سادەکردنەوە و کوشتنی پەروەردە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
د. عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب
A+ A-

سێ مراز و ئامانجی تاقیکردنەوەی سەرتاسەری بریتین لە دانانی پێوەر، یەکخستن و گشتاندنی ئەم پێوەرانە و، بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا. لە بڕیارداندا نزیکی و دووری لە پێوەرەوە دەبێتە ئەو خاڵەی دروستی و نادروستیی بڕیارەکە یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە بۆ بڕیاردانە پەروەردەییەکان، پێوەرە پەروەردەییەکان گرنگن.
 
ئەم قسەیە لە رووکەشدا قسەیەکی ساناهی و خۆشە و مایەی بەرهەڵستی نییە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا بابەتەکە زۆر ئاڵۆزە، کە دەڵێین (پێوەرە پەروەردەییەکان)، داخۆ مەبەستمان چییە؟ هەندێک لایەنی باسەکە تەواوکردنی نێوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن و دەستخستنی زانیارییەکانە، بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری و سەرچاوەی مرۆییە، هەندێکی رەنگدانەوەی فێربوونە لە کردار و ئاکاری خوێندکاراندا، هەندێکی لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری و بژێویی کۆمەڵگەیە، هەندێکی لە فراوانبوونی فەرهەنگ و تووندوتۆڵیی پێگەی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانە. لەنێو ئەمانەیشدا چەندین ئاراستە و رێڕەو و حەز و خولیا و ئامانج هەن کە بەپێی مێژوو و پێگەی مرۆڤ و جڤاکەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕێن.
 
کوشتنی پەروەردە
 
ئێستا کە لە تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکاندا پێوەر نمرەیە، ئەم نمرەیە چیمان لەبارەی پێوانەی مەبەستە پەروەردەییەکانەوە پێ دەڵێت؟ لە راستیدا نمرەی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری (95) لەگەڵ (90) یان (87)دا هیچ شتێکی ئەوتۆ لەبارەی ئەو پێوەرە پەروەرەییانەی سەرەوە ناڵێت، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە یەکەم لە دووەم زیاترە و دووەمیش لە سێیەم. ئەمەیش بەراوردکردنی بڕی وەڵامی ڕاستە، نەک ئاستی خوێندەواری، قووڵی بیرکردنەوە، بەرزیی ئاکاری خوێندکار، یان فراوانیی فەرهەنگ و هۆشیاریی سیاسی و ئابووری.
 
 
دانانی نمرە یانی سادەکردنەوەی باسەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی. سادەکردنەوە بۆ هەندێک بڕیار گرنگە، وا دەکات زوو بڕیار بدرێت و باسەکە ببڕێتەوە، بەڵام سادەکردنەوەی بابەتێکی ئاڵۆزی وەک پەروەردە کوشتنی پەروەردەیە. بۆ کوشتنی پەروەردەیش هێندە بەسە کە بابەتەکە لە بڕیاردان، بیرۆکراسی، دەرکردنی رێنوێنی، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بەبێ کێشەی تەکنیکی و، لە هەڵگرتنەوەی هەنگاوە رۆتینییەکاندا قەتیس بکرێت.
 
ئەگەر ئەمە کێشەی دانانی نمرە وەک پێوەر بێت، کاتێک ئەم پێوەرە دەکرێتە سەرتاسەری و دەگشتێنرێت، ئیدی دەرچەیەک بۆ هەناسەدان و هۆشیاربوونەوە لە مانا و سرووشتی جۆراوجۆری پەروەردە و ئامانجە پەروەردەییەکان نامێنێت. کۆی پڕۆسەی پەروەردەیی دەبێتە هەڵگرتنەوەی هەنگاوە دیارکراوەکانی بڕیاردەران و لانەدان لە رێنوێنییەکان. هەموو هەوڵێک دەدرێت کە پێوەرە گشتێنراوەکە بەدەست بێت و هەر بیر و خولیا و ئەزموونێکی ناوچەیی و جڤاکی بکرێتە قوربانی.
 
ئالوودەبوونی پێوەر
 
لە باسی دانان و گشتاندنی پێوەردا دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆر جار پێوەر لە ئامرازێکەوە دەبێتە ئامانج. ئابووریناسی بەریتانی، چاڕلس گودهارت یاسایەکی هەیە دەڵێت: (کاتێک پێوەرێک دەبێتە ئامانج، ئیدی ئەو پێوەرە باشییەکەی لەدەست دەدات.) واتە: کاتێک لە بڕی خۆی زیاتر جەخت لە پێوەر و پێوانەکردن دەکرێتەوە، ئیدی مرۆڤ و دەستگاکان هەموو هەوڵێک دەدەن هەر چۆنێک بووە وا لە سیستمەکە بکەن بە ئاسانی بیانگەیێنێتە پێوەرە دیارکراوەکە. بۆ نموونە، بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و تاقیکردنەوەکان نەکەونە ژێر پرسیارەوە، دەبێت رێژەی دەرچوون گریمان (%55) بێت. بڕیاربەدەستان دەتوانن تەنانەت پێش ئەوەی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکە دەست پێ بکات، ئەم رێژەیە بە زیادەوە بەدەست بێنن. دەکرێت بە بڕیارێک پێنج نمرە بدرێتە هەموو خوێندکارێک، دەکرێت ئەو ساڵە بە ساڵی نەکەوتن هەژمار بکرێت و، چەندین رێگەی دیکە. لەم پڕۆسەیەیشدا ئامانجە راستەقینەکە (کە پەروەردەبوونە) فەرامۆش دەکرێت. 
 
کە وایە پێوەرەکە، کە نمرەکەیە و گوایە ئامانجێکی پەروەردەیی نیشان دەدات، بێمانا و ئالوودە دەبێت، چونکە لەبری ئەوەی کار لەسەر چاککردنی سیستمەکە بکرێت، بە حەز و ویستی بڕیاربەدەستان کار لەسەر بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی نمرەکە دەکرێت کە رووکەشی سەرەنجامە پێوراوەکانە، بۆیە لە راستیدا هەر شتێک بتوانرێت بپێورێت، ئەوا دەتوانرێت ئالوودەیش ببێت، چونکە پێوەرەکە خۆی ئالوودە بووە. ئەمەیش کێشەیەکی هەرە سەرەکیی سیستمی تاقیکردنەوەی سەرتاسەرییە.
 
ئالوودەبوون بە پێوەری نمرە
 
خوێندکارێک لە ساڵی 2000دا نمرەی گشتیی (85) بووە. خوێندکارێکی دیکەیش لە ساڵی 2024دا نمرەکەی (85) بووە. ئایا ئەم دوو نمرەیە یەکسانن؟ ئایا ئەم دوو نمرەیە هەمان دەستکەوتی پەروەردەیی دەپێون؟ لێرەدا پێوەری ژمارە بۆ ئاستی پەروەردەبوون دروست نییە، چونکە بەرنامەی خوێندن و جۆر و شێوازی پرسیارەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. نمرەی (85) هەمان نرخی لە سیستمی وەرگرتن لە زانکۆکاندا نییە، چونکە ئەم نرخە بەپێی ساڵ و ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە (85) زیاتر یان کەمتریان هێناوە دەگۆڕێت.
 
راستییەکەی، نمرەی تاقیکردنەوەی سەرتاسەری ئاستێکی روونی زانین و توانا و کارامەیی خوێندکار نیشان نادات، بە تایبەتی کە دیارە هەموو ئامانجە پەروەردەییەکان بە نمرە نیشان نادرێن. گەشەسەندنی هەستی هونەری، قووڵیی فەرهەنگ، تووندوتۆڵیی بیری رەخنەیی، دەستڕەنگینی، توانای خوێندنەوە و نووسینی ئەکادیمی، دروستکردن و پاڵپشتکردنی گفتوگۆ و هەڵوێستی مەعریفی، عەقڵکراوەیی، قبووڵکردنی رای جیاواز، خۆشەویستی بۆ زانین، تۆکمەیی بنەما ئەخلاقییەکانی خوێندکار و، هاوشێوەیان زۆر سەخت و کێشەدارە بە نمرە نیشان بدرێن و بپێورێن. کاتێک سیستمی تاقیکردنەوە بڕیاری داوە لەڕێی هەڵبژاردنی وەڵامی راست بەپێی نێوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندنەوە ئەم ئامانجانە بپێوێت و نمرەیان بۆ دابنێت، ئیدی ئەو ئامانجانە لە خۆیاندا دەبنە شتانێکی بێنرخ و ئالوودە دەبن. یانیش کە ناکرێت ئەم ئامانجانە بپێورێن، ئەوا تاقیکردنەوە تەنیا لەو شتانەدا دەبێت کە دەکرێت بپێورێن، وەک زۆری و کەمیی زانیاری و توانای لەبەرکردن و دووبارەکردنەوەی نێوەڕۆکی کتێبەکان. لێرەیشەوە نێوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن دەبنە چەقی پڕۆسەی خوێندنی رەسمی.
 
ئامرازێکی دووسەرە
 
پەیڕەوکردنی سیستمی تاقیکردنەوەی سەرتاسەری کاری بڕیاردانی پەروەردەیی ئاسان دەکات، چونکە پڕۆسەی پەروەردەیی بە ساکاری نیشان دەدات، بەڵام ئەم ساکارکردنە کێشەی بنەڕەتی بۆ پرۆسەی پەروەردەیی دروست دەکات و ئالوودەی دەکات، بەمەیش لە راستیدا رێگە بۆ بڕیاردانی هەڵە و ناتەواو دەکاتەوە. گرنگە پسپۆڕانی بواری پەروەردە جەخت لەم گرێکوێرەیە بکەنەوە و بەرچاوڕوونی بدەنە بڕیاربەدەستانی پەروەردەیی. لێرەدا جەخت لە پسپۆڕی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە پەروەردەوە دەکەمەوە، وەک سیاسەتی پەروەردەیی، کۆمەڵناسیی پەروەردەیی، ئابووریی سیاسی، مێژووی پەروەردە و سیستمی پەروەردەیی، زانستی سیاسی، فەلسەفەی پەروەردە و، بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیی پەروەردەیی. ئەگەر ئەم باسی تاقیکردنەوەی سەرتاسەرییە تەنیا وەک پڕۆسەیەکی تەکنیکی ببینین یان پێمان وا بێت تەنیا ئیرادەی سیاسی (بە دەرکردنی یاسا و رێنوێنی) چارەسەری دەکات، ئەوا گرێکانی ئەم باسە کوێرتر دەبنەوە و زیاتر لە چارەسەر دوور دەکەوینەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە