منداڵدزەکان

منداڵ و دین، دوو بابەتی هەستیار و وردن، هەڵسوکەوت لەگەڵیان، هۆشیارییەکی زۆری پێویستە. هەر یەک لەمانە لە شوێنی خۆیان، بۆ پەروەردەکاران جێی بایەخ و لەسەروەستانن، کاتێ پێکڕاش کۆوە دەبن، دەبێت بە پرسێکی هەرەجێی بایەخ و بە وریاییەوە لە پێوەندیی نێوان [منداڵ و دین] دەکۆڵنەوە. 

ڕێکاری کلاسیکیانەی پەروەردەی دینیی منداڵان لە جڤاکی ئیسلامیدا، نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە زیانێکی زۆریش بەسەر خودی مەعریفەی دینی و بنیاتی فیکریی تاک و سایکۆلۆژیای دەستەجەمعییەوەش، شکایەوە. پەروردەی کلاسیکیی جیهانی ئیسلامی، نەک هەر پەروەردە نەبووە بە واتا ئاکارییەکەی، بەڵکە [توندوتیژی] و [تۆقاندن]یش بووە.

 فۆڕمێکی توندڕۆیی و توندوتیژی لەبەرانبەر قۆناغی منداڵیی مرۆڤ ئەوەیە، لە منداڵێتی بکەیت، ژیان و ئەتواری منداڵی لێ ‌بسەنیتەوە، ڕێ بەوە نەدەیت وەکوو منداڵێک بژیێت.

 مرۆڤی ئەو نێوچەیەی ئێمە، هەموو منداڵێتی لێ دەدزرێت، کە گەورە دەبێت، بە هەزار کوچە و بە هەزاران پێچوپەنادا ڕێ دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی ساتێک بۆ منداڵێتی بگەڕێتەوە و قەرەبووی ئەوە بکاتەوە کە بە منداڵی لێی زەفت کراوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە دواوە بدەینەوە، فیکری فیقهی-شەرعی، پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە منداڵێکی پارچەلە، بە هەر شێوازێک بێت، دەبێت ناچاری [تقوس]اتە دینییەکان بکرێت و ڕاپێچی نێو ئەو بازنەیە بکرێت کە گەورەکان لەنێویدان.
 حەدیسێکی نەبەوی، وەکوو بناغەی پەروەردەی منداڵ، لە زەینی فیقهیی کۆمەڵگە چەقی و دواتر، سلووکی گشتی وەرگرت.  گوایە پێغەمبەر گوتوویەتی: "لە حەفت ساڵییەوە منداڵەکانتان لەسەر نوێژکردن ڕابهێنن، کە بوون بە دە ساڵان و نوێژیان نەکرد، لێیان بدەن" .. فقد روی أبو داود (495) و أحمد (6650) عَنْ عَمْڕو بْنِ شُعَیْبٍ عَنْ أَبِیهِ عَنْ جَدِّهِ قَاڵ: قَاڵ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَڵیْهِ ۆسَلَّمَ : ( مُرُوا أَوْڵادَكُمْ بِالصَّڵاەِ ۆهُمْ أَبْنَا‌وُ سَبْعِ سِنِینَ ، ۆاچْڕبُوهُمْ عَڵیْهَا ۆهُمْ أَبْنَا‌وُ عَشْرٍ ، ۆفَرِّقُوا بَیْنَهُمْ فِی الْمَچَاجِعِ ). وصححه اڵالبانی فی "الإروا‌و" (247)

  کە ئاوڕ لە ڕابردوومان دەدەینەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم بنەمایەدا، پەروەردەی دینیی منداڵ، پڕ لە توندوتیژی و تۆقان بووە. منداڵێکی حەفتساڵە، بە شەق و لێدان، ناچاری نوێژکردن کراوە. کچۆڵەیەک، بە چاوسوورکردنەوە، حیجاب و نیقابی پێ پۆشراوە. مێرمنداڵێک بە زەبری حەیزەران و قامچی لە حوجرە و فێرخانەکاندا، فێری خوێندنەوەی قورئان کراوە.

 من لەوەدا ڕەخنەی ڕیشەییم هەیە کە سەرباری دەرسدانە دینییەکە، لێدان و کوتانیان کردووە بە بنەمای پەروەردەکردنەکە، خۆ ئەگەر بابەتەکە هەر لەوێدا وەستابووایە کە منداڵێ پێبەندی داخوازییەکان نەبوو لێی نەدرێت، شتێکی تر دەبوو، وەلێ کاتێ پەروەردەکردنەکە بە [زەبر] و کوتانەوە دەبەسترێتەوە، دەرگەی دەیان گلەیی لەسەر دەکرێتەوە.

زەینی فیقهی، ئەوەی بۆ ئەوە داناوە، تا منداڵ لەسەری ڕابێت و کە گەورە بێت، تەرکی نەکات. ئەوەتە (ئیبن قودامە)ی گەورە شەرعزان لە لاپەڕە 357ی بەرگی یەکەمی کتێبە بەناوودەنگەکەی "المغنی"دا دەڵێت: ئەو فەرمان و دەرسدانە ڕەوایە لەبەرانبەر مێرمنداڵ و پارچەلان، بۆ ئەوەی لەسەر نوێژکردن ڕابێن تا خووی پێوە بگرن و وەختێ خۆیان ناسی و باڵغ بوون، پشتی تێ نەکەن." َهَژَا الْأَمْرُ ۆالتَّأْدِیبُ الْمَشْرُوعُ فِی حَقِّ الصَّبِیِّ لِتَمْڕینِهِ عَڵی الصَّڵاەِ , كَیْ ێأْڵفَهَا ۆێعْتَادَهَا , ۆڵا ێتْرُكَهَا عِنْدَ الْبُلُوغِ "

ئەمەیان کردووە بە بەهانەی پەروەردەکردنەکە، بەڵام هەر ئەو مێنتاڵێتییە، هۆکارێکی سەرەکیی شکستی پەرودەردی کلاسیکیانەی ئایین بووە. منداڵ کە لەو قۆناغە ناسکەی خۆی ناچاری شتانێک دەکرێت کە هیی ئەو نین، ساتێ گەورە دەبێت و شتێک لە سەربەستی و سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت، دەستبەرداری هەموو ئەو سلووک و ئەتوارانە دەبێت کە بۆ منداڵیی ئەو، وەکوو سزا و عەزابێک بوون. ڕۆحانییەتیش لەو مەنهەجەدا، هیچ بەهایەکی نامێنێت و فەلسەفەی خۆی لەدەست دەدات. ئەوەی هەیە و دەمێنێت، تەنێ چەند جووڵەیەکی وەرزشییە و تەواو!

 ئایین پڕۆسەیەکی ڕۆحیی تایبەتمەندە، مرۆڤ لەو قۆناغەدا دەستگیری دەبێت یان لەگەڵی تێک گیر دەکات و دەتۆرێت، کە منداڵی و مێرمنداڵی تێدەپەڕێت، بە درووستی و تەواوەتی عەقڵی بە شتەکانی چواردەوری دەشکێت. ئەوە ئایین لەکەدار دەکات ئەگەر لەترسی ڕانەهاتن و قەناعەتپێنەهێنان، منداڵ چاوترسێن و شلوکوت بکەیت. ئەوە خۆکوتانەوەیە و لێدانە لە بوڕهان و ئەرگیۆمێنتەکانی خۆی. ئایین خۆی، لە چەند شوێنێکی تر، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە هەموو تقوسات و واجبە دینییەکان، لەسەر ئەو مرۆڤانەیە کە بالغ بوون، کەچی لەملاوە، بە لێدان و کوتان، ناچاری پەرستنیان دەکات.


 پەروەردەی کلاسیکیانەی پەروەدەی دینیی منداڵ، شکستی هێنا، درەختێکی بێبەر بوو، بگرە ئافات و دەردیش بوو بۆ خودی ئایین و مەعریفەی دینی. پەروەردەی دینیی منداڵ لەنێو جڤاکی کوردی، وەکوو کۆمەڵگەکانی دەوروبەری، لە توندوتیژی و تۆقاندن، قوتاری نەبووە. هێشتە بە پێوەری سەتەکانی نێوەڕاست و چاخی کۆن، هەڵسوکەوتی دینی لەگەڵ منداڵان دەکەن.
ئەو ڕۆژە لە شارەکەی ئێمەدا، (فریدریشسهافن)ی ئەڵمانیا، لە ماڵباتێکی ئەفغانی، باوکەکە بۆ نوێژی بەیانی، بە شەق و شولاق ژن و کچۆڵەکەی لە خەو هەڵساندبوو. کچەکەیش دەقیژێنێت و دەگریێت. دراوسێکانی هەواڵی لێ دەدەن، کە پۆلیس بە ئەمە دەزانێت، چوار ڕۆژ حەپسی دەکات و بڕێک پارەشی وەکوو سزا لێ دەسەنێت.
ئەو ئەتوار و سلووکە کلاسیکییە، لە دنیای نوێدا، بە چاوی ئەوە سەیر دەکرێت کە دژی مافی منداڵانە و لەگەڵ تایبەتمەندییەکانیان، ناهێتەوە. پوختەی قسەی من ئەوەیە، ئەو پەروەردەیەی هەیە، منداڵیی منداڵ دەدزێت و لێناگەڕێت لە قۆناغی خۆی بژیێت. ئەوەیش گەورەترین توندوتیژییە بەرانبەر منداڵان.
 
لەم ماوەیەدا ڤیدیۆیەکم بینی، لەنێویدا حاڵەتێک دەبینین، ئەو دۆخە نیشان دەدات کە قسەم لێ کردووە. منداڵێک بەهۆی ڕاپێچکردنی بۆ نێو جەدەلە ئاڵۆزە کەلامی و تیۆلۆژییەکان، گوێڕادێران لە مەوعیزە و تێوەگلاندنی بە شتێک کە لە هێزی هزریی ئەودا نییە، تووشی نەخۆشیی دەروونی و شڵەژانی هۆشیاری بووە. بە دیتنی ئەو منداڵە، یەکسەر (مارتن لۆسەر)ی ڕیفۆرمخوازی مەسیحیم کەوتەوە یاد، کە دۆخە نالەبارە دەروونی و ترس و لەرزەکانی سەردەمی منداڵیی خۆی، ژیانی لێ تاڵ کردبوون و دواجار بوون بە هەوێنی چاکسازی و پاکسازی لە مەسیحێتیدا. 
هەڵبەت هەر مرۆڤێک کە لە منداڵییەوە بەرەو ئاقاری ڕۆچوون لە ئاییندا پەلکێش کرابێت، ئەوەی بەبیر دێتەوە کە چەندان جار لە ڕۆخی چاڵی شێتبوون و تێکچوون، گەڕاوەتەوە!

 شتێک کە منی دڵخۆش کرد، وەڵام و هەڵسوکەوتی (مەلا)یەکەی نێو ڤیدیۆیەکەیە، مەلا فاتیحی مزگەفتی ڕێگەی بەهەشتی هەولێر، بە شێوازێکی ژیر و ژیانی مەدەنیانە لەبارەی گرفتی منداڵەکەیانەوە، بەرسڤی خێزانەکەیان دەداتەوە.  لەجیاتی ئەوەی نوشتە بنووسێت و دەست بە نزا و پاڕانەوە بکات، ڕێنوێنیی بنەماڵەی منداڵەکە دەکات، منداڵەکە بۆ لای دکتۆری دەروونی ببەن و چارەکردنی لای ئەو نییە. ئەو هەڵسوکەوتەی ئەو، یەکێکە لە بنەماکانی سیکۆلاریزم، جیاکردنەوەی بازنەی دین و زانست، تێکەڵنەکردنی خەسڵەتەکانیان. ئەگەرچی ڕۆچوون لە دین تێکیداوە، بەڵام منداڵەکە ڕەوانەی لای زانست دەکات و ڕادەستی ئەو بوارەی دەکات کە کێشەکەی پێوە پەیوەستە. ئەگەر قسەکانی مامۆستای نێو ڤیدیۆکە بکرێت بە [گوتار]ێکی باوی دینیی مەلاکان، بەر لە هەر شتێک بە سوود و شۆرەتی ئایین دەشکێتەوە و بەدەر نابێت لە سوودی کۆمەڵایەتیش.

 لە کۆتادا بۆ سەرەتا دەگەڕێمەوە، دین و منداڵ وەکوو یەک هەستیارن، ئەگەر بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکرێت، حاڵەتێکی تێکچوونی وەکوو ئەو مێرمنداڵەی لێ دەکەوێتەوە، دەبێت تەواو بە (منداڵدزەکان) هۆشیار بین. ئەگەر بە هۆشیاریشەوە مامەڵەیان لەتەکدا بکرێت، بەرهەمێکی جوان و ژیرانەی وەکوو ئەو مەلایەی لێ دەکەوێتەوە.