کێ لە 'قوماری ماکرۆن' دا دەدۆڕێ؟

28-06-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
ئەم کۆتایی هەفتەیە فەرەنسییەکان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەگەر سەرۆک ماکرۆن بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی نەدابووایە، دەکرا ئەم کۆتایی هەفتەیە فەرەنسا رۆژانی ئاسایی بەڕێکردبووایە. سەرۆک بڕیارێکی داوە کە زۆر کەس بە قومارێکی پڕ لە ریسکی دەزانن بۆ ئایندەی تەواوی سیستمی حوکمڕانیی فەرەنسی و بۆ سەرۆک ماکرۆن خۆیشی. بە حوکمی ئەو رووماڵانەی بۆ هەڵبژاردنەکانی رابردوو و رووداوە سیاسییەکانی فەرەنسا کردوومە و بە حوکمی ئەوەش کە سەرۆک ماکرۆن لە نزیکەوە دەمناسێ و پێکەوە گفتوگۆی رووبەڕوومان هەبووە، پێمخۆشە گۆشەی ئەم هەفتەیەم روونکردنەوەی ئەوەبێ کە لە وڵاتی بەنێوبانگ بە دۆستایەتیی کوردستان چی دەگوزەرێ. 
 
ئەو بانگەشانەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دەکرێن و ئەو مژارانەی جێی بایەخی دەنگدەرانن کەم تا زۆر هەمان ئەوانەن کە لە رووماڵی هەڵبژاردنەکانی جاری رابردوودا بۆ روودا و کردمن. دۆسێی کۆچبەران هێشتاش دۆسێی هەرە گەرمی نێو بانگەشەکانە. مارین لۆپێنی رێبەری پارتی راستئاژۆ پەڕگیرەکان (گردبوونەوەی نیشتمانی) وەک جاری رابردوو ئاڵنگارییە بەهێزەکەی بەردەم سەرۆک ماکرۆنە. لۆپێن لە رۆژانی رابردوودا قسەی مەترسیداری لەسەر ئایندەی ماکرۆن کرد و بە جۆرێک پێشانیدا کە دوای ئەم هەڵبژاردنانە رۆڵی سەرۆک لە فەرەنسای ئایندەدا دەبێتە 'تەشریفاتی'. بۆیە وایگوت چونکە راپرسییەکان پێشانیدەدەن پارتەکەی لۆپێن نزیکەی یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمان دەباتەوە. بەمەش لە دۆخی ئاساییدا دەبێ سەرۆککۆمار داوا لەو پارتە بکات حکومەتی داهاتوو پێکبهێنن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ژۆردان باردێللای تەمەن 28 ساڵی هاوپارتی لۆپێن دەبێتە سەرۆکوەزیران. ئەوکات ماکرۆن بۆ هەر بڕیارێک کە دەیدات دەبێ دوو جار بیربکاتەوە و باردێللاش رازیبکات.
 
لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار لە فەرەنسا گەنگەشەیەکی یاسایی دەستیپێکردووە. دەگوترێ لە هەندێک بڕگەی دەستووردا ئاڵۆزی و تێکەڵاوییەک هەیە لەنێوان دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیراندا. بۆیە ئەگەر باردێللا ببێتە سەرۆکوەزیران، بە تایبەتیش لەو مژارانەی پەیوەندییان بە بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و مەسەلە ستراتیژی و چارەنووسسازەکانەوە هەیە، چیدیکە ماکرۆن بڕیاری یەکلاییکەرەوەی بەدەست نابێ. بۆیە ئەگەر ناکۆکی دروست بێت و بۆشایی دەستووری لە فەرەنسا دروست بێت، کارەساتی بەدوادا دێت. هەندێکیش دەڵێن ئەمە روونادات و دەسەڵاتەکانی سەرۆک روونن. بەڵام ئەوانیش حاشا لەو راستییە ناکەن کە ئەگەر سەرۆکوەزیران بە دڵی سەرۆکیش نەبێ، تازە تاوەکو 12 مانگ لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکان، ماکرۆن ناتوانێ بڕیاربدات کە هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت بکرێت. 
 
گوتم لوپێن ئاڵنگارییە گەورەکەی بەردەم ماکرۆنە و دەشمێنێ. ئەو لە هیچ سیناریۆیەکی پێشبینیکراودا نابێتە سەرۆکوەزیران و خۆی ئامادە کردووە لە ساڵی 2027دا وەک سەرۆککۆمار هەڵببژێردرێ و کورسییەکەی ماکرۆن پڕبکاتەوە. ئومێدیشی بەوە هەیە کە دوای ئەم هەڵبژاردنانە ماکرۆن دەست لەکار بکێشێتەوە و خەونی سەرۆکایەتییەکەی لوپێن زووتر بێتەدی. هەندێک سەرچاوەی نێو کۆشکی ئێلیزێ ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆک ماکرۆن و تیمەکەی هەموو سیناریۆکان (بەدەستلەکارکێشانەوەشەوە)یان لەسەر مێز داناوە و تاوتوێی دەکەن.
 
ئەوانەی باشتر خەسڵەتی هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا و هاوکێشە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دەناسن بیرکردنەوەیەکی گەشبینانەتریان هەیە. ئەوان دەڵێن لە خراپترین حاڵەتدا سیناریۆیەکی هاوشێوەی چەند ساڵی رابردووی ئیتاڵیا دووبارە دەکرێتەوە. ئەویش بەوەی کە لەبەرئەوەی پارتەکان پاش هەڵبژاردن ناتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، سەرۆک ماکرۆن لەپێناو پاراستنی ئابووری و دۆخی ئێستا پەنا بە حکومەتێکی تەکنۆکرات بە سەرۆکایەتیی کەسێکی بێلایەن دەبات. هەندێکی دیکەش دەڵێن سەرۆک ماکرۆن رێگەدەدات باردێللا ببێتە سەرۆکوەزیران، بۆئەوەی دەنگدەری هەمیشە ناڕازی و رەخنەگری فەرەنسی خۆی و پارتەکەی بناسن و لە گەڕی داهاتوودا لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگ سزای بدەن. 
 
فەرەنسا دۆستی کوردستانە و دەزانم زۆرتان دەپرسن: هەموو ئەوەی باستکرد بۆ ئێمە مانای چی دەبێ؟ وەک لەوانەی شارەزای پەیوەندییەکانی کوردستان و فەرەنسان تێگەیشتووم و بەدواداچوونەکانی خۆشم پێشانیدەدەن پێویست ناکات زۆر پەرۆش بین. پشتیوانی لە کورد لەلایەن فەرەنساوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بە سەرۆک ماکرۆن دەستیپێنەکردووە تا بەو کۆتایی پێبێت. پارتەکانی نێوەڕاست و چەپەکان هەمیشە کورد دۆست بوون. ئەگەر راستئاژۆ پەڕگیرە دژە کۆچبەرەکانیش بەهێز بن و یەک لەسەر سێی هەژموونی سیاسییان هەبێ، ئەو دوو لەسەر سێیەی دەمێنێتەوە لەسەر زۆر شتیش ناکۆک بن، لەسەر بەردەوامیی دۆستایەتیی کورد کێشەیان نییە. 
 
پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، پەیوەندیەکی مێژوویە. هەمیشە هەم فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا و هەم ماکرۆنیش پێیان گوتوم کە پەیوەندییەکی بێ وێنە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی. ئێستا گرنگ ئەوەیە خۆمان باشتر دەست بەو پەیوەندییانەوە بگرین و رەگداکوتاوتریان بکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود نەجمەدین

دیسان دڵم زۆر تەنگە

ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو ژیان بۆ کورد لە عێراقدا نەک ھەر ناخۆش بوو، پاچەخانەیەکی گەورە بوو، بەتایبەت لە کۆتایی ھەشتاکاندا و دوای پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران، کورد بە تەواویی جەمسی، چووە قۆناخی سڕبوونەوە، شەرارەی خەم دڵی نەتەوەیەکی گوشی و ھەروا لەژێر لێوەوە زەلیلانە دەردەدڵمان کرد. دیسان دڵتەنگی