سوێندەکەی لەیلا زانا و 'سەر سەر و سەر چاڤان'ـەکەی ئەردۆغان

 
کۆنفرانسی کوردیی پاریس ساڵی 1989 کە لەلایەن ئینستیتیوتی کورد لە پاریس بەسترا و بۆ یەکەمین جار ژمارەیەکی زۆر سیاسەتڤان و سەرۆکی پارتە کوردستانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دۆستە راستەقینەکانی گەلی کورد بەشدارییان تێدا کرد، گرنگییەکی مێژوویی هەیە، ئاخر ژمارەیەک سیاسەتڤانی کوردی نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە بە پارتێکی سۆسیال دیموکرات لە تورکیا ناسراوە بەشدارییان لەو کۆنفرانسەدا کرد، بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ تورکیا کەوتنە بەر گوشارێکی زۆری سیاسی و دادوەری و بەشی هەرەزۆریان لە پارتەکە دەرکران یان جیابوونەوەی خۆیان لە (جەهەپە) راگەیاند. دەکرێت بڵێین دامەزراندنی یەکەمین پارتی ئاشکرا و یاسایی کوردی، بەرهەمی ئەو تووندوتیژییە بوو کە رووبەڕووی ئەندامە کوردەکانی (جەهەپە) کرایەوە، دوای بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی پاریس.
 
سەرەتا پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دژی هەر جۆرە هەوڵێکی لەو جۆرەبوو، تەنانەت مۆری خیانەتی لەنێوچاوانی ئەوانە دەدا کە خوازیاری دامەزراندنی پارتێکی ئاشکرا و مۆڵەتێدراوی کوردی بوون لە تورکیا، بەڵام دوای یەکەمین کۆنگرە کە پارتی (هەپ) پارتی رەنجدەرانی تێدا دامەزرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی هەبوو بۆ ئەو سەردەمە، پەکەکە پەشیمان بووەوە و، بەهۆی هەژموونی جەماوەریی و باندۆری خەباتی چەکداری خۆی بەخێرایی کۆنترۆڵی پارتەکەی کرد و خستییە خزمەتی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆیەوە، هەموو ئەو کەسایەتیانەی کە رۆڵیان هەبوو لە دامەزراندنی پارتەکەدا و سیاسەتی پەکەکەیان نەدەپەژراند بە زۆر یان بە خۆشی خۆیان وەک پەکەکە دەیگوت بێکاریگەر کران، رەنگە بۆ پەکەکە وەکو حیزب لەو سەردەمەدا بەکەڵکیان هاتبێت، بەڵام لەڕووە نەتەوییەکەوە زیانێکی زۆری لە یەکپارچەیی گەلی کورددا لە باکوور. لە وتارێکی کورت دا ناکرێت شیکاری بۆ چاک و خراپی سیاسەتی ئەو سەردەمە بکرێت و ئامانجی ئەم وتارەرش ئەوە نییە.
 
لە دوای دامەزراندنی تورکیای نوێ لەلایەن ئەتاتورکەوە گەورەترین گورز لە زمانی کوردی و فەرهەنگی کوردی درا کە کۆڵەکەی مان و نەمانی نەتەوەیە، بەیاسا و رێسای نووسراو و نەنووسراو زمانی کوردی قەدەخە کرا، بەڵام لە سەرەتای نەوەتەکانی سەتەی رابردووەوە، لەلایەک خەباتی چەکداری و لەلایەک خەباتی یاسایی و تێگەیشتنی نوێی ناوخۆیی و جیهانییەکان دەرفەتی شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی کردەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد بە هەڵبژاردن چوونە نێو پەرلەمانی تورکیاوە.
 
چیرۆکی پلانی سوێندخواردنی لەیلا زانا  لە ساڵی 1993 بە زمانی کوردی کە لە راستی دا چەند پەیڤێکی بە کوردی خوێندەوە، بەشێوازی جۆراوجۆر دەگێردرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە لەیلا زانا ئازایانە لە کۆتایی سوێندەکەدا بە کوردی گوتی: "من ئەو سوێندە بۆ برایەتی کورد و تورک دەڵێمەوە(دەخوێنمەوە)"، ئەوەش لەکوێ لە پەرلەمان، شوێنی یاسادانان و لێپێچینەوە، بۆیە ئەو هەشت وشەیە بووە بۆمبێک نەک لە تورکیا بەڵکو لە هەموو دنیا دەنگیدایەوە، چونکە لەلایەک کوردانی باکووری کوردستانی لە خەوی خەفڵەتزەدەیان بەئاگا هێنایەوە، لەلایەکی دیکەوە خەونی نەژادپەرستە تورکەکانی زڕاند کە دەیان ساڵ بوو کاریان لەسەر دەکرد و لە راستی دا تاوەکو رادەیەکی زۆر سەرکەتووبوون تێیدا و پشتی زمانی کوردییان شکاندبوو.
 
هەرچەند باجی ئەو چەند پەیڤە کوردییە بۆ لەیلا زانا و هاوڕێیەکانی قورس بوو، رووبەڕووی زیندان کرانەوە و بەشێکیشیان بەناچاری بەرەو ئەورووپا هەڵاتن و هێشتاش لە تاراوگە دەژین یان لەوێ سەریان نایەوە، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا توانییان دڕ بە شەوەزەنگی فاشیزم لەو وڵاتەدا بدەن. هەرچەندە زیندانیکردنی لەیلا زانا و هاوڕێیەکانی تەواو کردەوەیەکی سیاسی بوو، بەڵام بۆ رەوایدان بە سیستمی نکۆڵیکردنی زمانی کوردی بەوە تاوانبارکران کە ویستویانە وڵات پارچە پارچە بکەن لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە گوایە کەرامەت و هەستی نەتەوەیی تورکیایان رووشاندووە، بەڵام تازە لەیلا و هاوڕێیەکانی دەستی خۆیان وەشاندبوو، جارێکی دیکە ئازایەتییان لە جەستەی لاوانی کورد بەتایبەتی و نەتەوەی کورد بەگشتی موتوربە کردەوە و ترسیان بۆ هەمیشە شکاند.
 
گۆڕانکارییە جیهانی و هەرێمییەکان و ئازایەتیی کوردانی باکووری هاوکاربوون بۆ نەگەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش سوێندەکەی لەیلا زانا، هەروەها شکستی پارتە تەقلیدییەکان و دروستبوونی پارتی نوێ بە رووپۆشی ئایینیانە بەتایبەتیش تێکەڵبوونی بەشێک لە سیاسەتڤانانی کورد لەو پارتانەدا، دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان بوونە هۆکارێک کە تەنانەت هەندێک لە سیاسەتڤانانی تورک ناچاربوون بۆ چنینەوەی دەنگی کورد بە زمانی کوردی قسەیەک  لێ دەربێت. بۆیە کەمێک باری سەرشانی زمانی قەدەخەکراو و هەڕەشەلێکراوی کوردی سووکتر بوو، دەیان گۆڤار و رۆژنامە بە زمانی کوردی دەرچوون، خەڵکانی وەکو ئاپێ مووسا عەنتەر چاکی مەردایەتیان لێ هەڵکرد، بڕیاری نەگەڕانەوە و پاشگەزنەبوونەوەیان دا، بۆ ئەو ئامانجەش تەنانەت سەری خۆیان لەسەردانا.
 
ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە دەنگی کوردە، بۆیە دەبێت چاو بە سیاسەتی خۆیاندا بخشێننەوە و، لە روانگەی ئەوەی کە ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەیدا لە ئامەد بە بەرچاوی دنیاوە بە کوردی دەڵێت، "سەر سەر و سەر چاڤان"، راستە ئەمەش هەر وەک سوێندەکەی لەیلا زانا چەند پەیڤێکە، بەڵام لەڕووی سیاسی و یاساییەوە گرنگی زۆری هەیە، چونکە درۆیەک بەدرۆ دەخاتەوە کە سەت ساڵە تورکەکان کاری بۆ دەکەن ئەویش نەبوونی شتێکە بەناوی زمانی کوردییەوە، بەڵێ بەو چەند پەیڤە بەدڵ گوتبێتی یان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و چنینەوەی دەنگی کورد لە کوردستان، مێژووی سەت ساڵی تورکیای لە پەیوەندی لەگەڵ قەدەخەکردنی زمانی کوردی بەدرۆخستەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی کوردە.
 
گوتارەکەی لەیلا زانا لە نەورۆزی ئەم ساڵ دا لە ئامەد، بەتایبەتیش کە گوتی ئێمە لە مەلا مستەفای بارزانییەوە فێری کوردایەتی بووین و بە فەلسەفەی ئۆجەلان کارمان کرد، پەیامێکی گرنگ بوو بۆ پەکەکە کە چەندین ساڵە لە ناکۆکیدایە لەگەڵ پارتی کە بارزانییەکان سەرکردایەتی دەکەن، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو پەیامانە کار بکرێت و ئاوەدانییەکی نوێ بنیات بنرێت، چونکە مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت کە نکۆڵیکردن لە هەبوونی شتێک کە هەیە، جگە لە گێلی و نەزانی هیچی دیکە ناهێڵێتەوە، هەندێک جاریش بادانەوە کە بۆ خزمەتی گەل و نەتەوە عەیب نییە، ئەمە بۆ تورکیا و پارتە کوردستانییەکانیش هەر راستە. 
 
رەنگە بەرژەوەندخوازەکان، بەرژەوەندییان لە شەڕدابێت، بۆیە دەیانەوێت درێژە بەوشەڕەی باکووری کوردستان و سەرسنوورەکان بدرێت، بەڵام کاتێک کاک ئەحمەد تورک ماوەیەک لەمەوپێش لە هەڤپەیڤینێک دا دوای ململانێیەکی زۆر و دژایەتی ئەردۆغان وەکو سیاسییەکی پراگماتیک بە ئاشکرا گوتی، ئەردۆغان هەموو سیفەتێکی سەرۆکایەتی تێدایە، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات و تەنیا ئەو دەتوانێت کارێکی وابکات، بێگومان قسەکانی کاک ئەحمەد تورک کەتوارین (واقعین)، ئاخر ئەردۆغان ئێستا بەهۆی دەسەڵاتە زۆروزەوەند و رەهاکانییەوە خۆی هەموو شتێکە لەو وڵاتەدا، بۆیە کەس ناتوانێت لەسەر پەیڤەکانی بە زمانی کوردی دادگایی بکات، هەروەک چۆن لەیلا زانا لەسەر ئەو پەیڤانە چەندان ساڵی ژیانی خۆی لە زیندان دا بردەسەر، چونکە ئەگەر بەهەمان حیساب بێت دەبێ ئەردۆغانیش دادگایی بکرێت، بۆیە باشترە کورد لەو پارچەیەدا کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگرێت و بیانکاتە دیفاکتۆ، بەتایبەتی پێدەچێت لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداردا ژمارەی سەرۆکی شارەوانییەکان کە پارتە کوردییەکان بەدەستی دەهێنن زیاد بکات، بۆیە باشترە دەنگ و هێزی کورد نەخرێتە بەرژەوەندی سیاسەتی تاکتیکی رۆژانە بەڵکو بکرێتە ستراتیژ و بخرێتە خزمەتی هەموو کوردەوە، گرنگە چیدیکە گایەک نەکرێتە قوربانی گیسکێك، باشترە دەرفەتی زیاتر بۆ ئەحمەد تورک و لەیلا زاناکان بکرێتەوە و رێگەیان بدەن ئازادانە لە شەقەی باڵیان بدەن، چونکە پەیڤە کوردییەکانی ئەردۆغان رێگە بۆ سیاسەتی بانێک و دووهەوا ناهێڵێتەوە، ئەگەر هەردوولا ئیرادەیان هەبێت.