چەندی تێدەچێ؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
 
 
ئەوەی پێیوابێ بەو ئاگربەستەی لە لوبنان کرا حیزبوڵڵا دۆڕاوە و کۆتایی هات، بە تەواوی لە مەسەلەکە تێنەگەیشتووە. ئەوەی پێشیوابێ ئیسرائیل گەیشتووەتە دڵنیاییەکی هەمیشەیی کە چیدیکە حیزبوڵڵا هەڕەشە نییە لەسەری، وێنە گەورەکەی نەدیتووە. 
 
ئەوەی بە کردەوە هەیە و دەیبینین حیزبوڵڵایەکە کە هەموو چەند هەفتەیەک پێش ئێستا حەسەن نەسروڵڵای رێبەری هەڕەشەی لە قوبرسیش دەکرد کە ئەگەر یارمەتیی ئیسرائیل بدات دەرگای دۆزەخی لێ دەکرێتەوە. حیزبوڵڵایەک کە دەیانگوت توانایەکی مووشەکیی وێرانکەری هەیە و وەکو شانەی هەنگ وایە، هەر بوروژێندرێ، وا بە ئیسرائیلەوە دەدات چاکبوونەوەی نەبێت. حیزبوڵڵایەک کە ئیسرائیلییەکان خۆیان دانیانپێدانابوو کە گەورەترین و کاریگەرترین هێزی نادەوڵەتیی جیهانە. دەوڵەتێک بوو لەنێو دەوڵەتێکدا و سنووری چالاکییەکانی هەر بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نەوەستابوو، بەڵکو گەیشتبووە ئەمریکای لاتین و تەنانەت نێو ویلایەتە یەکگرتووەکانیش. حیزبوڵڵا بۆ ئەوانەی نەیاندەناسی میلیشیایەکی پرۆکسیی ئێرانی بوو. رکابەرەکانیشی زۆر هەوڵیاندەدا وا بیناسێنن، بەڵام راستییەکەی هێزێکی گەورەی سنووربڕ و رێکخراو و کاریگەری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، سەربازی، هەواڵگری و تەنانەت فەرهەنگیش بوو. کەچی لەماوەی چەند هەفتەیەکدا ئیسرائیل پەڕ و باڵی کرد، بەڵام هیچ گەرەنتییەکی سەت لە سەت نییە پەڕ و باڵەکان درێژنەبنەوە. 
 
حکومەتی تووندئاژۆی ئیسرائیل کە شەڕی وێرانکردنی غەززە و حەماسی دەستپێکرد و تەنانەت دەستی لە جینۆسایدکردنیش نەپاراست، بۆ ماوەیەکی درێژ تەحەممولی جاڕسکردنەکانی نەسروڵڵا و درۆنەکانی حیزبوڵڵای کرد. حەسەن نەسروڵڵا کە پاش قاسم سولەیمانی ببووە وەسیی باوکی میحوەری موقاوەمە لەدژی ئیسرائیل، زۆر پێداگیریی لەسەر "یەکخستنی بەرەکان" لەدژی ئیسرائیل دەکردەوە. کەچی پاش نەمانی خۆی و زۆر لە سەرکردە سەرەکی و یەکەمەکانی نێو حیزبوڵڵا و حەماس، هاوڕێبازەکانی ناچاربوون رێگەی "جیاکردنەوەی بەرەکان" هەڵبژێرن. بۆئەوەی وەک (نەبی بەڕی)ی هاوپەیمانی خۆی و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دێفاکتۆی لوبنان بەڕوونی گوتی: ئەوەی ماوە بپارێزرێ. 
 
حیزبوڵڵا شەڕی نەکرد و ئەوەی دەیانگوت هەر قسەی زل بوو؟ بێگومان نا. حیزبوڵڵاییەکان بە بیروباوەڕەوە شەڕیان کرد، بەڵام ئیسرائیل بە رێسا نوێکانی جیهان بۆ جەنگ یارییەکەی کرد. لە جیاتی شەڕی سوپا و زەوینی، ئیسرائیل شەڕی تەکنەلۆژیا و هەواڵگریی نووژەنی جەنگیی لەگەڵ حیزبوڵڵا کرد. رۆژێک پەیجەر و بێتەلی پێدا دەتەقاندنەوە، رۆژێکی دیکە نهێنیترین کۆبوونەوەکانیان و کۆمەڵێک ماسیی گەورەی دەکردنە ئامانجی بۆمبێکی ئاسمانیی نوێی وێرانکەر. حیزبوڵڵا لەسەر زەوی خەریکی پێشکەوتنەوە بوو لە ئیسرائیل، کەچی ئەوان لە ئاسمانەوە قیامەتیان دەهێنایە نێو کەناراوەکانی بەیرووت. ئەو حیزبوڵڵایەی بە ئەمیندارەکەشییەوە تەنانەت هەڕەشەیان لە کوردستانیش دەکرد وایانلێهات نەتوانن مەراسیمێکی شایستە بۆ بەخاکسپاردنی رێبەرە تیرۆرکراوەکەیان سازبکەن. جێگرەوەکەی لە پەیامی بەرەنگاربوونەوەیدا پەیتا پەیتا ئارەقەی نێوچەوانی دەسڕی!
 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مەرج نییە ئەمە کۆتایی حیزبوڵڵا بێ وەکو هەڕەشە و هێزی گەورەی نادەوڵەتیی ناوچەیی. وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا دەردەکەوێ هەموو ئەو خاڵانەی تێدان کە ساڵی 2006 لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا هەبوون و دواتر بووە بڕیاری ژمارە  1701ی ئەنجوومەنی ئاسایش. بۆ ئەم نووسینە گەڕامەوە بۆ کەشی سیاسیی ئەوکاتەی ئەو بڕیارەی تێدا دەرچووە. رێک وەکو ئێستایە. حیزبوڵڵا پێشوازیی لێدەکات و ئیسرائیل پەسنی گرنگییەکەی دەدات، کەچی دواتر وەک بە عەرەبی دەڵێن حەلیمە دەگەڕێتەوە بۆ خووە کۆنەکانی! جیاوازیی رێککەوتنی ئەمجارە ئەوەیە کە ئەمریکا و فەرەنسا (نەک نەتەوە یەکگرتووەکان) گەرەنتیی جێبەجێکردنی دەکەن. مەرج نییە بتوانن، بەڵام گەرەنتییەکە بەهێزترە لەوەی "هێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکان" رابسپێردرێ!
 
حیزبوڵڵا چیی لێدێ؟ هێشتا لە لوبنان هێزێکی زۆر کاریگەر دەبێ، بە مەرجێک ئەسەد بەلای کۆمەڵگەی دژە ئێرانیدا بانەداتەوە. هەژموونی حیزبوڵڵا لەڕووی سەربازی و پڕوپاگەندەی میدیاییەوە لە باشووری لوبنان بوو، بەڵام لە باکووری رۆژهەڵات و لە پایتەختی لوبنانیشدا هێشتا کاریگەری و هەژموونی ماوە و راپرسییەکانیش دەڵێن خەڵکی زۆری لەگەڵدایە لەو ناوچانە. 
 
ئەوەی روودەدات لە لوبنان وانەیەکی گرنگی بۆ "باڵەکانی موقاوەمە" لە عێراق تێدایە. لوبنان بە چەند هەفتەیەکی "موقاوەمە" وایلێهات کە خەمڵاندنە فەرمییە جیهانییەکان دەڵێن نزیکەی 9 ملیار دۆلار پێویستە بۆئەوەی وەک پێش جەنگی لێبکرێتەوە. هەڵمەتی حیزبوڵڵا بە وتاری ئاگرین و ناردنی مووشەک و درۆن و هەرای میدیایی "بۆ پشتگیری لە حەماس" ئەوەندەی تێچوو، تۆبڵێی بۆ "موقاوەمەی عێراقی" چەندی تێبچێ؟

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بەردی بناخەی خۆیبوون لە قامشلۆ دانراوە

سەبارەت دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆیبوون کە رابەرایەتیی شۆڕشی ئاراراتی لە نێوان ساڵانی 1927– 1930 دا کرد، سەلاح بەدرەدین موکڕیی خۆی لەسەر ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو کۆمەڵەیە لە قامشلۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی کردووە، پاشان لە بەیرووت کۆنگرەی بەستووە و وەکو کۆمەڵەیەکی سیاسی خۆی ناساندووە. بەدرەدین بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی باسی بیرەوەریەکانی مەلا ئەحمەدی نامی دەکات کە شاعیرێکی نێوداری ئەو سەردەمە بووە و خۆی ئەندامی خۆیبوون بووە و دەڵێت: "خۆیبوون بە دوو قۆناخ دامەزراوە، قۆناخی یەکەم لە قامشلۆ لە ماڵی قدور بەگ یەکەمین کۆبوونەوە کراوە، قدور بەگ یەکێک بووە لە بەگە نێودارەکانی شاری مێردین، لەو کۆبوونەوەیەدا 32 کەس بەشدارییان کردووە، هەنگاوی دووەم لە ساڵی 1927 لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان بووە و لەوێ کۆنگرە دەبەستن و ژمارەیەک ئەرمەنیش بەشداری تێدا دەکەن، دیارە ئەرمەنییەکان لەلایەنی داراییەوە هاوکارییان کردووە، هەروەها لە رێگەی راگەیاندنەوە دەنگی خۆیبوونیان دەگەیاندە خەڵک و دنیا".