بەرەو ئەورووپایەکی راستڕەو!
سەرەتا
تەنها نۆ رۆژی ماوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی ئەوروپایەکی چەقیو لەنێوان هەردوو جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و ئیسرائیل و حەماس. هەڵبژاردنەکان لە هەریەکێک لەو 27 دەوڵەتەدا دەکرێن، کە یەکێتیی ئەوروپا پێکدەهێنن و لە 6ـی مانگەوە بۆ 9ـی مانگ بەردەوام دەبن.
ئەو دوو گرووپەی راست و راستی راست لە پەرلەمانی ئەوروپا پێکدەهێنن، گرووپی کۆنسێرڤاتۆر و ریفۆرمیستەکانی ئەوروپی کە راستڕەوەکانن، گرووپی شووناس و دیمۆکراسی کە راستی راست یان ئەوپەڕی راست یاخود توندڕەوە راستڕەوەکانن، هەرگیز هێندەی ئێستا بەهێز نەبوون و، هەرگیز هێندەی ئێستا سێبەریان بەسەر یەکێتی ئەوروپاوە چڕنەبووەتەوە.
لەم وتارەدا هەوڵدەدەم بڕۆمە ناو ژمارەکان، حیزبەکان و ئاڕاستەکان لەسەر ئاستی ئەورووپا و رووناکی بخەمە سەر گریمانەی پێشبینیکراوی هەژموونی ئەم گرووپانە بەسەر تەواوی دەزگاکان و ناوەندەکانی بڕیار لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بەدڵنیاییەوە، لە چەندین ئاستی جیاوازدا، کاریگەری بەسەر ئاراستەکردنی پەیوەندییەکانی هێز دادەنێت و، دواتر بگەڕێمەوە سەر ئەو ئەژدیهایەی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەکرێت مرۆڤایەتی رووبەڕووی کارەساتی گەورە بکاتەوە.
ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم وەک بنەمای کۆکەرەوە
لە فەرەنسادا، جۆردان باردێلا، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵە، سەرۆکایەتیی یەکێک لە بەهێزترین حیزبە توندڕەوەکانی ئەوروپا دەکات، کە بریتییە لە گردبوونەوەی نیشتمانی. ئەم حیزبە پێشتر ناوی بەرەی نیشتمانی بوو، لە ساڵی 1972 جان ماری لۆپێن دایمەزراندووە و تاوەکو 2011 سەرۆکایەتیی کردووە. پاشان کچەکەی، مارین لۆپێن لە 2011ـەوە بۆ 2021 سەرۆکایەتیی کردووە، دواتر بۆ یەکلاییبوونەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار پاشان گرووپە پەرلەمانییەکەی، ئەرکی سەرۆکایەتیی حیزبەکەی بەم گەنجە کە لەبەردەستی خۆیدا پەروەردە بووە، سپارد. لە سێبەری ئەم گەنجەدا و بۆ یەکەمجار، هەموو پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە 32%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و وەک بیلدۆزەر جەستەی حیزبەکانی دیکە فەرەنسا، بە حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆنیشەوە بهاڕێت.
ئەم سەرکەوتنە پێشبینیکراوەی گردبوونەوەی نیشتمانیی فەرەنسی، لە کۆنتێکستێکدایە کە کۆی جەستەی سیاسیی ئەورووپی بەرەو راستڕەوەکان دەکشێت و رۆحی ناسیۆنالیزم لەلایەک و پۆپپلیزم لەلایەکی دیکەوە و، لە هەندێک دۆخیشدا هەردووکیان بەیەکەوە هەژموون بەسەر کێڵگە سیاسییە جیاوازەکاندا دەکەن و، دەستکاریی سیستمی جوڵانەوە و نۆرم و رێخستنەکانی دەکەن و، هەوڵدەدەن سەرلەنوێ دایانبڕێژینەوە. لەبیرمان نەچێت، ئێستا و لە کۆی ئەو 705 کورسییەی لە ستراسبۆرگ هەیە، راستڕەوەکان بە تەنها، واتە بەبێ راستی راست، خاوەنی 177 کورسین و لە شەشی مانگیشەوە، ئەم ژمارەیە زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕێنن.
بردنەوەیەکی گەورەی لەم شێوەیە، مەترسییەکەی لەوەدایە؛ بێهێزیی بەرەنگاریی میانەڕەوی کارا و کاریگەر، بێ ئامادەیی کاراو و کاریگەری چەپ و چەپی چەپ، راست و راستی راست زۆر بە ئاسانی کلیلی دەزگا گەورەکانیان دەکەوێتە دەست و ئیدارەکردنی یەکێتیی ئەوروپا، جڵەو دەکەن و لەم ڕێگەیەشەوە یەکەم کاریان دەبێتە گۆڕینی ئەو یاسایانەی بە مەترسی ستراتیژی و وجودی دەزانن.
ئەوەی تائێستا و ئێرە رێگای گرتووە لەم گۆڕانە بوونییەویانە، ئامادەیی بەهێزی بۆ نموونە سۆسیۆدیموکراتەکان بووە، کە 140 کورسیان هەبووە، یاخود لیبراڵەکان کە 102 کورسیان هەبووە. هەروەها دابەشبوونی راستڕەوەکان بووە بەسەر چەندین گرووپی جیاوازدا، بەڵام لێرە بەدواوە، سۆسیۆدیموکرات و لیبراڵەکان پاشەکشە دەکەن و درزی گەورەیان تێدەبێت، هەروەها راستڕەوەکان و راستی راست لە چوارچێوەی پارتی جەماوەریی ئەورووپی و گرووپی شووناس و دیموکراسیدا یەکدەگرن و زیاتریش بە ناخی کۆمەڵگە ئەورووپیەکاندا شۆڕدەبنەوە. لەبیرمان نەچێت، تەنانەت پێش ئەم هەڵبژاردنانەی نۆ رۆژی داهاتوو، ئەم گرووپانە چەندین وڵاتی ئەورووپی بەڕێوەدەبەن، هەر لە ئیتالیای جۆرجیا میلۆنیەوە بگرە، تاوەکو دەگاتە هەنگاریای ڤیکتۆر ئوربان!
بەزاندنی هێڵی سوور؟
بەدرێژایی سەدەی رابردوو، هەمیشە هاوپەیمانیی نێوان راست و راستی راست هێڵی سوور بووە و لە یادەوەریی دەستەجەمعیی راستەکاندا هەمیشە بەستەرێک لەنێوان فاشیزم و نازیزم و راستی راستدا دروستکراوە. هەموومان تائێستا ئەو رستەیەی جاک شیراک، سەرۆکی پشووتری فەرەنسامان لە یادە کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2002ـدا بە رەهایی روتیکردەوە دیبەت لەگەڵ جان ماری لۆپێن بکات و گوتی 'ئەو هێڵە سوورە نابەزێنم و دیبەت لەگەڵ فاشیزمدا ناکەم.'
بەڵام پاش ئەم هەڵبژاردنانە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا لە ستراسبۆرگ کە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپای لێیە، راستڕەوە ئەورووپیەکان ئەم هێڵە دەبەزێنن و بۆ دروستکردنی زۆرینەیەکی رەهای بێ رکابەر پەنا دەبەنە بەر گرووپی شووناس و دیموکراسی، کە زۆربەی پەرلەمانتارە تووندڕەوەکانی راستی راست لەخۆدەگرن؟
لەڕاستیدا، ئەورووپای 2024 چی دیکە ئەورووپای پاش جەنگی دووەمی جیهانی نییە و گۆڕانکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و تەنانەت دیمۆگرافیشی بەسەرداهاتووە و لەژێر کارایی ئەم گۆڕانکارایانەدا، ستراکتۆری ئایدۆلۆژی و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیی حیزبەکانیش گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، زۆرینەی رەهای کرێکارانی فەرەنسا، دەنگیان بە پارتی کۆمیونیست دەدا، بەڵام ئێستا، زۆرینەی رەهای هەمان ئەم کرێکارانە دەنگ بە مارین لۆپێن، کە 180 پلە جیاوازە لە پارتی کۆمیونیست، دەدەن.
لە دۆخێکی وەهادا، گریمانەی بەزاندنی هێڵە سوورە مێژووییەکە چیدیکە تابوو نییە و، دەکرێت چاوەڕوانی دروستبوونی جۆرێک لە هاوپەیمانی لەنێوانیاندا بکەین. هاوپەیمانیێک کە هەدوولا ناچار بە رێککەوتن لەنیوەی رێگە بکات و هەردوولا ناچار بە وازهێنان لە بەشێک لە درووشم و بنەما و داواکارییەکانیان بکات.
کۆتایی
ئیسلام، کۆچبەران، سەرپۆش، تیرۆریزم، ئابووریی نیشتمانی، یاسای باری کۆمەڵایەتی، گەڕانەوە بۆ خێزان، دژایەتیکردن لەگەڵ گۆڕینی سێکسدا، پرسی لەباربردن، دواتر سیستمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا و چین، پاشان بەسەنتراڵکردنی سوپا و چەندین بابەتی دیکە، ئەو رووبەرانەن، کە راست و راستی توندڕە و لە ئەورووپادا بەکاریان دەهێنن بۆ سازدانی رای گشتی کۆمەڵگە ئەورووپییەکان و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ.
ئەم گرووپانە، رێک وەک بەشێکی گرنگ لەو گرووپە سیاسییانەی جیهان، بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، ئەنجامە دراماتیکە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئەو گوتار و حیکایەتانەیان بەلاوە گرنگ نییە کە بەو رووبەرانەدا دەکشێن و لەسەر ئەو بابەتانە بڵاویاندەکەنەوە. ئەوەی بەلایانەوە گرنگە، دروستکردنی فۆبیایەکی ترسناکی وایە کە رێگەیان پێبدات زۆرترین رێژەی دەنگەکان بەدەستبێنن، پاشان لە رێگەیەوە ناوەندەکانی بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا کۆنترۆڵبکەن.
لەنێو هەلومەرجێکی ئاڵۆزی وادا کە ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم ئاوێزانی یەکتر دەبن، رێک وەک سییەکانی سەدەی رابردوو کاتێک کە هیتلەر کۆنترۆڵی ئەڵمانیا دەکات، ئیتر نابێت پێمانوابێت حیکایەتی هۆڵۆکۆست کۆتایی پێهاتووە و جارێکی دیکە و بەچەندین شێوازی دیکە دووبارە نابێتەوە. لە قووڵایی هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەژدیهایەک هەمیشە هەیە، ئەژدیهای زەبروزەنگێکی وەحشیگەرانە، وەک ئەوەی کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە و تائێستا لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا روودەدات، هەرکاتێک ئەو ئەژدیهایە لە کۆنترڵ دەرچوو، دەکرێت کارەساتی گەورە دروستبکات، تەنانەت لە کۆمەڵگە هەرە پێشکەوتووە مرۆییەکانیشدا، باشترین بەڵگەش جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانییە، کە زیاتر لە 85 ملیۆن کوژراویان لێکەوتەوە! ئەمە لە ساتەوەختێکدا بوو، کە مرۆڤایەتی گەیشتبووە ئەو باوەڕەی لە سایەی مۆدێرنیتێدا، جارێکی دیکە ئەوروپا نابێتەوە بە سەرزەمینی بەربەریەت.