‎پەکەکە چی دەوێت لە باشوور؟

28-07-2019
پێشه‌وا هه‌ورامانی
نیشانەکردن پەکەکە
A+ A-

‎دوای رووداوەكەی هەولێر و كوشتنی كارمەندێكی کونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر لەلایەن چەند راهێنراو و ئەندامێكی پەكەكە، دیسان پەكەكە بیری خستینەوە كە لەهیچ دۆخ و زەمەنێكدا رەچاوی دۆخی باشووری كوردستانی نەكردووە، نەك باشوور بە تەنها بەڵكو هیچ پارچەیەك نییە بەجۆرێك گیرۆدەی پەكەكە نەبێت.

‎گوتار و رەفتاری پەکەکە لەمدواییەدا دەرخەری ئەوەن کە ئەو گرووپە بەنیازی شەڕی براکوژییە و ئەو ئەمان و ئارامییەی هەرێمی کوردستان کە بە داعش تێکنەدرا، ئەو تێکی بدات. 

‎دەمێکە بێدەنگی هەیە لەسەر کارەکانی پەکەکە لە باشوور. جگە لە داگیرکردنی سەدان گوند و زەوی خەڵک، چەندین خێزانی هەرێمی کوردستانی تووشی ئازارکردووە بە رفاندنی منداڵەکانیان  کە لە خوارووی 18 ساڵن،  چەند بنەماڵە بەو ئازارەوە دەتلێنەوە.

‎پەکەکە بۆ خەبات لە باکووری کوردستان دروستبووە، بەڵام ئایا ئەم گرووپە لە خۆی پرسیووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو خەریکی چییە؟

‎بەهۆی خەندەق لێدان و کوشتنی پۆلیسی هاتووچۆ هەدەپەی ئیحراجکرد و پرۆسەی ئاشتی کۆتایی پێهێنا و گەورترەین هەلی چوونە حکومەتی لەدەست ئەو حیزبە کرد کە بە گرتنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆتاییهات. ئایا پەکەکە تاوەکو ئێستا چەند خۆپیشاندانی کردووە بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، لە کوێ باسی دەکات؟ لە هەڵبژاردنەکانیشدا دەرکەوت کە خەڵکی باکوور چەندە بوونە قوربانی ئەو کارانە و پەكەكە قەت لەخۆی نەپرسی بۆچی خەڵكی باكوور هەموو هەڵبژاردنێك دەنگی خەیاڵی دەدەنە ئاكپارتی ئایا ئەمە بەهۆی كردەوەكانی ئەوان نییە؟. 

‎قەندیل لە باکوور نەوەستاوە لە رۆژئاواش لە عاقڵەکانی ئەویشی تێکدا و نەیهێشت کیانێکی نموونەیی دروستبکەن و هەزاران گەنجی كوردی لە شەڕ وەرداو بە دوو دەستخۆشی بێ گەرەنتی ئەو هەموو جوگرافیایەی كۆنترۆڵكرد و هەر بەپێنج خولەكیش تەسلیمی كردەوە، بارەگای پارتە كوردییەكانی داخست و زیندانەكانی پڕبوو لەو كەسانەی كە لە پارتی دیكەن و لەگەڵیدا هاو بۆچوون نین، لەبری ئەوەی پشتیوانی زیاتر بەدەستبهێنن و خوێندن و سیستەمێکی سەپاند بەسەر خەڵکدا و ئەوەی ئێستای لێدەرچووە کە دەبێت بە پاڕانەوە لە ئەسەد بپارێزرێن.

‎لە گرووپەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بپرسیت چەندین چیرۆکی بۆ باس دەکەن چۆن لەڕێگەی دروستکردنی پژاکەوە خەباتی بزووتنەوەی کوردی لە رۆژهەڵات تووشی دەردەسەری و کێشەکرد. 

‎ئێستا باشووری کوردستان تازە لە قەیرانی شەڕ و ئابووری دەرباز دەبێت، پەکەکە رۆژانە هەڕەشە دەکات و دەیەوێت ئارامیمان لێتێکبدات. تێکدانی ئەم ئارامی و کیانەی باشوور ئەوپەڕی خیانەتە و جێگای قبووڵ نییە.

‎ئێستا كە دەڵێن نامانەوێ باشوور ئیسراحەتبێت بەتەنها، گێچەڵێكی لەمێژینەیە بەرانبەر بە خەڵكی باشوور و تەواوی پارچەكانی كوردستان، چونكە ئەم پارچەیە ماڵی هەموو كوردێك بووە، ئێستا ئەگەر ماڵی نەگبەت نەبن كامەیە قازانجی ئێوە لە تێكدانی ئارامی باشوور كە بانگەشەی بۆ دەكەیت؟

‎باشووری كوردستان لەبەردەم دۆخێكی هەستیار و سەركردایەتی و حكومەتەكەی دەیەوێت ژیانێكی باش بۆ خەڵك بگەڕێنێتەوە و گفتوگۆ و دانوستاندنی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و دەوروبەر و هەوڵدان بۆ كاڵكردنەوەی قەیران و شوێنەوارەكانی شەڕی ناچاری داعش، پەكەكە دێت و زۆر نا بەرپرسانە لەگەڵ ئەم دۆخە رەفتار دەكات، هیچ رێزێك بۆ خەڵكی باشوور دانانێت و نازانێت كە خەڵكی ئێمە ئارامی و سەقامگیری و ژیانی دەوێت نەك تازە بە تازە بۆ دواوە بگەڕێتەوە و خەندەق لێدانی ناوێت.

‎ئەو سەرکردانەی پەکەکە کە تەنیا تورکی دەزانن و هەڕەشە لە باشوور دەکەن دەبێ بزانن کە رای گشتی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترە بە دەمیانەوە بڕوات و هەموو کەسێکی کوردستان رۆژانە دەپرسێت ئایا پەکەکە چەند گوندی باکووریان رزگارکردووە ئاوا هەڕەشە لە باشووری کوردستان دەکەن؟ 

‎کورد هەرگیز لە پەکەکە خۆشنابێت بیەوێت ئەوەی وڵاتانی ئیقلیمی و داعش بۆ تێکدانی کیانی هەرێمی کوردستان کردی و سەرینەگرت ئەوان بیکەن. ئەوەش دەبێت بیری برادەرانی قەندیل بخرێتەوە لە هیچ هەڵبژاردنێکی هەرێمی کوردستان ئەو پارتانەی سەربە پەکەکە بوون لە چەند هەزارێک زیاتری دەنگیان نەهێناوە و خاوەنی ئەو عاتیەفەیە نین کە لە خەیاڵی خۆیان دایانناوە، بەتایبەتی کار بکاتە ئەمن و ئاسایشی خەڵکی باشوور. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.