با دادگەی فیدراڵی لە ئەڵمانیا فێربێ

29-02-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
ئەم هەفتەیە چەندە لە کوردستان و عێراق باسی دادگای فیدراڵی و پاراستنی دەستوور کراوە، هێندەش لە ئەڵمانیا سەبارەت بە پاراستنی دەستووری فیدراڵی گەنگەشە هەبووە. هەرچەندە لە هەر دەوڵەتە و باسی کەیسێکی جیاواز کراوە، بەڵام بەراوردی شێوازی مامەڵە و کاردانەوەی سیاسییەکان و میدیا و شەقام جێی سەرنجن. پێشموایە دادگاکەی بەغدا و سیاسییەکانی خۆشمان لە زۆر شتدا دەتوانن لەو رووداوانەی ئەم هەفتەیەلە ئەڵمانیا روویداوە شتی نوێ فێرببن. 
 
پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بڵێم کە تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گومانەوە سەیری پرۆسەی دادگاییکردنە سیاسییەکان ناکرێ، بەڵکو لە شوێنی وەکو ئەوروپا و ئەمریکاش هەمان شت هەیە و زۆر کەس بڕوا ناکەن پرۆسەکان سەت لە سەت خاوێن بەڕێوەبچن. بۆنموونە هەوادارانی ترەمپ پێیانوایە ئەوەی دادگاکانی ئەمریکا ئەم ماوەیە بە بەربژێرەکەیانی دەکەن پلانی دیموکراتەکانە بۆ شکاندن و کەمکردنەوەی چانسی دەرچوونی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکادا. لە ئەڵمانیا و ئەوروپاش بەهەمان شێوەیە و هەمیشە گومان هەن. بۆنموونە بڕیار وایە لە نێوەڕاستی ئەم ساڵدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەبچن. راپرسییەکان پێشانیدەدەن کە پارتە راستئاژۆ تووندئاژۆکان دەنگێکی زۆر دەهێنن و کاریگەرییان زۆرتر دەبێ لە پەرلەمانی ئەوروپادا. دروست لەم کاتەدا لە ئەڵمانیا هەوڵدەدرێ بەشێوەیەکی یاسایی رێکخراوی گەنجانی سەر بە پارتی راستئاژۆ (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) وەکو رێکخراوێکی تووندئاژۆ بناسێندرێ. ئەمە رێککەوتە یان پلانی بۆ دانراوە؟
 
ئەگەر بمانەوێ بە پێوەری حوکمەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە، رەنگە بڵێین رێککەوت نییە و پیلانی بۆ دانراوە. ئامانجەکەشی لاوازکردنی پارتە راستئاژۆکەیە لە هەڵبژاردنەکاندا. بەڵام کاتێک سەرنجی گەنگەشەکانی نێو شەقام و میدیا وسیاسییەکانی ئەڵمانیا دەدەین، شتێکی دیکە دەبینین. ئەڵمانیا لەجیاتی دامەزراوەی ئەمنیی تووندوتیژ و چاودێر بەسەر خەڵکەوە، فەرمانگەیەکی هەیە کە سەر بە وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵییە و ناوی (فەرمانگەی پاراستنی دەستوور)ـە. ئەو فەرمانگەیە کاری ئەوەیە چاودێری بکات کە لە کوێی ئەڵمانیا کاری دژی دەستوور دەکرێ. لە هەر ویلایەتێکی ئەڵمانیاش فەرمانگەیەکی هاوشێوە هەیە کە تەنیا چاودێریی نێوخۆی ویلایەتەکەی خۆی دەکات. ئەو فەرمانگەیە یەکێک لە کارەکانی چاودێریکردنی ئەو رێکخراو و تۆڕ و دامەزراوانەیە کە گومان بکات بەشێوەی رێکخراو خەریکی کاری دژە دەستوورین. ئەوانەش جگە لە چەپە تووندئاژۆکان و ئاییندارە تووندڕەوەکان ئەوانەش دەگرێتەوە کە بە نازییە نوێیەکان و راستئاژۆ تووندئاژۆکان دەناسرێن. راپۆرتەکانی ئەو فەرمانگەیە هەمیشە لەلایەن دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتەوە پشتیان پێدەبەسترێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی کە ناویان تێدا دێت. ئێستا لە 9 ویلایەتی ئەڵمانیا رێکخراوی گەنجانی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لەژێر چاودێریی فەرمانگەی پاراستنی دەستووردان. لە 4 ویلایەت فەرمانگەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو گەنجانە دەکرێ بەشێوەی یاسایی وەکو تووندئاژۆ بناسێندرێن. لە 5 ویلایەتی دیکەش هێشتا وەک رێکخراوێکی گومانلێکراو بە تووندئاژۆیی ناسراون. ئەم هەفتەیەش دادگای باڵای کارگێڕی لە شاری کوێلن ئەوەی رەتکردەوە کە هەوڵەکانی فەرمانگەی پاراستنی دەستوور بەرامبەر رێکخراوەکەی گەنجان نایاسایی بێت. 
 
لە نموونەی عێراقیدا لەجیاتی ئەوەی گەنگەشەیەکی سەنگین و ورد هەم لەسەر ئاستی پارتەکانی کوردستان و عێراق و هەمیش لەسەر ئاستی میدیا و شارەزایانی یاسایی ببینین و ببیستین، ئەوەمان بینی کە شەقام لە نێوان هەوادار و دژبەری دادگاکەدا دابەش بوون. دروست وەک ئەوەی سەیری یارییەکی تۆپی پێ بکەن! کەچی لە ئەڵمانیا بڕیاری دادگەکە گەنگەشەی لەسەر شێوازی راستیی مامەڵەکردن لەگەڵ گەنجانی راستئاژۆ دروستکرد. تەنانەت سەرکردەی ئەو پارتانەش کە دژی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیان هەندێکیان پێیان هەڵە بوو کە بەو شێوەیە و لە رێگەی یاساوە رێکخراوی گەنجانی ئەڵتەرناتیڤ قەدەخە بکرێت. ئارگیومێنتی ئەوانە ئەوەیە کە بە داخستن و قەدەخەکردن رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەی تووندئاژۆیانە ناگیرێ و ئەوانە دەتوانن بە ناوی رێکخراوێکی نوێوە سەرلەنوێ دەست بەچالاکی بکەنەوە. بۆیە پێیانوایە پێویستە لەوە بکۆڵدرێتەوە کە بۆچی گەنجان لە ئەڵمانیا بەرەو تووندئاژۆیی دەڕۆن. زۆریش باسی ئەوەدەکرێ کە تیکتۆک بووەتە هۆکارێکی زۆر بەهێز بۆ گەشەکردنی تووندئاژۆیی لەنێو گەنجاندا. 
 
ئەمە وانەیەکی گرنگە بۆ عێراق و تەنانەت کوردستانیش کە بزانن لە سیستمێکی بەڕاستی فیدراڵیدا چۆن ناکۆکییەکان بە گفتوگۆی زۆر و بە دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن چارەسەر دەکرێن، نەک بە بڕیاری بە هەڵپەی دادگەکان و کاردانەوەی کرچوکاڵی پارتەکان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.