عێراق لەسەر پشتی کەڵەکێکی لەرزۆک!

27-07-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
پێش خوێندنەوەی ئەم وتارە، پێناسەیەکی کەڵەک گرنگە. لە زمانی کوردیدا، کەڵەک چەند مانایەکی هەیە و بە چەندین شێوە پێناسە کراوە. ئێمە یەکێک لەو پێناسانە وەردەگرین کە کەڵەک بەم شێوەیە دەناسێنن: چەند دارێکە دەبەسترێن بە چەند کوندەیەکی گەورەی فوو دراوە و لەناو ئاودا بۆ پێ پەڕینەوە و ھاتووچۆکردنی بەکاردەهێندرێت. خاڵی لاوازی ئەم کەڵەکە ئەوەیە کە هێندە لەرزۆکە، لە هەر چرکەیەکدا دەکرێت بڕووخێت بەسەر یەکدا و سەرنشینەکانی لە رووبارەکەدا نقووم ببن، رێک وەکو ئەو دۆخەی کە ئێستا و ئێرەی عێراقی تێدایە. کەڵەکەکەی عێراق لە هەر ساتەوەختێکدا دەکرێت بەسەر یەکدا بڕووخێت و تەواوی سەرنشینەکانی نقووم ببن.
 
سەرەتا
 
بە درێژایی هەفتەی رابردوو، عێراق هاتەوە نێو پەراوێزەکانی دەرکەوتنی میدیاکانی جیهان و پەراوێزەکانی گفتوگۆی ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی. دەڵێم پەراوێزەکان، چونکە ماوەیەکی کەم نییە کە چیدی عێراق چەقی بایەخی میدیایی و ناوەندەکانی بڕیار نییە و تەنها لە پەراوێزەکاندا و بە شێوەی وەرزی و لە کاتی قەیرانەکاندا رووبەری دەرکەوتنی پێدەدرێت. ئەوەی ئێستا چەقی بایەخپێدانە، بێگومان سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سعودیەی محەممەد بن سەلمان و ئێرانی ئایەتوڵاکانە.
 
داگیرکردنی عێراق لەلایەن گەورەترین زلهێزی جیهانییەوە لە 2003دا، جەنگی ناوخۆ نێوان شیعە و سوننە لە 2006ـەوە تاوەکو 2010 و پاشان دروستکردنی خیلافەتەکەی داعش لە 2014دا، کۆمەڵێک حیکایەتی گەورەی عێراقی بوون بۆ سەرقاڵکردنی جیهان و داگیرکردنی ناوەندە میدیایی و دیپلۆماتی و سەربازییە گەورەکان. پاش هەرەسهێنانی خیلافەتی داعش، چیدی عێراق شتێکی نییە بۆ راکێشانی سەرنجەکان و خۆبەناوەندکردن.
 
بەڵام هەفتەی رابردوو، کۆمەڵێک رووداو پێکەوە وایانکرد کە جارێکی دیکە، لەنێو پەراوێزەکاندا و بە شێوەیەکی رێژەیی، رووناکی بخرێتەسەر. ئەو رووداوانەش بریتیبوون لەمانە: سووتانی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق لەلایەن سەدریەکانەوە و گرێدانەوەی ئەم چالاکییانە بە هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەوە، ململانێی نێوان کاردینال ساکۆ و سەرۆککۆمار و تێکەڵبوونی بە پەیوەندییە ئالۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، سەرهەڵدانەوەی گومان لای ئەو وڵاتانەی سیستمی جیهانی و هەرێمایەتی کە بەرنامەی وەبەرهێنانی گەورەیان لە عێراقدا هەیە و لەم وتارە کورتەدا بە خێرایی باسیان دەکەین.
 
سووتاندنی باڵیۆزخانەی لە بەرامبەر سووتاندنی قورئاندا
 
دیپلۆماتێکی عێراقی تووڕەم لە پاریس بینی، بە سەردان هاتبوو، پێی خۆشبوو یەکدی ببینین. یەکێک لە قسەکانی سەرنجی راکێشام و گوتی: نازانم بۆ ئێمەی عێراقی پێمانوایە کە خوای گەورە بە تەنها قورئانی بۆ ئێمە ناردووە و گەلانی دنیای لێ بێبەش کردووە! من لە تووڕەیی ئەم دیپلۆماتە تێدەگەم، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوەش تێدەگەم کە هۆکارە بابەتییەکانی پشت خۆپێشاندان و پاشان سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد پەیوەندیی بە سووتاندنی قورئان لە سوێد و بەرگریکردن لە قورئان و ئایینی خودا نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە ئیدارەکردنی ململانێی نێوان بزووتنەوەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.
 
ئەوەی مانا بە سووتاندنی قورئان لە سوێد دەدات، ئەو دۆخە عێراقییەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی سازیدەدات بۆئەوەی هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی و جەماوەریی خۆی بەسەر تەوژمی سەدریدا بسەپێنێت و تەواو لاواز و پەڕوباڵی بکات. سەدریش تەواو وشیارە بەم ستراتیژیەتەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەدوای رووداوێکدا دەگەڕا کە بەکاریبهێنێت بۆئەوەی چەند نامەیەکی روون بۆ دووژمنەکانی بنێرێت و پێیان بڵێت: گەر بمەوێت لە شەو و رۆژێکدا کۆی یاریەکەتان لێ تێکدەدەم و مێزەکە بەسەرتاندا قڵپ دەکەمەوە.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە حەنانە و بەغدادەوە بە من دەگات، سەدر نایەوێت هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە مانگی دوانزەدا بکرێت و هەموو تواناکانی دەخاتەکار بۆئەوەی ئەو کارتە لەژێر دەستی حکومەتەکەی ئیتار دەربهێنێت، چونکە وشیارە بەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێکێشە، خۆی لە خۆیدا مانای سەرکەوتنە بۆ ئیتار! هەڵبژاردن واتە بوونی ئارامی و سەقامگیری و سەدریش نایەوێت ئەم گوڵە بە دیاری بە ئیتار ببەخشێت! ئەمەش هەموو لایەک ناچار دەکات بەوەی کە خۆیان بۆ گەڕانەوەیەکی تووند و شۆڕشگێڕانەی سەدر ئامادە بکەن.
 
لێرەوە، ئەم سەرلەنوێ بەریەککەوتنە نوێیەی نێوان برا شیعەکان (لە ناسریە دوو کادری باڵای سەرایای سەلام لە هەفتەی رابردوودا تیرۆر کران و سەدان لایەنگری سەدریش خرانە زیندانەوە)، ئەوەش وایکرد کە زۆربەی میدیا بەنێوبانگە جیهانییەکان، لە چەند پەراوێزێکدا باسی عێراق بکەن و سەرلەنوێ رووناکی بخەنەوە سەر تێزی کەڵەک.
 
بەریەککەوتنی کاردیناڵ و سەرۆک
 
بۆ زۆربەی هەرە زۆری مەسیحیەکانی عێراق، پیرۆزیی کاردیناڵ ساکۆ هیچی کەمتر نییە لە پیرۆزیی ئایەتوڵڵا سیستانی و دەستبردن بۆ کاردیناڵ ساکۆ دەستبردنە بۆ تەواوی پیرۆزی و سیمبولیزم و مێژووی هەزار ساڵەیان. کاتێک سەرۆککۆماری عێراق لەژێر کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆردا بڕیارێکی کۆماریی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی کاردیناڵ ساکۆ، کە لە 2013دا سەرۆک مام جەلال واژۆی کردبوو، هەڵدەوەشێنێتەوە، ئیدی بەریەککەوتنێکی رەمزیی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو ئەکتەردا دروستدەبێت.
 
کارایی و هێزی کەسایەتیی کاردیناڵ ساکۆ لای کۆی مەسیحیەکانی جیهان بەگشتی و لە ڤاتیکان و لای خودی پاپا بەتایبەتی، وایکرد کە ئەم رووداوە رەهەندێکی جیهانی وەربگرێت و زۆربەی هەرە زۆری ناوەندە میدیای و دیپلۆماسیەکان باسی بکەن و تەنانەت بەشێکی گرنگیشیان، هەڵوێست وەربگرن.
 
کاتێکیش کاردیناڵ بڕیار دەدات کە بەغداد بەجێبهێڵێت و رووبکاتە هەولێر و بیکاتە پایتەختی خۆی و لە هەولێرەوە ململانێی خۆی لەگەڵ بەغدادی سەرۆککۆماردا بکات، ئیدی بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە چەند ئاستێکی ناڕاستەوخۆدا، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش تێکەڵ بەم رووداوە دەبن و هەر ئەکتەرەو بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەرمایەگوزاریی پێوە دەکات.
 
کۆتایی
 
پێش تەقینەوەی ئەم رووداوانە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆخی مەستبوون بە عێراقێکی ئارام و سەقامگیری سەر رێگەی گەشەی ئابووری بوو؛ بەڵام ئەم رووداوانەی هەفتەی رابردوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان گورزێکی لێدان و بەئاگای هێنانەوە لەو وەهمەی کە بۆ خۆیان دروستکردبوو: وەهمی هاوڕێیەتیکردنی ئاسایش و سەقامگیرییەک کە عێراق خۆی ئەندازیاریەتی!
 
دەکرێت ئێمە دان بەوەدا بنێین کە هێزەکانی ئیتار تەواو سەرکەوتوو بوون لە بیناکردنی ئەم وەهمە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها دەکرێت دان بەوەدا بنێین کە کاڵبوونەوەی بایەخی عێراق لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وایکرد کە ئەم وەهمە بە خێرایی جێگەی خۆی بگرێت. هەروەها وایکرد کە جیهان بێدەنگ بێت لە بەرامبەر هەموو ئەو گوشارانەی کە برادەرانی ئیتار دەیخەنە سەر کورد و سوننە و لە هەندێک دۆخیشدا داوا لە کورد و سوننە بکەن کە واقیعی نوێ، واتە هەژموونی ئیتار، قبووڵ بکەن و خۆیان لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بپارێزن.
 
بەڵام نزیکەی هەفتەیەکە، ئەم بەڵگەنەویستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گومانی لەسەر دروستبووە و گەر دابەزینی دراماتیکیی دیناریش لە بەرامبەر دۆلاردا و ژمارەی ئەو بانکانەشی بخەینە سەر کە خرانە سەر لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین: لە مەودای مامناوەندیدا، گریمانەی گەڕانەوە بۆ تێزی بینینی عێراق وەکو کەڵەکێکی لەرزۆک کە دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا بەسەر یەکدا بڕووخێت، تەواو بەهێزە و لە دۆخێکی ئاواشدا هەلومەرجێکی نوێ دروستدەبێت کە ئەکتەرەکان ناچار دەکات، بە شیعە و کورد و سوننەوە، خۆیان و پێگەکانیان لەنێو سیستمی پەیوەندیی هێز و هەژمووندا پێناسە بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.