنها بۆ بەرژەوەندیی خود نییە، بەڵكو رێگایەکە بەرەو گەشەسەندنی چین، کە لە رێگەیەوە وزەی ئەرێنی زیاتر بۆ ئاشتی جیهانی زیاد دەکات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی دروست دەکات. ئەمانەیە كە وا من باوەڕم پێیانە: 
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بووژانەوەی ئابووریی جیهانی.
 
لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لە دوای پەیڕەوكردنی چاکسازی و کرانەوە، حکومەتی چین زیاتر لە 800 ملیۆن کەسی لە هەژاری رزگاركرد و ژمارەی داهاتی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 400 ملیۆن کەس زیادكرد. ئەمڕۆ، چین هاوبەشی بازرگانیی سەرەکیی زیاتر لە 140 وڵات و هەرێمە، رۆژانە 320 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و مانگانە زیاتر لە سێ هەزار بازرگانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت. لە ماوەی دەیەی رابردوودا، چین بەشداری زیاتری لە گەشەی جیهانیدا کردووە بەراورد بە هەموو وڵاتانی جی حەوت (G7) بەیەکەوە.
 
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیار و 400 ملیۆن کەس لە رێڕەوی مۆدێرنیزاسیۆنن، کە ئەم ژمارەیە لە كۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی هەموو وڵاتانی گەشەسەندوو بەیەكەوە زیاترە، چین پاڵنەرێکی زۆر بەهێز بە ئابووریی جیهانی دەدات. کۆڕبەندی گەشەپێدانی چین و کۆڕبەندی بواری ئاسیا کە مانگی رابردوو بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، چەندین سەرکردەی سیاسی و بازرگانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی راكێشا. زۆرترین بابەت كە لەو دوو كۆڕبەندەدا بیستمانن، دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرفەتە نوێیانە بوو کە لەگەڵ گەشەپێدانی کوالیتی بەرز و کرانەوەی ستانداردی بەرزی چیندا دێن. ژمارەی یەكەمی روانگەی یەکدەنگی بریتی بوو لە رەتکردنەوەی جیابوونەوە و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ چین.
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی لەگەڵ خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەمووان، رێگایەکی فراوانتر بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی هەموو وڵاتان دەکاتەوە.
 
مۆدێرنیزاسیۆن نابێت دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر بکات. هەروەها نابێت تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چەند وڵاتێک یاخود تاکێک بگەیێنێت. خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموو جیهان پێویستی بە گەشەپێدانی هەموو وڵاتان هەیە. دەستپێشخەری پشتێن و رێگا (BRI) و دەستپێشخەریی گەشەپێدانی جیهانی (GDI) سوودی گشتین کە چین پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات. هەروەها سەکۆی کراوەن بۆ بەدواداچوونی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی هاوبەش. دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ لە دەستپێکردنی دەستپێشخەری پشتێن و رێگا، زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژەی هەماهەنگی دەستیپێكراوە، کە دەكاتە وەبەرهێنانی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی و رەخساندنی 420 هەزار هەلی کار بۆ وڵاتانی بەشداربوو. بەم شێوەیە بەشێکی زۆری گەلان خەونەکانیان لە دروستكردنی هێڵی ئاسنین و پردی گەورە و کەمکردنەوەی هەژاری، بەدیهێناوە. 
 
دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی پێشوازییەكی بەرفراوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. 
 
بە پشتیوانیی زیاتر لە 100 وڵات و بەشێکی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لەگەڵ نزیکەی 70 وڵات لە گرووپی دۆستانی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەرییەکە پاڵنەڕێكی بەهێز دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێشوەختەی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030. چین، پرسی قەرزی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بە جدی وەردەگرێت. ئێمە بەشێوەیەكی تەواو و چالاکانە دەستپێشخەری راگرتنی خزمەتگوزاری قەرزەکانی جی 20 (G20)جێبەجێ دەکەین، و بەشداریمان بە ڕێژەی 62٪ـی کۆی گشتی پێدانی قەرزە راگیراوەكان كردووە. دەتوانین بڵێین کە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی، یارمەتیدەر بووە بۆ ئیلهامبەخشینی متمانە بۆ بەشێکی زۆری وڵاتان لە بەدواداچوونەکانیان بۆ مۆدێرنیزاسیۆن. وەکو سەرکردەیەکی ئەفریقا دەڵێت "رێگای چین، ئیلهامبەخشە بۆ هەموو وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەموو وڵاتێک توانای بەدەستهێنانی گەشەسەندنی هەیە تەنانەت لە سفرەوە". 
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بە پێشکەوتنی مادی و کولتووری-ئەخلاقی، ئاسۆی گەش بۆ پێشکەوتنی مرۆڤ دەکاتەوە.
 
هەندێک وڵات لەکاتێکدا لە رووی ئابووری و زانست و تەکنەلۆژیاوە زۆر پێشکەوتوون، لەهەمان كاتدا ئەوان لە رادەبەدەر پشتیان بە سەرمایەداری بەستووە، هەروەها لە كێشەی بڵاوبوونەوەی ماتریالیزمی ئابووری، هەژاریی کولتووری، تێکچوونی ئەخلاقی و پشێوی گشتیی دان. سەرۆک شی جینپینگ جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئامانجی کۆتایی مۆدێرنیزاسیۆن، گەشەپێدانی ئازاد و باشی مرۆڤەکانە، ئەمەش نەک تەنها بە مانای زۆری ماددی دێت بەڵکو دەوڵەمەندکردنی کولتووری و ئەخلاقیشە.
 
وتەیەکی چینی دەڵێت، "خەڵك تەنها کاتێک کە ماڵی پڕ لە دانەوێڵە دەبێت فێری ئەتەکێت دەبێت؛ تەنها کاتێک مرۆڤەکان خۆراکیان دەستدەكەوێت و جلیان لەبەردا بێت، شەرەف و شەرمەزاری دەزانن". نەتەوەی چین هەمیشە تامەزرۆی جیهانێکی هاوئاهەنگی گەورەیە کە تێیدا مرۆڤ لە نەبوونی ئازاد بن و پێوەرێکی ئەخلاقی بەرز پەیڕەو بکەن. ئەمە جیهانێکە کە مرۆڤ شوێنکەوتنی کولتووری خۆیان دەخەنە پێش پێداویستییە مادییەکان و وەک بەشێک لە ئایدیاڵیی کۆمەڵایەتی خۆیان دەیبینن. لە سەردەمی ئەکسیاڵیدا 2500 ساڵ لەمەوبەر، فەیلەسووفانی شارستانییەتە گەورەکان، وەک کۆنفۆشیۆس و مێنسیۆس لە چین و ئەفڵاتوون لە یۆنان، بەردەوام بوون لە هەوڵی دەوڵەمەندکردنی کولتووری و ئەخلاقی. مۆدێرنیزاسیۆن لەناوچوونی شارستانییەتە کۆنەکان نییە، بەڵکو گەنجبوونەوەی کولتوورە نەریتییەکانە. دەستپێشخەریی شارستانییەتی جیهانی (GCI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، بانگەشە بۆ گرنگی میرات و داهێنانی شارستانییەتەکان دەکات، رێزگرتن لە هەمەجۆریی شارستانییەتەکان دەكات، هەروەها بنەماکانی یەکسانی و فێربوونی هاوبەش و گفتوگۆ و گشتگیری لەنێو شارستانییەتەکاندا بەرەوپێش دەبات. چینییەکان پێیان وایە تەنانەت بۆ وڵاتێکی دامەزراوەییش، داهاتووی بە خۆنوێکردنەوە بەندە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی هێز و زیندوویی نوێ بۆ شارستانییەتی قووڵی چینی زیاد دەکات، هەروەها بەشداری زیاتر بە دانایی چینی دەکات بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی جیهانی و پێشکەوتنی مرۆڤ. ئێمە پێشبینی جیهانێکی باشتر دەکەین کە هەموو شارستانییەتەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لە ڕێگەی خۆنوێکردنەوەی بەردەوامەوە خۆشگوزەران بن، هەم چێژ لە زۆربوونی ماددی و هەم لە پێشکەوتنی کولتووری و ئەخلاقی وەربگرن. 
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بە هاوئاهەنگی نێوان مرۆڤایەتی و سرووشت، رێگایەکی بژاردەتر بۆ جیهانێکی پاک و جوان دەڕەخسێنێت.
 
وەک سەرۆک شی جینپینگ ئاماژەی پێکردووە، ئاوە ڕوونەکان و چیا بەپیتەكان سەرمایەی بێ نرخن. چین بە ئامادەییەوە بەرپرسیاریێتی خۆی لە پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێتە ئەستۆ، و لە زۆر بابەتدا پێشەنگی جیهانە: لە رووی رووبەری دارستانەوە، چین چارەگێک لە کۆی گشتی جیهان پێکدەهێنێت؛ لە پەرەپێدان و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، توانا دامەزراوەکانی وزەی با و خۆر لە چین، یەک لەسەر سێی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت و، لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی وزەی نوێدا، نیوەی ئۆتۆمبێلەكانی وزەی نوێ لە جیهان لەسەر شەقامەكانی چین کاردەکەن. چین بەڵێنی گەورەی بەدەستهێنانی لووتکەی کاربۆن و بێلایەنی کاربۆن بە جیهان داوە و پابەند بووە بە گواستنەوە لە لووتکەی کاربۆنەوە بۆ بێلایەنی كاربۆن لە ماوەی تەنها 30 ساڵدا. ئەم ماوەیەش لانیکەم ساڵانێک لە ولایەتە یەكگرتووەكان کەمترە و زیاتر لە 40 ساڵ لە یەکێتی ئەوروپا كەمترە. چین، دەستپێشخەری دامەزراندنی سندووقی کۆنمینگ ـی بۆ جۆراوجۆری بایۆلۆجی کردووە، هەروەها بەشداری لە واژۆکردنی رێککەوتنی پاریس کردووە. لە سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆک شی جینپینگ و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر پەرەپێدانی ناوەندێکی بێلایەنی کاربۆن بەشێوەیەكی هاوبەش رێککەوتن، لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی زەبری نوێ بۆ گواستنەوەی جیهان بۆ نزمی کاربۆن.
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی لەسەر رێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، دڵنیایی زیاتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهان دەهێنێت.
 
باڵادەستی و هەژموون ئامانجی گەشەپێدانی چین نییە. ئەو تێڕوانینەی دەڵێت هێز دەبێتە هۆی هەژموون، لەگەڵ کولتووی چینیدا ناگونجێت و رووبەڕووبوونەوەی هەژموون کارەکتەری بەرزی دیپلۆماسیی چینییە. تا ئەمڕۆ چین تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە پابەندبوونی بە رێگای گەشەسەندنی ئاشتییانە لە دەستوورەکەیدا داناوە. چین لە نێو ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربووی سەرەکی هێزەكانی ئاشتیپارێزە، هەروەها تاکە وڵاتە لە نێوان پێنج وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە بەڵێنی بەکارنەهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی داوە. ئێمە بەشداریمان لە زیاتر لە 20 پەیماننامەی فرەلایەنی کۆنترۆڵکردنی چەک کردووە و، هانی دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەشمان لە نێوان پێنج وڵاتی چەکی ئەتۆمیدا سەبارەت بە رێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی داوە. ئێمە بانگەشە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکیی نێودەوڵەتی دەکەین لە رێگەی راوێژ و گفتوگۆوە.
 
دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی (GSI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، ئاماژەی بە ئاڕاستەی دروستیی بەدواداچوونی ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر کردووە.  
 
پەندێکی چینی دەڵێت "دوژمنایەتی نەهێڵیت باشترە لەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە". بە هاوكاری چین، سعودیە و ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە.  جێگەی دڵخۆشییە ببینین وڵاتانی زیاتر بەیەكەوە تەوقە دەكەن و ئاشتی دەگەڕێتەوە لەنێوانیان. لەبەرامبەر قەیرانی درێژخایەنی ئۆکراینا، چین قەیرانەكە زیاد ناكات و سوود لە دۆخەكە وەرناگرێت، بەڵکو هەڵوێستێکی بێلایەنی گرتووەتەبەر و هانی گفتوگۆی ئاشتی دەدات لەپێناو کەمکردنەوەی گرژی و فشارەکان و هێمنكردنەوەی دۆخەكە. راستییەکان سەلماندوویانە هەنگاوەكانی چین بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن، پاڵنەرێكن بۆ هێزی ئاشتی و دادپەروەری.
 
بیستەمین کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی کۆمیونیستی چین کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوو، نەخشەی گەشەپێدانی داهاتووی چین و ئەرکی پێشخستنی گەنجکردنەوەی نەتەوەی چین بە شێوازی چینی لە هەموو بەرەکاندا بۆ مۆدێرنیزاسیۆن داڕشت. بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە سەرەكییە، دیپلۆماسییەتی چینی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆی دەگرێت. ئێمە پابەند دەبین بە ڕێگای گەشەپێدانی ئاشتیانە، و پەروەردەکردنی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە رێزگرتنی یەکتر، یەكسانی، دادپەروەری و هەماهەنگی براوە-براوە لەخۆدەگرێت. ئێمە كار لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکەین بۆ بنیاتنانی جیهانێکی کراوە و گشتگیر و پاک و جوان، كە چێژ لە ئاشتی هەمیشەیی و ئاسایشی گشتگیر و خۆشگوزەرانی هاوبەش وەربگرێت و پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەک کە خاوەن داهاتوویەکی هاوبەشی بێت بۆ مرۆڤایەتی.
 
چین بە ئیرادەیەکی زیاترەوە بەرگری لە مافی گەشەسەندنی هەموو وڵاتان دەکات 
 
مۆدێرنیزاسیۆن مافێکی بێبەشنەکراوی هەموو وڵاتێکە، نەک ئیمتیازێک بێت كە تەنها بۆ چەند کەسێک تەرخانکرابێت. ئەوانەی مۆدێرنیزاسیۆنیان بەدەستهێناوە، نابێت پردەکە بڕووخێنن یاخود رێگەی وڵاتانی دیکە بۆ مۆدێرنیزاسیۆن بگرن و، نابێت ئەو وڵاتانەی دیکە کە رێگەیەکی جیاواز بۆ مۆدێرنیزاسیۆن هەڵدەبژێرن، سەرکووت بکەن، هەوڵی كۆنترۆڵكردنیان بدەن یاخود بیانوەستێنن. چین هیچ نیازێکی نییە بەشداری لە کێبڕکێی زلهێزەکاندا بکات. ئەوەی ئێمە بە تووندی بەرگری لێدەکەین، بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدانی خۆمان و مافی گەلی چینە بۆ بەدواداچوونی ژیانێکی باشتر. چین ڕێز لە ڕێگای مۆدێرنیزاسیۆن دەگرێت کە خەڵکی وڵاتانی تر هەڵیانبژاردووە، دژایەتی هەوڵەکانی دروستکردنی رووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژی و شەڕی ساردی نوێ و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و سەپاندنی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر ئەوانی دیکەدا دەکات. چین پابەندە بە ئاڕاستەی دروستی جیهانگیری، دژی هەوڵەکانی دروستکردنی دیوار و بەربەست و پاڵنانی جیابوونەوە و پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردنە، هەروەها دژی فشارو سزا تاکلاییەكانە. چین هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ دەستەبەرکردنی کارکردنێكی سەقامگیر و بێ کێشەی زنجیرە پیشەسازییەکان و دابینکردن، بۆ ئەوەی بە جیهانگیری ئابووری و مۆدێرنیزاسیۆن، هەموو وڵاتان بتوانن بە هاوبەشی بەرەو پێشەوە بچن و تەواوکەری یەکتر بن. 
 
چین بە هەوڵی چالاکانەتر، کرانەوەی ستانداردی بەرز بەرەوپێش دەبات. 
 
مۆدێرنیزاسیۆنی چین لە رەوتی کرانەوەدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە و، بە دڵنیاییەوە لە رێگەی کرانەوە داهاتوویەکی گەشاوەتر بەدەستدەهێنێت. لە میوانداریکردنی کۆڕبەندی پشتێن و ڕێگا بۆ هەماهەنگی نێودەوڵەتی و پێشەنگای نێودەوڵەتی چین بۆ هاوردەکردن، چین یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ جیهان قووڵتر دەکاتەوە. ئێمە سەرچاوەی زیاتر لە هەماهەنگییەكانی گەشەپێدانی جیهانیدا وەبەردەهێنین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یارمەتیدانی رزگاربوون لە بارگرانییەکانی قەرزەکانی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو. هەوڵ دەدەین ئاڵوگۆڕی دارایی و دراوی نێودەوڵەتی لە دۆخی نالەبار و دەستکاریکردن و سزا و فشار رزگاربکەین و یارمەتی بدەین بگەڕێتەوە بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکەی کە بریتییە لە خزمەتکردنی ئابووریی راستەقینە و پێشخستنی مۆدێرنیزاسیۆن. 
 
حەزدەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خاتوو ڕۆسێف بکەم کە دەستبەکاربووە لە پۆستی سەرۆکایەتیی بانکی گەشەپێدانی نوێ. متمانەم هەیە كە بانك پشتگیری زیاتری پرۆسەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بكات.
 
چین بە شێوەیەکی چالاکتر ئاڵوگۆڕ لە نێوان شارستانییەتەکاندا بەرەوپێش دەبات.
 
ئێمە، داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین ئاشتی، گەشەپێدان، یەکسانی، دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بەرەوپێش ببەن و ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان بەرزبكەنەوە، بە فێربوون لەیەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە پێکدادان دووربكەونەوە. ئێمە بە توندی دژی هەڵاواردن دژی رەگەز و وڵات و شارستانییەتەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوەستینەوە. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بەدواداچوون بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی جیهانی بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی نێوان شارستانییەتەکان بکەین، بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و لێکتێگەیشتن لەنێوان گەلانی جیاواز و کارلێکی باشتر و یەکخستنی کولتوورە جۆراوجۆرەكان. پێکەوە دەتوانین باخچەی شارستانییەتەکان رەنگاوڕەنگ و گەشاوەتر بکەین. 
 
ئێمە، بە هۆشیارییەوە هاوکاری دەکەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ  بوونەوەرە زیندووەکانی سەر زەوی.
 
ئێمە، هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین بۆ بنیاتنانی پێکهاتەیەکی ئابووریی دروست کە ئاسانکاری بۆ گەشەپێدانی سەوز و کەمی کاربۆن بكات، و پێشخستنی گواستنەوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەوز لە هەموو بوارەكاندا. بە پەیڕەوکردنی بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش بەڵام جیاواز، ئێمە چالاکانە بەشداری لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی ئۆقیانووس، پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی جیهانی و بوارەکانی تر دەكەین، و پێشخستنی سیستەمێکی حوکمڕانی ژینگەیی جیهانی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەماهەنگی براوە-براوە بۆ هەردوولایەن، بەجۆرێک کە بەشداری رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان وەک کەشوهەوا و ژینگە و بنیاتنانی جیهانێکی پاک و جوان بکەین. 
 
چین بە ئیرادەیەکی زیاترەوە سیستمی نێودەوڵەتی دەپارێزێت.
 
لەم دواییانەدا هەندێک قسەی بێمانا هەبوون کە چین تۆمەتبار دەکەن بە تەحەدای ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان و، گۆڕینی تاکلایەنەی دۆخی ئێستا لە سەرانسەری گەرووی تایوان لە ڕێگەی هێز یان زۆرەملێ و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووەکەدا. ئەم جۆرە بانگەشانە پێچەوانەی بنەمای بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و دادپەروەری مێژووییە و، لۆژیكێكی بێمانایە و لێكەوتەی جددی بەدوای خوێدا دەهێنێت. چین یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی مرۆیی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژەفاشیستدا بەرکەوتووە، هەروەها یەکەم وڵاتی دامەزرێنەرە کە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی واژۆکرد. چین، سەیری بەرگریکردن لە شکۆمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانیی دووەم وەک بەرپرسیاریێتی پیرۆزی خۆی دەكات. چین باشترین تۆماری هەیە سەبارەت بە پابەندبوون بە ئامانج و پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێسا بنەڕەتییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە پێویست ناکات لەلایەن هەندێک وڵات یان كوتلەوە لەم رووەوە بیرمان بخرێتەوە و، هەمیشە رایەكی گشتیی دادپەروەرانە هەیە لەسەر ئەوەی کێ بە شێوەیەکی راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات و، کێ سیستمی نێودەوڵەتی تێکدەدات و هەژموون و چەوساندنەوە بەكاردەهێنێت. 
 
تایوان لە کۆنەوە بەشێکی بێبەشنەکراوی خاکی چین بووە و هەردوو دیوی گەرووەکە سەر بە یەک چینن. ئەمە مێژووی تایوانە، هەروەها دۆخی ئێستای تایوانیشە. گەڕانەوەی تایوان بۆ چین یەکێکە لە پێکهاتەکانی سیسته‌می نێودەوڵەتی دوای جەنگ، لە راگەیاندنی قاهیرە و راگەیاندنی پۆتسدام بە رەش و سپی نووسراوە. ئەوەی رێسا نێودەوڵەتییەکان دەشێوێنێت و دۆخی ئێستا دەگۆڕێت و زیان بە سەقامگیریی گەرووی تایوان دەگەیەنێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە، چین نییە، بەڵکو هێزە جوداخوازەکانی "سەربەخۆیی تایوان" و هەندێک وڵاتی دیکەن کە هەوڵی قۆستنەوەی "سەربەخۆیی تایوان" دەدەن. پێناسەی ئەوان بۆ رێساکان و دۆخی ئێستا و سەقامگیری، لە راستیدا مەبەست لێی بەتاڵکردنەوەی بنەمای یەک چین و گەیشتن بە "دابەشکردنی ئاشتیانە"ـی چین و لە کۆتاییدا دەستکاریکردنی مێژووی جەنگی جیهانیی دووەم و تێکدانی سیستەمی دوای جەنگ و سنوورداركردنی سەروەریی چینه‌. ئەمەش بۆ یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسی چینی قبوڵکراو نییە. چین هیچ بەشێک لە خاکە وەرگیراوەکەی لەدەست نادات. ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە دوای جەنگەوە دامەزراوە، ناگۆڕدرێت.
 
پاراستنی سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاک، مافێکی سرووشتی و رەوای چینە. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەو کەسانەی روون بکەینەوە کە بەناوی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە هەوڵی تێکدانی دادپەروەری نێودەوڵەتی دەدەن: پرسی تایوان سەنتەری بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چینە، ئێمە درێخی ناکەین لە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی دەستکاری بنەمای یەک چین دەکەن، هەرگیز پاشەکشە ناکەین لە هەر کارێک کە سەروەری و ئاسایشی چین تێکبدات. ئەوانەی لە تایوان یاری بە ئاگر دەکەن، لە کۆتاییدا دەسووتێن. 
 
وەک پەندەکەی چینی دەڵێت، "کە هەزاران شاخ لە پشتەوەت بن، بە دڵنیاییەوە ڕێگاكە بەڵێنی بەهارێكی گەشەسەندووی داوە". مۆدێرنیزاسیۆنی چینی نەخشێکە کە چین دایهێناوە و جیهان دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کار بکەین بۆ پێشخستنی شێوازە هەمەچەشنەکانی مۆدێرنیزاسیۆن و دروستکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەسارەکەمان.
 
  
 
جین گانگ لە مەراسیمی کردنەوەی کۆڕبەندی لانتینگ سەبارەت بە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان ئەم وتارەی لە 21 نیسانی 2023 لە شەنگەهای پێشکێش کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.