خیانه‌ت ڕه‌نگه ته‌مه‌نی هێندەی مێژووی مرۆڤ بێ، ڕێك له‌و كاته‌وه كه قابیل، هابیلی برای كوشت. چه‌مكێكی دێرین و تێكچنراو كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ئه‌وه‌نده ئاڵۆز ده‌بێ خائین و خیانه‌تلێكراو جێگۆڕكێیان پێده‌كرێ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمه‌وێ له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا مانایه‌كی ساكاری بۆ دیاری بكه‌م - بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ده‌مه‌وێ بیپێكم - ده‌كرێ وه‌ك جۆرێ له په‌یمانشكێنی باسی لێبكه‌ین.
واته سه‌ره‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش، په‌یمان و به‌ڵێنێك ده‌درێ (زاره‌كی یان ڕێكکه‌وتنێكی فه‌رمی) و تا به‌ئه‌نجامگه‌یشتنی مه‌به‌ست، به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێ لایه‌نه‌كان سوور بن له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆیان، به‌ڵام كه پاشگه‌ز بووه‌وه له به‌ڵێن و په‌یمان، ئیتر ڕێك له‌م پنته‌ڕا خیانه‌ت ده‌ستپێده‌كا و ئه‌خلاق و مۆڕاڵ هیچ شوێنێكی نییه و ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی یهكلایەنهیه كه یه‌كلاكه‌ره‌وه، یان باشتر بڵێم پێشێلكه‌ری جۆری پهیماننامهكانه.
هه‌ر بۆیه له پرسی "به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی"دا هیچ وڵاتێك گوێ ناداته بایەخه ئه‌خلاقییه‌كان و كاری به سه‌ر چاكه و خراپه‌وه نییه، ته‌نانه‌ت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م چه‌مكه دیاری ده‌كرێ، بۆیه هه‌موو ده‌وڵه‌تێك خۆی به پابەند ده‌زانێ بۆ پاراستنی ئه‌م چه‌مكه له پێناو پاراستنی سه‌روه‌ریی وڵاتی خۆی!
بێگومان هۆكاری ئه‌وه كه بۆچی ئه‌م چه‌مكه ئه‌وه‌نده گرینگه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌مه كه شوێنكه‌وته سهلبییهكان و ئاسه‌واری خیانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌تاهه‌تایه، تا ساڵیانی ساڵ له ناو هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌ی خیانهتلێكراودا ده‌مێنێته‌وه و ده‌بێته به‌شێك له مێژوو، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی شكستخواردوو!
به باوه‌ڕی من ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م پرسیاره سه‌رله‌نوێ بێنینه گۆڕێ كه به‌ڕاستی كورد خیانه‌تی لێكراوه و قوربانیی خیانه‌ته؟ یان وه‌ك هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن ئه‌وه كورده كه بۆخۆی هۆكاری خوڵقانی ئه‌و دۆخه‌ی خۆیەتی؟ جنسی ئه‌و خیانه‌ته چییه؟ به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك خیانه‌ت سه‌یر بكرێ ده‌توانین بڵێین دۆخی كورد گرێدراوی جه‌برێكی جیۆپۆلیتیكییه؟ بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌رئه‌نجامێكی باش بگه‌ین، ڕه‌نگه دابه‌شكردنی خیانه‌ت به ده‌ره‌كی و ژووره‌كی زیاتر بۆ شرۆڤه‌ی باسه‌كه‌مان یارمه‌تیده‌ر بێ.
سه‌باره‌ت به هۆكاری نێوخۆیی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نه‌بوونی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی كورد، ده‌مه‌وێ له ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌ركێشی" كه‌ڵك وه‌رگرم: بێشك هه‌موو مرۆڤێك ناتوانێ سه‌ركێش بێ، یاخی بێ له یاسا و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان. بۆ سه‌ركێشی ده‌بێ جۆرێ بوێری تایبه‌تت هه‌بێ كه خۆی له ئاكامخوازی ده‌بوێرێ، واته مرۆڤی سه‌ركێش بیر له‌وه ناكاته‌وه له كورتماوه‌دا به ئاكام بگا و زیاتر وه‌ك ڕێبواری ڕێگایه‌كی دوور و درێژ و پڕ كهندولهند ملی ڕێ ده‌گرێ. نسكۆ و هه‌ره‌س، سه‌ركه‌وتن و سه‌ربه‌رزی قۆناغ و مەنزڵهكانی ئه‌م ڕێگایه‌ن، بۆیه جاری وایه به سه‌ركه‌وتن پشوو ده‌دا، جاری وایه به نسكۆ، ههنیسكان! به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه نه‌وه‌ستان و بڕینی قۆناغه‌كانه.
له‌م نێوه‌دا عه‌قڵیه‌تێكی تریش هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌ته سه‌ركێشه‌كه، قۆناغ به قۆناغ ڕێگا ده‌بڕێ و سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی مهسڵحهتخوازانه له قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتندا به‌ڕواڵه‌ت ڕه‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی سه‌ركێشی ده‌كه‌وێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م چركه‌ی نسكۆ، مه‌سڵه‌حه‌تخوازی ڕوخساری خۆی ده‌گۆڕێ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ری. ئیتر ناكه‌وێته خه‌سارناسیی هۆكاره‌كانی نسكۆ، به‌ڵكوو به بیانووی نسكۆ، بیری سه‌ركێشی ده‌داته به‌ر تیروتوانج و هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكردنی ئه‌م بیره ده‌دا و به‌توندی لۆمه‌ی خۆڕاگریی بیری سه‌ركێش ده‌كا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خۆی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ست ڕێكده‌خا و دواجار تا ئاستی خیانه‌تیش ده‌ڕوا. واته ئه‌م خیانه‌ته نێوخۆییه ڕێك له خزمه‌ت خیانه‌تی وڵاتی داگیركه‌ر یا نه‌ته‌وه باڵادهستهكهدایه.
كه سه‌یری مێژووی هاوچه‌رخ ده‌كه‌ی، خیانه‌ت له بزووتنه‌وه‌كانی كوردی، له خودی جووڵه و بزووتنه‌وه‌كه تۆختر دێته به‌رچاو. له ناوچه‌ی موكریان ئیدیۆمێك باوه به ناوی: "خیانه‌تی رووس" كه باس له خیانه‌تی ڕووسه‌كان ده‌كا به نیسبه‌تی كۆماری كوردستانه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا باس له ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری (خیانه‌تی خۆجێیی) تاقمێ ئاغا و ده‌ره‌به‌گیش ده‌كا كه خۆیان به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و ئاخرجار ئه‌م دوو كرده‌وه‌یه ده‌بنه هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ره‌سی كۆماری كوردستان. وه‌ك له سه‌ره‌تادا باسی به‌رژه‌وه‌ندیم كرد، هۆكاری كشانه‌وه‌ی ڕووسه‌كانیش به‌رژه‌وه‌ندی بوو كه ئه‌ویش بریتی بوو له نه‌وتی باكووری ئێران!
نموونه‌یه‌كی تر له باشووری كوردستان، ئاداری 1975، مسته‌فا بارزانی به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و سیاسی ئه‌مریكا به نیسبه‌ت گه‌لی كورده‌وه وه‌بیر هێنری كیسنجەر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دێنێته‌وه و ده‌ڵێ ئه‌م بێده‌نگییه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ی ئێوه بزووتنه‌وه و خه‌ڵكی ئێمه له‌ناو ده‌با! چه‌ند ساڵ دواتر بارزانی ده‌ڵێ خیانه‌تیان لێكردین، بێگومان مه‌به‌ستی بارزانی، خیانه‌تی ئه‌مریكا بوو له بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد له باشوور.
سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ر ئه‌م هێنری كیسنجەره دواتر حاشا له‌وه ناكا كه ئه‌وان له‌بنه‌وه خیانه‌تیان له كورد كردووه. ئەو بۆ پاساوی خیانهتهكانیان به دژی كومیته‌ی پایك (Pike Committee) كه له كۆنگرێسی ئه‌م وڵاته ساز ببوو، ده‌ڵێ: نابێ ئۆپەراسیۆنی شاراوه له‌گه‌ڵ كاری خێرخوازی تێكه‌ڵ بكه‌ین! كه‌چی ڕاپۆرته‌كانی پایك نیشان ده‌ده‌ن كه ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ئۆپەراسیۆنه شاراوهكانیشدا، به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مریكا به نیسبه‌ت خه‌ڵكانی تر هه‌میشه نییه‌تێكی خراپی له‌گه‌ڵ بووه. پایك ده‌ڵێ كه ئه‌مریكا به نیازپاكییه‌وه له‌گه‌ڵ كورد نه‌جووڵاوه‌ته‌وه!
ئه‌ركی ئه‌م كۆمیته‌یه به‌دواداچوون بوو بۆ كار و چالاكییه نایاساییه‌كانی CIA و هه‌روه‌ها FBI و NSA. هه‌رچه‌ند هه‌رگیز كۆنگرێس ئیزنی نه‌دا ئاكامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی به فه‌رمی بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام به نافه‌رمی ئه‌و راپۆرتانه‌ی بڵاوبوونه‌وه، نیشان ده‌ده‌ن كه ئه‌م وڵاته هه‌رگیز به‌هایه‌كی نه‌داوه به هاوپه‌یمانی و هاوڕێیه‌كی كاتی بووه! راپۆرته‌كانی كۆمیته‌ی پایك ترسێنه‌ر و ناهومێدكهرن و به‌تاڵن له بنه‌ماكانی ئه‌خلاقی و ته‌نانه‌ت ئینسانی!
هێرشی حه‌شدی شه‌عبی به سه‌رپه‌رشتی پاسدار سوله‌یمانی بۆ سه‌ر كه‌ركووك دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕێك به به‌رچاوی هێزه‌كانی ئه‌مریكاوە، سه‌رله‌نوێ گریمانه‌ی خیانه‌تی ئه‌مریكای له كورد هێناوهگۆڕێ.
به‌ڵام كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژاوای كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانی ترەمپ زۆر سه‌رسوڕهێنه‌رتر بوو، چون له‌ڕاستیدا ڕێك به دژی چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌ی خۆی بوو! بۆیه چرای سه‌وزی ترەمپ بۆ هێرش بۆ سه‌ر شه‌ڕڤانان كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا بوون بۆ له‌ناوبردنی داعش... وه‌ك په‌یمانشكێنی و خیانه‌ت نه‌بێ هیچ ناوێكی تری بۆ دیاری ناكرێ. ته‌نانه‌ت شه‌پۆلی به‌ربڵاوی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا ئه‌وه‌نده ئاشكرا و ڕوون بوو كه له باڵاترین ئاستی حكوومیدا یه‌كی وه‌ك نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی كۆنگرێس و ده‌یان سێناتۆر و كۆنگرێسمه‌ن و كه‌سایه‌تی سیاسی و ڕۆژنامه‌وانی، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ و بێ پێچوپه‌نا وه‌ك "خیانه‌ت له هاوپه‌یمانه كورده‌كان" ناودهبەن، بۆیه به هیچ كلۆجێك ناكرێ ئه‌م خیانه‌ته په‌رده‌پۆش بكرێ.
له ڕۆژاوای كوردستانیش ئه‌مریكا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بوو، ئه‌مه ڕسته‌ی ژەنەراڵ مه‌زلووم كۆبانی بوو، به واتایه‌كی تر خیانه‌تیان لێكراوه، وه‌ك له‌وه‌پێش باس كرا، خۆ دیاره مێژووی كورد لێوڕێژه له خیانه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی و ئه‌مه شتێكی تازه نییه، به‌ڵام ئه‌وه كه چۆن خۆت و نه‌ته‌وه‌كه‌ت قوتار بكه‌ی له دۆخه‌كه شه‌رته. بۆیه ئه‌وان تا ساته‌وه‌ختی ئێستا له پتانسییهلهكان كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه: ڕه‌چاوی سیاسه‌تی زیگزاگی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان، شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی شه‌ڕڤانه‌كان و خوڵقاندنی حه‌ماسه‌ی خۆڕاگری، ده‌وری گرینگی كوردانی تاراوگه (هه‌ر چوار پارچه) بۆ بردنی كێشه‌كه بۆ ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵاتانی ئەوروپایی و ئه‌مریكا، هاوته‌ریبكردنی به‌شێكی به‌رچاوی فه‌یسه جۆراوجۆره‌كانی دنیا له‌گه‌ڵ خۆیان، كردنی سۆشیال‌میدیا به مه‌كۆی ده‌نگهه‌ڵبڕین و... ئه‌وان دنیایان ڕه‌گه‌ڵ خۆیان خست، بۆیه نابێ به هاسانی ئه‌م دهسكهوتهیان له‌كیس بچێ.
خۆ ئه‌گه‌ر دوێنێ چه‌قۆی خیانه‌تی ئه‌مریكا له پشتی ژەنەراڵ بارزانی درا و ئه‌مڕۆ هه‌مان چه‌قۆ له پشتی ژەنەراڵ كۆبانیدایه، دیپلۆماسی كوردی ته‌نانه‌ت به ناعیلاجیش بێ، له‌به‌ر نه‌بوونی هاوسه‌نگیی هێز و ده‌ره‌تانێكی ئه‌وتۆ و جیۆپۆلیتیكی تایبه‌تی كوردستان، ده‌بێ دیسان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی كورد و ئه‌مریكا و ئەوروپا پێ‌داگر بێ.
به‌ڵام له سه‌ره‌تادا پێویستی به وته سواوهكهیه، واته ڕێكخستنی ماڵی كورد! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بڵێم سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕاستییه تاڵه‌ی وه‌ك خیانه‌ت باسمان لێ‌كرد و یه‌كی وه‌ك ترەمپ به ڕووههڵماڵدراوییهوه به‌بێ ڕه‌چاوكردنی گیانی هه‌زاران شه‌هیدی شه‌ڕی داعش له عێراق و سووریا ده‌ڵێ: واشنتن بەڵێنی بە کورد نەداوە بۆ 400 ساڵ پارێزگاری‌یان لێ بکا، ڕیال پۆلێتیك پێمانده‌ڵێ كه ئێستا كورد بووەته كایهكهرێكی جیددی گه‌مه‌ی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بۆته پرسی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه و ناوی كورد له كۆنگرێس و سێنا و پارله‌مانه‌كانی ئەوروپادا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ئه‌م پشتیوانییه هه‌مه‌لایه‌ن و بێ وێنه‌یه، له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێ ببێته "ئاس"ی كورد، به‌ڵام له سه‌ره‌تادا پێویستی به وته سواوهكهیه، واته ڕێكخستنی ماڵی كورد!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ