قەیرانی توركیا و پەیوەندی بە كوردەوە
دەوڵەتی توركیا ئێستا لە قەیرانێكی گەورەدایە. قەیران و ململانێكە لەنێوان جووڵانەوەكەی گوتاربێژی ئیسلامی فەتحوڵڵا گیولەن كە لە ئەمریكا دادەنیشێت و یەكێكە لە پەیڕەوانی زانای ئیسلامیی كورد سەعید نوڕسی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیادایە كە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان AKPیە، بەڵام ئەمە مانای چییە بۆ كورد؟
هەرچەندە زۆركەس وا بیردەكەنەوە كە كورد لە توركیا تەنیا پشتیوانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دەكەن، بەڵام لەڕاستیدا دەنگی كورد لە توركیا لەنێوان PKK و AKP دابەشبووە. جووڵانەوەكەی گیولەن گەیشتووەتە نێو كوردەكانیش و زۆر لەو كوردانە بوونەتە پەیڕەوكاری. ئەو جووڵانەوەیە كە جەختی زۆر لەسەر پەروەردە دەكاتەوە، لە هەموو شارەكانی كوردستانی توركیادا قوتابخانەی هەن. هەروەها لە كوردستانی عێراقیش، لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا زۆر قوتابخانەیان كردوونەتەوە. بەڵام ئەو كێشەیە چ كاریگەرییەكی لەسەر كورد دەبێت؟
یەكەمین هەستیاری لەنێوان جووڵانەوەی گیولەن و AKP ئەوكاتە دەركەوت كە سەركردایەتی سوپای توركیا بە هاوكاریی نێوان AKP و گیولەن تێكشكێندرا. ئێستا كە سوپای عەلمانیی توركیا نەماوە، AKP و گیولەن ترسی ئەوەیان نەماوە كە سوپای توركیا لەڕێگەی كودەتای سەربازییەوە بگەڕێتەوە سەر حوكم، وەك ئەوەی لە میسر روویدا. ئێستا كە مەترسیی سوپا نەماوە، گیولەن و AKP هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان لەنێواندا نەماوە. جووڵانەوەی گیولەن هەژموونی زۆری هەیە بەسەر پۆلیس و بازرگانان و دادوەران لە توركیا. ئەو گرووپە زۆر پشتیوانی لە رۆژئاوا دەكات و دژی ئێرانە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك لایەنی نزیك لە ئەردۆغان سەرسامن بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران.
لەكاتێكدا AKP دەیەوێت دانوستاندن بكات لەگەڵ PKK، بەبێ ئەوەی مافە كەلتوورییەكان بداتە كورد، جووڵانەوەی گیولەن دەیەوێ PKK لەناوببات و مافە كەلتوورییەكانیش بەتەواوەتی بداتە كورد. ئەنجامی ئەمەش ئەوەیە كە ئەو پارتە كوردییە زۆر دژی جووڵانەوەی گیولەن-ە. جووڵانەوەی گیولەن وا لە PKK دەڕوانێت كە هەڕەشەیە لەسەر دەسەڵاتەكەی لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای توركیادا، دەشترسێن كە پرۆسەی ئاشتی وابكات PKK و ئێران بەهێز ببن.
هەر لەبەر ئەمەش داواكارێكی گشتی كە پشتیوانی لە گیولەن دەكات، لە مانگی شوباتی ساڵی 2012دا، هەوڵیدا هاكان فیدان، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی توركیا بخاتە زیندانەوە. ئەویش لەبەرئەوەی دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ PKK. هەروەها هەوڵیاندا سووكی بكەن لە میدیای نێودەوڵەتیدا. كەچی ئەردۆغان یەكسەر داكۆكیی لە فیدان كرد، بەڵام لەبیری نەكرد كە جووڵانەوەی گیولەن هەوڵیداوە گورز لە كەسێكی نزیك لەخۆی بدات.
جووڵانەوەی گیولەن بەشێوەیەكی سەرەكی بەرپرسیارە لە كەیسی KCK كە بەهۆیەوە دەیان كەس لە كوردە هەوادارەكانی PKK دەستگیركران. هەر ئەو كەیسەش یەكێك بوو لە كێشە گەورەكانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی. بە ئاشكراكردنی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیش جووڵانەوەی گیولەن هەوڵیدا رێگە لە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی بگرێت.
كەواتە رەنگە PKK و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتیوانی لە ئەردۆغان بكەن نەك لە جووڵانەوەی گیولەن، چونكە ئەو جووڵانەوەیە سەرچاوەی هەڕەشەیە لە PKK و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا. هەرچەندە PKK حەزی لەوەیە كە هەردوو گرووپە ئیسلامییەكە (واتە ئەردۆغان و گیولەن) لاواز ببن، بەڵام لەكۆتاییدا بۆ ئەوان ئەردۆغانێكی لاواز قازانجی زیاترە بۆ دانوستاندنەكان.
بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رەوشەكە قورسە.
هەم تاڵەبانی و هەم بارزانی رێگەیان بە جووڵانەوەی گیولەن داوە دەیان قوتابخانە لە كوردستان بكەنەوە بۆئەوەی بواری پەروەردە بەرەوپێشەوە ببەن و پەیوەندی قووڵیش لەگەڵ توركیا سازبكەن، بەڵام بارزانی چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد هیچ كێشەیەك لەنیوان گیولەن و AKPدا رووبدات. لەبەرئەوەی بارزانی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغان دروستكردووە، پێی گرنگە هەر ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چونكە هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی دیكە بۆ ئەو نییە لە توركیادا. پارتەكانی دیكەی نێو توركیا زۆر دژی هەرێمی كوردستانن. بۆیە زۆر پێدەچێت كە هەم پارتی و هەم PKK پشتیوانی لە ئەردۆغان بكەن نەك فەتحوڵڵا گیولەن. هەرچەندە زۆر زووە بۆئەوەی بڵێین كام لایەنەیان دەیباتەوە، هەروەها ناشزانین كاریگەریی ئەو ناكۆكییە لەسەر كورد چی دەبێت، بەڵام ئەوە روونە كە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت لە توركیا. هەروەها كاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابوورییە ئایندەییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش دەبێت.