سەدر یارییەکە لە حکومەتەکەی ئیتار تێکدەدات!

27-10-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
ساڵی رابردوو لەم مانگەدا، بەهۆی کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان، هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (ئیتار) کە دۆڕاوی هەڵبژاردنەکان بوون، حکومەتیان دروستکرد. لە کۆی سەردانەکانم بۆ بەغدا، تێبینیی ئەوەم دەکرد کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا، وەهمێک دروستبووە لای سیاسییەکانی ئیتار کە هەموو سەرەداوەکانی دەسەڵاتیان لەدەستدایە و تاکە ناوەندی بڕیارن لە عێراقدا و چۆنیان ویست ئاراستەی کۆی رووداوەکان دەکەن. 
 
لە ئەمڕۆ بەدواوە و پاش دوایین پەیامی سەدر کە ئەمڕۆ، 27-10-2023 بڵاویکردەوە، حکومەتەکەی ئیتار لەبەردەم سەختترین تاقیکردنەوەدایە. موقتەدا سەدر، بەڕاشکاوانە، داوادەکات لە حکومەتەکەی ئیتار کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دابخات. پاشان هەڕەشە دەکات و دەڵێت گەر داینەخەن، دڵنیابن هەڵوێستی دیکەمان دەبێت. ئەمە بەشێک لە پەیامەکەیەتی:
 
"بۆ یەکەم جارە داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە هەموو چین و ئاراستەکانییەوە دەکەم دەنگ بە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بدەن، بەهۆی پشتیوانیی بێسنووری ئەمریکا بۆ تیرۆریستانی زایۆنی لە دژی غەززە، لەگەڵ پابەندبوون بە پاراستنی تاکە دیپلۆماتکارەکانیان و زیانپێنەگەیاندنیان لەلایەن میلیشیا خراپەکارەکانەوە، کە ئاسایش و سەلامەتیی عێراقیان ناوێت... ئەگەر پەرلەمان و حکومەتیش وەڵامنەدەنەوە، ئێمە دواتر هەڵوێستی دیکەمان دەبێت."
 
بە کورتی، لێرە بەدواوە حکومەتەکەی ئیتار و سەدر لەبەردەم سێ سیناریۆدان کە یەک لە یەک تراژیدیترن بۆ عێراقی دەوڵەت و عێراقی کۆمەڵگە و عێراقی خاک.
 
سیناریۆی یەکەم: حکومەتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (ئیتار) وەڵامی ئەرێنیی داواکارییەکەی سەدر دەداتەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دادەخات. لە دۆخێکی وادا عێراق رووبەڕووی دوو جۆر لە کارەسات دەبێتەوە. یەکەم کارەساتی ئابووری، چونکە تا ئەم ساتەوەختەش، هەروەک چۆن هەموو پارەی هەرێم لای بەغدایە، ئاواش هەموو پارەی بەغدا  لە 2003 وە تائێستا لای ئەمریکایە و لەسەر ئەکاونتێکە لە نیویۆرک و مانگانە ئەمریکا پارەی خەزنکراوی عێراق بۆ بەغدا دەنێرێت. لە سیناریۆی تێکچوونی پەیوەندیی بەغدا بە ئەمریکاوە، کۆی سیستمی ئابووریی عێراق تێکدەچێت! دواتر لە هەمان سیناریۆدا، گریمانەی بەریەککەوتنی سەربازیی نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای ئەمریکا تەواو بەهێزدەبێت. نە میلیشیاکان رەحم بە سەربازە ئەمریکییەکانی بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی هەریر دەکەن، نە ئەمریکاش دەست لە میلیشیاکان دەپارێزێت. واتە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر!
 
سیناریۆی دووەم: حکومەتەکەی ئیتار، بەناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراقەوە، وەڵامی داواکارییەکەی سەدر ناداتەوە و باڵوێزخانەکە داناخات. ئەمە دەبێتە گەورەترین بەهانە بۆ گەڕانەوەی بەهێزی موقتەدا سەدر بۆ نێو پرۆسەی سیاسی، لە گەورەترین دەرگەوە. لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ئیتار و میلیشیاکان، سوکایەتی نەما بە موقتەدای نەکەن، بەڵام ئەوە بەهانەیەکی بابەتییانەی دەستنەکەوت بۆ ئەوەی سواری ئەسپەکەی ببێتەوە و تەواوی یارییەکە بەسەر برادەرانی ئیتاردا بڕوخێنێت، بەڵام ئێستا بەناوی بەرگریکردن لە فەلەستین و لە چەوساوەکان و لە موسڵمانانی جینۆسایدکراو لە غەززە، دێتەوە مەیدان و ملیۆنان کەس دێنێتە سەر جادەکان و تاوەکو رووخانی حکومەتەکەی ئیتار ناوەستێت. لەم سیناریۆیەدا، عێراقی ئیتار و عێراقی سەدر رووبەڕووی داهاتوویەکی ئێجگار سەخت دەبنەوە و هەموو گریمانەکان لێرەن، بە جەنگی نێوخۆی نێوان براکانیشەوە، رێک وەک ئەوەی کە لە 29ـی ئابی ساڵی رابردوودا لە ناوچەی سەوز روویدا.
 
سیناریۆی سێیەم: موقتەدا سەدر، لەژێر هەڕەشەی ئێراندا، بێدەنگ دەکرێت و پاش دەنگەدەنگێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سووڕی متبوون و خەڵوەتەکەی لە حەنانە. لە دۆخێکی ئاوادا، بەدڵنیاییەوە بەشێکی زۆر لە میسداقیەتی خۆی لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت لای جەماوەرەکەی خودی خۆیشی لەدەستدەدات و ئەمەش دەبێتە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بۆ برادەرانی ئیتار. بێگومان ئەم سیناریۆیە نابێت پشتگوێ بخرێت، بەڵام لە دۆخی ئێستادا، شانسی بەدیهاتنی زۆر لاوازە.
 
چەند هەفتەیەک لەمەوپێش دیپلۆماتێکی ئەوروپی لەسەر دۆخی عێراق پرسیاری لێکردم. پێمگوت، هەشت هەزار ساڵ لەمەوپێش، باپیرانی ئێمە سۆمەرییەکان گوتوویانە: دنیا لەسەر پشتی گایەکە، گایەکە لەسەر پشتی ماسییەکە، ماسییەکە لەسەر پشتی هێلکەیەکە، هێلکەکەش لەنێو مەنجەڵێک ئاودایە، هەر کە مەنجەڵەکە جووڵا، هەمووی تێکدەچێت! گوتم دۆخی عێراق رێک وایە؛ ئیدی بەختێکی باش بۆ هەموو ئەوانەی کە لەم دۆخە وەک خۆی تێناگەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.