شکۆتان مەشکێنن

 
لەکاتێکدا گەنگەشەی نێوخۆیی کوردستان لەسەر دووڕیانی (هەژماری من) یان (بانکە عێراقییەکان) دەشۆپێنم، گەنگەشەیەکی هاوشێوەش لە ئەڵمانیا لەسەر دووڕیانی (نایکی) یان (ئەدیداس) هەیە. هەردووکیان لەسەر دووڕیانی هەڵبژاردنی پارە یان رادەستنەکردنی سیمبولە نیشتمانییەکانیاندان، بەڵام جیاوازی گەورەش لەنێوان هەردوو چیرۆکدا هەیە. 
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا (مانشافت) حەوت دەیەیە بە لۆگۆی کۆمپانیای ئەدیداسەوە دەدرەوشێتەوە. لە کوردستانیش گەنج و پیر، هەموو ئەوانەی هەواداری مانشافت بووبن و هێشتاش هەن، لە بیریانە کە لەسەر سنگ و هەندێکجار پشتی یاریزانەکان سێ هێڵی پان هەبوون کە لۆگۆی ئەدیداس بوو. لە ساڵی 2027ـەوە چیدیکە ئەو هێڵانە نامێنن و لۆگۆی کۆمپانیای نایک (یان وەک ئەمریکییەکان خۆیان پێیدەڵێن: نایکی) جێگەی دەگرێتەوە. ئەم لۆگۆ گۆڕینە سادە دیارە، بەڵام لەپشتییەوە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە. 
 
پێش هەموو شتێک تەنیا بۆ گۆڕینی ئەو لۆگۆیە کۆمپانیای نایک ساڵانە 100 ملیۆن یۆرۆ دەداتە مانشافت. کۆمپانیای ئەدیداس دەیویست ساڵانە 50 ملیۆن بدات. رەنگە من و تۆش لە جێگەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا DFB بووینایە هەر نایکمان بەسەر ئەدیداسدا هەڵبژاردایە، بەڵام ئەو بڕیارە هەرایەکی گەورەی لەنێو سیاسییەکان و ئابووریناسان و وەرزشکاران و رای گشتیی ئەڵمانیاشدا دروستکردووە. هەرا لەسەر ئەوەی کە چۆن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پاش 70 ساڵ دەست لە کۆمپانیای ئەڵمانیی (ئەدیداس) بەردەدات و خۆی رادەستی کۆمپانیای ئەمریکی (نایکی) دەکات؟ ئەویش بۆچی؟ بۆ پارە! ئێستا دەردەکەوێ کە کۆمپانیای ئەدیداسیش چاوەڕوانی بڕیارێکی وای نەکردووە و زانیویەتی لەژێر گوشاری سیاسیی ئەڵمانی و رای گشتیدا لە 10 ساڵی داهاتوودا تیشێرتی یاریزانانی مانشافت هەر سێ هێڵەکەی بەسەرەوە دەبێ، بەڵام دەرکەوت هەڵە بوون!
 
کوالیتی بەرزی کەرەستە و مارکەی ئەڵمانی لە دنیادا بەنێوبانگن. رۆژێک گوێم لە خانمێکی پیری عەرەب بوو دەیگوت: ئەڵمان و زەمان. واتە ئەڵمانی گەرەنتییە. ئەم بەرزیی کوالیتییە بووەتە بەشێک لە شکۆی نیشتمانیی ئەڵمانییەکان و شانازی بە مارکەکانیانەوە دەکەن. بۆیەش بۆیان ئاسان نییە لەوە تێبگەن هەڵبژاردە نیشتمانییەکەیان دەست لە مارکەیەکی نیشتمانی هەڵدەگرێ و رێکلام بۆ مارکەیەکی ئەمریکی دەکات، بەڵام ئەو دۆڕان و هەڵانەی مانشافت لە ساڵانی رابردوودا کردنی، وایلێکرد ئەمڕۆ لەجیاتی ئەوەی خەمی مانەوەی مارکە نیشتمانییەکەی هەبێ، خەمی دەستخستنی پارەی بێ بۆ مانەوەی چالاکییەکانی.
 
دەبێ ئەوە بزانین کە لە ساڵی 2018وە مانشافت سەرکەوتنێکی هێندە مێژوویی تۆمارنەکردووە کە ئەڵمانییەکان شانازیی پێوەبکەن. بەمەش داهاتی یەکجار زۆر کەمیکردووە و کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی وەکو پیتاک کۆکردووەتەوە. جگە لەوەش دۆسێیەکی خۆدزینەوە لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێیە کە چاوەڕواندەکرێ بە دەیان ملیۆن یۆرۆ لەسەر فیدراسیۆنەکە بکەوێ. لەوەشگەڕێ کە بنکەی سەرەکی فیدراسیۆنەکە لە شاری فرانکفورت دووهێندەی ئەو بودجەیەی تێچووە کە بۆی دانرابوو و گەیشتووەتە 180 ملیۆن یۆرۆ. هەموو ئەوانە وایانکردووە کە فیدراسیۆن شکۆی نیشتمانی وەلابنێت و رێگە بدات پارە قسەی کۆتایی بکات. 
 
لەم رۆژانەدا لەگەڵ راوێژکارێکی پێشووی ئەنگێلا مێرکل قسەم دەکرد. پێکەوە بەراوردی دووڕیانی مانشافت و دووڕیانی کیانی هەرێمی کوردستانمان کرد. وەک چۆن من دەمگوت مانشافت بەهۆی هەڵەکانیەوە ئاوای لێهات، ئەویش پێی دەگوتم ئەو لاوازییەی ئێستای کوردستان بەرامبەر بەغدا "بەهۆی هەڵە زۆرەکانی کوردستانەوەیە". ئەو باسی ئەوەی دەکرد کە سەردەمێک هەولێر شەڕی فراوانکردنی دەسەڵات و بەهێزتربوونی ئۆتۆنۆمییەکەی لە عێراقدا دەکرد، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە شەڕی مانەوە دەکات. باسی ئەوەمانکرد کە چۆن پارە مانشافتی ناچارکرد پشت لە حەوت دەیە لەسەر سنگ دانانی مارکەیەکی نیشتمانی بکات، ئاواش ئێستا کوردستان ناچارە رۆژ بە رۆژ زیاتر کارتەکانی دەستی رادەستی بەغدا بکات.
 
دوای ئەو گفتوگۆیەم لەگەڵ ئەو راوێژکارەی مێرکل، بیرم لەو دابەشبوونە لەنێو رای گشتیی کوردستان لەسەر رادەستکردنی زۆرتری کارتەکان یان هێشتنەوەی زۆرترینیان دەکردەوە. ئەوەم لە خەیاڵدا بوو کە ئەڵمانیایەکی خاوەن دەوڵەت و ئەندامی ناتۆ و بەهێزترینی یەکێتیی ئەوروپا و خاوەنی یەکێک لە چوار ئابوورییە گەورەکانی جیهان زۆر منەتی بەوە نییە لۆگۆی سەر تیشێرتی یاریزانەکانی بۆ پارەیەکی زۆرتر بگۆڕێ، کەچی خەڵکەکەی قبوڵی ناکەن و لەسەری تووڕەن. کەچی سەیرە لە وڵاتی بێ دەوڵەت و خاوەن سەدان شەهید و گوندی وێران و جینۆسایدکراوی وەک کوردستان، رای گشتی لەنێوان خۆڕادەستکردنی زۆرتر بە داگیرکەر یان مانەوەدا دابەشببێ. با هەڵەکانی حوکمڕانەکانمان زۆریش گەورە بووبن، کە بەڕاستی هەڵەی گەورەیان کردوون، بەڵام خۆڕادەستکردن پێش ئەوەی سزای ئەوان بێ، شکاندنی شکۆی هەموومانە.