ساڵی داهاتووم ساڵی جەنگ دەبێ

 
هەرچەندە 2023 کۆتاییەکی خۆشی نەبوو بۆ من، بەڵام کاتێک ئاوڕ لەو کارانە دەدەمەوە کە لەم ساڵەدا کردوومە، شانازیم زۆرن. کۆتایی ساڵی پێشتر لە برۆکسل بووم و سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەبەردەم مایکەکەی مندا قسەیان بۆ رووداو کرد. یەکەمین ستۆری کە لەم ساڵدا رووماڵمکرد و سەرنجی خەڵکی راکێشا، چیرۆکی ئەو دایکە بوو کە منداڵەکەی ئۆتیزمی تێدا دەستنیشان کرابوو و ئازایانە توانیبووی بە مەشق وابکات رۆڵەکەی بچێتە قوتابخانەیەکی ئاسایی. ئەم چیرۆکە بۆیە گرنگ بوو، چونکە دواتر لە رووماڵێکی فراوانی رووداودا دەرکەوت کە چەندە کەسوکاری منداڵانی ئۆتیزم لە کوردستان کێشەیان هەیە و هیچ نموونەیەک لەپێشچاویان نییە کە چۆن یارمەتیی منداڵەکانیان بدەن. 
 
هەر بەوە نەوەستام و پێش هەمووان رەشنووسی ئەو پرۆژەیاسایەم بڵاوکردەوە کە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان پەسندیکرد. دواتریش لەنێو بوندستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا) پەرلەمانتاران و کەسایەتییە ئەڵمانی و کوردییەکان باسی گرنگیی ئەو دانپێدانانەیان بۆ کردم. 
 
دوای ئەوە، رووماڵی ئەوەمان کرد کە حکومەتی ئەڵمانیا داوا دەکات عێراق ئەو کۆچبەرانە وەربگرێتەوە کە دەیەوێ دیپۆرتیان بکاتەوە. نزیکەی دە مانگ دواتر و بەمدواییانە، تازە بە تازە میدیای ئەڵمانی باسی ئەوە دەکەن کە داوایەکی وا هەبووە و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا پێکهاتووە. 
 
هەر ئەم ساڵ هەم وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و هەم وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و هەم وەزیری کۆچبەریی ئەڵمانیاش و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش لەبەردەم مایکەکەی رووداودا قسەیان بۆ کردم و بە مژاری گرنگ بۆ خەڵکی کوردستان و دیاسپۆرا پرسیاربارانم کردن. 
 
دواتر بەوە نەوەستام و هەم سەرۆک ماکرۆنی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا و هەم ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا و هەمیش فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی پێشووی فەرەنسام هێنایە بەردەم مایکی رووداو و پرسیاری گرنگم لێکردن. لەوەش گەڕێ کە وەزیرانی دەرەوەی عێراق و زۆر وڵاتی دیکەی جیهان بە بەردەوامی مایکە پرتەقاڵییەکەی رووداویان لەبەردەم خۆیان دەبینییەوە و وامدەکرد وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە خەڵکی کوردستان لەوانی هەیە. 
 
بۆ من کارکردن وەکو خواپەرستی وابووە. هێندەی بزانم لەزۆربەی ئایینە ئاسمانییەکانیشدا ئەمە پشتڕاستکراوەتەوە و وایە. ئەوەی زۆر کاردەکات و خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات وەکو ئەوە وایە نوێژی کردبێ و سوپاسگوزاری ئافرێنەری گەردوون بێت. من هەمیشە هەوڵمداوە لەو خواپەرستییەدا ماندوو نەبم و رۆژ بە رۆژ زۆرتریشی بکەم. هەر بۆیەش کاتێک لە دوایین رووماڵمەوە لە لەندەن   گەڕامەوە ماڵەوە، یەکسەر چوومە نەخۆشخانە. 
 
دەزانم ساڵی داهاتوو ساڵی رووماڵی جەنگەکان دەبێت. ئۆکراینا هێشتا خەریکی جەنگە. غەزە گڕی گرتووە. سوودان ئاگری براکان یەکدی دەسووتێنێ. لە ئەفریقا لەزۆر شوێن شەڕ لە ئان و ساتدایە. نازانین لوبنان، یەمەن، عێراق و ئێران بڵێسەی شەڕیان بۆ دەچێ یان نا. منیش ئێستا لە جەنگێکدام لەگەڵ دوژمنێک کە لە جەستەمدایە و دەبێ بیبەزێنم. زۆر حەزدەکەم زوو ئەو جەنگەم تەواوبێ، بۆئەوەی بگەڕێمەوە و بە رووماڵی جەنگەکانی دیکە، دەنگی بێدەنگانی جەنگەکانی دیکە بگەیەنم.