ئاوات ئەحمەد سوڵتان: خوێندنەوە دەمانگۆڕێ بۆ بوونەوەرێکی ئەقڵانی و دەمانکات بە مرۆڤ

28-12-2019
شاخەوان سدیق
نیشانەکردن ئەدەب ئاوات ئەحمەد
A+ A-
یەكێك لە پرسە جدی و كاریگەرەكانی دونیای رۆشنبیری، مەسەلەی سیحر و جادووی كتێبە كە لە ڕێگایەوە مرۆڤ بەر چەندین سەدە لە زانست و زانیاری و مێژووی داهێنانەكانی مرۆڤ دەكەوێت. 
 
بێگومان لەپاڵ پرسی كتێبیشدا پرسی دەستنیشانكردنی فیگۆری خوێنەر یەكێكی دیكەیە لە باسە پێویستەكان، لەم دیدارەدا و لە ڕێگای وروژاندنی ئەم پرسیارانەوە نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) دەدوێنین.
 
شاخەوان سدیق: زۆر باس لە سیحر و ئەفسوونی كتێب دەكرێت، دەتوانی پێمان بڵێیت کتێب چییە؟
 
ئاوات ئەحمەد: من کتێب وەها نابینم کە بریتی بێت لە ژمارەیەک لاپەڕەی نووسراوی زنجیرەیی و بەرگێک و ناونیشانێک یان زیاتر؛ واتە ئەوەی لەسەر رەفەی کتێبخانەکان یان سەر مێزی خوێندنەوە دانراوە و دەتوانین دەستی لێ بدەین و جێگۆڕکێی پێ بکەین. بەلای منەوە ئەوە جگە لە دەروازەیەک، یان پەنجەرەیەک بۆ گەیشتن بە کتێب، هیچی تر نییە! ئەو شتەی پێی دەگوترێ کتێب لە ئەنجامی خوێندنەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی پەیدا دەبێت و دێتەدی، ئەویش هیچ نییە جگە لە جۆرە پەیوەندییەک و لەناویدا هەم کاریگەریمان دەبێت و هەم دەشکەوینە ژێر کاریگەرییەوە.
 
مەبەستم ئەوەیە کتێب لەناو پرۆسەی خوێندنەوەدا هەیە، نەک پێش یان پاش خوێندنەوە. واتە بوونی کتێب جۆرە حاڵەتێكی سیحری یان هیولاییە و تەنیا لە کاتی مومارەسەیەکی تایبەتیدا دەردەکەوێت یان درکی پێ دەکرێت. بەشە ماتریاڵەکەی کتێب، دەفرێکە، قوتوویەکە، هەر شتێکی دیکەیە کە کتێبەکەی لەخۆیدا هەڵگرتووە، یان پاراستووە؛ بەواتای ئەوەی زانین و زانیارییەکان، ئەو ئامانجەی لەپێناویدا کتێبەکە هەیە، لەناو ئەو قەبارە ماتریاڵییەدا دانراوە.
مەسەلەکە ئەوەندەش سەیر و نامۆ نییە، ئەم دیدە بۆ گەلێک شتی دیکەش دەبێت، بەتایبەتی ئەو شتانەی لەناو چوارچێوەیەکدا هەڵدەگیرێن: کە دەگوترێت مرەبا، ئایا مەبەستت لە شووشەکەیە، یاخود ئەوەی لەناویدایە. ئەوەی گرفتە لێرەدا، توانای جیاکردنەوەی مرەباکەیە لە شووشەکە، بەڵام کتێب و پەیکەرە ئێسکییەکەی ئاوا بە ئاسانی جیا ناکرێنەوە.
 
کتێب شتێکە لە جێگایەکی پەنهاندا حەشاردراوە. وەک چۆن مرەباکە هیچ بەهایەکی نییە هەتا تام نەکرێت و بۆ خواردن بەکارنەهێنرێت، بەهەمانشێوە ناتوانین لە بەهای کتێب تێبگەین لە پرۆسەی خوێندنەوەدا نەبێت. ڕەنگە ئەوەی گرفت بێت ئەوە بێت کە دۆزینەوەی کتێب پێویستی بە سەرفکردنی وزەیەک و بوونی کۆمەڵێك میکانیزم و شارەزایی پێشوەخت هەبێت بۆ ئەنجامدانی، ئەم کارە تەنها بەو کەسە دەکرێت کە پێی دەگوترێت خوێنەر.
 
بۆ نموونە مەحوی کۆمەڵێک لاپەڕە و بەیازی هەبوو، شیعرەکانی خۆی لەسەر تۆمار کردبوون و لەجێگایەکی پارێزراودا هەڵیگرتبوون؛ ئەو چی کردبوو؟ کتێبێکی لەناو ئەو لاپەڕانەدا حەشار دابوو. چەند جارێک فەقێ و مەلاکانی دەوری لەنێوان خۆیاندا ئەو بەیازانەیان خوێندووەتەوە، خوێندنەوەکانی ئەوان کتێبەکە بووە، کتێبێک لەناو گریمانەدا، چونکە دەروازەیەک شک نابەین بمانباتەوە سەریان، ئەوان مومارەسەی خوێندنەوەیان کردووە و بۆ ماوەیەکی کورت کتێبە جیاجیاکانی خۆیانیان بەرهەمهێناوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەدا کە مۆنۆمێنتێک بۆ خوێندنەوەکانیان بنیات بنێن، تا دواتر ئێمە لێیەوە بگەڕێینەوە سەری و پەیوەندی لەگەڵدا بگرین و کتێبەکە بدۆزینەوە. دواتر مەلاکەریم و کوڕەکانی هاتن و کارەکەیان بنیاتنا و ئێمە دەتوانین لێوەی خوێندنەوەکانی خۆمان ئەنجام بدەین؛ یان ڕاستر کتێبەکانی خۆمان بنووسین.
 
شاخەوان سدیق: ئەگەر كتێب ئەم هەموو گرنگیەی هەیە و ئەوەندە سەرسامكەر و مانادارە، كەواتە ئێمە چۆن لە ماهیەتی ئەم شتەی پێی دەگوترێت كتێب تێبگەین؟
 
ئاوات ئەحمەد: کتێب زۆر لە کێوەبەفرینەی ناو زەریا دەچێت، لوتکەکەی لە دەرەوەی ئاوەکەیە و بەشە زەبەلاحەکەی دیار نییە، ئەگەر وریای خۆمان نەبین لەوانەیە کارەساتی گەورەتر لەوەی تایتانیک بخەینەوە. ئەو بەشەی کە لە سەرووی دەریاوەیە و دەیبینین، ئەوە بەشە ماتریاڵییەکەیەتی، ئەوەیە کە لەسەر مێزەکەم دانراوە و هێشتا مامەڵەم لەگەڵ نەکردووە، واتە هێشتا دەستم بۆ نەبردووە. بەشە زۆرەکەشی بریتییە لە پرۆسەی خوێندنەوە، یاخود سەرلەنوێ نووسینەوە کە ئەمیان بەردەوامییەکی سەمەرەی هەیە و دەتوانم بڵێم هەرگیز تەواو نابێت، واتە هەرگیز ناتوانین هەموو ناوچەکانی تەی بکەین و بڵێین تەواو ئیتر هیچ نەماوە؛ ئیتر لە کتێبەکە بووینەوە و گەیشتینە کۆتایی. چونکە هەمیشە شتێک دەمێنێت بۆ ئەوەی هەوڵی دۆزینەوەی بدەین.
 
هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ پێچەوانەییەک لە نێوان بوونی کتێب لەوێ و سایکی مرۆڤیش لێرە. پێشتر دەرونشیکارەکان دیسان سایکی مرۆڤیان شوبهاندووە بە کێوە بەفرینەی ناو زەریا. بەڵام جیاوازییەکە لە پێچەوانەبوونەوەدایە. بەلای ئەوانەوە بەشی (ئاگا)ی سایکی مرۆڤ ئەو لوتکە بچووکەیە کە لەسەر رووی زەریاوە دەیبینین؛ بەشە مەترسیدارەکەشی (واتە نائاگایی) لەژێر دەریادا خۆی مەڵاسداوە؛ ئەمە بۆ کتێب بە پێچەوانەیە، واتە بەشە نائاگاکەی (لە پەڕەکان، بەرگ و دیزاین و شێوەی دەرەوەی) ئەوەیە کە لەڕووی زەریاکەوە دەیبینین و لە ژێریشەوە ئاگاییەکی فراوان هەیە کە دەبێت لە پرۆسەی خوێندنەوەدا، یاخود دیسان نووسینەوەدا پەیی پێ ببەین.
 
ئەمە پرسێكی مەترسیدارە، ئێمە زۆرجار بە نائاگاییمانەوە پەیوەندی بە ئاگایی کتێبەوە دەگرین، ئەمەش بەپێی جۆری کتێبەکان دەگۆڕێت، بێگومان ئەوانیش جۆریان هەیە و شوێنێک تەرخان دەکەم بۆ قسەکردن لەبارەی ئەمەوە. لێرەدا ئاماژە بە یەکێکیان دەکەم کە کتێبی ئایدیۆلۆژییە. کاتێک دەکەوینە ژێر هەژموونی کتێبێکی ئایدیۆلۆژییەوە، یەکەمین شت کە روودەدات ئەوەیە مرۆڤبوونی خۆمان بۆ هەتاهەتایە، یاخود بۆ ماوەیەک دەدۆڕێنین، ئیتر دەبین بە ئاژەڵێکی بەستراوە بە مێخ زنجیرێکەوە. هەر ئەم دەستەواژەیەشم بەکارهێنا وەک ناوێكی دووەمین بۆ ئەو جۆرە کتێبانە.
 
ئەم کتێبە دەتخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکت لێ قەدەغە دەکات، یان تەنیا ئەوەندە بواری بیرکردنەوە و تێڕامانت بۆ دەمێنێتەوە کە لە خزمەتی ئەودا بیت و بەو  ئاڕاستەیەدا بڕۆیت کە بۆی دەستنیشان کردوویت. 
 
ئەم کتێبە تۆ دەکات بە دانە و لەناو گرووپێکی گەورەتری دانەکاندا پۆلێنت دەکات و لەبری هەمووتان ئەو بیردەکاتەوە و خۆی دەکات بە جیهانبینیی ئێوە. هەر ئەوەندەی کەوتیتە ژێر کاریگەرییەوە، ئیتر ئەو خۆی ئاراستەت دەکات بۆ هەر جۆرە مومارەسەیەک کە خۆی دەیەوێت، بۆ ئەمەش زۆرجار بۆ خوێندنەوەی دەستەجەمی کۆتاندەکاتەوە و یەکێک بەدەنگی بەرز خەریکی گوتنەوەی رستەی پەرتوبڵاو یان یەک لەدوای یەکی کتێبەکە دەبێت کە لە هەر جێگایەکەوە وەرگیراوە. زۆرجاریش ئێوە بەدوایدا لەبەرخۆتانەوە یان بە دەنگی بەرز دەڵێنەوە "ئای هاوار چەند جوانە"، یاخود "ئەمە مەزنترینە". لەکاتێکدا زۆر لە ئێوە هەر لێشی تێناگات. ئەوەی شتێکیشی لێ تێدەگات، حەزدەکات هەرچی لە نائاگایی خۆیدا هەیە، بۆ داکۆکیکردن لەو تێگەیشتنە بەکاربهێنێ.
 
مەترسی ئەم کتێبە لەوەدایە کە جیهان دابەش دەکات بۆ دوو بەرەی بەگژیەکداچوو، هەرگیز کار لەسەر تێگەیشتن و پەیوەندیگرتنی ئەرێنی ناکات، بەپێچەوانەوە هەمیشە رستە و دەستەواژەکانی میتافۆرییانەن و خۆیان نادەن بەدەستەوە. کاتێک دەکەویتە ژێر هەژموونی ئەم کتێبەوە، ئیتر دەربازبوونت زۆر زەحمەتە؛ چونکە ئەو نامەیەکی پێیە بۆ جیهان، دەیەوێت سەرلەنوێ ڕێکی بخاتەوە بەشێوەیەک کە خۆی دەیخوازێت. ئەم کارەش بە تۆ و ئەوانەی تر دەکات کە کەوتوونەتە داوییەوە.
 
شاخەوان سدیق: ئەی خوێنەر لە كوێی گرنگیی كتێبدایە؟ ئایا كتێب بەبێ‌ خوێنەریش هەر سەرسامكەر و مەترسیدارە یان ئەوە خوێنەرە ئەو گرنگیە بە كتێب دەدات؟
 
ئاوات ئەحمەد: با بگەڕێینەوە بۆ لای کتێب و پەیوەندیگرتنی ئێمە پێوەی. لەبەرئەوەی کتێب و خوێنەر دوو جەمسەری جیاوازن لە یەکتری، جەمسەرێکیان ئاگایی و ئەوەی تریشیان نائاگاییە، هەردووکیشیان زۆر زەبەلاحن، بۆیە پرۆسەی خوێندنەوە وەک زۆرانبازیی نێوان تایتانەکانی لێ دێت (ژمارەیەک خواوەندی بەدەسەڵاتی یۆنانیەکان بوون، جەستەیان زۆر گەورە و کەتە بوو، زۆریش بەتوانا بوون)؛ کە زۆر بە زەحمەت یەکلایی دەکرێتەوە، بگرە لە هەر جەولەیەک یان (وەک بە منداڵی دەمانگوت لە هەر گێمێکدا) ئەنجامێکی جیاوازی دەبێت. هەربۆیە من جار لەدوای جار دووبارەی دەکەمەوە کە هەرگیز دوو کەس ناتوانن هەمان کتێب وەکو یەک بخوێننەوە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هەمان کەس لە دوو کاتی جیاوازدا ناتوانێ هەمان کتێب بخوێنێتەوە. بۆچی؟
 
هۆیەکەی ئەوەیە هەریەکەمان لە گۆشەنیگای خۆیەوە، لەو زەخیرەیەوە کە لە نائاگایی خۆیدا کۆیکردووەتەوە، کتێب دەخوێنێتەوە، بۆیە پەیوەندیگرتن لەگەڵ کتێب، هەروەها ڕوودانی کاریگەری هەمیشە لە گۆڕاندایە و مەترسی کتێبەکانیش لێرەدایە، چونکە زۆر لە کتێبەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە بگۆڕێن بۆ ئایدیۆلۆجیا، گەرچی خۆشیان لە بنەڕەتدا وا نەبن. ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە خوێنەرەکانی لە خودێکی بیرکەرەوەوە دەگۆڕێن بۆ دەروێشێکی دەف بەدەست و دەستبەرداری بیرکردنەوەیان دەبن.
 
مەسەلەی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کتێب فرەجەمسەرە و تا ڕادەیەکی زۆریش ئاڵۆز و پڕ لە شوێنی سەیروسەمەرەیە کە هەتا خۆمان فڕێنەدەینە ناوی درکی پێ ناکەین. ئەم کارەش خۆی جۆرێکە لە خۆدانە دەستی نەزانراو، کە ئەگەری ئەوەی هەیە کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنیشی هەبێت؛ بگرە هەندێک کتێب هەن کە هەرچۆنێک لەگەڵیان خەریک دەبیت، خۆی ناخاتەڕوو بۆ پەیوەندیگرتن، چونکە ئەوانە هەر لە بنەڕەتدا هێشتا لەوێ نین، خوێندنەوەش ناتوانێت شتێک بهێنێتە ئاراوە کە پێشتر لەوێ نەبووبێت، یان لانیکەم ئەگەرەکانی هەبوونی فەراهەم نەبووبێت.
 
شاخەوان سدیق: كەواتە مرۆڤ بۆ دەبێت بخوێنێتەوە؟
 
ئاوات ئەحمەد: رەنگە باشترین و راستەوخۆترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوە بێت کە بڵێم "لەبەرئەوەی مرۆڤە!" دوای گوتنی ئەم رستەیە، پێویست ناکات هیچی تر بڵێم. چونکە مرۆڤەکان تاکە بوونەوەرن کە ئەزموونەکانی خۆیان تەنیا لەڕێگای (غەریزە)ـەوە بۆ نەوەکانیان ناگوازنەوە، بەڵکو کتێبیشیان هەیە و دەتوانن زانیارییەکان کەڵەکە بکەن و ناچار نەبن هەمیشە خۆیان لەناو ئەزموونەکاندا بژین تا فێرببن، بەڵکو لە کەسانی دەوروپشتیان و ئەوانەش کە ساڵانێکی زۆرە لێرە نەماون، ئەزموون وەرگرن. بەمجۆرە، خوێندنەوە بژارەیەک نییە لەبەردەمتدا کە سەرپشک بیت لەوەی هەڵیدەگریتەوە یان نا، مەبەستم لەوەیە نەخوێندنەوە خۆی مانای مرۆڤنەبوونە. ئەوە خوێندنەوەیە کە لە بوونەوەرێكی ڕەمەکییەوە دەمانگۆڕێ بۆ بوونەوەرێکی ئەقڵانی، واتە دەمانکات بە مرۆڤ. خوێندنەوە بریتییە لە کردنەوەی دەرگای کتێبەکان و دۆزینەوەی ئەو هێڵەی لێوەی پەیوەندییان لەگەڵدا دەگریت، ئەمە خۆی لەخۆیدا سەرچڵییەکی گەورەیە. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە کتێبێكی نەخوێندراوە شێرێکی نووستووە، بێدارکردنەوەی شێری نووستوو، دلێرییەکی زۆری پێویستە، چونکە ڕەنگە ئاکامەکەی بە تێداچوونی خۆت تەواو ببێت. ئایا پێویست دەکات بڵێم بیرۆکەی شێرە نووستووەکەم لە گوزارشتەکەی ئێرنست هێمنگوای وەرگرتووە کە دەڵێت "کتێبێکی تەواوکراو شێرێکی مردووە"؟ من لەگەڵ بۆچوونەکەدا زۆر کۆکم، چونکە ئەو لە پەیوەندیدا بە نووسەرەوە قسە دەکات، بەڵام من گۆڕیومە بۆ ئەوەی لە پەیوەندیدا بە خوێنەر بەکاریبهێنم. هەرچۆنێک بێت، کورد گوتەنی خەو برای مەرگە، خوێندنەوەی کتێب خۆی جۆرە داهێنانێکە، دیسان نووسینەوەیەتی، واتە دەتوانم بۆچوونەکەی هێمنگوای ئاواهیش بەکاربهێنم: "خوێندنەوەی کتێبێک، زیندووکردنەوەی شێرێکی مردووە". واتە بە مانایەک لەماناکان نووسینی کتێبێکی دیکەیە. هەر لێرەشەوەیە کە من بەردەوام لە سیمینارەکانمدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە هیچ دوو کەسێک ناتوانن هەمان کتێب بخوێننەوە، بەڵکو هەریەکەیان مومارەسەیەکی جیاواز دەکات. ڕاستە هەردووکیان لەهەمان دەروازەوە دەچنە ژوورەوە، بەڵام لەودیوی دەروازەکەوە جۆرەها هێڵ هەیە بۆ پەیوەندیگرتن، هەروەها خوێنەریش نائاگایی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژوورەوە، بێ ئەوەی ڕۆڵی ئاگایی فەرامۆش بکەین. ڕاستییەکەی نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لەبەرئەوەی پەیوەندیکردن بە کتێبەوە فرەجەمسەرە و کۆمەڵێک فاکتەری زۆر بەشداریی تێدا دەکەن (ئاستی ئاگایی، نائاگایی، حەزەکان، میزاجی ساتەوەختی خوێندنەوە و... هتد) بۆیە هەرگیز ڕوونادات کەسێک لە دوو کاتی جیاوازدا هەمان کتێب بخوێنێتەوە. سیحری کتێبەکان لێرەدان و هەر لێرەشەوەیە کە بەردەوام دەڵێم "ئەو چێژەی لە خوێندنەوەدا هەیە، قابیلی وەسفکردن نییە". ئەوە چێژێکە تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەدا (خوێندنەوە) تامی دەکەیت. وەکچۆن هەموو دنیا باسی تامی مرەبات بۆ بکات، ناکاتە ئەوەی کەوچکێکی لێ بخەیتە سەر زمانت و بڵێیت: "همم... ئێستا دەزانم تامی چۆنە."
 
خوێندنەوە جۆرێکە لە عەشق، داوێکە لە نێوان خوێنەردا لەکاتێکدا کە خەریکی خوێندنەوەیە، لەگەڵ نووسەردا لەکاتێكدا کە لەوێ نییە، واتە عەشقێکە لە بزریدا، ئەوەی پێیدەگوترێ نووسەر، ئەو کەسە نییە کە لە دوای نووسینی کتێبەکەی دەمرێت، وەک ڕۆلان بارت و کەسانی تر دەڵێن، بەڵکو ئەو کەسەیە کە لەدوای خوێندنەوە لەدایک دەبێت. ئەم نووسەرەیان هەمان ئەو کەسە نییە کە کتێبەکەی نووسیوە، کە من بەردەوام بەویان دەڵێم (دانەر)، بەڵکو کەسێکە کە کتێبی تایبەتی خۆی دەنووسێتەوە، واتە لەتوێی خوێندنەوەوە دەینووسێتەوە.
 
شاخەوان سدیق: كەواتە ئێستا دەبێت بپرسم ئەی ئەو كەسەی كتێبەكان دەخوێنێتەوە و پێیدەگوترێ خوێنەر ئەمەیان كێیە؟ ئایا هەموو كتێبخوێنێك خوێنەرە؟ یان خوێنەر خاوەن خەسڵەتی تایبەتە؟
 
ئاوات ئەحمەد: پرسیاری خوێنەر کێیە؟ پرسیارێكی بەجێیە، خوێنەر بەدرێژایی مێژووی خۆی هەر هەمان بوونەوەر نەبووە، بەڕاستی خوێنەریش مێژوویەکی هەیە کە لە بەرامبەریدا جگە لەوەی بە سەرسامییەوە بڵێین "سەیرە!" هیچی ترمان لەدەست نایەت. سەرەتا کۆیلەیەک بوو لەبەردەمی ئاغایەکی رۆمانیی ورگ زلدا دادەنیشت و بەدەنگی بەرز شتی بۆ دەخوێندەوە، ئەو تەنیا هەر ئەمەی لەسەر بوو؛ دوای تەواوبوونی کارەکە دەکشایەوە بۆ جێگای خۆی. ئەگەر دوای ئەم کەسە بکەوین دەبێت گەلێک ڕێگای سەیر و سەمەرە بدۆزینەوە. ئەوەی گرنگە بیڵێم، من مەبەستم لەو خوێنەرە نییە کە هەتا ئەمڕۆش هەر هەیە و بگرە لە باڵاترین ناوەندە ڕۆشنبیری و کولتووری و پەروەردەییەکاندا، لە نموونەی زانکۆ، ئامادەیی هەیە. کەسێکە دەخوێنێتەوە لەبەرئەوەی داوای لێکراوە، پێویستە بڕوانامە وەربگرێت و... هتد. هەربۆیە من ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن بڕوانامە باڵاکانی ئەم وڵاتە لەو کۆیلە رۆمانییە زیاتر نابینم .ئەی خوێنەر کێیە؟ ئایا لەگەڵ یەکەمین خوێندنەوەدا، ئیتر خوێنەرمان هەیە؟ راستییەکەی نەخێر، خوێنەر کەسێكی وەهمییە، لە ئەنجامی مەشقکردن و ڕاهێنانێکی درێژدا دروست دەبێت، ڕێک ئەو کەسەیە کە نووسەر ئەندێشەی دەکات، بەڵام هەرگیز بەوجۆرە دەرناچێت، بەڵکو هەمیشە لە کۆتاییدا ئەو لەگەڵ وەهمی خوێنەردا کاری کردووە. ئەمەیان داستانێکی ترە. بەکورتی خوێنەر ئەو بوونەوەرە هیولاییەیە کە دەتوانێت بۆشاییەکانی دەق پڕ بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی خوێندنەوە زۆر و زەوەندەکانی پێشووتریەوە دەکات، ئەمەش ئەو نائاگاییەیە کە خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو تێکستەکەوە. پێشتر بە ئەنقەست باسی نائاگایی خوێنەرم بە کورتی بڕییەوە تا لێرەدا باسی بکەم.
 
نائاگایی خوێنەر جیاوازە لە نائاگایی خود، یان کەس. لە دووەمیاندا پرۆسەکە بەجۆرێکە کە هەموو ئەزموونە نەویستراوەکان، ناخۆشەکان، ئەوانەی کورد گوتەنی ڕووی مەجلیسیان نییە، فڕێ دەدرێنە خوارەوە بۆ ناو چاڵێکی تاریک و پاسەوانیان بەسەرەوە دادەنرێت بۆ ئەوەی نەتوانن بێنەوە دەرەوە بۆ ناو ئاگایی. 
 
بەڵام نائاگایی خوێنەر  بەشێکی بچووکی قەوارە گەورەکەیەتی، ئەوەی کە خوێنەر دەیبات بۆ لای کتێبەکان ئاگاییەکەیەتی، کۆی ئەزموونەکانیەتی لەگەڵ خوێندنەوەدا، کە مەشقەکان، فێربوونەکان، پێسەرسامبوونەکان؛ بەهەمانشێوە تووڕەبوون و ناڕەزایی و ڕەخنەکانیشی پێکەوە تێدا کۆدەبنەوە و دەبنە ئەو ئامرازە ئەپستمۆلۆجییەی لە خوێندنەوەکانی دواتریدا بەکاریاندەهێنێ. ئەمە ئەو خوێنەرەیە کە دەزانێت چێژ لە دەق وەربگرێت، کە دەگاتە ئاستێک دەقە ئایدیۆلۆجییەکان دەرەقەتی نایەن. هەر ئەمەش خۆی گرنگترین هۆیە بۆ ئەوەی بخوێنینەوە. پێداویستی خوێندنەوە لێرەدایە؛ بۆ ئەوەی بتوانین شارەزای گەمەکە ببین، بۆ ئەوەی پێگەی خۆمان وەک خوێنەر لەناو هاوکێشە چوار جەمسەرییەکەدا بە شایستەیی بەدەستبهێنین.
 
پێشتر گوتم کتێب بریتییە لە پەیوەندی و کاریگەری. بەڵام ئەمانە بێلایەنن، وەک ئەوەی گەردەلوولێکی گەورە لەناو شووشەیەکی بچووکدا بێت، خۆیان مت کردووە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا دەتەقنەوە. هەربۆیە دەگوترێت خوێندنەوە پرۆسەیەکی مەترسیدارە و ترسنۆکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت بخوێنینەوە، گوایە تێکماندەشکێنێ. ئەمە ڕاستە، خوێندنەوە هێزێکی تێکشکێنەرە، بەڵام تەنیا ئەوانە تێکدەشکێنێ کە لە سەرەتای پرۆسەکەدا خۆیان بە دەستەوە دەدەن، بەواتای ئەوەی خاوەنی ئاگاییەکی بچووکن.
 
لە بەشی یەکەمی پرسیارەکەدا ئاماژەم کرد بۆ جۆرە خوێندنەوەیەک: دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان نائاگایی خوێنەر و ئاگایی کتێبدا. شتێکیش لەوبارەیەوە دواین، بەڵام ئەوە تەنیا یەکێکە لە ئەگەرەکانی خوێندنەوە، کە هەرگیز بەو شێوە پوختە روونادات، واتە خوێنەر ناتوانێت بەتەنیا لە ئاگاییدا بێت؛ بەڵام با ئەوەندە وردی نەکەینەوە و بەشێوەیەکی درشت جەمسەرە سەرەکییەکانی دیکەی پەیوەندیگرتن دەستنیشان بکەین:
دەشێت پەیوەندییەکە لەنێوان ئاگایی خوێنەر بە سێ جۆری دیکەش بێت: 
 
‌أ. ئاگایی خوێنەر و نائاگایی کتێب
‌ب. ئاگایی خوێنەر و ئاگایی کتێب
‌ج. نائاگایی خوێنەر و ئاگایی کتێب.
 
وەک گوتیشم، ئەم تێکەڵە کیمیاییە هەرگیز بەو پوختییە نایەتە دی، بەڵکو هەمیشە رێژەی جیاجیا لەهەر چوار جەمسەرەکە بەشداریی دەکەن. هەربۆیەشە هەمیشە دووبارەی دەکەمەوە کە خوێنەرەکان لەیەک ناچن، دەتوانین لەناو کڵاسێکی گشتیدا کۆیانبکەینەوە، بەڵام هەریەکەیان بۆ خۆی قەوارەیەکی سەربەخۆ و جیاوازە. بۆیە هەریەکەیان هۆیەکی جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەو شێوە گشتگیرە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوە هەر زۆر سەختە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی، مامۆستای زانکۆ، سیانسپۆ - پاریس

پیاوانی مەزهەب و یاسا

ترسناکترین بڕگەی پڕۆژەیاسای باری کەسی بڕگەی 50ـیە کە تایبەتە بە هاوسەرگیریی منداڵان. ئەو بڕگەیە ماف دەداتە باوک و باپیر کچەکانیان لە تەمەنی ساواییەوە بەشوو بدەن و شەرعییەت بەوە دەدات لە تەمەنی 9 ساڵیدا جەستە و ئەندامی زاوزێی کچ، لەبارە بۆ سێکس و زاوزێ. ئەم بڕگەیە کوڕیش دەگرێتەوە